ڕۆژی (17. 8. 2024)، بەڕێز (ئەحمەد حوسین)م، لە بەردەرکی سەرا بینی. گوتی: بەرنامەیەکم بۆ داناوی، وەک چاوپێکەوتن وایە، سەبارەت بە ژیان وکارەکانی خۆت، لە گۆڤاری (سلێمانی) بڵاویدەکەمەوە. خۆشم سەرپەرشتیدەکەم و شتێکیشی لەسەر دەنووسم.
پاشان کاک (شیروان عیززەت)، ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە، ڕۆژی (21. 8. 2024)، بە تێلێفۆنی بۆ کردم، خۆی پێ ناساندم و چەن بابەتێکی لێ داواکردم. منیش بە خۆشحاڵییەوە پەسەندمکرد و بە زیادەوە، هەموویانم بۆ نارد، بۆشم نووسی، بە ئارەزووی خۆتان لێی هەڵبژێرن. لە هەمان کاتیشدا، بۆ مامۆستا (ئەحمەد)یشم نارد.
ئەوە بوو، لە ئەنجامدا بابەتەکە، لە ژمارە (218) و لە لاپەڕەکانی (28-35)، ڕۆژی (25. 9. 2024)، بە ناونیشانی (دوکتۆر حوسێن محەمەد عەزیز٠٠٠ تەمەنێکی پڕ لە ئەزموون لە نووسیندا)، لە گۆڤارەکەدا دابەزی و کەوتە بازاڕەوە. منیش بڕیارمدا، لە لاپەڕەکەی خۆم لە فەیسبوک و لاپەڕەی ئەلیکترۆنی (ئاوێنە)دا، کورتەیەکی بڵاوکەمەوە، ئەمەش دەقەکەیەتی.
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز ٠٠٠ تەمەنێکی پڕ لە ئەزموون لە نووسیندا
ئەحمەد حسێن ئەحمەد
خەمی خاک و خەمی گەل و وشەی کوردی
لە مێژەوە هەتا ئەمڕۆ مەستیان کردی
رێت گرتەبەر، بە نووسین و بە کردەوە
بەو ئامانجەت، گرەوی خۆتت بردەوە
نووسەری چالاک و بەرهەمی بەبڕشت
مەرج نییە، هەموو پەرتووکێ، بەگەرمی پێشوازی لێ بکرێ و کەلێنێ پڕبکاتەوە، ببێتە میوانی مێشک و دڵی خوێنەر، پەرتووک هەیە، ئەمەندە ناوەرۆکی بێ پێزە، بۆ نەهاتی دەبێتە سەربار و جێگر، بۆ پەرتووکخانەی کوردی. لەم ئاقارەدا ئەو کتێ پەرتووک و بابەت گەلە شیاوانە، جێگەی خۆیان دەکەنەوە، کە هەڵگری درووشمی ڕاژەی گشتی و هەڵقوڵاوی واقیع و کلتوور و مێژوو، فەرهەنگی نەتەوە و خاڵە گرنگەکانی چارەسەر و هیوابەخش بن، ڕاستییەکان بە پەرۆشەوە ئامێزی بۆ بگرنەوە.
یەکێ لەو پێنووسە بەهەڵوێست و بڕوا بەرەخنەورەخنە لە خۆگرتن و بوێر و جواننووس و بەئاگایانەی، گۆڕەپانی ڕامیاری و ڕەوتی کۆمەڵگە و پەرۆشانی گەیشتن، بە خوڕەی ڕووباری ڕوونی ڕاستییەکان و نزیکبوونەوە لە واقیعی پتر لەنیوسەدە، هەڵمەت و تێکۆشان و بزوتنەوە و شۆڕشەکانی کوردەواری (د. حوسێن موحەممەد عەزیز)ە، وەک تروسکاییەک، دڕی بە شەوەزەنگ داوە، لە گۆڕەپانی ژانرەکانی وێژەدا، بەخولیایەکی پیرۆز و هێمنانە، ئەسپی پێنووسی جەربەزەی تاوداوە.
