بەشی سێیەم
ئاشکرایە، هەر کاتێ هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگەکانی هەرێم و (عێراق) نزیکدەبێتەوە، ئیدی کۆمەڵێ خەڵکی چاوبرسی و هەلپەرست، خۆیان گورجدەکەنەوە و پێوەندی بە ئەندامە دەسەڵاتدارە دەسڕۆشتووەکانی پارتەکانەوە دەکەن، تا یارمەتییانبدەن، ناویان بۆ هەڵبژاردنی یەکێ لە ئەو پۆستانە بنووسن و بیانپاڵێون، ئەمەش تەنیا هەر لەبەر خاتری ناو و نیشان و مووچە موفتە زۆرەکەیەتی، نەک لەبەرئەوە بێ، خەمی کێشەی کورد بخۆن، کاتێ دەریشچوون، کارێکی ناوازە و گرنگ بکەن.
لەبەرئەوە پێم وایە، خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردن، تەنیا هەر بۆ ئەوەیە، ئەو پۆستەیان دەسکەوێ، چونکە کۆمەڵێ ئەندام و هەوادارانی ئەو دوو پارتە بە تایبەتی، هەموو ئەندامانی پارتە گچکەکان و هێندێ کەسی مشەخۆری بێلایەنیش بە گشتی، بە ڕاست و چەپ دەیخۆن، ئیدی مافی گەل و ئاییندەی ئەم ئەزموونەیان، هێندە بەلاوە گرنگ نییە. بۆیە ناتوانن، هیچ بڕیارێکی سەربەخۆ و بێلایەنانە بدەن. بەڵکوو بۆ هەموو بڕیارێکی گرنگ و هەستیار، بۆ سەرکردایەتی پارتەکانیان دەگەڕێنەوە. ئەگینا گەر وا نەبێ، ئەندامانی پەرلەمانی سەر بە ئەو دوو زلهێزەی (کوردستان)، لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا، پەلاماری یەکدیان نەدەدا و لە یەکدی بەرنەدەبوون؟!! ئەوە جگە لە ئەوەی، تا ئێستە دوو جار دەرگەی پەرلەمانیان داخستووە و پەرلەمانیان لەکارخستووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دەسەڵاتە بێ خەمە مشەخۆرە، مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی (کوردستان)، بە هەزار پینەوپەڕۆ دەدەن و پاشەکەوتێکی زۆریشیان لایە، کەچی ئەندامانی پەرلەمان، ئەو مووچە زۆرە مفتومۆڵە، لە کاتی خۆیدا وەردەگرن، بێ ئەوەی مانگێ دواکەوێ.
با لێرەدا هەر بۆ نموونە، باسێکی کورتی مووچە و تێچووی مانگێکی خولی پێنجەمی پەرلەمان بکەین، تا بزانین، چەن جیاوازییەکی گەورە، لە نێوان مووچەی ئەوان و کارمەندانی فەرمەنگەکانی دیکەی هەرێمدا هەیە.
پۆستی ئەندامانی پەرلەمان مووچەی مانگانە/ میلیۆن دینار
سەرۆک 16
جێگری سەرۆک 11
سکرتێری پەرلەمان 10
پەرلەمانتار 85 .8
بودجەی مانگانە 600
ڕاوێژکار 4 - 6
خانەنشین بە پلەی باڵا 400 .6 *
ئەوە جگە لە ئەوەی:
پەرلەمان (885) فەرمانبەری هەیە، کە لە ڕاستیدا (25-30) فەرمانبەر زیاتری ناوێ.
هەر ئەندامێکی پەرلەمان، (3) پاسەوانی تایبەتی هەیە، مانگانە مووچەیەکی موفتی خۆڕایی وەردەگرن.
هەموو ئەندامێکی پەرلەمان، ترومبیلێکی وەنەوشەی دەدەنێ، خانوویەکیش لە زۆنی (زێڕ) وەردەگرێ.
لەنێو پەرلەماندا، چێشتخانەیەکی تایبەتی هەیە.
لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە، هەموو ئەندامێکی پەرلەمان، پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەیە.
ئینجا با بزانین، کۆی گشتی هەموو ئەم مووچە و خەرجییانە، مانگانە چەن دەکا؟! لە ساڵێکدا چەن جار، بە پاسپۆرتەکانیان، سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن؟! لەسەر حیسابی کۆمەڵانی خەڵک، بە کامی دڵی خۆیان ڕادەبوێرن؟!
