وەک هاونیشتمانییەکی ئەم وڵاتە، وەک دڵسۆزێکی بەپەرۆشی زێدەکەم، چەن پێشنیازێکی گرنگم هەیە، داوا لە لێپرسراوان و کارمەندانی شارەکەم دەکەم، ئەم چەن خاڵەم بەهەند لێ وەگرن و جێبەجێکەن.
1. گەر لە ئەم ڕۆژەدا توانا نییە، جادە و شەقامەکانی شار، سەرلەنوێ قیرتاوبکەنەوە، ئەوا زۆر پێویستە، چاڵوچۆڵەکانی سەر جادەکان چاکبکەن، هێڵە سپییەکانی نێوان سایدی جادەکان نوێبکەنەوە. چونکە هیچ دیارنەماوە. ئەم کارەش لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، بە شەو دەکرێ، بۆئەوەی گرفت بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیان نەئافرێنن.
2. بۆئەوەی ئاوی بارانی شارەکەمان بە فیڕۆنەڕوا، پێشنیازدەکەم، لەژێر پردەکەی (قلیاسان)دا، دیوارێکی قایمی بەرزی بەردین، تا ئاستی جادەکە درووستبکەن، بۆئەوەی زۆرترین بڕە ئاوی باراناو کۆکاتەوە. هەم کۆمەڵانی خەڵک کەڵکی لێ وەردەگرن. هەم دیمەنێکی جوانیش، بە چەمەکە و دەوروبەری شارەکەمان دەبەخشێ، تا وای لێ دێ، خەڵک وەک نێوچەیەکی گەشتوگوزار ڕوویتێدەکەن. ئاخر هەر تاوانە، ئەو هەموو ئاوی بارانە، بە خۆڕایی بڕوا و هیچ کەڵکێکی لێ وەرنەگیرێ!
3. بە هەموو شێوەیە، بەکارهێنانی مۆبایل و تێلیفۆنکردن لەسەر جادەکان لە کاتی لێخوڕیندا قەدەغەبکرێ. چونکە جگە لە ئەوەی، دەرکەوتەیەکی شارستانی نییە، گرفتێکی گەورەش لەبەردەم لێخوڕین، سەلامەتی هاوڵاتیان و شۆڤێرەکان خۆیاندا دەئافرێنێ. بەڵام هەر شۆڤێرێ دەیەوێ، یا کاتێ ترومبێل لێ دەخوڕێ و تێلێفۆنی بۆدێ، زۆر بە ئاسانی دەتوانێ، لە قەراغ جادەکە بووەستێ و وەڵامبداتەوە، وەک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان پێڕەودەکرێ. هەر کەسێکیش سەرپێچیکرد، ئەوا پێویستە، سزابدرێ و مۆڵەتی شۆڤێرییەکەی، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لێ بسەنرێتەوە، بە مەرجێ لە (3) مانگ کەمتر نەبێ. وا بزانم، کاتی ئەوە هاتووە، چاوێ بە هەڵە و کەموکوڕییەکانماندا بخشێنینەوە، ژیان و گیانی هاوڵاتیانیش، لە ڕووداوی ترۆمبێل بپارێزین.
4. بە داخێکی گەورە و گرانەوە، لە دوای ڕاپەڕینەوە زمانەکەمان، لە هەموو ڕوویەکەوە، چ زمانی قسەکردن و چ زمانی نووسین، ڕۆژبەڕۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و هەنگاوێ پێش نەکەوتووە. هۆکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نە کۆمەڵانی خەڵک و نە کاربەدەستان، بایەخێکی ئەوتۆ بە زمانی کوردی نادەن. بەتایبەتی دوای ئەوەی عەرەبێکی زۆر، لە شار و نێوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی (عێراق) هەڵاتوون و لە نێوچە جیاجیاکانی (کوردستان) نیشتەجێبوون. لەبەرئەوە دەبینین، لەنێو بازاڕ و لە زۆر شوێن، ناوی دووکان و جێگەکانی دیکە، بە زمانی عەرەبی نووسراون و بەدەگمەن نەبێ، لە تەنیشتیەوە بە کوردی نووسراون. بۆیە دەبێ، دەزگە پێوەندیدارەکان، ڕێ بە ئەو کارانە نەدەن و ناوەکان، هەموویان بە کوردی بنووسرێن، گەر لە خواریشەوە بە زمانی عەرەبی بنووسرێن، زۆر گرنگ نییە. لیرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا لە نێوچە عەرەبییەکانی (عێراق)، دەسەڵاتدارانی میریی ڕێدەدەن، ئەو ناوانە بە کوردی بنووسرێن؟!
5. مەزارەکەی (پیرەمێرد)ی نەمر، لە گردی (مامەیارە)، نوێ و خاوێن بکرێتەوە، چواردەورەکەی بە گوڵوگوڵزار بڕازێنرێتەوە. بۆئەوەی کاتێ یەکێ سەر لە مەزارەکەی دەدا، بزانێ، تا چەن بایەخ بە پیاوە گەورەکانمان دەدەین. تەنیا هەر بە ئەو شێوەیەش دەتوانین، هەم ئاواتەکانی خاڵە (پیرەمێرد)، لە گۆڕکەیدا بەدیبێنین و گیانی خاوێنیشی شادکەین. هەم لە چاکەی ئەو هەموو ڕەنج و کارە جوانانەی، بۆ مێژوو، وێژە، زمان و کەلتووری کوردی و شارەکەماندا کردوویەتی، ڕەنجی بەبانەڕوا.
لەگەڵ ڕێزمدا