دەمەوئێوارەی بەھارێکی ڕەش!        

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2025-03-09     73

       نووسەر و مامۆستای زانکۆ                                                                                              

یاد و بیرەوەری
 

پێنجوێن
دوای ئەوەی مانگی (١٠)، لە بەرەکانی جەنگی نێوچەی سەرکردایەتی گەڕاینەوە، من لە بەتالیۆنی (٤) نەمام و بۆ بارەگەی ھێزی (خەبات) گوێزرامەوە. (پەراوێزی،١) ئەوەی دەمەوێ، لە ئەم یادە کورتەدا باسیبکەم و جەختی لەسەر بکەمەوە، دوا جەنگ و ھەوڵدانی پێشمەرگەی ھێزی (خەبات) بوو، کە ھێزەکانی سوپا و جاشەکورد ماوەیە بوو، شارۆچکەی (سەییدسادق)یان داگیرکردبوو، ھێڵی ھاتوچۆی نێوچەکانی (پێنجوێن، ھەڵەبجە، بیارە و تەوێڵە)یان، لە یەکدی دابڕیبوو. ھێزەکانی (خەبات، ڕزگاری و ئەزمڕ)یش، لە ئەو نێوچە گرنگانەدا بڵاوبووبوونەوە. 
ئەو کاتە من، لەگەڵ ھێندێ ھاوڕێ و ھاوبیری پێشمەرگەمدا (برایمی حەمەعەلی، سەروەت موحەممەد ئەمین ــ  دوکتۆر کوردۆ عەلی و کەریم لھۆنی)، پێکەوە لە یەک ماڵدا دەژیاین. ھەردوو ھاوڕێم (برایم) و (سەروەت)، لە بەشی دارایی بارەگای ھێز کاریاندەکرد. ڕەوانشاد (فەتاح موحممەد ئەمین) فەرماندەی ھێزبوو، لە ماڵەوە تێلێفۆنی بۆ دانابوون، تا ھەر کارێکی پێویست ھەبێ، پێوەندییان پێوە بکەن. منیش ماوەی دووڕۆژبوو، نەخۆشبووم و بەتەنیا لە ماڵەوە کەوتبووم. 
پاش نیوەڕۆی ڕۆژی (٩. ٣. ١٩٧٥) بوو، چەن جارێ تێلێفۆنم بۆ بارەگای ھێز کرد، کەس وەڵامی نەدایەوە. منیش زۆر نیگەرانبووم، لەبەرئەوە ناچاربووم، خۆم کۆکەمەوە و بڕۆم. ئەو کاتە بارەگای ھێز لە بەنگەڵەکانی خوار شارۆچکەکەوە بوو. کاتێ گەیشتم، چیم بینی، بارەگای ھێز بە تەواوی چۆڵە و کەسی لێ نییە. ماوەیە وەستام و نەمدەزانی، چی بکەم. لە دڵی خۆمدا ھەر لێکم دەدایەوە، ئاخۆ دەبێ، ئەم ھەموو پێشمەرگەیە بۆ کوێ ڕۆیشتبن و چییان لێ ھاتبێ؟!! لەپڕ جێگری فەرماندەی ھێز ڕەوانشاد (عەبدوڵڵا)ی برای کاک (فەتاح)، لەگەڵ چەن پێشمەرگەیەکدا پەیدابوون. سڵاوی کرد و گوتی: ئەوە چی دەکەی؟! منیش بۆم باسکرد. ئەویش ھەموو شتێکی بۆ ڕوونکردمەوە و گوتی: لەگەڵ ئێمە وەرە و پێکەوە دەڕۆین. گوتم: چەکم پێ نییە. بە پێشمەرگەیەکی گوت: بڕۆ، لە ماڵەوە کڵاشینکۆفێکی بۆ بێنە. ماڵەکەشیان بەرانبەر بارەگای ھێزبوو.
  
