زمانی کوردی، لەبەر ڕۆشنایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، بەرەو کوێ دەڕوا؟!
بەشی یەکەم
پێشەکی
ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی و زانستی "یۆنسکۆ"ی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی چارەکە سەدەیەک دەبێ، ڕۆژی "21. 2" یادی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دەکاتەوە. ئامانجەکەشیان ئەوەیە: لە سەردەمێکدا، دەرکەوتەی جیهانگیری لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، جیاوازیی و جۆری زمانەکانی جیهان دەرخەن. لەگەڵ ئەوەشدا، دیاردەی جیهانگریی و هۆکانی ئەلیکترۆنی بڵاوبوونەتەوە، کەچی هێشتا هێندێ گەل هەن، تووشی بەڕەنگاربوونەوەیەکی گەورە بوون و هەوڵدەدەن، ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن، لە هەمووشیان گرنگتر و دیارتر زمانەکەیانە. لەبەرئەوە ڕۆژی "16. 5. 2007"، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارێکی لەنێو دەوڵەتە ئەندامەکاندا بڵاوکردەوە و هانیدان، هەموو ئەو زمانانەی گەلانی جیهان بەکاریدێنن، بیپارێزن.
پاشان کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی "2008" بڕیارەکەی بڵاوکردەوە، بە ئەو پێیەی ساڵێکی نویی نێونەتەوەیی زمانە، تا گەلان لە چوارچێوەی جۆرەکانی زمان، ژمارەی زمانەکان و ڕۆشنبیری گشتی گەلاندا هاوکاریبکەن. ئیدی وای لێهات، هەموو ساڵێ لە ئەو ڕۆژە و مانگی "2"دا، بەبۆنەی پتەوکردن و بەهێزکردنی زمان و ڕۆشنبیرییە جیاوازەکانەوە، ئاهەنگ سازدەکەن.
ڕێکخراوی "یۆنسکۆ" پێی وایە، زمانەکان وەک کەرەسەیەکی بەهێز وان، کەلەپوور، ڕۆشنبیری گەلان، سامانە دیار و نادیارەکان، لە لەنێوچوون دەپارێزن و پێشدەخەن. ئەم پڕۆسەیەش وەک جیاوازی زمان و ڕۆشنبیری، تەنیا هەر یارمەتی زمانی دایک نادا، بەڵکوو لە هەموو جیهاندا، هانی گۆڕانکاریی و پێشکەوتنی هوشیاری تەواوی دابونەریتەکانی زمان و ڕۆشنبیری گەلان دەدا. هەروەها یەکێتیی و پشگیریکردن بەدیدەهێنێ، ئەویش لەبەر ڕۆشنایی لەیەکدی گەیشتن، لێبووردن و وتووێژ دەبێ. لەبەرئەوەی زمان ئامراز و هۆیەکە، مێژوو و میرات و خووڕەوشتەکانی گەلانی جیهان دەگوێزێتەوە. لە ئەو ڕێیەشەوە، ناسنامە و بوونیان وەک گەلێ، بە گەلانی سەرزەوی دەناسێنێ.
کورتەیەکی مێژوویی، ئەم ڕۆژە "21. 2" چۆن لەدایکبوو؟
ناونانی ئەم ڕۆژە ناوازەیە، پێوەندی بە ئەو ڕۆژەوە هەیە، کە هەموو ساڵێ یادی زمانی دایک دەکەنەوە و ئاهەنگدەگێڕن. کاتێ خوێندکارانی بەنگەلادیش، خۆپیشاندانێکیان سازکرد و داوایاندەکرد، زمانەکەیان وەک زمانێکی جیاوازی فەرمیی و سەربەخۆی هەرێمی "پاکستان" لە "بەنگەلادیش"، بە هەردوو بەشەکەی خۆراوا و خۆرهەڵاتەوە بناسن و دان بە زمانی دایکیاندا بنێن.