ئەم وەک ئەو بیرەوەرینووسانە نییە، درۆ بەدەم مردووەوە بکا، بۆ هەر مەبەستێک بێی، خۆی بەرێتە پێشەوە و ستەم لە بڕوا بەهادارەکانی خۆی بکا و ترسنۆکانە بیربکاتەوە. ئێمە وەک پێزانینێک، بۆ ئەم ڕێبوارە بەئەمەک و ماندوونەناس و بەردەوام لەنووسین و شارەزا، لە بابەتە هەڵبژاردەکانیدا ئاوڕێکدەدەینەوە.
(دوکتۆر حوسێن)، لەو رۆژەوە تێکەڵ بە خەباتی ڕامیاری بووە، لەوەدوا دەستی داوەتە پێنووس هەتا ئەمڕۆ (2024)، خەرمانێک پەرتووکی هەمەجۆری بەچاپگەیاندووە، بگرە زوربەیان ئەوە هەڵدەگرن، بە شێوازێکی زانستانە، بەسەر بکرێنەوە و خوێندنەوەیان بۆ بکرێ. لەهەمان کاتدا ئەوە دەسەلمێنن، کە بکرێنە سەرچاوە بۆ کەسانێ دەربارەی دیرۆک و تێڕوانینی هەناسەکانی، وشە و زمانپاراوی و لێکۆڵینەوە و دەستبەکارن. بۆیە بیرکردنەوەکانی دوکتۆر، بارانی ئاواتیان لێ دەبارێ، بارانێک کێڵگە وشکانییەکانی نیشتمان، بە کاوەخۆ دابگرێتەوە.
هەڵوێست و ویژدان
لێرەدا یەک نموونەی سەرەقەڵمی بەرچاو ئاماژە پێ دەکەین. لە هەردوو بەرگی بیرەوەرییەکانی بەناونیشانی (گەڵاوەریوەکانی درەختی تەمەنمدا)، یەکێ لە بۆچوون و ڕەوشتە بژاردەکانی دوکتۆر ڕەوایەتییە، چی دیوە و خستوێتییە بە کامێرای دڵ و مێشکی، بوێرانە دایڕشتووە، ئەم نەهاتووە خۆی بکات بە پاڵەوان و خۆهەڵکێش، ئەو خۆی لە دوا لاپەڕەکانی پەرتووکی (222 چڵەڕێحانە)، ئاوا بەرهەمەکانی دابەشکردوون: (زمانەوانی، وێژە، ڕۆژنامەنووسی، یاد و بیرەوەری، ساتیر، کۆمەڵناسی، مێژوو، جوگرافیا و جێوپۆلێتیک، ڕامیاری و نەتەوەیی.) ئەم سامانە لەبن نەهاتووە، بەهەند وەردەگیرێ، بەخەرمانێ نووسینی پەنگخواردووی ناخی کوردانەی، لەژێر دروشمی ڕاژەی خەبات و نەتەوە و وشەی کوردیدا هەنگاویناوە. لەو ئاقارانەدا، چی دیوە، چی کردووە، چی لە کەسانی باوەڕپێکراو بیستووە، چ بابەتێ کاریگەر و باوە، ئەوانەی بەشێوازێکی ئەکادیمیانە تۆمار کردووە، بگرە لەسەر سووربوون، لە هزر و بۆچوونی خۆی، خاتری هیچ لایەن و کەسێکی نەگرتووە، لەوانەشە چڵێ یا پتر لە درەختی، نیازەکانی ئامانجیان نەپێکابێ، ئەم پێی لەسەر داگرتووە، لە تاور و بابەتاکانیدا، بەزۆری پەنجەی خستۆتە سەر قەتماغەی برینەکان، کەسانی کەم توانا و مشەخۆر و بێدەربەستی سەرزەنشتکردوە.