بەرەو شانەدەری
پاشان سواربووین و بەڕێکەوتین. گەیشتینە (کانیمانگا)، پزیشکەکانی مەڵبەندی تەندرووستی (پێنجوێن)، لە ئەوانە دوکتۆر (لەتیف ئەمین)ی پورزام، لەسەر چەقی ڕێگەکە وەستابوون، ھێندێ داوودەرمانیان ھێنابوو، تا گەر پێشمەرگەیەک برینداربوو، چارەسەرێکی خێرای کاتی بۆ بکەن. کەمێ لایان وەستاین و پاشان بەرەو گوندی (شانەدەری) ڕۆیشتین. لە دوورەوە بینیم، پێشمەرگەیەکی زۆر، لەنێو گوندەکە و دەوروبەرەکەیدا بڵاوبووبوونەوە. کاتێ گەیشتین، دابەزین و ئیدی تێکەڵاوی جمکوتەکە بووین. من بەدوای ھاوڕێکانمدا گەڕام و دۆزیمنەوە.
 لە ئەوێ ھەموو شتێ تێگەیشتم. جگە لە بەتالیۆنی (٤)، لە بەرەکانی جەنگی نێوچەی سەرکردایەتی شۆڕش بوو، ھەموو فەرماندە و پێشمەرگەکانی ھێزی (خەبات) ھاتبوون. ھێندەی بزانم، پێشتر کاک (فەتاح ئاغا)، بەتالیۆنی (٥)ی لە بەرزاییەکانی پشتی (سەرای سوبحان ئاغا) جێگیرکردبوو، تا لە ھەموو لایەکەوە، بەر بە ھێرشی ھێزەکانی دوژمن بگرن. فەرماندەی بەتالیۆنەکە (شێخ موحەممەد باساکی) بوو، یاریدەدەرەکەشی ھاوبیری ڕەوانشاد (جەزای عەلی کاتب) بوو. سێ سەرلقی ئازای وەک (شێخ مەحموود باراوی، شێخ حوسێن باراوی و برایم ئاغا)شی لەگەڵ بوو، ئەو نێوچەیەیان تەنیبوو. واتە شارۆچکەی (سەییدسادق)، لە سێ لاوە گەمارۆدرابوو، تەنیا نێو شارۆچکەکە، بە دەس دوژمنەوەبوو. 
بڕیاروابوو، کاژێری (٥)ی سەرلەئێوارە، کاتێ دونیا کەمێ تاریکدەبێ، ھێزەکانی پێشمەرگە لە ھەموو لایەکەوە ھێرشبکەن، نێوچەکە لە ھێزەکانی سوپا و جاش خاوێنکەنِەوە. بەڵام پێشمەرگەکانی ئەو بەتالیۆنە، فریای ھیچ نەکەوتن، چونکە لە جەنگەکەوە تێوەنەگلان، فڕۆکە گوللەبارانیکردن و پێشمەرگەیەکیشیان لێ بریندابوو. 
لە قەراغ گوندەکە و لەسەر سەربانی خانوویەکی نزمی قوڕین، ھاوبیری ڕەوانشاد (شێخ موحەممەدی سەیید عەلی حافز)، فەرماندەی ھێزی (ئەزمڕ)، خوالێخۆشبوو دوکتۆر (کەمال خۆشناو) ئەندامی لقی چواری پارتی، خوالێخۆشبوو (غەفوور مایاوەیی) و (کەریم دەروێش) لێپرسراوی دەزگەری َپاراستن دانیشتبوون. منیش سەرکەوتم و سڵاوم لێ کردن، لە تەنیشت دوکتۆر (کەمال)ەوە دانیشتم، چونکە لە زانکۆ ھەم مامۆستام بوو، ھەم ڕاگری کاروباری قوتابیانیش بوو، پێکەوە کارماندەکرد. کەمێ دانیشتین، سەبارەت بە ڕەوشی شۆڕش و ئاییندەی گەلەکەمان، ھێندێ قسەکرا، منیش بێ دەنگ دانیشتبووم و گوێم گرتبوو، بەڵام ھەستم بە شتێکی وا نەدەکرد، کە باری شۆڕشەکە، بە ئەو شێوەیە خراپبێ و لە مەترسیدابێ! 
 
