یــــــــادو بیرەوەری (٥٠) ساڵ لەمەوبەر، سەبارەت بەبۆردوومانەکەی قەڵادزێ

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2024-04-24     306

               بارودۆخی پێش بۆردوومانەکە

            پێش ئەوەی شارەکە بۆردوومانکرێ، یەک دوو ڕۆژ بوو، دەنگی فڕۆکە دەھات، دوو فڕۆکەی جەنگی، بە ئاسمانی نێوچەکەدا دەفڕین و دەسووڕانەوە. لە ئەوە دەچوو، وێنەبگرن و بەرنامەی بۆردوومانەکە داڕێژن! لەبەرئەوە، خەڵکی ترسیان لێ نیشتبوو، ھەستیان پێ کردبوو، دوژمن نیازی چی ھەیە و دەیەوێ، دەست بووەشێنێ. بۆیە ھێندێ لە دانیشتووانی شارەکە، ماڵیان بەجێھێشتبوو، ڕوویان لە گوندەکانی دەورووبەر کردبوو، ئەگینا گەر وانەبووایە، ژمارەی قوربانییەکان پتردەبوو!

 

                 ڕۆژی کارەساتە خوێناوییەکە

             ڕۆژی چوارشەممەی ڕێککەوتی (٢٤. ٤)، کاژێری (٤٠. ٩)، ئەوەی لێی دەترساین، قەوما. چەن فڕۆکەیەکی (باجەر) و (سیخۆ)، پەلاماری ئەو شارۆچکە بێ تاوان و بێدەسەڵاتەیان دا، بە بۆمبای ناپاڵم، ئەو خەڵکەیان ڕاچڵەکان و وروژان، لە ئاسمانەوە بۆردوومانیاندەکرد و تۆوی مەرگیان دەچاند. ئیدی بەتەواوی شار خرۆشا، ھەر کەسێ دەیویست، ھەرچی چۆنێ بێ، گیانی خۆی ڕزگارکا، خەڵکی بە دەم گریان و ھاوارەوە، بەرەو دەرەوەی شار ڕایاندەکرد.

             ئاخر وێزگەکەی شۆڕش، ھێندە بانگەوازی بۆ مامۆستا و خوێندکاران بڵاوکردەوە، گوایە زانکۆ لە (قەڵادزێ) کراوەتەوە و بەزووترین کات، لە ئەوێ کۆبنەوە، بەتەواوی ڕقی (بەعس)ی ھەڵساند بوو! بۆیە یەکەمین جار، بۆردوومانی شوێنی خوێندکارانی کرد، ھەموو جەمالۆنەکانی بە بۆمبا و شەستیر دڕیبوو.

            ئیدی ئەو خەڵکەی مابووەوە، دەگەڕان و تەرمی شەھیدەکانیان، لەسەر جادە و لەژێر خانووە ڕووخاوەکاندا کۆدەکردەوە و بریندارەکانیان ڕزگاردەکرد. بەشێکی شارەکەش کاولبووبوو، لە شاری مردووان دەچوو! زۆربەی خوێندکار و مامۆستاکانیش ھەڵاتبوون.

 

                 زیانەکانی بۆردوومانەکە

            بەپێی زانیارییەکان بێ، لە ھێرشە ئاسمانییەکەی فڕۆکەکانی (بەعس)دا، بۆمبی قەدەغەکراوی ناپاڵم بەکارھێنرابوو. ھێندێ لە ھاووڵاتیان، ڕاستەوخۆ بە گوللە و بۆمبی ناپاڵم، ھێندێکی دیکەش لەنێو ماڵ، دووکان و فەرمانگەکانی میرییدا گیانیان سپاردبوو. لە ئەنجامیشدا، (١٦٣)  ڕەوانشاد و نزیکەی (٣٠٠) کەسیش بریندار بوون. (٢٣) خانوو، (٣٦) دووکان و (٩) فەرمانگە ڕوخێنران. (١). بەڵام ئەز پێم وایە، زیانەکان لە ئەوە زیاتربوو، چونکە کاتێ تەماشای شارەکەت دەکرد، بەتەواوی وێرانکاریی پێوە دیاربوو، ڕەنگی مردووی لێ نیشتبوو! ئایا ئەمە بە تاوانی جینۆساید ناژمێررێ، وا سەرانی کورد، لە بوارە جیاوازەکانی نێودەوڵەتیدا، کاریان بۆ نەکردووە؟! بەڵێ، بۆردوومانێکی کوردکوژانەی گشتی بوو، بۆیە دەبێ، کاری بۆ بکرێ و بە جینۆساید دانرێ.