توانایەکی باشی لە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی، ژانرەکانی وێژە، مێژوو، کەلەپوور و یادەوەریدا هەیە، لە نووسیندا پشوودرێژ و لەسەرخۆیە، هەمیشە پشتبەستوو بە بەڵگە و دیکۆمێنت، سەرچاوە بەهێزەکانە، سەربوردەی گەلێ لە هاوڕێ و هاوبیر و تێکۆشەری گەلەکەی لەلایە، لە دوای چاولێکنانیان بە ویژدانەوە، بەسەریکردونەتەوە، هەردەم ئاوەڵی ڕەخنەی درووستکارە. خۆ ئەگەر ڕەخنەی توندوتیژی ئاڕاستەبکرێ، ناچێتە سەنگەری تاریکی کینە و هەڵچوون و شپرزەییەوە، وەک نووسەرێکی دنیادیتووی بەهرەمەند، بەلایەوە ئاساییە. لە وتارنووسیندا دەستێکی باڵای هەیە، نووسینەکانی پیربوونیان پێوە دیار نییە، زۆرینەیان لە ئامێزی ئەکادیمیدا پرشنگدەدەنەوە.
لەم ڕووەوە ڕوومان لێنا، کوورتەیەک لە ژیاننامە و چاوهەڵهێنانی چاپکراوەکانیمان، بە ژمارە و بە وێنەگرتنی یەکبەیەکی بەرگەکانیمان، بۆ بنووسێ و بنێرێ. هەروەها نووسینێکی کورتی خۆیمان بۆ بنێری. ئەوا لێرەدا وەک خۆی بڵاویاندەکەینەوە.
بەرهەمە بڵاوکراوەکانی نووسەر
زمانهوانی
1. سهلیقهی زمانهوانی و گرفتهكانی زمانی كوردی، چ1، 1999، چ2، 2005.
2. هێندێ بابهتی زمانهوانی و وێژهیی، ب1، چ1، 2006.
3. هێندێ بابهتی زمانهوانی و وێژهیی، ب2 ، چ1، 2015.
4. هێندێ بابهتی زمانهوانی و وێژهیی، ب3، چ1، 2019 .
وێژه
5. یاقووت و زمڕووتی كوردی، ب1، چ1، 2003.
6. یاقووت و زمڕووتی كوردی، ب2، چ1، 2004.
7. یاقووت و زمڕووتی كوردی، ب3، چ1، 2007.
8. یاقووت و زمڕووتی كوردی، ب4، چ1، 2013.
9. یاقووت و زمڕووتی كوردی، ب5، چ1، 2015.
ڕۆژنامهنووسی
10. پێنج كاتژمێر لهگهڵ برایم ئهحمهددا، چ1، 1995. چ2، 1996، چ3، 2002.
11. نامهیهكی درێژ بۆ نهوشیروان مستهفا، چ1، 1995. چ2، 2006.
12. خولانهوه له بازنهیهكی بۆشدا، چ1، 1997. چ2، 2002.
13. سنووره قهدهغهكان مهشكێنن، چ1، 2003، چ2. 2004.
یاد و بیرهوهری
14. مهسعوود موحهممهد و 2 دیداری دۆستانه، چ1، 2002.
15. شێركۆ بێكهس، بیرهوهریی و یاد، چ1، 2013.
16. بارانی خوێن و بای مهرگ، چ1، 2015.
17. گهڵاوهریوهكانی درهختی تهمهنم، ب1، چ1، 2015.
18. گهڵاوهریوهكانی درهختی تهمهنم، ب2، چ1، 2018.
19. دوكتۆر كوردۆ عهلی، یاد و بیرهوهری (46) ساڵی تهمهن، چ1، 2017.
20. لە یادی خۆشەویستاندا، چ1، 2023.
ساتیر
21. بهڵێ لێكۆڵینهوه و ڕهخنه نهك شێواندنی ڕاستی، چ1،1996.
22. خڵتهی بیرێكی ژاراویی، چ1، 2000.
23. دیدی نهتهوهیی و نانهتهوهیی، چ1،2007.
24. نووسهری ساخته، چ1، 2008.
كۆمهڵناسی
25. ڕۆڵی سیستێمی بنهماڵه له بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتمانی کورددا .....، چ1، 1997. چ2، 2001.
26. ئێمه بۆ واین، چ1، 2003
27. دهربارهی كێشهكانی خۆشهویستیی و ژیانی هاوسهرگیری، چ1، 2011. مێژوو
28. كورد و شۆڕش و ههلی مێژوویی، چ1، 1996. چ2، 2000.