کۆی مووچە و تێچووی یەک مانگی پەرلەمان، ئەکاتە (2) میلیار و (300) میلیۆن دینار. ئەوە لە کاتێکدا، هەموو فەرمانگەکانی هەرێم، بەدەس بێ مووچەیی و بوودجەوە دەناڵێنن. ئاخر پەرلەمانێ، هیچ دەسکەوت و بەرهەمێکی ئابووری نەبێ، ئایا ئەم پارەیە لە کوێ دێنێ؟! بە چی پەیدایدەکا؟! دیارە لە هاووڵاتیانی هەرێمی دەسەنێ، وەک پارەی (ئاو، کارەبا، باخ، هاتوچۆ، سەرپێچیی و کاری نایاسایی دیکە ...) ئیدی ئەندامانی ئەو دوو پارتە بەتایبەتی، هەموو ئەندامانی دیکەی پەرلەمان و هێندێ کەسی مشەخۆری دیکەی بێلایەنیش بەگشتی، بۆ بە هەموو شێوەیە هەوڵ نادەن، پارتەکانیان بۆ پەرلەمان بیانپاڵێوێ، چونکە تا دەمرن، ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان مسۆگەردەکەن، دەس لە کەس پان ناکەنەوە، بەڵکوو لە تەڕ دەخۆن و لە وشکیش لێی دەخەون، هەر هێندەش ئەرک دەکێشن، بە (3) مانگ جارێ، ئامادەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەبن، هێندێ قسەی بێ سەروبەر و شەڕەدەنووک، لەگەڵ یەکدی دەکەن، ئیدی بڵاوی لێ دەکەن. جا با هەزاران خێزانی کوردی بێ دەرتان، بە مەمرە و مەژی بژین. ئاخر بۆیە زۆربەی لاوە خوێندەوار و نەخوێندەوارەکانمان، نیشتمانەکەی خۆیان بەجێدێڵن و ڕوو لە ئاوارەیی دەکەن، تا ژیانێکی شایستەی بێوەی و مرۆیانە بژین.
سەیر ئەوەیە، وەک ئەندامانی پەرلەمان، لە قوڕێکی دیکە درووستکرابن وایە، چونکە بە شێوەیەکی بەردەوام، مووچەکانیان بەرزدەکرێتەوە، بێ ئەوەی هیچ یاسایەک بیانگرێتەوە. لە کاتێکدا، لە ساڵی (2014)ەوە، بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەرانی، هەموو فەرمانگەکانی هەرێم وەستاوە! ئاخر با بزانین، لە ساڵێکدا چەن جار کۆبوونەوەدەکەن، وا ماندوودەبن و ئەو پارە زۆرە وەردەگرن؟! ئایا تا ئیستە چ کێشەیەکی نەتەوەیی، ڕامیاری، ئابووری، کۆمەلایەتی ... یان چارەسەرکردووە؟!
لەگەڵ ئەوەشدا، هێندێکیان نەک هەر شایانی ئەوە نین، ئەندامی پەرلەمان بن، بەڵکوو شایانی ئەوەش نین، سەرۆکی فەرمانگەیەکی دیاریکراویش بن. چونکە ئاستی ڕۆشنبیری، زانیاری، ڕامیاری و کۆمەڵایەتییان، هیندە بەرز نییە، گەلی هەرێم بەڕێوەبەرن! ئایا کێن ئەوانەی تا ئێستە، هەڵبژێرراون و کاردەکەن؟! چ بڕیارێکی گرنگی ستراتیژی و هەستیاریان دەرکردووە؟! هەڵوێستیان بەرانبەر جەنگی نێوخۆی ماڵوێرانکارانەی نێوان (پارتی) و (یەکێتی)، ڕۆژی (1. 5. 1994) چی بوو؟!
پوختەی مەبەست
لەبەر ڕۆشنایی ئەو داتا و باسانەدا، پێم وایە، پەرلەمان لە چەن مەفرەزەیەکی پارتە ڕامیارییە بەشدارەکانی (کوردستان) پێکهاتووە. ئەم ئەندامە زۆر دڵسۆز و کارامانەش، نە لە پەرلەمانی (کوردستان) و نە لە پەرلەمانی (عێراق)، یەک دەنگ و یەک ڕەنگ نەبوون و نین، بەڵکوو هەر کۆمەڵێکیان، لە ئاوازێ دەخوێنن، گوێ لە فرمانەکانی سەرکردایەتی پارتەکانیان دەگرن و بە تەواوی لغاوکراون.
لەبەرئەوە داوا لە هەموو کوردێکی بەهۆش و گۆشی نیشتمانپەروەری دڵسۆز دەکەم، تۆڵەی ئەو هەموو کەموکوڕی و تاڵانکردنەی، چەن ساڵەی سامانی وڵاتەکەمان بسێنن، لە هەڵبژاردنی نوێدا بەشداریی نەکەن، دەنگ بە هیچ کەس و پارتێکی ڕامیاری نەدەن. چونکە کورد، پێویستی بە پەرلەمان نییە. کوردپەروەری ڕاستەقینەش دەبێ، کوردانە و کوردستانیانە بیربکاتەوە، نەک بیر لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و پارتەکەی بکاتەوە!
