سەرەتا
ماوەی چوار ساڵی ڕێککەوتنامەکەی "1970-1974"ی نێوان هەردوو سەرکردایەتی پارتی 'بەعس" و شۆڕشی کورد تەواوبووبوو. هەموو دەنگوباسەکان ئەوەیان دەگەیاند، کە جەنگی "کوردستان" سەرلەنوێ دەسپێدەکاتەوە. لەبەرئەوە ئێوارەی ڕۆژی "11. 3. 1974"، لەگەڵ "شێخ ناسری حەفید"، بەپێ بەرەو چیای "ئەزمڕ" بەڕێکەوتین، تا پێوەندی بە شۆڕشەوە بکەین. سەرەتا دوو شەو لە گوندی "گەرەدێ"، لای خوالێخۆشبوو "شێخ دارای حەفید" ماینەوە، پاشان لەگەڵ هاوڕێکانم "شێخ مەنسوور، شێخ ناسر و شێخ بێستوونی حەفید"دا، بەرەو گوندی "هۆمەراخ" بەڕێکەوتین.
گوندی هۆمەراخ
"هۆمەراخ"، گوندێكی چكۆلانه‌ی خنجيلانه بوو، لە نێوچەی "شارباژێر" بوو. ئه‌و كاته له چه‌ن ماڵێكی كه‌م پێكهاتبوو. له سێ لاوه به گردۆڵكه و چيای گه‌وره و گچكه ده‌وره‌درابوو. چه‌مێكی چكۆلانه‌ی ته‌نکی باريکیش، له قه‌دپاڵی چياكانهوه، به‌ره‌وخوار ده‌بووه‌وه و به‌ته‌نيشت گونده‌كه‌دا تێپه‌ڕده‌بوو. پاشان له‌گه‌ڵ چه‌مه گه‌وره‌که‌ی "قه‌ڵاچوالان" تێكهڵدهبوو. ئه‌و ناوه له به‌هاردا، ديمه‌نێكی گه‌لێ جوان و دڵفڕێنی هه‌بوو، گه‌ر مرۆ دڵی خۆشبووايه و ڕه‌وشه‌که باشبووایه، هه‌ر جێی سه‌يران بوو!
ئێواره‌ی ڕۆژی "13. 3. 1974" گه‌یشتین و له ماڵی سه‌ركاری گونده‌كه كاك "ره‌سووڵ" دابه‌زين. ديوهخانێكی خاوێن و ڕێكوپێكيان هه‌بوو. ماڵه‌كه له دوو نهۆم پێكهاتبوو. به‌شی خواره‌وه‌ی چه‌ن ژوورێ بوو، خۆی و خێزانه‌كه‌ی تێیدا ده‌ژيان. ژوورێكيشيان بۆ ته‌ويله‌ی ئاژه‌ڵه‌كانيان ته‌رخانكردبوو. لهسهريشهوه، ته‌نيا يه‌ك ژوور و ههيوانێ بوو. سه‌ربانی نهۆمی يهكهميشی بهدهمهوهبوو، زۆر جار له ئه‌و سه‌ربانه، من و "شێخ ناسر" پياسهماندهكرد، خۆمان له‌به‌ر تیشکی زێڕینی خۆری، ئه‌و به‌هاره پڕتهڕوتووشهی مانگی "مارس" هه‌ڵده‌خست و به‌ده‌م هاتوچۆوه، دهمهتهقێماندهکرد.
به‌ڕاستی كاك "ره‌سووڵ"، تا بڵێی پياوێكی به‌ڕێز، ڕووخۆش و ميوانپهروهر بوو. دياربوو، خاوه‌نی خێزانێكی زۆر گه‌وره‌ش نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌و چه‌ن ڕۆژه‌ی له ئه‌وێ بووم، له "حه‌سه‌ن"ی كۆڕه چكۆله‌كه‌ی پتر، كه‌سی ديكهم نه‌بينی!
حەسەنی جوانەمەرگ
"حه‌سه‌نه چکۆل"، ته‌مه‌نی هه‌ر "6-7" ساڵان ده‌بوو. هه‌ر ئێواره‌مان لێده‌هات و نانماندهخوارد، هه‌موو له ديوهخانهكه داده‌نيشتين و گوێمان له ده‌نگی وێزگه‌ی شۆڕش ده‌گرت. "حه‌سه‌ن"یش ده‌هات، سڵاويدهكرد و له ته‌نيشت منه‌وه داده‌نيشت.