29. پهیمانێكی ڕهش و ڕۆژێكی سوور، چ3، 2003.
30. پەندەکانی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی، 6. 9. 1930، چ1، 2022.
31. نەورۆز و بەهاری کورد، چ1، 2024.
جوگرافیا و جیۆپۆلێتیك
32. گرفته سهرهكیییهكانی كورد، چ1، 1998. چ2، 2000.
33. شهكره شارهكهم سولهیمانیی، چ1، 2003.
ڕامیاری و نهتهوهیی
34. ململانێی ئایدۆلۆژی له كوردستاندا، چ1، 1993. چ2، 1995.
35. دهربارهی پرۆژهكهی ی. ن. ك، چاپی1، 1994.
36. دواپرۆژه، چ1، 1994.
37. پێنج وتاری غهمگین، چ1 ،1994.
38. دێمۆكراسی، ئایدۆلۆژی و جهنگی نێوخۆ، چ1، 1994.
39. فیدراڵیزم و دهوڵهتی فیدراڵ، چ1، 1996. چ2، 1996. چ3، 2004.
40. ئۆجهلان ئهزموونێكی نوێ و پهندیی مێژوویی، سوید، چ1، سولەیمانی، چ2، 1999.
41. حهوت گوتاری قهدهغهكراو، چ1، 2004.
42. برایهتی درۆزنانه، چ1، 2005.
43. كورد و كێشهی كهركووك، چ1، 2005.
44. دۆزهخی ژێردهسى، چ1، 2006.
45. هێندێ پهتای كوردكوژه، چ1، 2009.
46. بزووتنهوهی گۆڕان بهرهو كوێ؟ چ1، 2010.
47. كێشهی كورد و ئاییندهی كوردستان، چ1، 2013.
48. خهمه گهورهكهی نیشتمان، چ1، 2019.
49. 21 کەسایەتی کورد، ، چ1، 2020.
50. 222 چڵەڕیحانە، ب1، چ1، 2021.
51. 222 چڵەڕیحانە، ب2، چ2، 2023.
52. پەتای بیانیپەرستی و دێوجامەی ئایین، چ1، 2024.
هێزی خۆشەویستی
نموونەیەک لە نووسینەکانم
ئەم نووسینە، (8) ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، لەسەر داوای کاک (ئەحمەد حوسین) ناردوومە، چونکە داوای نموونەی نووسینێکی کورتی کونی خۆمی لێ کردم.
یهکهمین خۆشهویستی، وهک تیشکی زیڕینی خۆر وایه، سهراپای ژیانی ئهڤینداران، به خشڵی ڕهنگاوڕهنگی جوان دهڕازێنێتهوه. ختووکهی خۆشی دڵ و گیان دهدا. گوڕ و تین، به ههموو ئهندامهکانی جهسته دهبەخشێ. کاتێ ئاواشبوو، یادگاره تاڵ و شیرینهکانی، تهلی کهمانی دڵ دهبزوێنێ، ئاوازێکی غهمگین دهژهنێ. بیرهوهرییه پڕ له چێژ و ئازارهکانی، وهک پشکۆی نێو ئاگردان، چرای بیر و هۆش دهگهشێنێتهوه!
دووهمین خۆشهویستی، وهک تریفهی زیوینی مانگ وایه، له شهوی تاریکونووتهکی، ژیانی پڕ له سوێی ناکامی خۆشهویستیدا، چرای کوژاوهی ژیان ههڵدهکاتهوه، مژدهی ئاییندهیهکی گهش، به ئهڤینداران دهبەخشێ و بزهی خهنده، بۆ سهرلێوی وشکی ڕێبواری ماندووی، ڕێی خۆشهویستی دهگێڕێتهوه. کاتێ ئاواشبوو، بوخچهی بهختهوهری و خۆشی ژیان، لهگهڵ خۆی دهپێچێتهوه!
