مێژووی شار
لە بەرەبەیانی مێژووی نێوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستەوە، پێش و پاش زایین، نێوچەی (سولەیمانی) لای کورد، گەلانی نێوچەکە و بیانییەکانیش ناسراوە. ئەم نێوچەیە هەمیشە، جێی تەراتێنی لەشکرە داگیرکەرەکانی گەلانی نێوچەکە و بیانیی بووە. بۆ نموونە:
لە سەرەتای سەدەی (4)ی پیش زایینەوە، لە شکرەکانی (ئاسووری، پێشدادی، میدی، هەخامەنشینی، ئەسکەندەری مەکدۆنی) هاتوون. پاشان دەوڵەتەکانی (ئەشکانی، ئێران، ساسانی) داگیریانکردووە. دوا جاریش ساڵی (643ز.)، عەرەبە موسوڵمانەکان دەسیانبەسەرداگرتووە و تا ئێستەش بە شێوەیە لە شێوەکان، ئەو داگیرکردنە هەر بەردەوامە. بەڵام ماوەیە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی (حەسنەوی)یەی کوردا بوو. هەروەها ماوەیەکی کەمیش، بەدەس (سالاری مەرزەبان)ی فەرمانڕەوای (ڕوادی)یەوە بوو.
لەسەردەمێکی دیکەشدا، لەشکرەکانی (سەلجوقی، ئەتابەگی، ئەیوبی، مەگۆلی، جەلائیری، هەردوو تیرەی بەرخی ڕەش و سپی)، دواتریش ساڵی (1400ز.)، لەشکرەکەی (تەیموری لەنگ) هاتوون و داگیریانکردووە. لە کۆتایشدا، دەسەڵاتدارانی (ئەردەڵانی، سەفەوی، بابان، عوسمانی و بریتانیای گەورە)، دەسیانبەرداگرتووە. ئەوەبوو، ڕۆژی (19. 8. 1924)، دەوڵەتی داگیرکەری پاشایەتی (عێراق) و ئیمپریالیزمی (بریتانیا) داگیریانکردووە و بە (عێراق)ی عەرەبییەوە گرێیانداوە، ئەو داگیرکردنەش تا ئەوڕۆ هەر بەردەوامە، ئیدی هەموو شتێ کۆتایهاتووە.
درووستکردنی شار
پێش ئەوەی (بابان)ەکان، شاری (سولەیمانی) درووستکەن، لە هێندێ نێوچەی دیکەی وەک (مەرگە، دارشمانە، ماوەت و بەکراوا)، فەرمانڕەواییانکردووە. پاشان ساڵی (1609ز.)، نێوچەی (قەڵاچوالان)یان ئاوەدانکردووەتەوە، لە ماوەی (1609-1784ز.)دا، واتە (125) ساڵ فەرمانڕەواییان تێدا کردووە.
هۆکانی دامەزراندنی شار
چەن هۆیەکی گرنگ هەیە، پاڵی بە (بابان)ەکانەوە ناوە، بیر لە درووستکردنی شار بکەنەوە، هەرە گرنگەکانیان ئەمانەن:
جوگرافیا: شاری (سولەیمانی)، هەموو ڕێ و بانەکان، پێکەوە دەبەستێتەوە، لە هەموو لایەکەوە، ڕێیەکان یەکدەگرنەوە. هەردوو دەشتی (بازیان) و (شارەزوور)، پێکەوە گرێدەدا. ئاوێکی زۆر و خاکێکی بەپیتی هەیە، شوێنێکی زۆر باشبووە.
تۆپۆگرافیا: نێوچەی (قەڵاچوالان)، لە کۆمەڵێ بەرزایی و گردۆڵکەی بەرتەسک پێکهاتووە. چواردەوری بە شاخ گیراوە، لەبەرئەوە ماوەی فراوانبوون و پەرەسەندنی نەبووە.
ستراتیژ: لە ڕووی بەڕێوەبەرایەتییەوە، میرنشینی (بابان)، سەر بە والی (بەغدا) بوو. لە هەمان کاتیشدا، هەموو (عێراق)ی ئەو سەردەمەش، هەر لەبندەسی ئیمپراتۆریای (عوسمانی)دا بوو. نێوچەی (قەڵاچوالان)یش، لە سنوورەکانی (ئێران)ەوە نزیکبوو، زۆربەی کات لەژێر هەڕەشە و پەلاماردانی لەشکری (سەفەوی)یەکاندا بوو. بەڵام نێوچەی (سولەیمانی)، دوورتر و هێمن و ئاسایشتر بوو.
ئاوەدانی: لە دامێنی چیای (گۆیژە)، گوندی (مەڵکەندی) هەبووە و ئاوەدانبووە. لە (کانیسکان) ئاوێکی زۆر و پڕ کانیی هەبووە، بە بێشەڵانێکی گەورە داپۆشراوە، جێی سەیران، غارغارێن، ڕاوی باڵندە و ئاژەڵی کێویی بووە. جگە لە ئەوەی (مەحموود پاشا)ی مامی (برایم پاشا)، ساڵی (1781ز.)، قەڵایەکی سەربازی قایمی درووستکردووە، بە (دەبۆ) یا (قشڵە) ناسراوە و لە خوار مزگەوتی گەورەی ئێستەوە بووە.
حەز و ئارەزوو: ماوەیە (برایم پاشا)، لە شاری (بەغدا) ژیاوە. بە شارەکەوە سەرسامبووە. لەبەرئەوە ویستوویەتی، شارێکی گەورەتر و نوێ درووستبکا.
هەڵبەتە هەموو ئەو هۆکارانە یەکیانگرتووە و پاڵیان بە (برایم پاشا)وە ناوە، بیر لە درووستکردنی شاری (سولەیمانی) بکاتەوە. بۆیە لە سەرەتای ساڵی (1784ز.)ەوە، نزیک گوندی (مەڵکەندی)، ڕەنگی خانوو، بازاڕ، مەڵبەندی کارگێڕی میرنشینەکەیان ڕشتووە و بناغەیان هەڵکەندووە. پاشان کاتێ تەواوبووە، ڕۆژی هەینی ڕێککەوتی (14. 11. 1784)، بە ئاهەنگێکی گەورە و ڕازاوە، لە (قەڵاچوالان)ەوە بۆ (سولەیمانی) گواستوویانەتەوە.
ناونانی شارەکە
لە ڕاستیدا، بۆ ناونانی شارەکە، چەن دید و بۆچوونێکی جیاواز هەیە، وەک:
لە مێژووی فەرمانڕەوایی میرنشینی (بابان)دا، چەن (سولەیمان) ناوێ هەبووە، بە ناوی یەکێ لە ئەو (سولەیمان) ناوانەوە ناونراوە، وەک (سولەیمان پاشای بەبە، سولەیمان پاشای برایم پاشا ...)، بەڵام زۆر ڕوون نییە، کامیان بووە.
کاتێ لە گەڕەکی (مەڵکەندی)، بناغەی شاریان هەڵکەندووە و هەڵیانداوەتەوە، کرێکارەکان مستیلەیەکیان دۆزیوەتەوە، ناوی (سولەیمان) ناوێکی لەسەر هەڵکەنراوە، گوایە هی (سولەیمان) پەیامبەر بووە!
پێش ئەوەی شاری (سولەیمانی) دامەزرێ، (مەحموود پاشا)ی مامی (برایم پاشا)، ساڵی (1781)، بە فرمانی (سولەیمان پاشای جەلیل) والی (موسڵ)، دەبۆیەکی گەورەی درووستکردووە. کاتێ (برایم پاشا) شاری درووستکردووە، بە ناوی ئەو پیاوەوە ناویناوە.
بەڵام (ئەمین زەکی بەگ) نووسیوێتی: لەجێی شاری (سیلۆنا)ی کۆن درووستکراوە، گوایە لە سەردەمی فەرمانڕەوای (لۆلۆ) و (گۆتی)یەکاندا درووستکراوە!
هەڵبەتە تا ئیستە، بە تەواوی ڕوون نەبووەتەوە، لەبەر کام هۆ ناونراوە. بەڵام ئەز پێم وایە، (برایم پاشا) لەبەر کوڕەکەی خۆی ناویناوە.
نەخشەی گەرەکەکانی شار لە سەرەتای دامەزراندندا
گەر (برایم پاشا)، یەکەمین بەردی بناغەی شارەکەی، لە گوندی (مەڵکەندی) دانابێ، ئەوا گەڕەکی (گۆیژە) بە (سابونکەران، قاوەخانەی سەرچیمەن و گاوران)یشەوە، بە یەکەمین گەڕەکی شار و کۆنترینیان دادەنرێ. هەر لە ئەوێشەوە شاری (سولەیمانی) دەسیپێکردووە. پاشان دووەمین گەڕەک، گەڕەکی (دەرگەزێن) درووستکراوە، کە ئەو سەردەمە، زۆر لەگەڵ گەڕەکی (سەرشەقام)، لە یەکدی جیانەکراونەتەوە. سێیەمین گەڕەک، گەڕەکی (کانیسکان) بووە و دواگەڕەکیش، گەڕەکی (سەرشەقام و چوارباخ) ئاوەدانکراوەتەوە.
جوگرافیای شار
ڕووبەری نێوچەی (سولەیمانی)، (338. 13) کم2 دەبێ. لە ڕووی تۆپۆگرافیاوە، بە بەشێ لە نێوچە شاخاوییەکان دادەنرێ. بۆیە لە ڕووی بەرز و نزمییەوە، لە دوو بەش پێکهاتووە:
ناوچە گرداوییەکان: هەموو ئەو دەشت و شیو و دۆڵانە دەگرێتەوە، کە بەرزاییەکانیان لەنێوان (000 .1 – 000 .2)م دەبێ.
ناوچەی چیا سەرکەشەکان: بەرزاییەکانیان لە نێوان (000 .1 – 600 .3)م دەبێ. ئەمیش دوو جۆرە:
چیا بێ پێچوپەناکان: بەرزاییەکانیان لەنێوان (000 .1 – 100 .2)م دەبێ. لە دوو زنجیرە چیا پێکهاتوون و نێوانیان بە گردۆڵکە، دەشتایی پان، چەم و ڕووبار پڕبووەتەوە. وەک (کانی مستەفا 1400م، کانی شێخ حەسەن 1444م، سەگرمە 1735م، قەرەداخ 1781م و گڵەزەردە 1825م).
چیا پێچاوپێچەکان: بەرزاییەکانیان لە نێوان (100 .2 – 600 .3)م دەبێ. ئەم جۆرە چیایانە، دۆڵی زۆر قووڵی تێدا هەیە، وەک (قەندیل 3451م، کونەکۆتر 2765م، کاروخ 2596م و پشدەر 2239م).
چیا سەرکەشەکانی (هەورامــــــــــــــان) و (پیرەمەگروون)، بەبەرزترین چیای دەوروبەری نێوچەی (سولەیمانی) دەژمێررێن. بەرزاییەکانیان لە ڕووی زەریاوە، (700. 9) پێ دەبێ.
ئاووهەوا
ئاووهەوای نێوچەی (سولەیمانی)، لە ئاووهەوای نێوچەی زەریای سپی نێوەڕاست دەچێ. لە هاویناندا گەرم و وشکە. گەر ساڵەکەی وشک نەبێ، زۆرترین باران لە مانگی (مارس)دا دەبارێ. لە زستاناندا سارد و بەبەرانە، پلەی گەرمی لەخوار هیچەوەیە. نێوچەکە لە زەریاکانەوە دوورە، لەبەرئەوە هەواکەی شێدار نییە. بەزۆری بەفر لە مانگی (12) و (1)دا دەبارێ. ڕەشەبایەکی زۆر بەهێزی هەیە. هێندێ جار (2-3) ڕۆژ دەخایەنێ. کاتێ زستانان ڕەشەبا هەڵدەکا، هێندەی دیکە هەواکەی سارددەبێ. لە هاویناندا گەرمتردەبێ. زیانێکی زۆر بە کشتوکاڵ دەگەیەنێ. هێندێ جاریش، خۆڵی لەگەڵ دەبارێ و نێوشارەکە پیسدەکا.
ئاوەدانبوونەوەی شار
دانیشتووانی (قەڵاچوالان): دوای ئەوەی (برایم پاشا)، نێوچەی (قەڵاچوالان)ی بەجێهێشتووە، بەگوێرەی ئەوەی (سولەیمانی)، پایتەختی میرنشینەکە بووە، زۆربەی زۆری بنەماڵەی (بابان)، کاربەدەسانی میرنشینەکە، کەسایەتییە ناودارەکان، بازرگان، دووکاندار و خاوەن پیشەکانی دیکە هاتوون و لە شارەکە نیشتەجێبوون.
نێوچەکانی دیکەی کوردستان: خەڵکی لە هێندێ شار و شارۆچکەی وەک (کەرکووک، هەولێر، ڕەواندوز، شارەزوور، سنە، هەمەدان، سەقز، بانە و مهاباد)، بەلێشاو ڕوویان لە (سولەیمانی) کردووە.
خاوەن بیر و باوەڕی ئایینی جیاوازی وەک (موسوڵمان، فەلە و جوو)، لەبەر هەر هۆیە بووبێ، لە هەموو لایەکەوە ڕوویان لە شارەکە کردووە، هاتوون و بە تەواوی نیشتەجێبوون.
زۆر پێ دەچێ، سەرەتا دانیشتووانی شارەکە، هەر (10) هەزار کەسێ بووبێ. پاشان وردەوردە زیادیکردووە. ئەوەتە مستر (ڕیچ) ساڵی (1820)، واتە دوای (36) ساڵ دوای ئەوەی لە (قەڵاچوالان)ەوە گواستوویانەتەوە، سەری لە (سولەیمانی) داوە و نووسیوێتی: (ئەو ساڵە، 2 هەزار ماڵی موسوڵمان، 130 ماڵە جوو، 9 ماڵە کلدان، 5 ماڵە ئەرمەن، 5 گەرماو، 5 مزگەوت و 5 خان)ی تێدا بووە.
بەڵام لەبەر هێندێ هۆ، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە، هەمیشە لە هەڵکشان و داکشاندا بووە. لە ئەو بارەیەوە، (جیمس فلۆکس جۆنز) نووسیوێتی: (ژمارەی خانووەکان، لە ساڵی (1844)دا کەمبووەوە بۆ نیوەی ئەوەی (ڕیچ)، لە ساڵی (1820)دا دیبووی.)