"حه‌سه‌ن"، مناڵێكی زۆر ژيكهڵه، ئێسكسووك و ڕووخۆش بوو. به ئه‌و مناڵييهی خۆی، زۆر شتی ده‌زانی، چونکه دوا مناڵی پچوکی باوکی بوو، له‌گه‌ڵ خوشکه‌کانیدا گه‌ورە بووبوو، زۆر شت فێربووبوو. هه‌ميشه دهتروقايهوه و دهمبهپێكهنين بوو. له زۆر شت‌دا ههڵيدهدايه و باوكيشی لێی تووڕه‌ده‌بوو، هاواری لێ ده‌كرد و ده‌یگوت: كوڕه "حه‌سه‌ن" بێده‌نگبه و هه‌سته بڕۆ. منيش ناوبژیمدهکرد و نه‌مده‌هێشت، باوكی لێی تووڕه‌بێ و دهريكا، زياتر دهمهێنايه لای خۆمه‌وه، دهمدواند و پرسيارم لێ ده‌كرد. ئه‌ویش ته‌ماشای باوکی ده‌کرد و پێده‌که‌نی، وه‌ک ئه‌وه‌ی بیه‌وێ، پێی بڵێ: بۆ وازم لێ ناهێنی، ئه‌وه‌ته منیش وه‌ک پیاو دانیشتووم، قسه‌ده‌که‌م و پیاوه‌کانیش، گوێم لێ ده‌گرن!
هه‌ر له يه‌كه‌مين ڕۆژه‌وه، "حه‌سه‌ن" سه‌رنجی ڕاكێشام و هۆگری يهكدی بووين، وه‌ک دوو هاوڕێی خۆشه‌ویستمان لێهاتبوو. هه‌ر ئيشێكم ههبووايه، ڕووم نه‌ده‌هات، به باوكی بڵێم، يهكسهر به گوێچكه چكۆلهكانی "حه‌سه‌ن"دا ده‌مچرپاند، ئه‌ويش خێرا هه‌ڵده‌سا، وه‌ك تيسكهی تفه‌نگ بۆی ده‌رده‌چوو، هه‌ر زوو دەهاتەوە و بۆی جێبهجێدهكردم.
شه‌وێکیان هه‌موومان پێکه‌وه دانيشتبووين، نازانم، چی ڕوویدابوو، "حه‌سه‌ن" زۆر دڵی خۆش‌بوو. هه‌ر سه‌يری منی ده‌كرد و پێده‌كه‌نی. منيش هێنامه لای خۆمه‌وه، دهسێکم به قژه کورته ڕه‌شه‌که‌یدا هێنا و گوتم: گه‌ر ئه‌م جاره به‌ئاشتی شكايه‌وه و به‌خۆشی گه‌ڕاينه‌وه، ئه‌وا ده‌بێ، له‌گه‌ڵ باوكت بێی بۆ شار و سه‌رم لێ بده‌ی. جا كه هاتی، به‌ڵێنت ده‌ده‌مێ، تێر دەتگێڕم و به دڵی خۆشت، يه‌ك ده‌ست جلی كورديی جوانت بۆ دەكه‌م. ئه‌ويش سه‌يرێكی باوكی كرد و هێنده‌ی ديكه پێکه‌نی، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێ، ئاگات لێ هه‌یه، منيان چه‌ن خۆشده‌وێ!
کارەساتە جەرگبڕەکە
به‌يانی ڕۆژی "17. 3" بوو، من و "شێخ ناسر"، له سه‌ربان وهستابووين، ته‌ماشای ئه‌و سرووشته جوانه‌ی به‌هاری ده‌وروبه‌ری گونده‌كه‌مان ده‌كرد. ئه‌و ڕۆژه، خۆره‌تاوێكی زۆر گه‌رمی خۆش‌بوو. وه‌ك ده‌ڵێن: سه‌ری كه‌چه‌ڵی ده‌سووتاند! له هه‌موو لايه‌كه‌وه، زه‌وی ئێقيدابووهوه و به‌ده‌م ئاخی داخی سه‌رماوسۆڵه‌ی زستانه‌وه، هه‌ڵم له قووڵایی ناخييهوه به‌رزده‌بووه‌وه، ديمه‌نێكی هێنده جوانی هه‌بوو، چاو و دڵ لێی تێر نه‌ده‌بوو!