سێیهمین خۆشهویستیش، وهک جریوهی یاقووت و زمڕووتی، ئهستێرهی بهرهبهیان وایه. سهرلهنوێ گیانێکی نوێ، بهبهر جهستهی شهکهتی ئهڤینداراندا دهکاتهوه و خونچهگوڵی هیواکانیان دهگهشێنێتهوه. کاتێ ئاواشبوو، ههموو مهله ئێسکسووکهکان، له جریوه دهکهون، ههموو پهپووله باڵنهخشینهکانیش، له فڕین دهتۆرێن، تا خۆشهویستیهکی دیکهی نێوان، گوڵ و پهپوولهئاسای نوێ لهدایکدهبێ!
2016. 9. 29
پوختەی ژیانی نووسەر
سەرەتای ژیانم
ساڵی (1950)، باوكم (حاجی شێخ موحەممەدی حاجی شێخ عەزیز)، لە شارۆچكەی (پێنجوێن) لە نەخۆشخانە برینپێچ بوو، منیش لە ئەوێ لەدایكبووم و لەنێو بنەماڵەیەكی شێخانی (باراوی) ئایینیی ناسراوی شاری (سولەیمانی)، گەورەبووم و پەروەردەكراوم. بەڵام دوای (2) ساڵ گەڕاوینەتەوە بۆ شاری (سولەیمانی) و هەموو قۆناغەكانی خوێندنم، هەر لە (سولەیمانی) تەواوكردووە.
ساڵی (1976) لە بەشی بەروبوومی كێڵگە، كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی (سولەیمانی)، بە پلەی باش دەرچووم، یەكەمی بەشی خۆمان و لە سەر ئاستی كۆلێژەكەشمان، لە (10) كەسی یەكەم بووم.
ساڵی (1977) لە زانكۆ دامەزرام، تا ساڵی (1981) زانكۆشیان بۆ (هەولێر) گواستەوە، هەر لە ئەوێ مامۆستا بووم. (4) جار لە ماستەری زانکۆ و (2) جاریش، بۆ دەرەوەی وڵات هەوڵمدا، بۆ دوکتۆرا بخوێنم، بەڵام وەریان نەگرتم.
لەبەر چەن هۆیەكی ڕامیاری و تایبەتی، ڕۆژی (1981. 7 .13) وڵاتم بەجێهێشت. بەهۆی شۆڕشی كوردەوە، كورسییەكی خوێندنم لە (یەكێتیی سۆڤێت) وەرگرت، وەك خوێندكاری خوێندنی باڵا، دەسم بە خوێندن كرد.
ساڵی (1983)، پلەی ماستەرم لە زانستی (Plant physiology) و ساڵی (1987)یش، پلەی دوكتۆرام لە زانستی (General Agronomy)، لە ئینستیتووتی (Sovet Union – Kishinov)، بە پلەی زۆر باش تەواوكرد. لەبەرئەوەی نەمدەتوانی، بۆ (كوردستان) بگەرێمەوە، ساڵی (1987-1988)، وەك توێژەری زانستی بۆ ماوەی ساڵێ، لە هەمان ئینستیتووت كارمكرد.
دوای ژاربارانی (هەڵەبجە) لە (سۆڤێت) دەركرام. ساڵی (1988) لە (سوید)، وەك پەنابەری ڕامیاری وەرگیرام، ماوەی (17) ساڵ لە ئەوێ ژیام، تا ساڵی (2005)، بە یەكجاری گەڕامەوە بۆ (كوردستان) و لە زانكۆی (سولەیمانی) دامەزرامەوە.
چالاكی كوردایەتی
هەر لە سەرەتای ساڵی (1962)ەوە، لە ڕیزەكانی ڕێكخستنی (یەكێتی قوتابیانی كوردستان/ عێراق) و دواتریش (پارتی دیموكراتی كوردستان/ عێرق)دا كارمكردووە. پاشان لە ساڵی (1970) بە دواوە، لە ڕیزەکانی (کاژیک)دا ئیشمکردووە. دوای ئەوەی ساڵی (1974)، گفتوگۆی نێوان شۆڕش و (بەعس) تێكچوو، جەنگ لە (كوردستان) دەسیپێكردەوە، تا ڕۆژی هەرەسەكە، لە بەتالیۆنی (4)ی هێزی (خەبات) پێشمەرگەبووم. ئەو كاتە لە پۆلی سێی كۆلێژی كشتوكاڵ بووم و خوێندنەکەم بەجیهێشت.
