هێندێ له مه‌لا شاره‌زاکانی کورد، دژی یاساکانی کانتۆنی (کۆبانی) بوون، چونکه له‌گه‌ڵ باوه‌ڕی خۆیاندا نه‌ده‌گونجا. که‌چی قڕوقه‌پیان له کوشتار و سوکایه‌تیپێکردنی کوردانی (یه‌زدی) کردبوو. دیاره ئه‌وان به (غه‌زا)ی ده‌زانن و ئه‌و (غه‌زا)یه‌ش، دژی ئایینێکی دیکه‌ی گاوور ده‌کرێ، له‌به‌رئه‌وه سه‌ر و ماڵ و ئابڕووی دانیشتووانه‌که‌ی (حه‌ڵاڵ)ده‌که‌ن، بێ ئه‌وه‌ی گوێ به ئه‌وه بده‌ن، هاوزمان و هاونیشتمانی خۆیانن!
ده‌توانم، گه‌لێ نموونه له‌سه‌ر قسه‌ی پێشه‌وایانی ئایینی ئیسلام بێنمنهوه، به‌ڵام لێره‌دا، ته‌نیا دوو نموونه‌ی جیاواز باسده‌که‌م:
با زۆر دوور نه‌ڕۆین و سه‌ر به کۆشی مێژووی ئیسلامدا نه‌که‌ین، لێره‌دا ته‌نیا نموونه‌یه‌کی زیندووی نوێ دێنمه‌وه. دوکتۆر (زاکر نایک)، خه‌ڵكی (هیندستان)ه و به یه‌کێ له ڕابه‌ره سه‌له‌فییه ئیسلامییه دیاره‌کان داده‌نرێ. کاتێ هێزه دڕنده ئیسلامییه‌کانی (داعش)، شارۆچکه‌ی (شه‌نگال)یان داگیرکرد، ئه‌م جاشبیره موسوڵمانه، (فه‌توا)یه‌کی ئیسلامیانه‌ی دا و گوتی: ئافره‌ته به‌دیلگیراوه (یه‌زدی)یه‌کان، ده‌سکه‌وتی جه‌نگن و موسوڵمانه‌کان ده‌توانن، سێکسیان له‌گه‌ڵ بکه‌ن! له‌سه‌ر ئه‌م ناماقووڵی و شهکرشکاندنه، شای (عه‌ره‌بستانی سعوودیه) خهڵاتیکرد، مەدالیایەکی زێڕین و (20) ده‌فته‌ر دۆلاری دایه!
ئاخر ده‌بێ، چ ئایینێ هه‌بێ، ڕێ به ئه‌م بێڕه‌وشتیی و سووکایهتییپێکردنه به مرۆڤ بدا و قهبووڵیکا؟!! که‌چی مه‌لاکانی کورد، له ئاستی ئه‌و ڕه‌شه‌کوژی و ده‌سدرێژییانه‌دا، له ئاستی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌دا بێ ده‌نگبوون، به‌ڵام بۆ (کۆبانی) وه‌ک قاز ده‌یانقیڕان و ده‌نگیان نووسا!
ئاشکرایه، ئه‌وه‌ته‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد موسوڵمانبووه، هه‌ر برا پچووکی ئایینی نه‌ته‌وه داگیرکه‌ره موسوڵمانه‌کانی عه‌ره‌ب، توورک و فارس بووه. ئه‌وانیش هه‌ر برا گه‌وره‌بوون، وه‌ک به‌رخی نێریش سهڕیانىڕیووین و کهوڵیانکردووین، هیچ ده‌زگه و ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامیش له جیهاندا، له‌سه‌ریان هه‌ڵ نه‌داوینه‌تێ و باسیان نه‌کردووین، ئه‌وه‌یه برایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئایینیی؟!