له دووره‌وه بينيم، تراكتۆرێ به‌ره‌و گونده‌كه هات و عهرهبانهيهكی درێژيشی، به دوای خۆي‌دا ڕاده‌كێشا. ورده‌ورده نزيكبووهوه و ويستی، به پشتدا بگه‌ڕێته‌وه و له‌به‌رده‌می دەرگەی ماڵی كاك "ره‌سووڵ"دا بوه‌ستێ. تراكتۆره‌كه هه‌ر دههاتهدواوه، تا ئه‌و شتانه‌ی هێنابووی، به‌ئاسانی دایگرن. ئێمه‌ش ئاگامان لێ نه‌بوو، له‌پڕ عه‌ره‌بانه‌كه‌ی به ديواری خانووه‌كه‌وه جووتكرد و زريكهی ده‌نگێكی ناسكی مناڵێکی بێ‌تاوان به‌رزبووه‌وه. كه‌س ئاگای لێ نه‌بوو، "حه‌سه‌ن"ی خێرنهديوی نه‌گبه‌ت، له كوێوه خۆی گه‌ياندبووه تراكتۆره‌كه و خۆی به پشتهكهيدا هه‌ڵواسيبوو، له‌نێوان دیواره‌که‌ی ماڵی خۆیان و پشتی تراکتۆره‌که‌دا هه‌ڵواسرابوو. هاوارمان له شۆڤێرهكه كرد، ئەویش كه‌مێ چووه‌پێشه‌وه و "حه‌سه‌ن" به‌ربووه‌وه. به‌ڵام كاتێكمان زانی، جه‌سته‌یه‌کی ساردوسڕی چکۆله، له‌سه‌ر زهوييهكه كه‌وتووه و به‌جێماوه. به‌په‌له ڕامانكرد و منيش يه‌ك دوو جار ڕاموه‌شاند، ئاوم به دهموچاويدا كرد و هاوارمان لێ كرد. به‌ڵام به داخێكی گه‌وره و گرانه‌وه، تازه بێكهڵكبوو، ده‌نگ له به‌رده‌وه هات، ده‌نگ له "حه‌سه‌نە چکۆل"ەوه نه‌هات! هه‌ردوو چاوی سپيبووبوو، دهسهچکۆلهکانی و لاقهکورتهكانی شلوشێواو بووبوون، هێزيان له‌به‌ربڕابوو. هەر زوو سووڕی خوێن له‌نێو دهمارهكانيدا وه‌ستابوو، مه‌لی گيانی خاوێن و شيرينیشی، ژووره چکۆله ته‌نیاکه‌ی گرتووخانه‌ی، جه‌سته نهرمونۆڵهكهی به‌جێهێشتبوو، بۆ باره‌گه‌ی ئاسمان ههڵفڕيبوو!
تازه "حه‌سه‌ن" ڕۆی، به‌هاره‌ی ژيانی له‌ده‌سچوو، فريانهكهوت، به چاوی خۆی، ئاييندهی گه‌له‌كه‌ی ببينێ، سه‌رێ له "سوله‌يمانی" بدا، له‌گه‌ڵ مامه "حوسێن"ی‌دا، که‌مێ بگه‌ڕێ و ده‌سته‌جله جوانه کوردییهكهی، خه‌ونی پێوهدهبينی، بۆی بکرێ، لهبهريكا و خۆی پێوهبادا!
ئه‌ی هاوار! ئه‌م ژيانه چه‌ن هيچوپووچه؟! ئاخر كه‌ی "حه‌سه‌ن" كاتی ئه‌وه‌ی هاتبوو، به ئه‌و شێوه تراژيديايه، چاولێكنێ و ماڵاوایی له ژیان بکا؟! بۆچی ئه‌و خونچه پشكووتووه چاوگه‌شه، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌شێته‌وه، به‌خۆڕايی هه‌ڵوه‌ری؟! نازانم، بڵێم چی؟! ئایا له‌گه‌ڵ دێوه‌زمه‌ی مه‌رگدا، هیچ ده‌کرێ؟!