شاڵاوی ھێرش و بەڕەنگاربوونەوە
ھێندەی نەخایاند، لەبری ئەوەی ئێمە ھێرشبەرین و پەلاماری ھێزەکانی دوژمن بدەین، ئەوان دەسپێشکەرییانکرد و ھێرشیانھێنا. دەنگی تانک و زیلی سەربازی دەھات، ئیدی ھەر ئەوەندەمان زانی، لە چەمەکەی بەردەم ئاوایی گوندەکەوە، لوولەی تانک و (مێەفەحە) دەرکەوت، بوو بە تەقە و ھەرا، بارەکە بە تەواوی شێوا. کەس سەر کەس نەدەپەرژا، ھەر پێشمەرگە بوو، ھەوڵیدەدا، گیانی خۆی ڕزگارکا. ھێندێ پێشمەرگەش بەرگرییانکرد، بەڵام بێ کەڵکبوو!
ئەوەی بە چاوی خۆم بینیم و ئەوەی دواتریش، پێشمەرگەکان گێڕایانەوە، ڕووداوەکان بە ئەم شێَوەیە بوو: ھەر دوو ئەفسەری سوپا ڕەوانشاد (ئەنوەری مەجید سوڵتان) و (سەباح نووری عارف)، دوو جێبی پچووکی کورتیان پێ بوو، چەکی تانکشکێنی (B١٠)یان لەسەر دابەسرابوو، زۆر مەردانە، بەرەو ڕووی تانکەکان و ھێزەکانی دوژمن ھەڵًمەتیاندەبرد و دەیانویست، تێکیانبشکێنن و ھێرشەکە بووەستێنن، دەنگی تۆپ و گوللە، پەردەی گوێی دەلەراندەوە. بەڵام ھیچ کەڵکێکی ئەوتۆی نەبوو، چونکە تازە کارلەکار ترازابوو، پێشمەرگەیەکیش لەسەر جێبەکە، ڕەوانی شادبوو و کەوتەخوارەوە! 

 