دوای ئەوەی شۆرشی (ئەیلوول) هەرەسیهێنا، یەكێ لە ئەو گەنجانە بووم، ڕۆژی (1. 1. 1977) بەشداریم لە یەكەمین كۆنفرانسی دامەزراندنی (پاسۆك)دا كرد، وەك كوردێكی نەتەوەیی نیشتمانپەروەر، دژی داگیركەری دەوڵەتی (بەعس) بە كردەوە، درێژەم بە خەباتی كوردایەتی خۆم داوە و تا ساڵی (1981) كارمكردووە.
دوای ئەوەی ئاگری جەنگی خۆبەخۆی كورد هەڵگیرسا، زانكۆشیان بۆ (هەولێر) گواستەوە، وازم لە هەموو كاركردنێكی پارتایەتی هێنا، ڕۆژی (13. 7. 1981)، بەرەو دەرەوەی وڵات ڕۆیشتم و خوێندنم تەواوكرد. ئیدی لە ئەو كاتەوە، بێلایەنیم بۆ خۆم هەڵبژاردووە و ئەوڕۆش، ئەندامی هیچ جۆرە پارتێكی ڕامیاری كوردی و كوردستانی نیم.
چالاكی ڕووناكبیری و زانستی
جگە لە زمانی دایك، زمانەكانی (عەرەبی، ڕووسی، ئینگلیزی و سویدی) دەزانم. لە بواری نووسیندا، لە نێوان ساڵانی (1970-1971)دا، دەسم بە وتارنووسین كردووە. بە سەدان گوتاری هەمەجۆرەم، لە گۆڤار، ڕۆژنامە، لاپەڕە ئەلیكترۆنییەكانی (كوردستان) و هەندەران بڵاوكردووەتەوە. پتر لە پەنجا كۆڕ و پەنێلم، لە نێوە و دەرەوەی وڵات، لە سەر تێلێفزیۆن و لەنێو هۆڵەكاندا سازکردووە. لەنێوان ساڵانی (1993-2024)دا، تا ئێستە (52) نامیلكە و پەرتووكم، لە بوارەكانی (زمان، وێژە، ڕۆژنامەنووسی، ساتیر، كۆمەڵناسی، مێژوو، جوگرافیا، جیۆپۆلێتیك، نەتەوەیی، ڕامیاری و كۆمەڵایەتی)دا چاپکردووە، زۆربەی بەرهەمەكانیشم، دوو یا سێ جار چاپكراونەتەوە. كۆی گشتی ژمارەی لاپەڕەكانی نووسیومن، تێکڕا (074 12) لاپەڕەیە و (5) بەرهەمی دیكەشم بۆ چاپ ئامادەکردووە، گەر مەرگ مەودا بدا، توانا و دەرامەتی ئابووریم هەبێ، ئەوا چاپیاندەكەم.
لە بواری تەرخانی تایبەتی خۆشمدا (كشتوكاڵ)، بە هەر دوو زمانی ڕووسی و كوردی، گەلێ گوتاری زانستانەم، لە گۆڤارە ئەكادێمیكەكانی (مەڵدۆڤە) و (چەرمۆ)دا بڵاوكردووەتەوە.
لە ساڵی (2007)یشەوە، سەرنووسەر و لێپرسراوی زمانەوانی گۆڤاری (چەرمۆ) بووم، كە گۆڤارێكی وەرزانەی ئەكادێمی، كۆمەڵایەتی و كەلتووریی بوو، كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی (سولەیمانی) دەریدەكرد، (28) ژمارەی لێ دەرچووە و (6) ڕۆژژمێری ساڵانەی كوردی - فەرەنگیشم دەركردووە. هەروەها ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (ریحانە) بووم، کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سولەیمانی، ساڵی (2000) بە زمانی کوردی دەریدەکرد.
لە (كۆمەڵەی ئەكادیمییانی كورد، یەكێتی نووسەرانی كورد و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان)دا ئەندامم.