بۆیە لە ڕوانگەی ئەو دید و بۆچوونەوە، هەر لە ساڵی (2009)وە، دەنگم بە هیچ کەس و لایەنێک نەداوە. چونکە هەم بڕوام بە پەرلەمان نییە و هیچ پێویستیش ناکا، کورد پەرلەمانی هەبێ. هەم دەمزانی، پەرلەمان دەزگەیەکی ڕاستەقینەی نیشتمانپەروەری نیشتمانی گەلی کورد نییە، بەڵکوو دەزگەیەکی بێ کەڵکە، (پارتی) و (یەکێتی) درووسیانکردووە و کەڵکی لێ وەردەگرن. لەبەرئەوە ئەوانیش هێشتا نەیانتوانیوە، یا نەیانویستووە، ئەندامانی پەرلەمانێکی ڕاستەقینە هەڵبژێرن، تا بەپێی یاسا و لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەماندا، بڕیاربدەن و کاربکەن. ئیدی بۆ دەبێ، کورد هێشتا خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی تایبەتی خۆی نییە، پەرلەمانێکی کارتۆنی هەبێ؟!! چ کەڵکێکی هەیە؟!! ئایا لە ماوەی ئەم (32) ساڵەی تەمەنی پەرلەماندا، ئەندامانی پەرلەمان، جگە لە ئەوەی لەنێو خۆیاندا ناکۆکبوون، مووچەیەکی خۆڕایی زۆریان وەرگرتووە، بە سەدان خانەنشینیشیان هەیە، چییان پێشکەش بە ڕۆڵەکانی گەلی کورد کردووە؟!!
لە کۆتاییشدا دەڵێم: چەن جارێ لە نووسینەکانی فەیسبووکمدا نووسیومە: ئێمە پێویستمان بە پەرلەمان نییە. بەپێچەوانەی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی (سەڵاحەدین بەهادین)ەوە داوادەکا، (هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە بۆشایی یاسایی دایە. ئەوە بۆ جاری دووەمە، پەرلەمان پەكیدەخرێت، یان دۆخێك دەسازێنن، كە پەرلەمان نەمێنێت ..... كە پەرلەمانیش نەما، بێگومان هەموو دەزگە سیادییەكانی تریش دەبنە كاربەڕێكەر و بەسەرچوو.) **
جارێکی دیکەش دووبارەیدەکەمەوە، ئێمە هیچ پێویستیەکمان بە پەرلەمان نییە، بەڵکوو لەبری پەرلەمان دەتوانین، هەر (4) ساڵ جارێ، هەڵبژاردنبکەین و هەر پارتێ دەنگی زۆری هێنا، ئەوا دەتوانێ، کابینەی نوێی میریی هەرێم پێکبێنێ. چونکە پەرلەمان بۆ وڵاتێ پێویستە، دێمۆکراسیەکی ڕاستەقینەی تێدابێ، بۆ گەلێکی پێشکەتووی دێمۆکراسیخواز دەبێ.
هەروەها هیچ پێویستیش ناکا، هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگەکانی هەرێم بکرێ، چونکە دەزگەیەکی پێویست نییە و زیادە. لەبری ئەوە با کۆمیتەیەک درووستببێ، لە پارێزگار و جێگرەکانی، دەستەی بەڕێوەبەرایەتی قایمقامییەت و سەرۆکی دەزگەکانی دیکەی پارێزگەکە پێکبێ، هەموو کارێکی پارێزگەکان بەڕێوەبەرن و ڕایپەڕێنن.
ئاخر ئێمەی ڕۆڵەکانی گەلی کورد، لە ئەم بێ مووچەی و بێ دەرامەتییەدا، چ پێویستیەکمان بە دەزگەیەکی مشەخۆری وەک پەرلەمان هەیە؟! ئایا باشتر نییە، لە ئەم گرفت و بێ پارەییەدا، ئەو پارە مفتەی بۆ ئەو دەزگایانە تەرخاندەکرێ، لە ئاوەدانکردنەوە، قیرتاوکردنی شەقامەکان، درووستکردنی بەنداوی ئاو، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان خەرجبکرێ؟!!
زۆر پێ دەچێ، ئەوەتەی دەوڵەتی (عێراق) دامەزراوە، لە ئەو ڕۆژەوە یەکەمین هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان کراوە، خەڵکی هەر جرتوفرتیان بووە، خۆیان هەڵبژاردووە و هەوڵیانداوە، بە هەر شێوەیە بێ، دەرچن و کورسییەکی پەرلەمان ببەنەوە. بۆیە هۆنەری گەورەی نێستمانپەروەری کورد (پیرەمێرد) فەرموویەتی:
تەفرەی ئینتیخاب، هێند بووە بە باو
عیزەت پاشامان، وا کەوتووەتە ناو
هەرچی هەڵدەسێ، پارە دائەنێ
خۆی تەرشیح ئەکا، لای قازی بەنێ
ئەمەندەیان ڕست، هەی دیموکراتی
ئەم عالەمەیان، خستە نەهاتی
*ڕۆژنامەنووس (چۆمان هیوا)، بە ڤیدیۆیەک، زۆر بە وردیی و بە بەدرێژیی، باسی ئەو هەموو زانیارییانەی کردووە.
**سەڵاحەدین بەهادین: پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری، زیاتر لە پابەندیی گوماناوی دەچێت، ئاوێنە، ڕۆژی 8. 7. 2023