باشووری کوردستان و چین
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
2020-05-05   1335
(1)
ژمارەی دانیشتووانی (چین)، نزیکەی یەک میلیار و (400)
میلیۆن دەبێ. ڕووبەری خاکەکەشی (6. 9) میلیۆن کم2 دەبێ. چینییەکان دەوڵەتێکی گەورەی بەهێزی بە توانایان هەیە و لە (21)
شالیارگە پێکهاتووە. کاروباری وڵات و دەوڵەتەکەش، زۆر بە باشیی بەڕێوەدەچێ.
خەڵکەکەشی، وەک بەشەکانی کاتژمێر دەجوڵێن
و کاردەکەن. چونکە درووشمی دێمۆکراسیی درۆزنانە و چەواشەکارانەیان هەڵ نەگرتووە.
لە گرفتەکانی هەراوئاژاوەی فرەپارتیدا نقووم نەبوون. بەڵکوو یەک پارتی گەورە و
خاوەن دیسیپلین، فەرمانڕەوایی گەل و دەوڵەتەکە دەکا. بۆیە لە هەموو ڕوویەکەوە
پێشکەوتوون، لە هەموو بوارەکانیشدا، شانبەشانی دەوڵەتە سەرمایەدارە پێشکەوتووە
زلهێزەکانی جیهان، هەنگاودەنێن!
(2)
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی باشووری (کوردستان)، لە نێوان (7-7.5)
میلیۆن کەس دایە. ڕووبەری خاکەکەی (80) هەزار کم2 دەبێ.
گەلی کورد لە چوارچێوەی (عێراق)دا، هەرێمێکی فیدرالێێ دامەزراندووە. ماوەی (28)
ساڵ دەبێ. پەرلەمان و دەسەڵاتێکی سەربەخۆی هەیە. دەسەڵاتەکە لە (19)
شالیارگە پێکهاتووە. بە ناو هەرێمەکە، لەسەر سیستەمی دێمۆکراسیی بەڕێوەدەچێ، لەبری
پارتێ، (8-9) پارتی ڕامیاریی ئیسلامیی و سیکیۆلار، مۆڵەتی
کارکردنیان هەیە و بە ئاشکرا کاردەکەن.
کەچی نە کاری وڵات و نە کاری دەسەڵاتەکەش، بە باشیی بەڕێوەناچێ. جا
گەر ئەم پەرلەمان و دەسەڵاتە، وڵاتێکی وەک (چین)یان بەڕێوەببردایە، ئاخۆ چۆنیان
بەڕێوەدەبرد و چ کارەساتێکیان، بەسەر دانیشتووانەکەی دەهێنا؟!!
(3)
ئەوڕۆ باشووری (کوردستان)، لە هەراوئاژاوەیەکی سەیر و گرفتێکی
گەورەدا دەژی، پارتەکان لەگەڵ یەکدیدا کۆک و تەبا نین، تەنانەت لەنێوخۆشدا، زۆر
پێکەوە هەڵ ناکەن و ڕیک نین. هەر پارتێ ئازادە و بە ئارەزووی خۆی، پێوەندیی
تایبەتیی، بە یەکێ لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)ەوە هەیە. زۆر بایەخ بە
بڕیارەکانی پەرلەمان و دەسەڵاتی هەرێم نادەن، تەنانەت هێندێکیشیان دەیانەوێ،
جارێکی دیکە، ئەزموونە سەرنەکوتووەکەی دوو ئیدارەیی ساڵانی نێوان (1997-2006)
دووبارەکەنەوە!
ئاشکرایە، هەموو پارتەکانی باشووری (کوردستان)، بە ئیسلامیی و
سیکیۆلارەوە ناتوانن، یا نایانەوێ، کاروباری دەسەڵاتی ئەم هەرێمە چکۆلەیە، بە
شێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوەبەرن. چونکە هەموو پارتەکان بەجیاجیا، دوای بارنامە و
بەرژەوەندیی تەسکی پارتەکانی خۆیان کەوتوون، بەرژەوەندیی باڵای گەل و نیشتمان، لێک
نادەنەوە، بۆیە وا ناکۆک و ناتەبان، هەمیشە تیر و شیر لە یەکدی دەسوون، خەریکە، بە
فیتی پوازی کوردیی و داگیرکەرانیش، ئەم دەسەڵاتە لاوازە بێ فەڕە لەنێودەبەن، یا
دوولەتی دەکەن. ئەمەیە ماڵوێرانیی!