ئەو ڕووداوانەش، بۆ ساڵی "1948" دەگەڕێتەوە. کاتێ سەرۆکی کۆماری پاکستان "موحەممەد عەلی جەناح" رایگەیاند و زمانی 'ئوردۆ"ی، وەک تاکە زمان لە ئەو وڵاتەدا، بەسەر هەموو ڕۆڵەکانی گەلدا سەپاند. لە ئەنجامی ئەو بڕیار و کارەشدا، هەژارەکانی بەنگەلادیش لە پاکستان و ڕۆژهەڵات (کۆماری بەنگەلادیشی ئێستە)، پێش ئەوەی لە "پاکستان" جیابێتەوە، ڕۆژی "21، 2، 1952" لە شاری 'دەکا"ی پایتەخت، ڕاپەڕینێکیان بەرپاکرد، پاشان بە "ڕاپەڕینی زمانەوانی بەنگالی" ناسرا. بەڵام پۆلیسی شارەکە، دەسڕێژیان لە بەشدارانی خۆپیشاندەرەکە کرد و بڵاوەیان پێ کردن. لە ئەنجامیشدا چەن کەسێ، لە خوێندکارە بەنگالییەکان برینداربوون و کوژران. ئیدی دوای ئەوە، ناڕەزاییەکان فراوانتربوون، دەسەڵاتی ناوەندیش ناچاربوو، دان بە زمانی بەنگالیدا بنێ، بە زمانێکی فەرمی بناسێنێ و لەگەل زمانی ئۆردۆی پاکستانی، وەک یەک هەڵسوکەتیان لەگەڵدا بکا.
پاشان لێپرسراوانی دەوڵەتی "بەنگەلادیش" پێشنیازیانکرد، ئەو ڕۆژە بە نەمری بمێنێتەوە. لەبەرئەوە ڕێکخراوی "یۆنسکۆ" ڕۆژی "17. 11. 1999"، لە کۆنگرەیەکی گشتیدا، بە ناونیشانی "ڕۆژی جیهانی زمانی دایک"، پێشنیازەکەی پەسەندکرد.
هەروەها ڕۆژی "16. 5. 2007"، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارێکی بۆ دەوڵەتە ئەندامەکانی خۆی بڵاوکردەوە و هانیدان، هەموو ئەو زمانانەی گەلانی جیهان بەکاریاندێنن، لە لاوازبوون و لەنێوچوون بیانپارێزن. پاشتریش کۆمەلەی گشتی ساڵی "2008" بڕیاریدا، ئەو ساڵە ساڵی نێودەوڵەتی زمانەکان بێ، تا یەکێتی بەرقەرابێ، لە چوارچێوەی دید و بۆچوونە جیاوازەکاندا، یەکێتیی و تێگەیشتنی نێودەوڵەتی، لەگەڵ ژمارەی زمانەکان و ڕۆشنبیرییەکان بگونجێن. لەبەرئەوە ڕێکخراوی "یۆنسکۆ" لە ئەو ڕۆژەدا، لە پاداشتی ئەو کارانەی، لە بواری زمانە جیاواز و خوێندنی جوراوجۆری زمانەکان کردبوویان، خەڵاتی بەسەر زمانەوان، توێژەران و چالاکەوانەکانی بواری کۆمەڵایەتی و شارستانیدا دابەشکرد.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ، ڕیکخراوی "یۆنسکۆ" بەهۆی دیاریکردنی ڕۆژێکی جیهانی، بۆ یادکردنەوەی زمانی دایک، مەبەستی ئەوەیە: تا بایەخی زمان لە سەردەمێکی دیاریکراودا، بۆ گەلانی جیهان دەرخا، کە پێشتر دەرکەوتەی نوێبوونەوە و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان، دەسیان بەسەردا گرتبوو. هەروەها مەرجەکانی ناسنامەی، گەلانی سەر ڕووی زەوی بپارێزن، لە هەمووشیان گرنگتر و دیارتر زمانە. چونکە دەزگەی "یۆنسکۆ"، بە ژمارە دەیسەلمێنێ، پتر لە "50%"ی زمانە نێوخۆییەکان لە جیهاندا، وەک تازەترین سەرژمێری باسیدەکا، نزیکەی "7" هەزار زمانی زیندوو دەبێ، لە ماوەی چەن نەوەیەکی داهاتووشدا، لەبەردەم مەترسی بڵاوبوونەوە دان. بۆیە پڕۆسەی ناساندنی جۆرەکانی زمان و ڕۆشنبیری، بایەخی پەرەپیدان و بەتەنگەوەهاتنی، بەها مرۆڤایەتییەکان دەردەخا، کە پشگیری بنەماکانی دێمۆکراسی، ئاشتی، برایەتی و خۆشەویستی، نێوان گەلان دەرکا.
