کورتەیەکی ژیاننامەی ئەکتەری بەناوبانگی میسری (فاتن حەمامە 1931-2015)
(فاتن ئەحمەد حەمامە)، ڕۆژی (27. 5. 1931)، لە شاری (عابدین) لە (قاهیرە) لەدایکبووە. باوکی لە شالیارگەی پەروەردە فەرمانبەربووە. لە تەمەنی (6) ساڵیدا، باوکی لەگەڵ خۆی بردوویەتی بۆ سینەما، جەماوەری بینەر، زۆر بە ڕۆڵی کچە ئەکتەرەکەوە سەرسامبوون، ماوەیەکی زۆر چەپڵەیان بۆ لێداوە. (فاتن)یش بە باوکی گوتووە: وا دەزانم، ئەو چەپڵەڕێزانە بۆ منە. ئیدی هەر لە ئەو تەمەنەوە، حەزی لە فیلمی سینەما کردووە.
کاتێ لە پێشبڕکێی جوانترین مناڵی (میسر)دا، بە یەکەم دەرچووە. باوکی وێنەیەکی بۆ دەرهێنەر (موحەممەد کەریم) ناردووە، کە بە دوای مناڵێکدا دەگەڕا، لەگەڵ هونەرمەندی موزیکژەن (موحەممەد عەبدولوەهاب) بەشداریبکا. ئەوەبوو، ساڵی (1940) لە تەمەنی (9) ساڵێدا، لە فیلمی (ڕۆژێکی خۆش ـــ یوم سەعید) بەشداربوو، ڕۆڵێکی زۆر جوانی بینیوە. پاشان دەرهێنەرەکە بڕوای بە لێهاتوویی (فاتن) هێناوە، لەبەرئەوە بەڵێنی بە باوکی داوە، لە ئاییندەدا لە کارەکانی داهاتووی سینەمادا بەشداریبکا. ئیدی وردەوردە، بەشداری لە چەن فیلمێکدا کردووە، تا ساڵی (1946)، لە پەیمانگەی بەرزی نواندن وەرگیراوە.
(فاتن) هێندە بە توانابوو، ڕۆڵێکی جوانی لە فیلمەکانیدا بینیوە، لەبەرئەوە نازنای (خانمی پەردەی سینەمای عەرەبی) وەرگرتووە. ساڵی (1996)، سینەمای میسری بەبۆنەی (100) ساڵ تێپەڕبوون، بەسەر چالاکی سینەمادا، (فاتن) بە باشترین ئەکتەری سینەما هەڵبژێررا و (9) فیلمیشیان لە مێژووی باشترین (100) فیلمی میسردا هەڵبژارد. ساڵی (1999)ش بڕوانامەی دوکتۆرای فەخری، لە زانکۆی ئەمێرکی لە قاهرە وەرگرت. ساڵی (2000)یش، ڕێکخراوی پەرتووک و ڕەخنەی میسرییەکان، خەڵاتی (ئەستێرەی سەدە)یان پێ بەخشی. هەروەها چەن خەڵاتێکی دیکەشی، لە ڕێکخراو و وڵاتەکانی دیکەی عەرەب و بیانیشەوە وەرگرتووە. بەڵام ڕۆژی (17. 6.)، بە نەخۆشی مرد و شالیارگەی ڕۆشنبیری میسریش، دوو ڕۆژ ماتەمینیان بۆ ڕاگەیاند. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی لە سینەماشدا (1949-1993) کاریکردووە، جگە لە چالاکی دیکەی هونەری، (94) فیلمی دەرکردووە. (فاتن) لە ژیانی تایبەتی خۆیدا، (3) جار خێزانی پێکهێناوە و لە هەر سێکیشیاندا، سەرکەوتوو نەبووە و جیابووەتەوە!
فیلمی ڕێگەی هیوا
ئەم فیلمە بە عەرەبی (طريق الامل)، چیرۆکێکی کۆمەڵایەتی ڕۆمانسی بەرزە، هەردوو نووسەر پێکەوە (عیزەدین زولفەقار و یوسف جەهەر) نووسیویانە، دەرهێنەر (عیزەدین زولفەقار)، ساڵی (1957) دەریهێناوە. هەردوو ئەکتەری گەورەی سینەمای (میسری) بەناوبانگ: (فاتن حەمامە) و (شوکری سەرحان 1925-1997)، ڕۆڵی سەرەکیان تێدا بینیوە. لە سینەماکانی هەموو وڵاتە عەرەبییەکان ئیشیکردووە.
ناوەڕۆکی چیرۆکی فیلمەکە بە کورتی، باسی ژیانی خێزانێکی هەژار دەکا. تەنیا کچێکیان هەبووە، دایک و باوکی هەر زوو جیابوونەتەوە، کچەکەش لە باوکی دابڕاوە و لەگەڵ دایکی ژیاوە. دایکی لە ماڵەوە جلی درووە، بۆئەوەی پارە بۆ کچەکەی پەیداکا، تا کرێی خوێندنی قوتابخانەی ناوەندی بۆ دابینکا و خوێندنەکەی تەواوکا.