وانەم بە خوێندكارانی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستەر گوتووەتەوە.
ساڵی ( 1999 – 2010)، لە پەیمانگەی كادێرانی (ی. ن. ك.)، وانەی (هوشیاری نەتەوەیی)م بە خولی كادێران گوتووەتەوە، بە بۆنەی حەڤدە ساڵەی دامەزراندنی پەیمانگەكەوە (20. 5. 1996)، ئارمی سوپاس و پێزانینی پەیمانگەم وەرگرتووە.
تا ئێستە، دوو جار مێژووی ژیان و تێكۆشانم، بە زمانی كوردی لە گۆڤاری (سلێمانی، ژمارە 97، لاپەڕە 52، ساڵی 2008) بە ناوی (ڕۆڵە بە ئەمەكەكانی شار) و بە زمانی عەرەبیش، لە پەرتووكی (أعلام الكورد، الجزء الثانی، 2009، ص 141 – 145)ی مامۆستا (جەمال بابان)دا بڵاوكراوەتەوە. جارێکیش لە لاپەرەی ئەلیکترۆنی (ویکیپیدیا)دا بڵاوکراوەتەوە. ئەمەش دووەمین جارە، لە گۆڤاری (سلێمانی)دا، مێژووی ژیانم بڵاودەکرێتەوە.
چالاكی كارگێڕیی
ئەوەتەی گەڕاومەتەوە، لە زانكۆ دژی دیاردەی گەندەڵی جەنگاوم و خەریكی چاكسازی بووم. دوو پڕۆژەم لە سەر چاككردنی باری زانستی و كارگێڕی زانكۆكانی (كوردستان) بڵاوكردووەتەوە و بۆ هەموو لایەنە بەرپرسەكانم ناردووە. بەڵام بە داخەوە گوێی لێ نەگیراوە!
ساڵی (2006 – 2007) هەوڵمداوە، (سەندیكای مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان) دامەزرێنم، بۆ ئەو مەبەستەش، (320) مامۆستای زانکۆم لە دەوری ئەو پڕۆژەیە كۆكردەوە، بەڵام كاربەدەسانی دەسەڵاتەكەی (سولەیمانی) نەیانهێشت، سەربگرێ و دژی وەستان!
لە لیژنەی دابەشكردنی زەوی بە سەر مامۆستایانی زانكۆدا ئەندام بووم.
كارێكی زۆرم لە خانووەكانی (هەواری زانكۆ)دا كردووە، لە لیژنەی پێداچوونەوە و ساغكردنەوەی ناڕەزاییەكانی مامۆستایاندا ئەندام بووم.
جگە لە ئەوەی، هەر كارێكیان پێ سپاردبم، لە هەموو بوارەكاندا و بە هەموو توانامەوە، هاوكاری ڕاگرایەتی كۆلێژ و سەرۆكایەتی زانكۆم كردووە، هەوڵم بۆ سەركەوتن و پێشخستنی زانكۆش داوە.
دوایی
لە دوا وتە و بۆچوونماندا، دوای خوازیاری تەمەنی درێژ و تەندروستی باش، لەوە دڵنیاین کە (د. حسێن موحەممەد عەزیز)، هاوڕێی گیانی بەگیانی پەرتووک و خوێندنەوە و بەراورد و هەڵدانەوەی لاپەڕە تۆز لێنیشتووەکان و هەڵسەنگاندنە، بەو ئاڕاستە و هەڵسوڕانە، کە زۆرینەی کاتەکانی ژیانی خۆی، بۆ تەرخانکردووە، بەتایبەتی بۆ ڕەنگدانەوەی وشەی کوردی و دەنگدانەوەی دۆزە ئاڵۆزە ڕەواکەی بەردەوامە. هیوای زۆری لێ بەدیدەکرێ، بەرەبەرە بەرهەمی سەردەمانەی هەمەجۆر، پێشکەش بە خوێنەر و پەرتووخانەی کوردی بکا، کورد واتەنی، ئەوە ماوە بڵێین: خەرمان بەرەکەت، خێرو بەرەکەت.