هەروەها (مۆنسل)یش ساڵی (1868) نووسیوێتی: (ژمارەی خانووەکانی لە 2500 زیاتر دەبوو. ژمارەی دانیشتوانیشی پێش یەکەمین جەنگی جیهان، خۆی لە چل هەزرا کەس دەدا.)
بەڵام دوای ئەوەی دووەمین جەنگی جیهان کۆتاییهاتوە، ئیدی بەرەبەرە شاری (سولەیمانی)، ئاوەدانبووەتەوە و ژمارەی دانیشتووانیشی زیادیکردووە. ئەوڕۆش بە یەکێ لە شارە گەورەکانی (کوردستان)ی مەزن و (عێراق) دادەنرێ و ژمارەی دانیشتووانیشی، پتر لە یەک میلیۆن دەبێ.
سنووری شار
سنووری پارێزگەکە، لە باکوورەوە بە ناوچەکانی پارێزگەی (هەولێر)، لە خوارووەوە بە ناوچەکانی شاری (دیالە)، لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ناوچەکانی (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)ی بندەسی (ئێران) و لە ڕۆژئاواشەوە، بە ناوچەی (کەرکووک) دەورەدراوە. پارێزگەی (سولەیمانی)، بەپێی هەڵکەوتی جوگرافیا، لە ژوورووی (عیراق) دایە.
هۆی پەرەسەندنی شارەکە
ڕامیاری: پایتەخت بووە، مەڵبدەنی ڕامیاری، سەربازیی و کارگێڕی بووە. ڕۆژبەڕۆژیش پتر پەرەیسەندووە. پڕۆژەی نوێیان بۆ گەشەسەندنی شارەکە داناوە، دووکان و بازاڕ، خانوو و فەرمانگەی نوێی لێ درووستکراوە.
ئایین: لە ئەو ڕۆژەوە شارەکە دامەزراوە، مزگەوتی گەورە درووستکراوە، (شێخ مارفی نودێی ( وەک ڕێبەرێکی ئاینزای (قادری) ناسراوە و سەرپەرشتی مزگەوتەکەی کردووە. پاشان ساڵی (1816-1817)، خانەقای (مەولانا خالید) لە گەڕەکی (سەرشەقام) درووستکراوە. (مەولانا) ڕێبازی (نەقشبەندی) داناوە، خەڵکێکی زۆری لی کۆبووەتەوە. هەڵبەتە بە هۆی ئەم دوو ڕێبازە ئایینییشەوە، شارەکە پتر فراوانبووە.
بازرگانی: سەرەتا جوڵانەوەیەکی گەورەی بازرگانی نێوخۆ گەشەیکردووە. ئیدی وردەوردە پێوەندی بازرگانی، لەگەڵ شارەکانی (بەغدا، موسڵ، کەرکووک، هەمەدان، سنە، تەورێز و ئەرزڕۆم) درووستبووە. لە (سولەیمانی)یەوە، بەروبوومێکی زۆری کشتوکاڵیان بۆ ناردوون. لە ئەو شارانەشەوە، (خورما، قاوە، قوماش، پێڵاو، خام، جامانە، پۆڵا و ئاسنی خاو)یان هێناوە. لە ئەنجامیشدا، (سولەیمانی) وەک ناوەندیکی چالاکی بزووتنەوەی بازرگانی لێهاتووە.
ڕێی هاتووچۆ: شاری (سولەیمانی)، وەک (قەڵاچوالان) دوورەدەست نەبووە، بەڵکوو بە چەقی ڕێگەکانی هەموو نیوچە و شارەکانی دەوروبەری دانراوە، لەبەرئەوە گەلێ نێوچەی (کوردستان)ی، پێکەوە بەستووەتەوە.
کشتوکاڵ: لە نێوچەی (سولەیمانی)، ئاوێکی زۆر هەبووە، بارانێکی زۆری لێ باریوە، دەشتێکی فراوان و خاکێکی بەپیتی هەبووە. ساڵانە بەروبوومی هەمەجۆرەی (دەغڵودان، سەوزە و میوە)یەکی زۆریان بەرهەمهێناوە. ئەمەش هۆیەک بووە، سەرنجی خەڵکی ڕاکێشاوە و وای لێ کردوون، لە شارەکە نیشتەجێبن.
پیشەسازی نێوخۆ: پیشەسازی دەستی پەرەیسەندووە، بەشێوەیەک بەشی بەکارهێنانی نێوخۆی دانیشتووانی کردووە و زیادەکەشیان، بۆ دەرەوە ناردووە. ئەو پیشەسازیانەی لە ئەو سەردەمەدا باوبوون، وەک (پێڵاودرووستکردن، ئاسنگەری، مزگەری، خومچێتی، کەلوپەلی نێوماڵ، چەخماخسازی وەک درووستکردنی (شیر، خەنجەر، ڕم، تفەنگی مارتینی، فیشەک ...) هەروەها پێویستییەکانی کشتوکاڵ و درووستکردنی خواردنیش گەشەیکردووە.