فیلمی (ڕێگەی هیوا)، بەسەرهاتی کیژۆڵەیەکی بێ چارە و بێ دەرامەتمان بۆ دەگێڕێتەوە، لەتاو هەژاریی و نەبوونی، بێکەسی و نەخۆشی دایکی، لە تەمەنێکی کەمدا، ئافەرتێکی بێ ڕەوشت هەڵیدەخەڵەتێنی و ئەویش ناچاردەبێ، لەشی خۆی بفرۆشێ. بەڵام دوای ماوەیە، لە ماڵە سۆزانییەکان، تووشی کوڕێکی باش و بەڕێز (شوکری سەرحان) دەبێ، کاتێ چیرۆکی ژیانی ڕاستەقینەی (فاتن) دەزانێ، بڕیاردەدا، لە ئەو گرفتە گەورەیە ڕزگاریکا و دەستی بگرێ، ڕێگەی ڕاست و داوێنپاکی پیشانبدا. کیژەکەش چونکە بێڕەوشتی، کاری خۆی نەبووە و لە ناچاریدا کردوویەتی، ڕۆژگاری ڕەش و بێدەرامەتی، تووشی ئەو گرفتە گەورەیەی کردووە و ناچاربووە، لەشی خۆی بفرۆشێ، تا پارە پەیدابکا، دەرمان بۆ دایکی بکڕێ و نەشتەرگەری بۆ بکەن، بەڵام کەڵکی نابێ و دایکی دەمرێ. لەبەرئەوە وەڵامی داوای ئەو کوڕە چاکەخوازە دەداتەوە و ئەویش ڕزگاریدەکا.
ماوەی دوو مانگ پێکەوە دەژین، بێ ئەوەی هیچ پێوەندیەکی سێکسی لەنیوانیاندا هەبێ، بەڵام پێوەندیەکی زۆر بەهێزی خۆشەویستی، لەنێوانیاندا درووستدەبێ. (شوکرێ) دەیەوێ، بیهێنی، بەڵام دایکی کوڕەکە قایل نابێ و دەریدەکا. ئەویش لە بێ شوێنی و لە بێکەسیدا ناچاردەبێ، بۆ تیاترۆخانە کۆنەکە بگەڕێتەوە، ماوەیە لە ئەوێ دەبێ، ئەم جارەش (شوکری) فریادەکەوێ و ڕزگاریدەکاتەوە. ئیدی تا لە ژیاندا دەبێ، نەک هەر لە ئەو کوڕە بەڕێزە جیانابێتەوە، بەڵکوو جارێکی دیکە بە خەوی شەویش، بیر لە ئەوە ناکاتەوە، ڕۆژێ لە ڕۆژان، بۆ ئەو کارە چەپەڵە بگەڕێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، گرفتێکی گەورە ڕوو لە خێزانەکە دەکا، ئافرەتە بێ ڕەوشتەکە دەیەوێ، خوشکەکەی (شوکری)ش، تووشی هەمان بەڵا و کارەسات بکا. بەڵام هەر زوو (فاتن) پێ دەزانێ و فریادەکەوێ، ئافرەتەکە و پیاوە دەوڵەمەندە بێ ڕەوشتەکە دەکوژێ، کچەکەش لە ئەو پیلانە گەورەیە ڕزگاردەکا. لە ئەنجامیشدا (فاتن) دەگیرێ و ڕەوانەی دادگە دەکرێ.
پەندی ئەم فیلمە چییە؟!
ئاشکرایە، ژیان وەک زەریایەکی بێ بن وایە، هەموو جۆرە زیندەوەرێکی بێ زیان و زیانبەخشی تێدا دەژی. لەبەرئەوە ئەو مرۆڤانەی، لە ئەم ڕاستیە تێ ناگەن و گوێی نادەنێ، تووشی دەیان کارەسات و ناخۆشی دەبن. بەڵام کاتێ مرۆڤێکی خاوەن ڕەوشت و ویژدان پەیدادەبێ، وەک چاکەخوازێ دەیەوێ، لە ئەو زەریا قووڵە ڕەشە بێ بنەدا ڕزگاریانکا، گەر ئەو هەلە زێڕینە نەقۆزنەوە و قایل نەبن، ئەوا تا دوا هەناسەی ژیانیان، هەلی زێڕینی وایان دەس ناکەوێتەوە. لەبەرئەوە مرۆڤی ژیر و بەڕێز ئەو کەسانەن، هەلە زێڕینەکانی ژیان، لەکیس خۆیان نادەن. بۆیە (فاتن) واز لە ئەو ژیانە پڕ شەرمەزاریی و بێ ڕەوشتیە دێنێ و دەڵێ: لە ئەو ڕۆژەوە (شوکری)م ناسیوە، وا دەزانم، تازە لەدایکبووم! خەونم بە ژیانێکی خۆشەوە بینیوە، بۆیە هەرگیز نامەوێ، خەبەرمبێتەوە.
ئاخر تەنیا فریشتەکانی ئاسمان، هەڵە ناکەن و کاری خراپیان نەکردووە، لەبەئەوە دەبێ، جیاوازی لەنێوان ڕەوشی ژیانی مرۆڤەکانی سەر زەوی و فریشتەکانی ئاسماندا بکەین، چونکە ئێمە ژیانێکی دیکەمان هەیە و زۆر لە ئەوان جیاوازترین! بۆیە لە ژیانی مرۆڤدا، ڕووکەش هەموو شتێ نییە، بەڵکوو گرنگترین خەسڵەتی ژیان ئەوەیە، هەموو کەسێ دەبێ، جوانی ڕوخسا ر و جوانی گیان، وەک دوو دیوی دراوێ ببینێ و بزانێ، یەکدی تەواودەکەن و هێندێ جاریش یەکدی ناشیریندەکەن. چونکە خۆر ئاوادەبێ، بەڵام ڕابووردوو ئاوانابێ! لەبەرئەوە دەبێ، بە هەموو توانامانەوە، لە کاری خراپە و دزێو دوورکەوینەوە، تەنیا هەر ڕوو لە ڕووگە خاوێنە بێ گەردەکەی خواپەرستیی و چاکەخوازی بکەین.