ھەڵاتن و خۆدەربازکردن
من ھەر ھێندەم پێ کرا، (سەروەت)ی ھاوڕێم بدۆزمەوە و لەگەڵ ھێندێ پێشمەرگەی دیکەدا، لەنێو کێڵگەیەکدا، کەمێ خۆمان ماتکەین. چاوم لێ بوو، جێبەکەی بارەگای ھێز دەڕۆیشت و د. (کەمال خۆشناو)یش، بە دوایدا ڕایدەکرد، شۆڤێرەکە ھێواشیکردەوە، تا سواریکەن. دوکتۆر (شیروان بابان) دەرگەی دواوەی بۆ کردەوە، دەسیگرت و سواربوو. بەڵام لە ئەو کاتەدا، گوللەیەک بەر ڕانی کەوت و برینداربوو. 
 ڕەوانشاد (شێخ موحەممەد)، کە بە (معاون شێخ موحەممەد) ناسرابوو، لەڕێی ھاوبیر (حەمە قادر)ی ژنبرایەوە، پێوەندی نھێنی بە (کاژیک)ەوە ھەبوو. لەسەرجادەی ئەو سەربانەی لێی دانیشتبووین، برینداربوو. لەبەرئەوەی نەیدەتوانی، خۆی قوتارکا و نەشیدەویست، خۆی بەدەس ھێزەکانی دوژمنەوە بدا. دەمانچەکەی دەرھێنا، داوای لە ئامۆزاکەی (عوسمانی مەلاموحەممەد) کرد، بیکوژێ. بەڵام ئەو نەیتوانی، ئەو کارەبکا. ئیدی لە تاواندا، بە دەسی خۆی، گوللەیەکی بە قوڕقوڕاگەی خۆیەوە نا و دەسبەجێ کەوت. (عوسمان)ی ئامۆزاشی، خۆی بەسەر تەرمەکەیدا دابوو، بە کوڵ بۆی دەگریا. سەربازەکانیش گەیشتنە سەریان و داوایان لێ کرد، ھەستێ و دەس بەرزکاتەوە، بەڵام ئەو ھەڵ نەستا، ھەر دەگریا و گوێی لێ نەگرتن. لەبەرئەوە ئەویشیان ڕەوانشادکرد.
لێرەدا دەبێ، ئەوەش باسبکەم، ئەو بەرەیە بەتەنیا بەرەی جەنگی ھێزی (خەبات) بوو. بەڵام ڕەوانشاد (شێخ موحەممەد)، بە کارێکی فەرمی ھێزەکەی خۆی، لە نێوچەی (خورماڵ) بوو. لە گەڕانەوەدا، لەگەڵ (غەفوور مایاوەیی) و دوو پێشمەرگەی دیکە، کە ھەردووکیان ئامۆزای خۆی بوون، تووشی ڕەوانشاد (فەتاح ئاغا) بووبوون. ئەویش داوای لێ کردبوون، لەگەڵی بمێننەوە. (شێخ)ی ڕەوانشادیش حەزی نەکردبوو، بەجێیبێڵێ و مابووەوە. ئەم ڕەوانشادە نەمرە، ھەر لە ساڵی (١٩٥٠)ەوە، تا ڕەوانی شادبوو، بە شێوەیەکی بەردەوام، بەشدارییەکی بەرچاو و گرنگی، لە ھەموو چالاکی ڕامیاری و سەربازی گەلەکەیدا کردووە، لە بەرەکانی جەنگی دژ بە داگیرکەرە یەک لەدوایەکەکانی کورد و شۆڕشی (١١)ی سێپتێمبەر، ھەر لە چیا سەرکەشەکانی (حەمرێن)ەوە تا (زاخۆ)، وەک بێچووەشێرێکی ئازا و بوێر، دژی دوژمنان و داگیرکەران وەستاوە، داستانەکانی چیای (ئەزمڕ، گۆیژە، قەیوان، چوارتا، بەرواری باڵا ...)، گەواھی ئازایەتی و مەردایەتی ئەم قارەمانەمان بۆ دەدەن!  
کاتێ ھاوبیر (شێرکۆ بێکەس)یش، ئەو ھەواڵە جەرگبڕەی بیست، لەسەر زمانی  ڕەوانشاد (شێخ موحەممەد)ەوە، ئەم چوار دێڕە ھۆنراوەیەی گوت و لەنێو خەڵکیدا، وەک ھەورەبرووسکە بڵاوبووەوە:
من ئاڵایەک لە شۆڕش و لە پێشمەرگە و (بارزانی)م وەرگرتبێ
من سەنگەرێک کە باوەڕی کوردایەتی، لە بیرما ھەڵیکەندبێ
چۆن ئەھێڵم، بینەوێنن، داگیریکەن، چۆن ئەھێڵم، دەستانکەوێ
من لێرەدا، ئازادیی بۆ (کوردستان) و خۆکوشتنم بۆ خۆم ئەوێ.   
ھەروەھا خوالێخۆشبوو (غەفوور مایاوەیی)، کە ھاوڕێیەکی نزیکی ڕەوانشاد بوو، بریندارکرا و لەگەڵ چەن پێشمەرگەیەکدا دەسگیرکران. پاشان لێبووردنێکی گشتی دەرچوو، ئازادکران. لە ئەو ھێرشە بەربڵاو و پێکدادانە کتوپڕییەدا، جگە لە ئەوانەی باسمکردن، چوار پێشمەرگە ڕەوانیانشادبوو، سێ پێشمەرگەش برینداربوون، لە ئەوانە (شێخ جەلالی شێخ رەشید، خالیدی شێخ موحەممەد و حامیدی حەمە بەگ). بەڵام تا ئەوڕۆ، زیانی دوژمن نەزانراوە.     
پاشان تا دەھات، دەنگی گوللەی کڵاشینکۆف و دۆشکە کزدەبوو، ئیدی ئێمەش ھەستاین، خۆمان دانەواندبوو، وردەوردە، بە ھێواشی و بە ترسەوە، ھەنگاوماندەنا و بەرەو گوندی (ھۆڵەسمت) کەوتینەڕێ. بۆ نەگبەتی، بەنێو ئەو کێڵگەیەدا دەڕۆیشتین، ھەمووی کێڵرابوو، نەرم و قوڕاوی بوو، بە پێڵاوەکانمانەوە دەنووسا، وردەوردە بارانیش دەباری، ئێمەش جلی زستانەمان لەبەردابوو، چەکمان لە شاندابوو، زۆر بە گران ھەنگاوماندەنا و نەماندەتوانی، بەئاسانی بڕۆین. دەممان وشکبووبوو، (سەروەت) زۆر ماندووبووبوو، نەیدەتوانی، بەپێی من بڕوا و گوتی: ھێزم نەماوە و زۆریشم تینووە. منیش لە گیرفانی قەمسەڵەکەمدا، بنێشتێکی سەھمم دەرھێنا و گوتم: ئەمە بجوو، گەرووت تەڕدەکا. ڕێژنەی گوللەبارانیش، بە سەرماندا ھەر گیزەی دەھات، تا کەمێ لە گوندی (شانەدەری) دوورکەوتینەوە. 
(جەمالی حاجی غەفوور)، لە پێشمانەوە دەڕۆی، پێشتر دەمناسی و لەبەر شارەوانییە کۆنەکەدا، کوتاڵی دەفرۆشت، ھاواری لێ ھەستا و گوتی: ئەرەوەڵڵا گوللەیەک بەر سمتم کەوت. خۆشی کەمێ قەڵەوبوو، لەبەرئەوە نەیدەتوانی، بە باشی بڕوا. ھەرچی چۆنێ بوو، بە ئەو لێزمە و بارانە، گەیشتینە گوندی (ھۆڵەسمت). لە ئەوێ وڵاخێکم بۆ پەیداکرد و سواربوو. بارانەکە تا دەھات، زیادیدەکرد، دەتگوت لە ئاسمانەوە بە کوندە ئاو دەڕێژن! ئێمە زۆر بووبووین، بە ئەو شەوە تاریکونووتەک و پڕ باراناویە، بە ئەو ڕێ سەخت و شاخە بەرزەدا ھەڵگەڕاین، ھەر دەڕۆیشتین و ساتێ نەدەوەستاین. بەڵام لە ھێزەکانی دوژمن زۆر دوورکەوتبووینەوە، ترسی ئەوەمان نەمابوو، بمانگەنێ، یا گوللەبارنمانبکەن.