ڕووداو و کارەساتەکانی شار
لە سەردەمە جیاجیاکانی مێژوودا، شاری (سولەیمانی)، تووشی گەلێ کارەساتی ماڵویرانکەرانەی سرووشتی بووە. هێندێ ڕووداوی گرنگی مێژوویی و نەتەوەییش، بەرۆکی خەڵکی شارەکەی گرتووە، هەرە گرنگەکانیان ئەمانەن:
ناکۆکی نێوان میرەکانی (بابان) لەسەر دەسەڵات و فەرمانڕەوایی. دوای ئەوەی میرەکانی (بابان)، ماوەی (67) ساڵ (1784-1851)، فەرمانڕەواییانکرد و دژی یەکدی جەنگاون، خەڵکێکی زۆر کوژراوە. کارێکیانکردووە، بەیەکجاری دەسەڵاتەکەیان کۆتاییهاتووە. ئەو خەسڵەتە خراپەشیان، بە میرات بۆ خەڵکی شار و هەردوو باڵەکەی (جەلالیی) و (مەلایی) بەجێهێشتووە!
هێرشی (ئێران): ساڵی (1841-1844)، خەڵکێکی زۆریان لە دانیشتووانی شار کوشتووە و شارەکەشیان وێرانکردووە.
نەخۆشی ڕشانەوە گەورەکەی ساڵی (1831)، زۆر بە خراپی بڵاوبووەتەوە و خەڵكیکی زۆی کوشتووە، هێندێکیش هەڵاتوون و دەربەدەربوون.
یەکەمین جەنگی جیهان (28. 6. 1914-11. 11. 1918)، لەنێو کورددا بە (سەفەربەلک) ناویدەرکردووە و ڕۆژی (2. 8. 1914)ش، توورکەکان هەموو پیاوەکانیان چەکدارکردووە، بۆ بەرەکانی جەنگیان ناردوون و زۆریان نەگەڕاونەتەوە، تەنیا هەر ژن و منداڵ، پیر و پەککەوتەکان ماونەتەوە.
لەبەرئەوە باری ئابووری، زۆر خراپ تێکشکاوە، بەروبوومی کشتوکاڵ کزبووە، بەرهەمی پیشەسازی نێوخۆ لاوازبووە، بێکاری، گرانی، برسێتی، دزی، لەشفرۆشی، بەرتیلخواردن، جەڕدەیی و ڕاووڕووت، بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەیکردووە. خەڵکێکی زۆر لە برساندا مردوون، لە ئەنجامیشدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە کەمبووەتەوە، وەک (ماسۆن کینز) نووسیوێتی: (ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە (40) هەزار کەسەوە، بۆ (9) هەزار کەس دابەزیوە.)
بۆمباران: ئینگلیزەکان (2) جار، شارەکەیان بۆردوومانکردووە و بەشی زۆری دانیشتووانەکەی هەڵاتوون. یەکەمیان ڕۆژی (29. 2. 1922) و دووەمیشیان ڕۆژی (4. 3. 1923) بوون. گەلێ کەس کوژراوە و شارەکەش کاولبووە.
دوو دەوڵەتی کوردی، لە شاری (سولەیمانی) و بە سەرکردایەتی (شێخ مەحموودی حەفید) دامەزراون. یەکەمیان ڕۆژی (11. 11. 1918) و دووەمیشیان لەنێوان ساڵانی (1922-1924)دا بوون.
خەڵکی شارەکە، لە ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرای ڕۆژی (6. 9. 1930)، پتر لە سەد کەس بریندار و کوژراویان داوە.
لافاو: لە مێژووی شارەکەدا، چەن لافاوێ هەستاوە. بەڵام گرنگترینیان دوو لافاوی گەورە بووە. ساڵی (1930-1931) و ڕۆژی (1 10. 1957)، زیانێکی زۆری گیانیی و ماڵییان، بە خەڵکی شارەکە گەیاندووە.
ڕۆژی (25. 2. 1932)، بەفرێکی زۆر باریوە، خەڵکێکی زۆر لە سەرمان و لە برساندا ڕەقبوونەتەوە.
دووەمین جەنگی جیهان (2. 9. 1939- 9. 5. 1945)، دیسانەوە ڕۆڵەکانی گەلی کوردیش، وەک هەموو شوێنەکانی دیکەی جیهان، لە زیانە ماڵویرانکەرەکانی ئەو جەنگە، بەدوورنەبوون.
هەموو ئەو ڕاونان، گرتن و کوشتنوبڕین، دەربەدەرکردن، زیان و ناخۆشییانەی، بەهۆی شۆڕشی ( 9. 1961) تا ئەوڕۆ، خەڵکی شار دووچاریبوون، بە تایبەتی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و کارەساتە جەرگبڕەکانی ڕۆژی (9. 6. 1963)، ئەنفالەکان و کیمیابارانی دەوروبەری شار، زیانێکی زۆریان بە خەڵکی شارەکە گەیاندووە.
