پێشەکی
شۆڕشی گەلی میسر، ڕۆژی (23. 7. 1952)، بەسەرکردایەتی کۆمەڵێ ئەفسەری شۆڕشگێڕی ئازادیخواز سەرکەوت و سیستێمی وڵاتیان لە پاشایەتییەوە، بۆ کۆماریی گۆڕی. بەڵام ساڵی (1954)، هێشتا دوو ساڵ بەسەر شۆڕشەکەدا تێپەڕبووبوو، لەسەر هێندێ گرفتی ڕامیاریی و دەسەڵات، ناکۆکیی و دووبەرەکی، لەنێوان ئەندامانی سەرکردایەتی شۆڕشەکەدا سەریهەڵدا. لەبەرئەوە لە ئەو ماوەیەدا، هێندێ ڕۆژنامەنووسی نیشتمانپەروەر و بوێر هەبوون، زۆر ئازایانە و دڵسۆزانە، دژی ئەو ناکۆکیی و دووبەرەکییە، وتاریان دەنووسی و لە ڕۆژنامەکاندا بڵاویاندەکردەوە.
ململانێیەکەش لەنێوان دوو ئەندامی دیاری ئەنجوومەنی شۆڕشکەدا: لیوا (موحەممەد نەجیب) و (جەمال عەبدولناسر) درووستبوو. (نەجیب) پێی وابوو، پێویستە دەسەڵات، ڕادەستی دەستەبژێرێکی شارستانیی هەڵبژێراو بکرێ. بەڵام (ناسر) دژبوو. لە ئەنجامدا (ناسر) سەرکەوت و ڕکەبەرەکەشی (نەجیب) تا مردن، لە کۆشکی (زەینەب) لە خۆرهەڵاتی (قاهیرە) دەسبەسەرکرد. پاشان (ناسر) لە ساڵی (1954)ەوە تا ساڵی (1970) مرد، بەتەواویی دەسی بەسەر دەسەڵاتدا گرت.
فیلمی سینەمایی (هەڵاتن لە خانکە – الهروب من الخانکە)*
نووسەرە نیشتمانپەروەرەکانی (میسر)، لەسەر کارەسات و بەسەرهاتەکانی، ئەو ڕووداوە گرنگەی مێژوو، لەسەر ئەو ناکۆکییە چاوەڕواننەکراوەی، نێوان سەرکردەکانی شۆڕشەکە، چەن چیرۆکێکی پڕ سەیر و سەمەرەیان نووسیوە، باسی ژان و ئازارەکانی ڕۆشنبیران و نووسەران دەکەن، هۆنەرمەندانی دەسڕەنگینیش، چیرۆکەکەیان وەرگرتووە و فیلمی (هەڵاتن لە خانکە)یان لێ بەرهەمهێناوە. ئەم فیلمە سینەماییە، ساڵی (1987)، لە سینەماکانی (میسر) ئیشیکردووە.
پوختەی چیرۆکەکە ئەوەیە، کۆمەڵێ ڕۆژنامەنووسی نیشتمانپەروەر، دژی ئەو ناکۆکیی و دژایەتییەی نێوان شۆڕشگێڕەکان بوون. یەکێ لە ئەو ڕۆژنامەنووسە نیشتمانپەروەر و چاونەترسانە، هونەرمەندی ناسراو (فەرید شەوقی) بوو، بە ناوی (سادق ئەلمفتاحی)یەوە، ڕۆڵێکی گرنگی ڕۆژنامەنووسێکی ڕاسگۆ، بوێر، نیشتمانپەروەر و لەخۆبووردووی، لە فیلمەکەدا بینیوە. هەروەها (ماجیدە خەتیب)یش، وەک ئافرەتێکی ڕۆشنبیر و چاونەترس، ڕۆڵی سەرەکی بینیوە، هەوڵێکی زۆری داوە، ڕاستییەکان بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەی ڕوونبکاتەوە.
لەبەرئەوەی ئەو دوو ئەکتەرە، لە کارەساتەکاندا، ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە، دەرد و ئازارێکی زۆریان چێشتووە، ئەوەی ئەوان لە ئەو ماوەیەدا بینیویانە و چێشتویایانە، هەر باس ناکرێ. بەڵام زۆر مەردانە بەرگەیانگرتووە، کۆڵیان نەداوە و لەسەر داواکارییە ڕەواکانی خۆیان سووربوون. با بزانین. چۆن؟!
(سادق ئەلمیفتاحی)، سەبارەت بە ئەو دووبەرەکییە، وتارێکی درێژی نووسیوە و ناردوویەتی، بۆ ئەو ڕۆژنامەیەی خۆی کاری تێدا کردووە. بەڵام چونکە دەستەی نووسەران، پیاوی سەرکردەکانی ئەو سەردەمە بوون و ترساون، نە وتارەکەیان بۆ بڵاوکردووەتەوە، نە وەڵامیشیانداوەتەوە. پاشان وتارەکەی بۆ نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و هەردوولای ناکۆکیش ناردووە. لەبەرئەوە بە تