International Mother Language Day
زمانی کوردی، لەبەر ڕۆشنایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، بەرەو کوێ دەڕوا؟!
ڕەوشی نەتەوەی کورد لە کوردستاندا
ئاشکرایە، ڕووبەری خاکی "کوردستان"، لە "500" هەزار کم2 زیاترە. ژمارەی کوردیش لە جیهاندا، ئەوڕۆ نزیکەی "50" میلیۆن دەبێ. بەڵام لە ئەو ڕۆژ و ساڵەوە، نیشتمانەکەمان لەنێوان نەتەوەکانی توورک و فارس و عەرەبدا دابەشکراوە، وەک نەتەوەیەکی بندست و چەوساوە، خاوەن ماف و ڕەوا، کورد هیچ جۆرە مافێکی مرۆیی، نەتەوەیی و سەربەخۆییەکی نییە، بەڵکوو بە خراپترین شێوەش چەوسێنراوەتەوە و ئێستەش هەر دەچەوسێنرێتەوە. داگیرکەران دان بە بوون و مافە ڕەواکانیدا نانێن. دەزگە نێودەوڵەتییەکانی وەک کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، هیج کاتێ بە ڕاشکاوی، دانیان بە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورددا نەناوە، پشگیری دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی "کوردستان"یان نەکردووە، بەڵکوو پتر هەڵسوکەوت و مامەڵەیان، لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی نیشتمانەکەمان کردووە.
دەوڵەتە داگیرکەرەکانی "کوردستان"یش، هەر لە کۆنەوە تا ئەوڕۆ، ئەو هەل و ڕەوشەیان قۆستووەتەوە، بەخراپترین شێوە هەوڵیانداوە و هەوڵیشدەدەن، خاکەکەکەمان تورکنشین و فارسنشین و عەرەبنشین کەن، کورد تۆوبڕکەن، بەتایبەتی لە هەردوو بەشەکەی بندەسی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری "توورکیا" و "سووریا"دا، هەرگیز دریغیان لە ئەو کارە نامرۆیانە و چەپەڵانە نەکردووە. بۆ نموونە: توورکە مەگۆلە داگیرکەرەکان، زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێن: زمانێ نییە، ناوی زمانی کوردی بێ، خاکێ نییە، ناوی خاکی "کوردستان" بێ! بۆ نموونە: "ئۆردووگان"ی ڕەفتار فاشی، لە وتارێکیدا، زۆر بە ڕاشکاوی گوتی: (کوردستان لە کوێیە؟!) واتە شتێ نییە، ناوی "کوردستان" بێ و خاکی کورد بێ.
لەبەرئەوە هیچ کوردێ بۆی نییە، خۆی بە کورد بزانێ، بە زمانە نەتەوەییە خواکردە سرووشتییەکەی خۆی بدوێ، مەگەر کوردێ خۆی بە کورد نەزانێ، ئینجا ڕێزی بگرن و پێشیخەن، ئەگینا گەر گەورەترین ڕووناکبیر، هۆنەر، نووسەر و زاناش بێ، هیچ بایەخێکی پێ نادەن. ئەمە ئەو توورکانەن، بە مەرجێ لە دەزگەی "کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یۆنسکۆ"، چەن بلۆکێکی دیکەی وەک "ناتۆ"شدا ئەندامن، خۆشیان بە نوێنەری گەلی توورکیا دەزانن! بۆیە ڕژێمە دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواکانی "کوردستان"، نەتەوەی کورد لەسەر خاک و نیشتمانی خۆی، بە خراپترین شیوە دەچەوسێننەوە، ڕۆڵەکانی لەناودەبەن، نکولی لە بوونمان دەکەن و دەیانەوێ، لە بۆتەی نەتەوەکانی خۆیاندا بمانتوێننەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەوشی کورد لە باشوور و خۆراوای "کوردستان"، کەمێ لە ئەو بارە نالەبارە تاڵە جیاوازە و گۆڕاوە، چونکە ڕۆڵەکانی کورد، بەهۆی خەباتی ڕامیاریی و شۆرشی سەربازی شۆڕشگێڕانەی خۆیان توانیویانە، هێندێ لە مافە ڕەواکانی خۆیان بەدەسبێنن.