 

گوندی چەوتان
لە ئەنجامدا، ئێوارەیەکی درەنگ گەیشتینە گوندی (چەوتان). لە ئەوێ خێرا، کوێخای گوندەکەمان دۆزییەوە، بەسەر ئەو ماڵە ھەژارانەدا دابەشیکردین و دامەزراین. من و (سەروەت)، بەر ماڵێکی زۆر بەڕێز و ڕووخۆش کەوتین. گەلێ ڕێزیان لێ گرتین. نان و چامان خوارد و کەمێ گەرمبووینەوە، بەڵام ھەموو جلەکانمان تەڕبوو. پاشان نوێنیان داینێ و چووین بۆ مزگەوت. ھەموو پێشمەرگەکان کۆبووبوونەوە، خۆمان ڕووتکردبووەوە و بە دەرپێیەکەوە، لە دەوری زۆپا گەرمە سووربووەوەکەوە وەستابووین، جلەکانمان وشککردەوە، پیرە زۆپاش ناڵەی دەھات. دوایی ھەرچی چۆنێ بوو، ئەو شەوەمان ڕۆژکردەوە، چونکە زۆر ماندووبووین، لە دەوروپشتی زۆپاکە، زوو خەومان لێکەوت. بەیانی زوو نوێنەکانمان کۆکردەوە و ڕووەو ماڵی خانەخوێکەمان ڕۆیشتین. نان و چامان خوارد و ئیدی ماڵاواییمان لێ کردن.  
پاشان، ھەموو پێشمەرگەکان کۆبوونەوە، شارەزایەکمان پێشخست و ئێمەش بە ئەو بزنەڕێیانەدا، بە ئەو ھەڵبەزودابەزەدا، بە ئەو چیاوچۆڵە بەرزانەدا بەڕێکەوتین، سەرەوخوار بووینەوە. دیارە چانسمان ھەبوو، تا بڵێی ڕۆژێکی خۆشبوو، بارانەکە خۆشیکردبووەوە، ھەتاوێکی زۆر بەتینبوو، بەتەواوی گەرمیکردینەوە. جا ھەر بە ڕاستی، ھەتاوی دوای بارانبارین زۆر جوان و خۆشە. بە ئەو شێوەیە بەردەوامبووین، تا لە دوورەوە بارەگای لقەکەی خوالێخۆشبوو (جەزای حەمەتالیب) و چەن پێشمەرگەیەکمان بینی، ئیدی ملماننا و بەرەو ئەوێ ڕۆیشتین.