ئيدی ئه‌و ڕۆژه، كه‌سمان ئاگامان له خۆمان نه‌ما. من به‌ته‌واوی كاسبووبووم. گه‌ر بڵێم: له دايك و باوك و خوشكه‌كانی، پتر خه‌فه‌تم بۆ خواردووه، زيادهڕۆيم نه‌كردووه. چونكه هه‌ر خۆم ده‌زانم، ئه‌و چۆله‌كه ئێسكسووكهم چه‌ن خۆشده‌ويست، كۆچه ناوادهكهی، چ جۆره داخێكی گرانی، به دڵ و ده‌روونمدا كرد. چ خه‌مێكی گه‌وره‌ی به دیاری، بۆ به‌جێهێشتم. ئاخر ڕوخساری شيرينی "حه‌سه‌نە چکۆل"، له گلێنه‌ی چاوه‌كانمدا ڕوابوو، هه‌رچيم ده‌كرد، جیانه‌ده‌بووه‌وه. موزيكی ده‌نگی به‌سۆزی ئاوازی پێكه‌نينه نه‌رمه‌كه‌ی، له گوێم‌دا دهزرينگایهوه. قسهقووته خۆشهكانيم بيردهكهوتهوه و خهويان له چاوانم تۆراندبوو، تا له ئه‌و گونده‌ش بووم، شه‌وانه تا دره‌نگانێ، خه‌و له چاوانم نه‌ده‌كه‌وت و له خۆم ده‌پرسی: ئاخر گه‌ر نه‌گبه‌تی من نه‌بێ، ئه‌و مناڵه ژيكهڵه ژيره ڕووخۆشه ئێسکسووکه گيانشيرينه، بۆ هێنده هۆگری من بووبوو؟!!
ئيدی خۆشی له ئه‌و ماڵه‌دا باريكرد، چرای ژیان کوژایه‌وه، پێكه‌نين بوو به گريان، شايی بوو به شين، كه‌سوكاره‌كه‌ی سه‌ريان له قوڕنا، گريان و شيوه‌ن، له‌خۆدان و باوكه‌ڕۆ دهسيپێكرد و گوێی ئاسمانی که‌ڕده‌کرد. هه‌ر زوو لهنێوئاوايی و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری، هه‌واڵه‌كه بڵاوبووه‌وه و خه‌ڵکێكی زۆریان لێ كۆبووه‌وه. پاشان جه‌سته شلوشێواوهکهیان شت، له پارچه خامێکیانهوه ئاڵاند، ته‌رمه چکۆلانه‌که‌ی "حه‌سه‌ن"ی جوانهمهرگیشیان هه‌ڵگرت.
باوكی دڵی بڕوایی نه‌ده‌هات، دواماڵاوایی له جگه‌رگۆشه خۆشه‌ویسته‌که‌ی بكا و تاوێ له خۆی دوورخاته‌وه. بۆيه هه‌ر خۆشی ته‌رمه‌كه‌ی هه‌ڵگرتبوو، زۆر به په‌رۆشه‌وه، توندتوند به سنگ و دڵه شکاوه‌که‌یه‌وه نووساندبوو. به‌ده‌م ڕێوه و به‌ره‌و گۆڕستان ده‌ڕۆیشتین، که‌س گوێی له ده‌نگی هاوار و ناڕه‌زایی، ئه‌و پیاوه ورەقایمه نه‌بوو. به‌ڵام له ناخدا قوڵپیدهدا و به‌کۆڵ بۆی ده‌گریا، گریانێکی به‌خوڕی بێده‌نگبوو، چونکه کانیاوی به‌هاری گریانه‌که‌ی، له قووڵایی دڵ و ده‌روونه پڕکەیلهکهیهوه هه‌ڵده‌قووڵا. بۆیه ته‌نيا بۆ ساتێكيش، دڵۆپی مرواری فرمێسكه‌کانی، هه‌ردوو چاوه کزهكانی به‌جێ نه‌ده‌هێشت و وه‌ک دووجۆگهی باریکی سه‌ر ڕووی، به‌سه‌رده‌م و لیوهکانیدا بهرهوخواردهبوونهوه. به‌ڵام ده‌نگی لێوه نه‌ده‌هات، وه‌ك كێوێكی سه‌خت و گه‌وره، بێده‌نگ له شوێنی خۆی چهقيبوو، ڕه‌شه‌بای به‌ڵا و نه‌گبه‌تیش نهيدهجووڵان!
ئێمه‌ش بهئەسپايی و بێده‌نگ، له دوايه‌وه دهڕۆیشتين، هه‌ر يه‌كێ بيری له مه‌رگی ناكاوی "حهسهنەچکۆل"ی داماو و خۆی ده‌كرده‌وه. له گۆڕستانی گونده‌كه، ته‌رمه چکۆله نازداره‌كه‌ی "حه‌سه‌ن"مان، به چاڵێكی چكۆلانه سپارد. مهلايهكيش به عه‌ره‌بی دهسيپێكرد و هێندێ ئامۆژگاری ئێمه‌ی كرد! ئيدی به ئه‌و شێوه‌يه، "حه‌سه‌ن"مان له به‌رده‌م سۆزی يهزدانی مه‌زندا به‌جێهێشت و گه‌ڕاينه‌وه، وه‌ک هه‌ر نهشبووبێ وابوو، بەڵام یادگارەکانی لەگەڵماندا دەژیان!