             لە ئەم دواییانەدا، میریی ھەرێم کارێکی باشی کرد، کاتێ ڕۆژی (١٠. ٢. ٢٠١٣)، بڕیاری ژمارە (٢)ی دەرکرد، ڕۆژی (٢٤. ٤)ی بە شێوەیەکی فەرمی، بە ڕۆژی  ڕەوانشادانی (زانکۆ) دانا. چونکە لە ئەو بۆردوومانەدا، جگە لەئەوەی چەن خوێندکار و مامۆستایەک برینداربوون، (١١) خوێندکاری وەک (حەمەساڵح سامسام، ھیوا عەبدولغەفوور حوسێن، ئازاد حوسێن ئەحمەد، بورھان عەبدوڵڵا شاسوار، سەروەر عەلی قادر، سۆران موحەممەد سەڵتە، ئەمیری ڕەووفی سەیدەلی، عەبدولمەجید خانەقینی، عومەر مەجید، نەجیب فارووق عەلی عەبدوڵڵا و دلێر عەبدولحەمید ئەترووشی)ش ڕەوانیانشادبوو، ھەمووشیان ھێندە دەسڕەنگینبوون، دەتگوت، فڕۆکە مەرگچێنەکانی (بەعس)، بەتایبەتی بە دوایاندا گەڕاوە و ھەڵیبژاردوون! 

 

                 شێخاودەلان

             دوای ئەوەی ڕەوشەکە ئارامبووەوە، لەنێو (قەڵادزێ)دا ژمارەیەکی زۆر کەم، خەڵکی تێدا مابوو، بەتایبەتی خوێندکاران، ھەر کۆمەڵێ لە شوێنێ گیرسابوونەوە. ھێندێکیشیان گەڕابوونەوە و خۆیان بەدەسەوە دابوو. ئەوەبوو، لە گوندی (شێخاودەلان) کەمپێکمان کردەوە، نزیکەی (١٢٠) خوێندکارێکمان کۆکردەوە. ماوەی دوو مانگێ ماینەوە، پاشان چەکمان بۆ ھات، خوێندکارەکان بەسەر ھێز و دەزگە جیاوازەکانی شۆڕشدا دابەشبوون، منیش ھێزی (خەبات)م ھەڵبژارد.

                ئەنجام و پەندی مێژوویی

          ١. بڕیاری گواستنەوەی زانکۆی (سولەیمانی) بۆ (قەڵادزێ)، بڕیاری سەرکردایەتی شۆڕش بوو، بەڵام سکرتارییەتی (ی. ق. ک. ــ ع.)، ئەو بڕیارەیان پێ باش نەبوو. (٢). ئەم بڕیارەش، ھەڵەیەکی مێژوویی و ڕامیاری گەورەبوو، چونکە لە لایەکەوە: سەرکردایەتی (بەعس)ی داگیرکەری، بە تەواوی توڕەکرد و زۆر دڕندانە، بە بۆمبا و چەک، وەڵامی ئەو بڕیارەی دایەوە. لەلایەکی دیکەشەوە: گەر کورد بتوانێ، ھەموو خاکی (کوردستان)یش ڕزگارکا، ناتوانێ، ئاسمانەکەی ڕزگارکا، خەڵکەکە لە دەس ھێرشی ئاسمانی و شاڵاوی مەرگ بپارێزێ!