 

پێکشادبوونەوە
کاتێ گەیشتین، ڕەوانشاد (فەتاح ئاغا) و چەن پێشمەرگەیەک دانیشتبوون. دڵمان زۆر خۆشبوو، جارێکی دیکە، ئەو برا پێشمەرگانەمان بینیەوە. مامۆستا (فارس)، لەگەڵ ڕەوانشاد (فەتاح ئاغا) بوو، خەڵکی شارۆچکەی (سەییدسادق) بوو، کونوقوژبنی ئەو نێوچەیە شارەزابوو، ڕێی پیشاندابوو، بەئاسانی دەرچووبوون. بەڵام ئەو پیاوە (فەتاح ئاغا)، ھەرچەندە مامۆستابوو، ھێندە ئازا و ورە بەرزبوو، ھەرچەندە کوڕە ئاغابوو، ھێندە ڕووی شیرین و خۆش بوو، ھێندە ئاسایی و بێ فیزبوو، قسەی خۆشی بۆ دەکردین و شۆخی لەگەڵ دەکردین، ھەر وەک فەرماندەی ھێزیش نەبێ، وابوو!  
پاشان (فەتاح ئاغا) ڕووی دەمی لە من کرد و گوتی: وا بڵاوبووەوە، کە ڕەوانشادبووی، بەڵام سوپاس بۆ خوا، ڕاست دەرنەچوو. دوای کەمێ قسەکردن و پێکەنین، چەن پێشمەرگەیەکی ھەڵبژارد، لە ئەوانە ھەردوو ھاوبیر خوالێخۆشبوو (فەرھاد عەبدولحەمید، برایمی حەمەعەلی ...)، تا بچن، پردەکەی (کەوڵۆس) بتەقێننەوە، چونکە لە ئەوە دەترسا، سوپای داگیرکەر بە ئەو شەوە نەوەستن، ھێرشبێنن و بەرەو (پێنجوێن) بجووڵێن. بەڵام لە ئەوە دەچوو، ھەر ھێندە فەرمانیان پێ کرابێ، لە گوندی (شانەدەری) بە ئەو لاوە نەیەن و نەجووڵێن. 
دوایی کۆمەڵێ پێشمەرگەی دیکەی جیاکردەوە و گوتی: ئێوە لێرە دەمێننەوە. بەشێکتان لە بارەگای لق بن و بەشەکەی دیکەشتان، پەنجەی ڕاکێشا و گوتی: لەسەر ئەو چیا بەرزە، تا ڕۆژدەکاتەوە ئێشکبگرن. ئیدی ماڵاواییکرد و لەگەڵ کۆمەڵێ پێشمەرگەدا ڕۆیشتن. 

 