ساڵی (1980-1988)، جەنگێ لەنێوان (عێراق) و (ئێران)دا بەرپابووە، هەشت ساڵی خایاندووە، جگە لە ئەوەی خەڵکێکی زۆر هەڵاتوون و شارەکەیان بەجێهێشتووە، بریندار و کوژراوێکی زۆریش هەبووە.
جەنگی نێوخۆی هەردوو باڵەکەی (جەلالیی) و (مەلایی)، لە سێ سەردەمی جیاوازدا (1966-1970، 1976-1986 و 1994-1998). بەهۆی ئەو سێ جەنگە چەپەڵانەوە، بە هەزاران ماڵی کورد بەگشتیی و خەڵکی شارەکە بەتایبەتی، تووشی برسێتی، نەهامەتی، ئاوارەبوون و ناخۆشی بوون.
هەر لە کۆنەوە تا ئەوڕۆ، گەلێ پیاوی قارەمان و دڵسۆزی شارەکە، لەپێناوی ئازادی کورد و (کوردستان)دا تێکۆشاون. لەبەرئەوە دەزگە داپڵۆسینەرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)، لە سەردەمە جیاجیاکانی دەسەڵاتیاندا، لە قوژبنی گرتووخانەکان تووندیانکردوون. ئەوانێش بە هیچ جۆرێ، سڵیان لە سزای مەرگ نەکردووەتەوە، بەڵکوو بێباکانە، گیانی خۆیان بە کورد و (کوردستان) بەخشیوە و لەسیدارەدراون.
شوێنە خۆشەکانی شار
لەنێو شاری (سولەیمانی) و دەوروبەرەکەیدا، چ لە کۆن و چ ئێستە، گەلێ شوێنی خۆش و پڕ لە ئاوهەوای سازگاری لێ بووە، بەڵام گرنگترینیان ئەمانە بوون: (کانیبا، گردی سەیوان، کانیسکان، سەرچنار، بەکرەجۆ). لە سنووری پارێزگەکەشدا، گەلێ سەیرانگە و شوێنی دڵفڕێنی دیکەی لێ بووە، وەک (سەرای سوپحان ئاغا، سیروان، زەڵم، ئەحماوا، بیارە، تەوێڵە لە ناوجەی شارەزوور. قۆپی، حەوت دەربەندەکە و زڕگوێز لەبەری قەراخ. ئەلیاسەفرە، سەرچەم، بەرباخ، چوارباخ، بلکیان لە پێنجوێن. قوڵەڕەش، سەرسیر، ئاوی قەڵاچوالان، کارێزە، کونەماسی و چەمەکەی قەشان لە شارباژێڕ. کۆتەڵ، کانیسارد، دووکان و پیرەمەگروون لە ناوچەی سورداش. بێتواتە، دەربەندی ڕانیە، هێرۆ و هەڵشۆ لە ناوچەی پشدەر.)
پیر و پیاوچاکەکانی شار
(پیرمیکایل، شێخ جافر، وەیس، شەخسە فەقیرە، شێخ ئەحمەدی هیندی، ئەسحابە سپی، هۆمەرمەندان، قازی بەنێ، شێخ مستەفا، شێخ محێدین، شێخ ئەوڵا، شێخ مارفی نۆدێی، کاک ئەحمەدی شێخ ...)
جیاوازی نێوان شاری (سولەیمانی) و شارەکانی دیکەی باشووری (کوردستان)
شاری (سولەیمانی)، مەڵبەندێکی گەشەکردووی ڕۆشنبیری بووە. هەر لە کۆنەوە لە سەردەمی (بابان)ەکانەوە، بە سەدان نووسەر و هۆنەری گەورەی وەک (نالی، کوردی، سالم، مەحوی، حەمدی، زێوەر، بێخود، ئەحمەد موختار جاف، تایەربەگی جاف، کەمالی، قانع، شێخ نووری، پیرەمێرد، عەلادین سەجادی، شاکیر فەتاح، برایم ئەحمەد، جەمال نەبەز، گۆران، بێکەس ...)ی تێدا هەڵکەوتووە.
مەڵبەندێکی ڕازاوەی هونەریی و قسەی خۆش بووە. بە دەیان هونەرمەندی بەناوبانگی وەک (دەروێش عەبدوڵڵا، ڕەشۆل، مەلادیلان، ساڵح دیلان، رەفیق چالاک، ئەنوەر قەرەداخی ...) تێدا هەڵکەوتووە. هەروەها چەندین قسەخۆش و نوکتەبازی وەک (ئەحەی کڕنو، خالە رەجەب، فەریقەکویر ...) هەبوون.