          ٢. سەیر ئەوەیە، لە کاتێکدا ئەو بڕیارە دەرچوو، بیریان لە ئەوە نەکردبووەوە، چۆن جێبەجێیدەکەن! ئاخر ھیچ جۆرە ئامادەکارییەک، بۆ کردنەوەی زانکۆ نەکرابوو، نە تەلاری خوێندن و کارگێڕی، نە بەشی نێوخۆی خویندکاران ھەبوون. خۆشیان نەیاندەزانی، ئەو ھەموو خوێندکارانە، لە کوێ بخوێنن؟ چەن کۆلێژ بکەنەوە؟ گریمان دەتوانرا، وانەکانی تیۆری بڵێنەوە، ئەدی وانەکانی پراکتیک و تاقیگەکان، چۆن دابیندەکران؟! بە ڕاستی ئەوە ھەڵەیەکی ھێندە گەورەبوو، توانای لێبووردنی نییە! گرنگ ئەوەیە، جارێکی دیکە ھەرگیز دووبارەنەبێتەوە. چونکە لە مێژووی شۆڕشی ھیچ نەتەوەیەکی بندەسدا نەمبیستووە، زانکۆ لە نێوچە ڕزگارکراوەکاندا بکرێتەوە!

            ٣. ئەو خەڵکە زۆرەی لە ترسی سزای (بەعس)ی فاشی ھەڵاتبوون و ئەوانەی بە نامە چووبوونە دەرەوە، بەسەر شۆڕشەکەوە، ئەرکێکی زۆر گرانبوون. دوایش زۆربەیان لە نێوچەکانی سەرسنوور و لە ھۆردووگە ناچارییەکانی (ئێران) گیرسانەوە. دوژمنی داگیرکەریش ئەوەی دەویست، کە باری شانی سەرکردایەتی شۆڕشەکە قوورسکا و تووشی گرفتێکی گەورەی کا. بۆیە ڕێی لە کەس نەدەگرت و ھاتوچۆ کراوەبوو، تا لەپڕ پەڵاماری (کوردستان)ی دایەوە، ھێرشە بەرفراوانەکەی دەسپێکرد و بە ھەموو چەکێکی کۆکوژ، دروێنەی گیانی خەڵکی بێ تاوان و بێدەسەڵاتی، نێوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەمانی دەکرد.

            ٤. زۆربەی نیشتمانپەروەران و چالاکەوانانی ڕامیاری، شار و شارۆچکەکانی (کوردستان)یان چۆڵکردبوو، بەشێکیان لەنێو ڕیزەکانی شۆڕش و بەشەکەی دیکەشیان لە (ئێران) بوون. لەبەرئەوە نە ڕێکخستنی ڕامیاری و نە چالاکی سەربازی، لە ئەو نێَوچانەی بندەسی (بەعس)دا نەمابوو. دوژمنیش بەتەواوی نێوچەکانی بندەسی خۆی کۆنترۆڵکردبوو، بە ئازادی و بە ئارەزووی خۆی، بێ ترس و سڵەمینەوە، تەراتێنی تێدا دەکرد. بەپێچەوانەوە دەبووایە، خەباتی شار و شاخ، پێکەوە گرێبدرانایە و گورزی گورچکبڕ، لە ھێزەکانی داگیرکەر بدرایە!

          ٥. سەرکردایەتی شۆڕش، بیریان لە ئەوە نەکردبووەوە، سەردەمەکە گۆڕابوو، دۆستەکانی گەلی کورد و شۆڕشەکەی کەمبووبوونەوە، (بەعس) گەلێ ھەنگاوی ڕامیاری و دیپلۆماسی گەورە و گرنگی نابوو، چ لەنێوەوە و چ لەدەرەوەی (عێراق)، دۆستێکی زۆری لەدەوری خۆی کۆکردبووەوە، کارێکی وای کردبوو، نە لەنێوەوە و نە لەدەرەوەی وڵات، گەلی کورد نزیکەی دوستی نەمابوو، لەپێش ھەمووشیانەوە، (پارتی کۆمۆنیستی عێراق) لەگەڵ پارتی (بەعس)دا، لەبەرەیەکی ناھاوسان و خۆھەڵخەڵەتێنەرانەدا بوو. تەنانەت کار بە ئەوە گەیشت، کۆمۆنیستەکان چەکیان دژی شۆڕش و گەلی کورد ھەڵگرت، شانبەشانی ھێزەکانی داگیرکەر، کۆمۆنیستە کوردەکان دەجەنگان. بەڵام سەیر ئەوەبوو، فڕۆکە مەرگچێنەکانی (بەعس)، جیاوازییان لەنێوان ڕۆڵەکانی گەلی کورددا نەدەکرد، لە نێوچە ڕزگارکراوەکان، کۆمۆنیست و ناکۆمۆنیستیان، وەک یەک دەکوشت، چونکە کوردبوون!