سەرچیا 
نانی ئێوارەمان خوارد، کۆمەڵێ پێشمەرگە: من و (سەروەت، دوکتۆر شیروان بابان، ڕەوانشاد بێستوونی مەلاعومەر، ئەحمەدی عارفی فیتک و خوالێخۆشبوو جەزای ئەحەشانە) سەرکەوتین. چیاکە زۆر بەرزبوو، زەویش تەڕبوو، ھێشتا تین و تاوی خۆرەکە، بە تەواوی وشکی نەکردبووەوە. سەرەڕای قوورسی خۆمان و چەکەکانمان، سەروو پەتۆشمان پێ بوو. دوای ماوەیە سەرکەوتین و لەسەر لووتکەی چیا بەرزەکە، پانتاییەکی فراوانی باشی ھەبوو، جێگیربووین. ھەرچەندە شەوێکی زۆر ساردبوو، نەشماندەوێرا، ئاگربکەینەوە. بەڵام مانگەشەوبوو. ئێشکگرتنمان دەسپێکرد، ئێشکچیمان دیاریکرد و ھەر پێشمەرگەیەک، تا بەیانی دوو کاژێری بەرکەوت. ئێشکچی ڕۆی و بە ھەر چواردەوری لووتکەی چیاکەدا دەخولایەوە. ئێمەش دوودوو پشتمان بە یەکدییەوە نووساندبوو، تا سەرخەوێ بشکێنین. بەڵام سەرخەوی چی، کێ لە تاو سەرما و قسە خۆشەکانی کاک (ئەحمەد) خەوی لێ دەکەوت!
ئەو شەوە ھیچ ڕووی نەدا. بەیانی خۆرھەڵات و دوای ماوەیە دابەزین. ھەر ھێندە نانی بەیانیمان خوارد، ئیدی لەبەر ئەو خۆرەتاوە، لاڵوپاڵ لێی کەوتین و کەمێ چاومان گەرمکرد. پاشان فەرمانمان بۆ ھات، ئەو ناوە چۆڵکەین و بەرەو (ناوپارێز) بکشێینەوە. ئیدی چەن ڕۆژێ لە ئەوێش ماینەوە، تا کارەساتە ماڵوێرانکەرەکەی تێکچوونی شۆڕشی بەسەردا ھات و ھەموومان بۆ (پێنجوێن) گەڕاینەوە. 
 
دوا ووتە
ئەوە دوا بەرەی جەنگ و خەباتی نەپساوەی ھێزی (خەبات) بوو، بۆئەوەی ئەو نێوچە گرنگە ستراتیژییە ڕزگارکاتەوە. بەڵام بە داخەوە ئێمە نەماندەزانی، ھەموو شت کۆتایھاتووە! نەماندەزانی، جگە لە سەرانی دەوڵەتی داگیرکەری (بەعس)، ھەڵسوڕاوانی دەزگەی ھەواڵگری و سەرانی دەوڵەتەکانی (ئەمێریکا، ئێران و جەزایر)، لە مووبەقە سامناکە نھێنییەکەی خۆیاندا، چ جۆرە خۆراکێکی ژاراویان بۆ ئامادەکردووین! نەماندەزانی، داوی چ جۆرە پیلانێکی گڵاوی مەرگچێنیان بۆ چنیووین! نەماندەزانی، بە چ شێوەیە، ڕێککەوتنامەڕەشە نھێنییەکەی (٦. ٣)ی (ئەلجەزایر)یان، دژی ھیوا و ئامانجەکانی شۆڕشی چواردە ساڵەی گەلەکەمان مۆرکردووە!  
ئەوڕۆ (٥٠) ساڵی ڕێک، بەسەر دوا بەڕەنگاربوونەوە و ئەو خەباتە سەختەی پێشمەرگە ئازا و مەردەکانی ھێزی (خەبات)دا تێپەڕدەبێ. بە ئەو بۆنەیەوە، سەری ڕێز و نەوازش، بۆ ھەموو ڕەوانشادە دڵسۆزەکانی شۆڕشەکەمان دادەنەوێنم. ھیوادارم، وەک ئەمەکێ بۆ گیانی پاکی ڕەوانشادانی ڕێی ڕزگاری گەلی کورد و سەربەخۆیی خاکی پیرۆزی (کوردستان)، ڕیزەکانی گەلەکەمان، لە ھەموو کاتێ توندوتۆڵ، پتەو و بەھێز و یەکگرتووتربێ، سەرکردەی ھەموو پارتەکانی (کوردستان)یش، کۆنەقین لەبیر خۆیان بەرنەوە، واز لە بەرژەوەندی تەسکی پارتایەتی بێنن، تەنیا ھەر بۆ سەرفرازی و سەرکەوتنی نەتەوەکەمان خەباتبکەن. چونکە ھەر بە ئەو شێوەیە، گیانی ڕەوانشادەکانمان شاددەبێ، گەلی کورد بە ئامانجە دوور و نزیکەکانی خۆی دەگا، ھەموو پیلانەکانی دوژمنانی نێوخۆ و داگیرکەرانی (کوردستان)یش پوچەڵدەبێتەوە! 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×