مەڵبەندێکی گەورەی خوێندن و خوێندەورای بووە. چەندین خوێندنگە، لە نێوچەکانی (ماوەت، مەروێ، کەناروێ، ڕەشەکانی، شابادین، باڵخ، مۆکەبە، گەڵاڵەی شینکایەتی، سەرگەڵو، قزلەر، زێوێ، تەڕەمار، قەراخ، تەکیە، خاوێ، بیارە، تەوێڵە، جێشانە، خورماڵ، بەرزنجە ...) کراونەتەوە.
مەڵبەندێکی دیاری ئایینیی و ڕێبازە ئایینییەکان بووە. بە دەیان مەلا و زانای ئایینی وەک (مەلاموحەممەدی غەزایی، مەلاجامی چۆڕی، شێخ موحەممەد وەسیمی گەورە، شێخ حەسەنی گڵەزەردە، مەلاموحەممەدی ئیبولحاج، مەلاجەلالی خورماڵی، مەلاحەسەنی قازی سورداش، شێخ ئەحمەد عەواڵانی) هەبوون. کاتێ شاری (سولەیمانی)ش درووستبووە، لە (قەڵاچوالان)ەوە، هەموو خوێندنگە ئایینییەکانیان لەگەڵ خۆیان گواستووەتەوە. وەک (خوێندنگەی مزگەوتی گەورە)، پەرتووخانەیەکی گەورەی تێدا بووە، سەرەتا (شێخ مارفی نۆدێی) و پاشان (کاک ئەحمەدی شێخ) سەرپەرشتیانکردووە. هەروەها خوێندنگەکانی (ئەوڕەحمان پاشا، خانەقای مەولانا خالیدی نەقسبەندی، سەیید حەسەن، مەڵکەندی، حاجی حان، موفتی، حاجی شێخ ئەمینی خاڵ).
جگە لە ئەوەی هێندێ حوجرەشی تێدا بووە، وەک حوجرەکانی (مەلای زەلزەلی، خواجە فەندی، مەلافاتم لە دەرگەزێن، تاجیە خان، مەلائامینە لە سەرشەقام، مەلاحەبیب و مەلاعەبدوڵڵا لە کانیسکان.) هەروەها مەڵبەندێکی گەورەی ئازادیی ئایینییەکانی (ئیسلام، جوو، فەلە) و ڕێبازە ئایینزاکانی وەک (قادری، نەقشبەندی و هەقە) بووە. واتە جیاوازی ئایینیی و ئایینزایی نەبووە و هەموو وەک برا پێکەوە ژیاون.
سولەیمانی هەر لە سەرەتاوە، بە پایتەختی لەدایکبووە. ماوەی (67) ساڵ، پایتەختی میرنشینی (بابان) بووە و دانیشتووانەکەشی، بە ئازادی ژیاون.
خەڵکی شارەکە، هەموو کاتێ دژی زۆرداریی و ستەم وەستاون، بڕیارە خراپەکانی دژ بە کوردیان ڕەتکردووەتەوە. بۆ نموونە: ساڵی (1930)، دەستەی نیشتمانی دامەزراوە و لە (12) کەس پێکهاتووە. سەرۆکەکەیان (عەزمی بابان)ی باپیری (جەمال بابان) بووە. بە ناوی کوردەوە قسەیانکردووە، شارەکانی دیکەی (کوردستان)یش، لەگەڵ بڕیارەکانیاندا بوون. خەڵکی شارەکە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بوون، دژی بڕیارەکانی ئینگلیز و دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)، بەرگرییان کردووە و خۆپیشاندانیان سازکردووە. ناڕەزاییاندەربڕیوە، خوێنێکی زۆریان ڕشتووە، گەلێ بریندار و کوژراویان هەبووە.
(سولەیمانی) شاری هەڵمەت و قوربانیی و شۆرش بووە. لە سەردەمە جیاوازەکانی مێژووی شاردا، چەندین شۆڕشی چەکداریی و ڕاپەڕینی خوێناویی تێدا بەرپابووە. وەک شۆڕشەکانی (شێخ مەحموودی حەفید، ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی بەردەرکی سەرای ڕۆژی 6. 9. 1930، شۆڕشی 11. 9. 1961، شۆڕشی نوێی 1976.)
زۆربەی ڕێکخراوە هونەری، ڕۆشنبیری، زانستی، نەتەوەیی، پارتی ڕامیاری، بزووتنەوەی دێمۆکراسی، ، هەر لە شاری (سولەیمانی) دامەزراون. بۆ نموونە: (کۆمەڵەی کوردستانی رەفیق حیلمی، کۆمەڵەی سەربەخۆیی کوردستانی مستەفا پاشای یاموڵکی، برایەتی، پشتیوانی، دارکەر، هیوا، لقی ژ.ک.، پارتی دێمۆکراتی کورد، کاژیک، پاسۆک ...)
هەر لە (سولەیمانی)، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی باشووری (کوردستان)دا، ئەم دەزگە گرنگانە دامەزراون، هێندێ ڕۆژنامە و گۆڤاریش دەرچوون. وەک (تەلەگراف، چاپخانە، ڕۆژنامەی ژیانەوە، خوێندن بە کوردی، قەلاچۆکردنی نەخوێندەورای، قوتابخانەی کچان، قوتابخانەی روشدییەی عەسکەری، زانکۆ، تیپی موزیک، سروودی کوردی، قەوانی کوردی، شانۆگەری ...)
