کارکردن لەدەرەوەی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ 

د. شێرکۆ سوبحان
  2024-09-06     146

ڕاگری کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان 

 

دوو ساڵە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان، لە پشووی هاوینیشدا، دەوام دەکەن.  تەنانەت لە پشووە فەرمییەکانیشدا، شەو و ڕۆژ، مامۆستایان و فەرمانبەران خەریکی کاری کۆلێج بوونە. مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێج، ئەوەندە سەرقاڵ بوونە، مێشکم فریای ئەوە نەکەووتووە، نوسراوی سوپاس و پێزانین بۆ مامۆستایان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆ بکەم. 

 

ئێمە ئێستا وەرزەکان ناناسینەوە! نازانین مانگی چەندە! ئەگەر کاتژمێری ئەلیکترۆنی نەبێت، ناتوانین مەزەندەی کات بکەین! ئێمە جاران کە شوان بووین هەر بە مەزەندە دەمانزانی کاتژمێر چەندە! ئێستا نازانین هاوینە یان زستان! بڕواتان هەبێت بەهار و پایزمان بە حەقیقی نەبینیوە! ئەمە دوو ساڵە، تەنها دەزانین بەهار و پاییز لە پێنج پیت پێک دێن (ئەگەر ڕێنوسەکەی تەواو بێت)! ئێمە چۆن بزانین شەوە یان ڕۆژە، لە کاتێکدا هەمووی وەک یەک کارمان تێدا کردووە؟! چۆن بزانین کام وەرزە، کە بەردەوام لە بەینی چوار دیواردا ژیاوین؟! کۆیلە ڕۆژی ڕووناک و خۆر و و بۆن و بەرامە و سەوزایی بەهار و پاییزی هەست پێ کردووە! ئێمە ئێستا شێوەی گوڵاڵە سورەی بەهار و زەردەسیری پاییزمان خەریکە لە زیهنمان دەسڕێتەوە! هەموو بەیانیەک لە پەنجەرەی ژوورەکەمدا، تەماشای دەشتایی دەکەم. 

 

مامۆستایانی کۆلێج، زۆربەیان پزیشکی پسپۆرن، لە کۆلێج وانە دەڵێنەوە، لە لیژنەی تاقیکردنەوەکان بەشداری دەکەن، هەندێکیان لەکاری کارگێڕیی بەشدارن. لەهەمان کاتتدا لە نەخۆشخانەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان وەک پزیشکی پسپۆر، بەشێوەی ڕاوێژکاری، ئێشکگری، و نەشتەرگەری دەوام دەکەن. 

بەپێچەوانەی یاسا و رێنماییەکان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە. لەبەر ئەوە بە پێی یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە (٢٤) ی ساڵی (١٩٦٠)، (نابێت هیچ فەرمانبەرێکی دەوڵەت ڕۆژانە لە هەشت کاتژمێر و هەفتانە ٤٠ کاتژمێر کاری پێ بکرێت). وە بە پێی بەندی (٢٤) لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ هاتووە کە (هەموو مرۆڤێک مافی پشوو و خۆشگوزەرانی هەیە، کە تێیدا کاتی کارکردنی دیاری کراو بێت، وە لە کاتی پشوودا خەرجی پێ بدرێت). 

 

لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان بەردەوام هەوڵی داوە دەرماڵەکانی مامۆستایان ببڕێت بە بیانوی جیاواز، پاش مشتومڕی زۆر، هەندێکی خەرجکراوە. ئەمساڵ دەرماڵەی ترسناکی زۆرینەی ئەو مامۆستایانەی کە لە پشووی هاویندابونە، لە زانکۆی گەرمیان بڕاوە. دەرماڵەی هاندانی گشت مامۆستایانی زانکۆی گەرمیان و هەڵەبجە و چەرموو و ڕاپەڕین بڕدراوە، تەنانەت ئەوانەی کە لە پشووی هاویندا دەوامیان کردووە!! بەپێی بەندەکانی مافی مرۆڤ نابێت لەکاتی پشوودا خەرجی ببڕێت. 