           بۆیە لە بۆردوومانەکەی (قەڵادزێ) و نێوچەکانی دیکەی (کوردستان)، چەن خێزانێکی کۆمۆنیستیش بەرکەوتن. ھەر بۆ نموونە: ماڵە کۆمۆنیستێکی (قەڵادزێیی) ھەژار بەرکەوتبوو، تەنیا پیاوەکە دەرچووبوو، کوتە گۆشتی ھاوسەرەکەی و منداڵەکانی بەسەر یەکدا کەوتبوون و تێکەڵاوبووبوون، ئەویش دەیگوت: تەرمی ھەموویان کۆدەکەمەوە و لە (سولەیمانی) شکات دەکەم! 

 

                 کۆتایی و ئەنجام

            ڕۆژی (٢٤. ٤)ی ھەموو ساڵێ، دوو یادی گرنگ و خوێناویمان بیردەخاتەوە. یەکەمیان ساڵی (١٩٧٤) بۆردوومانکردن و دووەمیشیان ساڵی (١٩٨٢)، ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی خەڵکی کوردپەروەری شارۆچکەی (قەڵادزێً)ن. چونکە خەڵکی بە ئەمەک و بەئابڕوو، خەڵکی دلێر و نیشتمانپەروەری (قەڵادزێ)، لە یادی ئەو ڕۆژەڕەشەدا، ساڵی (١٩٨٢) و دوای ئەوەی (٨) ساڵ بەسەر بۆردوومانەکەی ساڵی (١٩٧٤)دا تێپەڕبوو، ڕاپەڕین و دژی دەوڵەتی داگیرکەری (بەعس) وەستانەوە. لەبەرئەوە، تا یەک (قەڵادزێیی) بەتایبەتی و کوردێکی نیشتمانپەروەر بەگشتی بمێنێ، ھەرگیز یادی ئەو دوو ڕۆژە خوێناوی و تاوانەکانی (بەعس)ی داگیرکەریان بیرناچێتەوە، بەڵکوو لە بیرەوەری و ویژدانی نەتەوەییاندا دەژین.

            ڕاستە، نەتەوەی کورد لە مێژووی لەخوێنھەڵکێشراوی خۆیدا، گەلێ کارەسات، کوشتنوبڕین، کاولکاری، ماڵوێرانی و دەربەدەری دیوە، بەڵام ھەمووی لە لایەک و ڕەوانشادکردنی شارێ، لە لایەکی دیکەوە بووەستێ!   

             لە کۆتاییشدا، لە ئاستی ئەم کۆستە گەورە و یادە پڕ شکۆ خوێناوییەدا، سەری ڕێز و نەوازش، بۆ ھەموو ڕەوانشادانی نەتەوەی کورد بەگشتی و ڕەوانشادانی (قەڵادزێ)ی قارەمان بەتایبەتی دادەنەوێنم، ھەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ھەموو ڕەوانشادانی کورد بێ. ھیوادارم، یادکردنەوەی ئەم ڕۆژەڕەشە، دەماری ھەست و ھۆشی، سەرانی پارتەکان بجووڵێنێ، بەرەو تەبایی و یەکێتی نەتەوەیی ھانیانبدا، بە یەک ڕیز و بە یەک دەنگ، ھەم دژی دوژمنانی نێوخۆ و داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان بووەستنەوە، ھەم لەسەر مافە ڕەواکانی گەلەکەشمان سووربن. منیش لەگەڵ خەڵکە ڕاپەڕیوە خێرنەدیوە بەئابڕوومەندھکەی (قەڵادزێ) دەڵێم:

            گوللە و پەت و سێدارە           ناترسێنێ خەڵکی ئەو شارە!

 

     سەرچاوە

١. ساڵنامەی قەڵادزێ، چوارشەممە، ٢٤. ٤. ٢٠١٣.

٢. عادل موراد، کوردستانی نوێ، ژمارە (٦٠٥٩)، چوارشەممە، ٢٤. ٠٤. ٢٠١٣.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×