دیالێکت و خواردیالێکتەکانی زمانی کوردی
هەر لە کۆنەوە زمانی کوردی، بەهۆی هێندێ هۆی جوگرافی، مێژوویی، ڕامیاریی و نەتەوەییەوە، بەسەر چەندین دیالێکت و خواردیالێکتێکدا دابەشبووە. لەبەرئەوە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، بە چەن دیالێکت و خواردیالێکتێکی جیاواز دەدوێن. بەڵام زمانی نووسین یا وێژەیی، نزیکەی تەنیا هەر لە چوارچێوەی خوێندندا پێڕەودەکرێ. تەنانەت هۆکانی ڕاگەیاندنەکانیش، لە هەر بەش و نێوچەیەک، هەر هەمان دیالێکت و خواردیالێکتێکەکانی خۆیان بەکاردێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاشکرایە، تەنیا هەر زمانێکی یەکگرتووی وێژەیی نەتەوەیی دەتوانێ، هەموو پێکهاتەکانی نەتەوەی کورد کۆکاتەوە و یەکیانخا. چونکە زمان تەنیا هۆیەکە دەتوانێ، میرات و خووڕەوشت و کەلتووری، گەلانی سەر ڕووی زەوی بپارێزێ، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە بیگوێزێتەوە. هەروەها زمانی یەکگرتوو، هۆیەکی زۆر گرنگە، گەلانی سەر ڕووی زەوی، بە ئەو هۆیەوە دەتوانن، ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن، گەر هەر بە پەرشوبڵاویی و یەکنەگرتوویش بمێننەوە، ئەوا ئەو گەلانە، یەکێ لە گرنگترین ڕەگەزی کەسایەتی نەتەوەیی خۆیان لەدەسدەدەن و وندەکەن.
بایەخی زانین و فێربوونی زمانی دایک بۆ مرۆڤ چییە؟
هەرچەندە مرۆڤ، چەندین زمانی جیاواز بزانێ، گومانی تێدا نییە، توانا و شارەزایی لە هەموو بوارەکاندا زیادەکا. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، ئەو زمانانە جێی زمانی دایک بگرنەوە. لەبەرئەوە دەبێ، ئەوە بزانین، زمانی دایک یەکێ لە پێکهاتە گرنگە شارستانییە تایبەتییەکانی کۆمەڵی مرۆڤایەتییە. هەروەها پێناسەی مرۆڤە، هەر ئەوەش دەتوانی، ئاستێکی بەرزی ڕووناکبیریی و کۆمەڵایەتی، بە مرۆڤ ببەخشێ، وەک نەتەوەیەکیش، پلەوپایە، ڕێز و شوێنی خۆی، لەنێو گەلانی جیهاندا دیاریبکا.
زمانی کوردیی و ڕۆژی جێژنی جیهانیی زمانی دایک
بە داخێکی زۆر و گەورە و گرانەوە، هێشتا لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی "کوردستان"دا، بایەخێکی زۆر بە زمانی کوردی نەدراوە. ئەم یادەش تەنیا هەر لەنێو کۆمەڵێ نووسەر و ڕووناکبیردا نەبێ، لەنێو زۆربەی ڕیزەکانی نەتەوەی کورددا، وەک پێویست، بە تەواوی بڵاونەبووەتەوە، کاری پێ نەکراوە و ڕێزی لێ ناگیرێ.
جگە لەئەوەی زمانەکەمان، ڕۆژبەڕۆژ خراپتردەبێ، بەرەودواوە دەگەڕێتەوە و پێش ناکەوێ. وشەیەکی زۆری زمانە بیانییەکانی عەرەبی، فارسی، توورکی تێکەڵاوبووە. هەروەها لە پڕۆسەی قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی بە تایبەتی، بایەخیکی زۆر بە زمانی دایک نادرێ، بەپێچەوانەوە وەک دەڵێن: مۆدەیەتی، بنەماڵە و خیزانە دارا و دەسرۆشتووەکان، پێیان نەنگییە، مناڵەکەنیان لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی میریدا بخوێنن، بەڵکوو لە قوتابخانە تایبەتەکان، بە زمانەکانی عەرەبی، توورکی، فارسی، ئینگلیزی و فڕەنسی دەخوێنن، لەبەرئەوە چ لە قسەکردن و چ لە نووسیندا، کوردییەکی باش نازانن.
بۆچی زمانی دایک، بۆ مناڵان گرنگە؟!
گرنگترین شت ئەوەیە، مناڵان زمانی دایک بە باشی فێربن، چونکە زمانی دایک، بە بنچینەی بیرکردنەوە، هەست و هۆشی مناڵان دادەنرێ. هەروەها بۆ فێربوونی زمانە جیاواز و کارەکانی دیکەش، زۆر گرنگە و کەڵکی لێ وەردەگرن.