بەڵام بە داخەوە، ئەم دید و بۆچوون و بڕیارە باش و مرۆدۆستانەیە، تەنیا هەر لە ژوور و هۆڵە گەورەکانی، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا مانەوە، بێ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسانانە جێبەجێکرابن، یا جیاوازی لەنێوان گەلانی ئازاد و بندەسدا نەکەن. چونکە تا ئیستە، گەلێ نەتەوە هەن، دەردی زۆرداریی و چەوسانەوە دەچێژن، نکولی لە مافەکانیان دەکرێ. بۆ نموونە: لە ئەو گەلە ستەملێکراو و لەبیرچووانە، نەتەوەی کوردە، کە ژمارەیان نزیکەی "50" میلیۆن دەبێ، لە هەموو مافە ڕەواکانی مرۆڤایەتی بێبەشکراوە، هیچ دەزگە و دەوڵەتێکیش نییە، داکۆکی لێ بکا و لەسەری هەڵبداتێ!
ژمارەی زمانەکانی گەلانی جیهان
سەرچاوەکان سەبارەت بە ژمارەی زمانەکانی گەلانی جیهان، بەپێی سەردەم و سەرژمێرییەکان، جیاوازییان هەیە. بەڵام تازەترین سەرژمێر، ساڵی "2009" کراوە، بەپێی شوێنی ئەسنۆگراف ئەوەیە: لە جیهاندا پتر لە "6900" زمانی جیاواز هەیە. "230" زمانیان لە کیشوەری ئەورووپا دان. پتر لە "2000" زمانیش، لە کیشوەری ئاسیا دان. بەڵام لە دەوڵەتی "بابوا گینیای نوێ"دا، کە دەوڵەتێکی چکۆلانەیە و لە ئۆقیانووسی "هێمن" هەڵکەوتووە، پتر لە "830" زمانی جیاوازی تێدا هەیە.
بڵاوترین زمانەکانی جیهان
1. زمانی مەندارییەکانی چین: بەشێکە لە خێزانی زمانە چینییەکان. بە شێوەیەکی سەرەکی لە "چین، تایوان و سنگافورە" پێی دەدوێن و پتر لە "995" میلیۆن، کەسی ڕەسەن قسەی پێ دەکەن.
2. زمانی سپانی: پتر لە "450" میلیۆن و زیاتر لە "30" دەوڵەت قسەی پێ دەکەن. لەبەرئەوە لە ڕیزی زمانەکاندا، مەدالیای زێرینی وەرگرتووە.
3. زمانی ئینگلیزی: هەرچەندە ئەم زمانە، لە ڕیزی ئەو زمانانەی، پتر لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بە پلەی سێیەم دێ، بەڵام لە هەمان کاتیشدا زمانێکە، لە زمانەکانی دیکەی جیهان، پتر کاریگەری هەیە و وەک زمانی گرووپەکانی دیکە، بە کاریگەرترین زمان دەژمێررێ. زیاد لە "360" میلیۆن، قسەکەری ڕەسەن پێی دەدوێن.
4. زمانی هیندی: ئەم زمانە بە شێوەیەکی سەرەکی، لە "هیند و نیپاڵ" بەکاردەهێنرێ. پتر لە "310" میلیۆن قسەکەری سەرەکی قسەی پێ دەکەن. لە هەمان کاتیشدا، بە بەشێ لە گرووپی خێزانی زمانە هیندییەکان دەژمێررێ و پتر لە "100" میلیۆن کەسی دیکەش پێی دەدوێن.
5. زمانی عەرەبی: ئەم زمانە، گەلێ دیالێکت و خوار دیالێکتی جیاوازی هەیە، کە زۆربەی قسەکەران لێیان تێ ناگەن. بەڵام تەنیا بەهۆی زمانی نووسینی "وێژەیی" عەرەبی، هەموو ئەوانەی بە عەرەبی دەدوێن، یەکدەگرن و لە یەکدی تێدەگەن. ئەم زمانەش لای موسوڵمانەکان، پلە و پایەیەکی گرنگ و پیرۆزی هەیە، چونکە زمانی قورعان و نوێژکردنە. پتر لە "295" میلیۆنیش، قسەکەری سەرەکی قسەی پێ دەکەن.