دواوشە
پێم وایە، مافێکی ڕەوای خەڵکی شارە تێکۆشەر و قوربانیدەرەکەمانە و بە هەموو پێوانەیەکیش بێ، دەبووایە، لە دوای ڕاپەڕینەوە، شاری (سولەیمانی) پایتەختی هەرێم بووایە. بەڵام سەرکردەکانی (بەرەی کوردستانی)، لەسەر ڕێبازەکەی (بەعس) ڕۆیشتن و شاری (هەولێر)یان هەڵبژاردووە. لێرەدا بۆ مێژوو دەڵێم: هاوبیرانی (پاسۆک)، هەر لە ڕۆژی دامەزاراندنییەوە (11. 9. 1975)، شاری (کەرکووک)یان، بە پایتەختی ئاییندەی هەرێمی باشووری (کوردستان) دانابوو، چونکە:
قوڵاییەکی ستراتیژی هەیە و لە نێوەڕاستی باشووری (کوردستان)دا هەڵکەوتووە.
هەموو شارەکان پێکەوە دەبەستێتەوە.
نەوتێکی زۆری تێدا هەیە.
مەڵبەندی پیشەسازییە.
کشتوکاڵێکی باشی لێ دەکرێ.
لە کۆتاییشدا دەڵێم: لە ئەو ڕۆژەوە شاری (سولەیمانی) دامەزراوە، مەڵبەندێکی گەورەی ناسراوی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری، هونەری، ئایینی، ئایینزایی، زانستی، خوێندەواری بووە. کانگەی بیری ئازادیی و سەربەخۆیی (کوردستان) بووە. زۆربەی هەرە زۆری ڕێکخراوە ڕۆشنبیری، هونەری، کۆمەڵایەتی، زانستی، پارتە ڕامیارییەکان، هەر لە شاری (سولەیمانی) دامەزراون. لەبەرئەوە بەدەیان هۆنەری نیشتمانپەروەری کورد، لە سەردەمە جیاوازەکانی مێژووی کورددا، چەندین هۆنراوەی جوان و بەرزیان، بەسەردا هەڵداوە. بۆ نموونە: (شێخ رەزای تاڵەبانی 1835-1909) فەرموویەتی:
لە بیرم دێ، (سولەیمانی) کە دارئەلموڵکی (بابان) بوو
نە مەحکومی (عەجەم)، نە سوخرەکێشی ئالی (عوسمان) بوو
بەڵام بە داخەوە، ئێستە شارە خۆشەویستەکەم، لەنێوان پاشماوەی ئەو دوو دەوڵەتەدا دابەشکراوە.
هەروەها خوالێخۆشبوو (جەمال ئاغا)ش گوتوویەتی:
بەهەشتی زاتی پاکی خوا، بەناوبانگە لەبەر جوانی
کوتومت ڕەنگی ڕێژراوە، لەسەر شێوەی (سولەیمانی)
منیش دەڵێم: (سولەیمانی) ئەی شەکرە شارەکەم، لە هەموو شارێکی دیکەی ئەم جیهانە جوانتری. (خۆڵ و خاشاکی کۆڵانەکانت، بە گەنجی قاڕوون نادەم)، چونکە ( بە دڵ هۆگری تۆ بوووم وبێ تۆ ناژیم) بۆیە پتر لە (17) ساڵە، شارە جوانەکەی (ستۆکهۆلم)م بەجێهێشتووە و بە یەکجاری، بۆ شارە گەشاوەکەم گەڕاومەتەوە!
سەرچاوەکان
ئەکرەمی ساڵحی رەشە، شاری سلێمانی، چاپی1، بەرگی2، 1989.
جەمال بابان، سلێمانی سارە گەشاوەکەم، بەرگی1، دارئەلحوڕیە، بەغدا، 1993.
دوکتۆر فوواد حەمە خورشید، گۆڤاری کاروان، ژمارە 54، 1987.
ک. ج. ڕیچ، گەشتی ڕیچ بۆ کوردستان1820، موحەممەد حەمەباقی لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی، چ1، ئێران، 1992.
محمد امین زکی، تاریخ السلیمانیە و انحائها.
محمد امین زکی، خلاصة تاریخ الکورد و کوردستان، الجزء 1و2، مطبة دارالسلام، بغداد، 1931.
تێبینی: ناوی ئەم وتارە (شەکرە شارەکەم سولەیمانی)، لە ناوی بەرهەمێکمەوە هاتووە، ساڵی (2003)، لە سەر ئەرکی شارەوانی سولەیمانی چاپکراوە و (حاکم قادر) پێشەکی بۆ نووسیووە، (150) لاپەرەیە.