لێرەدا پرسیارێ خۆی دەسەپێنێ: ئایا بۆچی مناڵەکانمان دەبێ، فێری زمانی دایک بن؟! لە وەڵامدا دەڵێم: هێندێ هۆی گرنگ هەیە، دایک و باوکەکان دەبێ، بایەخی پێ بدەن.
یەکەم: گەر مناڵەکان بەباشی فێری زمانی دایک بن، ئەوا بیریان زووتر و باشتر گەشەدەکا. هەروەها تواناکانیان بۆ فێربوونی زمانەکە بەکاردێنن، تا ڕاڤە لە دید و بۆچوونە تایبەتەکانی خۆیان بکەن، خێراتر و پتر، شارەزای زاراوەکانی زمانەکەش دەبن.
دووەم: کەسایەتی مناڵەکان باشتردەکا. هەروەها لە قوتابخانەش، بە باشی تێدەگەن و سەرکەتووتردەبن.
بەڵام گەر مناڵان خاوەن بەهرەبن، بە باشی فیری زمانی دایک بن، توانا و ڕەوشێکی تایبەتی گونجاویان بۆ دابینکرێ، ئەوا لە یەک کاتدا دەتوانن، بەشێوەیەکی باش، دوو زمانی جیاواز یا پتر فێربن. کەواتە ئەو زمانە چییە، کە دایک و باوکەکان پێویستە، لەگەڵ مناڵەکانیان قسەی پێ بکەن؟
پێش هەموشتێ دەبێ، دایک و باوکەکان هەمیشە، بە زمانی دایک قسە لەگەڵ مناڵەکانیان بکەن. بەڵام لە کاتێکدا، یەکێ لە دایک و باوکەکان، زمانێکی جیاوازیان هەبوو، پێش هەموو شتێ زۆر گرنگە، زمانی دایک هەڵبژێرن و فیری ئەو زمانەیان بکەن. لێرەدا ڕۆڵی دایک و باوکەکان دەردەکەوێ، گەر بیانەوێ، گەشە بەزمانی مناڵەکانیان بدەن. چۆن؟! هەمیشە پێویستە، مناڵەکانیان بە زمانی دایک بدوێنن. هەروەها زۆر پێویستە، مناڵەکان لە قوتابخانەکان بە زمانی دایک بخوێنن، نەک بە زمانێکی بیانی بخوێنن. چونکە پشگیری فێربوونی زمانی دایک، بە ئەوە دەبێ، دایک و باوکەکان لە ماڵەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام، بە زمانی دایک مناڵەکانیان بدوێنن و هەر بە زمانی دایکیش بخوێنن.
کورتەی مەبەست
هەموو ساڵێ ڕێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە، ئاهەنگی تایبەتی دەگێڕن و یادی ئەو ڕۆژە دەکەنەوە، تا سەبارەت بە زمانی دایک، هوشیاری گەلان پتر پەرەبستێنێ. چونکە زمانی دایک ئەو زمانەیە، کە بۆ یەکەمین جار، مرۆڤ گڕوگاڵدەکا و قسەی پێ دەکا، لە ژیانی خۆشیدا، بەزۆری بەکاریدێنێ. لەبەرئەوە ساڵی '2022"، لە یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، بیریان لە ئەوە کردەوە، هەلبڕەخسێنن، تێکنۆلۆژیا لە فێربوونی چەندین زمانی جیاوازدا بەکاربێنن.
بۆیە زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم: گەر زمانی کوردی، بە ئەو شێوە سست و دواکەوتووییە بمێنێتەوە، وەک زمانە جیاوازەکانی گەلانی جیهان، ڕوو لە ڕووگەی گەشەکردن، پێشکەوتنی زانست و تێکنۆلۆژیا نەکا، ئەوا زمانەکەمان ڕۆژبەڕۆژ خراپتردەبێ و ناتوانێ، شانبەشانی پێشکەوتنی زمانەکانی دیکەی گەلانی جیهان بڕوا.
سەرچاوەکان:
1. د. حوسێن موحەممەد عەزیز، هێندێ بابەتی زمانەوانی و وێژەیی، 2019.
2. في اليوم العالمي للغة الام: ما مستقبل اللغة العربية؟ صفحات الانترنيت، 20. 2. 2014.
3. لغة الشعوب هويتها في اليوم العالمي للغة الأم، فيسبوك تويتر، 1. 3 . 2017.