ڕۆژی جیهانی زمانی دایک چییە؟
ئەم ڕۆژە ڕۆژێکە، لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، ساڵانە ڕۆڵەکانی گەل، بەبۆنەی زمانی دایکەوە یادیدەکەنەوە، کۆدەبنەوە و ئاهەنگدەگێڕن، بۆئەوەی بایەخی زمانی دایک، بیری ڕۆڵەکانی گەل بخەنەوە، سەبارەت بە جیاوازیی و ڕەنگاوڕەنگی زمانەکان، باری ڕۆشنبیریی، چەندایەتی و جیاوازی زمانەکان، هوشیاری نەتەوەیی و زمانی دایک ببوژێننەوە.
ڕۆژی زمانی جیهانی کەڕ و لاڵەکان
بەگوێرەی سەرژمێری یەکێتی کەڕ و لاڵەکانی جیهان، "70" میلیۆن مرۆڤی کەڕ و لاڵ لە جیهاندا هەیە. لە "80%"ی لە وڵاتە هەژار و تازەپێگەیشتووەکاندا دەژین و بە "300" زمانی جییاواز دەپەیڤن.
بۆیە ڕۆژی "23. 9. 1951"، بۆ ئەو کەسانەی ناتوانن، بدوێن یا کەڕن و گوێیان لە قسەکان نییە، زمانی ئاماژەکردن دیاریکراوە. ئەو ڕۆژەش، بە ڕۆژی یەکێتی جیهانی کەڕ و لاڵەکان ناسراوە. گرنگترین ئامانجیشێ ئەوەیە: زمانی ئاماژەکردن بپارێزن و خەڵکەکە لەنێو خۆیاندا، لە یەکدی بگەن و خەڵکی دیکەش تێبگەیەنن. ئەمەش بە یەکێ لە کارە باشەکانی، پاراستنی مرۆڤە کەڕ و لاڵەکان دەژمێررێ. لەبەرئەوە هەموو ساڵێ لە ئەو ڕۆژەدا، بە هەموو جۆر و شێوەکانیانەوە، یادی زمانی دایک دەکەنەوە. ئەم کارەش پتر بایەخی زمانی دایک، بۆ گەلانی جیهان دەردەخا.
ڕەنگی دروشمی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک
دروشمەکە لە دوو ڕەنگی سەرەکی پێکهاتووە: شین و سپی. چونکە ئەو دوو ڕەنگە، لە ڕەنگی دروشمەکانی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی "یۆنسکۆ"وە وەرگیراون.
بایەخی ئەم یادە چییە؟!
لیرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی دەبێ، زمانی دایک بە باشی بزانین و ڕێزی بگرین؟! لە وەڵامدا دەڵێم: فێربوونی زمانی دایک، پێش هەموو شتێ، یارمەتی مناڵە ساواکان دەدا، دەسڕەنگینی خۆیان، لە بەکارهێنانی زمانی دایکدا بنوێنن، بە شێوەیەکی زۆر باش فێربن و لە هەموو بوارەکانی نووسینیشدا بەکاریبێنن، بۆئەوەی ڕاڤە لە پێویستی، بەرژەوەندیی و کەسایەتی خۆیان بکەن. هەروەها فێربوونی زمانی دایک لە قوتابخانەکاندا، ئاستی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی مناڵان باشتردەکا.
ئەم رۆژە بۆ دانراوە؟!
ئەم رۆژە بۆیە دانراوە، تا ڕۆڵەکانی ئەو گەلانە، لە هەموو دەوڵەتەکانی جیهاندا، بەبۆنەی جێژنی جیهانیی زمانی دایکەوە کۆببنەوە، ئاهەنگبگێڕن، هەست و باوەڕی خۆیان، سەبارەت بە یەکدی و پێوەندی نێوان زمانەکانەوە دەربڕن. گەلە جیاوازەکانیش لە هەموو جیهاندا، بەڕێز لە زمانە جیاوازەکانی زمانی دایک بگرن و بیپارێزن. بە ئەو پێیەی زمان، پاشماوەیەکی هاوبەشی مرۆڤایەتییە. بۆیە دەبێ هەوڵبدرێ، خوێندنێکی ڕێکوپێک و باش بە زمانی دایک، بۆ هەمووان دابینکرێ. جگە لە ئەوەی، ئامانجی سەرەکی ئەم یاد و ئاهەنگێرانەش ئەوەیە: بیروباوەڕی ئاشتی لەنێوان گەلاندا بەهیزکرێ، زمانە جیاوازەکان لە هەموو وڵاتانی جیهاندا ببوژێنرێتەوە، مافی تەواوی خۆیان بدرێتێ و بپارێزرێ.