ئه‌و دوو ڕۆژه، هه‌رچی ترووسكايی هه‌یه، له‌نێو ئه‌و ماڵ و گونده‌دا نه‌ما. پرسه‌يان له ماڵه‌وه بۆ دانا و خه‌ڵكێكی زۆر، له هه‌موو لايه‌كه‌وه ڕوویانتێكردن. نيوه‌ڕۆ و ئێواره، خواردنيان ئاماده‌ده‌كرد و به‌شێوه‌يه‌كی ڕێك‌وپێك، ميوانی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ريان به‌ڕێده‌كرد. منیش سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو نيگهرانيی و دڵهڕاوكهيهی خۆم هه‌مبوو، داخی گرانی "حهسهنەچکۆل"يش زياديكرد و له دڵم ده‌رنه‌ده‌چوو. به‌ڵام ده‌سه‌ڵات چييه؟! گه‌ر بيرچوونهوه نهبووايه، بڕواناكه‌م، كه‌س له دوای مه‌رگی خۆشهويستێكی بیتوانایه، بژی!
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كه‌م پياوی مه‌ردی وه‌ك كاك "ره‌سووڵ"م ديوه، هێنده دڵی به‌هێز و قايم بێ. ئاخر جه‌رگی ئه‌و سوتابوو، كه‌چی هێشتا ئه‌و دڵنه‌وایی ئێمه‌ی ده‌کرد و شەوانە ده‌یگوت: ئه‌وه بۆ ڕاديۆكه ناكه‌نه‌وه، تا بزانين، دهنگوباسی دونيا به‌چی گهيشتووة؟!
ئه‌وڕۆ "50" ساڵی ڕێک، به‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته جه‌رگبڕه‌دا تێپه‌ڕده‌بێ، هێشتا هه‌ر شێوه‌ی شيرين، بريسكهی چاو، بزه‌ی سه‌رلێو، تريقوهوڕی پێكه‌نين و قسهقووتهكانی "حهسهنەچکۆل"م لهياده، هێشتا هه‌ر ده‌نگی زريكهی ئه‌و مه‌رگه‌ساته، له گوێم‌دا ده‌زرینگێته‌وه و بيرم نه‌چووه‌ته‌وه!
له ڕاستيدا، دوای مه‌رگی "حهسهنەچکۆل"، تارمايی خه‌م و په‌ژاره، باڵی ڕه‌شی به‌سه‌ر ئه‌و خێزانه هه‌ژاره‌دا كێشابوو. ئيدی منيش نه‌مده‌زانی، چی بكه‌م و ڕوو له كوێ بكه‌م؟! هه‌ر ڕۆژم ده‌بژارد، چاوه‌ڕێی ڕه‌وشه نه‌ته‌وه‌يی و ڕاميارييهكهم ده‌كرد، تا كه‌مێ ڕوونبێته‌وه و بڕيارێكی بنه‌بڕیی بده‌م. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆژی "25، 3" ماڵاواییم لە کاک "رەسووڵ" و هاوڕێکانم کرد، بەرەو گوندی "دۆڵبێشک" ملی ڕێگم گرت و چەن شەوێکیش، لە ماڵی نەنکم مامەوە، پاشان بەرەو "قەڵادزێ" بەڕێکەوتم.
تێبینی: کورتەیەکی ئەم بەسەرهاتەم، ڕۆژی "20. 3. 1974"، لە دەفتەری بیرەوەرییەکانمدا، لە گوندی "هۆمەراخ" تۆمارکردبوو. بەڵام چەن جارێ پێیدا چوومەتەوە، تا یەکەمین جار ساڵی "2018"، لە دووەمین بەرگی بیرەوەرەییەکانم "گەلاوەریوەکانی درەختی تەمەنم ل95-99" بڵاومکردەوە. ئێستەش بەبۆنەی تێپەڕبوونی "50" ساڵ، بەسەر مەرگی ئەو هاوڕێ چکۆلانەیەمدا، بۆ یەکەمین جار، لە هۆکانی ڕاگەیاندندا بڵاویدەکەمەوە.