سه‌یر ئه‌وه‌یه، ڕۆژی (19. 6. 2015)، سه‌رۆکی زانکۆی (ئه‌زهه‌ر) دوکتۆر (ئه‌حمه‌د ته‌یب)، دژی بڕیاره‌که‌ی (چین)، بڵاڤۆکێکی بڵاوکرده‌وه و ناڕه‌زایی خۆی ده‌ربڕی، چونکه ده‌سه‌ڵات له مانگی (ره‌مه‌زان)دا، ڕێی به موسوڵمانه‌کانی هه‌رێمی (شینگیانگ) نه‌داوه، کاتێ له ده‌زگه‌کانی ده‌وڵه‌تدا کارده‌که‌ن، به‌ڕۆژووبن، به چه‌وسانه‌وه‌ی ئایینیی موسوڵمانه‌کانی (ئهیگۆر)ی (چین)ی دانا؟! داواشی له کۆمه‌ڵی نیوده‌وڵه‌تی و ده‌زگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیش کرد، به زووترین کات و خیرا، ئه‌و کاره ڕیسواکهن و بیوه‌ستێنن، وه‌ک ئه‌وه‌ی (چین)، به چه‌کی کیمیایی، ئه‌تۆمیی، بایۆلۆژیی یا بهکتریۆلۆژیی، له موسوڵمانه‌کانی دابێ!
ئه‌دی کاتێ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (عێراق)، به چه‌کی کیمیایی شارۆچکه‌ی (هه‌ڵه‌بجه)ی بۆمبارانکرد، چه‌ندین (ئه‌نفال)ی سه‌ر و ماڵی کوردی کرد، ئه‌و زانکۆ به‌ڕێزه‌ی (ئه‌زهه‌ر)، بۆ بڵاکراوهیهکیان ده‌رنه‌کرد و دژی ئه‌و کاره پۆخڵه‌ی، ڕژێمه‌که‌ی (به‌عس)ی دیکتاتۆر نه‌وه‌ستانه‌وه؟! ئایا کورد، به یه‌کێ له گه‌له موسوڵمانه‌کان دانانرێ؟!! یا هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی عه‌ره‌بی، هه‌ر کارێکی نامرۆیانه، دژی هه‌ر گه‌لێکی موسوڵمانی ناعه‌ره‌ب بکا، ئه‌وا ئه‌وان چاوی خۆیانی لێ ده‌نووقێنن، چونکه له به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب دایه؟! به ڕاستی، ئایین و ئایینداری، هه‌ر وا ده‌بێ، که عه‌ره‌به‌کان سه‌دان ساڵه ده‌یکه‌ن!
ئاخر له مێژووی پڕ شه‌رمه‌زاری، سه‌رشۆڕی، شه‌ڕوشۆڕ و له خوێن هه‌ڵکێشراوی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا، به ده‌یان ده‌مڕاستی وه‌ک (سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی، مه‌لا ئیدریسی به‌تلیسی، مه‌لای خه‌تێ ...)مان هه‌بووه، له‌به‌رده‌م ده‌روازه خڕداخراوهکهی ده‌سه‌ڵاتداره داگیرکه‌ره‌کانی عه‌ره‌ب و توورکه موسوڵمانه‌کاندا، وه‌ک تووله و تانجی ههڵتروشکاون، کلکهلهقێیانبووه، پاسیانکردوون، ڕاوهکهروێشکی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان بۆ کردوون، چاوه‌ڕێی سۆز و به‌زه‌ییان بوون، تا لێیان ڕازیبن و گوێچکه نانێکیان بۆ تووڕدهن! که‌چی به ئه‌و باره و به ئه‌و شیوه‌یه‌ش، هه‌ر لێمان ناڕازیبوون، هه‌میشه به چاوی برا پچووک و نۆکه‌ری خۆیان تهماشایانکردووین، ویستوویانه، له بۆته‌ی نه‌ته‌وه‌کانی خۆیاندا بمانتوێننه‌وه! ئه‌دی سه‌رانی ئیسلامی ڕامیاری (کوردستان)، له ئاستی ئه‌و هه‌موو کاره‌سات و کۆسته گه‌وره‌یه‌دا، چیان گوت و چی‌یان کرد؟!!
تێبینی: ئەم وتارە، ڕۆژی (30. 8. 2015) لە لاپەڕەکانی فەیسبووکدا بڵاوکراوەتەوە، واتە (9) ساڵ لەمەوبەر نوووسراوە. هەروەها لە پەرتووکی (پەتای بیانیپەرستی و دیوجانەی ئایین)یشدا، یەکێ لە وتارەکان پێکدێنی، بە ئەم زووانە چاپ و بڵاودەکرێتەوە.