 

پزیشکانی پسپۆری کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان، لەیەک هەفتەدا، لانیکەم، یەک ڕۆژ ڕاوێژکاری (٨ سەعات)، یەک ڕۆژ نەشتەرگەری (٨ سەعات)، یەک ڕۆژ ئێشکگری (٢٤) سەعات.  هەندێک لە پزیشکان هەفتەی (٣) ئێشکگری ٢٤ سەعاتی بۆ دانراوە. واتە (٢٤ لێکدانی ٣= ٧٢ سەعات)، هەروەها ١٦ سەعات ڕاوێژکاری و نەشتەرگەری، کە کۆی گشتی کاتەکانی تەنها لە تەندروستی گەرمیان دەکاتە (٧٢+١٦= ٨٨ سەعات) لە یەک هەفتەدا. بێجگە لەوەی وەک مامۆستا لە کۆلێج لە وانە وتنەوە و ئەنجام دانی تاقیکردنەوەکان بەشداری کردووە. واتە لە یەک هەفتەدا کاتەکانی کارکردنی گەیشتۆتە نزیکەی ١٠٠ سەعات. ئەم پزیشکە کاتێک یەک تەلەفۆن وەڵام ناداتەوە لەبەرئەوەی لە هۆڵی تاقیکردنەوەکان و خولی ڕاهێنانی مامۆستایی کە خولێکی ناچارییە و دەبێت مامۆستای زانکۆ بەشداری تێدا بکات،یان بەرەبەیان لە ماندوێتیدا خەوی لێ دەکەوێت، نەخۆشی لێ هان دەدرێت و دەدرێتە دادگا! لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو مرۆڤێک، خۆ کۆیلە شاخ و گوێی نیە! خۆ پزیشک لە ئاسن دروست نەکراوە. ئەوانیش لە خوێن گۆشت دروست کراون!

 

لە هەمووی ناخۆشتر، هاوڵاتیانی کوردستان وا دەزانن داڕمانی کەرتی تەندروستی لە ئەستۆی پزیشکدایە، بێ ئاگان لەوەی کە لە نەخۆشخانەکان، ئیدارەکەی بە دەستی پزیشکان نیە، ئەوان تەنها فەرمانبەرێکن، لەو نەخۆشخانانە کار دەکەن، بێ ئەوەی لانیکەمی پێداویستیەکان و ڕێکارەکانی لەگەڵ یاسای مافی نەخۆشدا یەک بگرێتەوە! ئەم نەخۆشخانانە، لە زۆربەی پسپۆرییەکاندا، پزیشکی نیشتەجێ (مقیم) و پزیشکی نیشتەجێی دێرین (مقیم اقدم) نیە. لە پزیشکیدا، دەبێت سیستەمی تەندرووستی بە شێوەی تیمی پزیشکی بێت. ناکرێت پزیشکی پسپۆڕ هەموو نەخۆشێک ببینێت و نابێت هەموو ڕێکارەکان پزیشک خۆی بە بێ پزیشکی نیشتەجێ ئەنجامی بدات. بە پێی یاسای مافی نەخۆش، پێویستە ئیدارەی نەخۆشخانەکان، تیمی پزیشکی دروست بکەن بۆ خزمەتکردن و پاراستنی یاسای مافی نەخۆش.

 

 پزیشکێکی پسپۆر کە ٣٠ ساڵ دەخوێنێت، ئەگەر شوێنێکی سەلامەت و شیاوی نەبێت تێیدا پشوو بدات، چۆن دەتوانێت ٨٠ کاتژمێر کار بکات؟ لە کوێی دنیادا هەیە و هەبووە، پزیشکی پسپۆر ٣ شەو لەسەر یەک ئێشکگر (خەفەر) بێت و دوای ئەوە بەشێوەی ڕاوێژکاری (استیشاری) نەخۆش ببینێت و ڕۆژەکەی تریش نەشتەرگەری بکات؟! ئەمە ناوی بنێین چی؟! ئایا لەگەڵ بەندی (٤) ی جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤدا یەک دەگرێتەوە؟ 

 

سەرچاوەکان:

١- جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ: تەماشای بەندی ٤ و ٢٤ بکە کە باسی نەهێشتنی کۆیلایەتی و مافی کارکردن دەکەن، کە نابێت لەکاتی پشوودا خەرجی ببڕدرێت: 

https://www.un.org/en/about-us/universal-declaration-of-human-rights

٢- یاسای خزمەتی شارستانی: تەماشای مادەی ٦٥ بکە کە نابێت هەفتەیەک ٤٠ کاتژمێر کار بکرێت بە فەرمانبەر. 

https://services.gov.krd/ku/node/1216

٣- یاسای مافی نەخۆش: تەماشای گشت بەندەکان بکە کە تەکید دەکاتەوە لە بوونی پێداویستی لە نەخۆشخانەکاندا بۆ خزمەت و پاراستنی مافی نەخۆش: 

https://ihrckr.org/ku/دەقی-یاسایی-ماف-و-ئەركەكانی-نەخۆش-لە-هە/یاسای-ژمارە-4-ی-یاسای-ماف-وئەركەكانی-نەخ/

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×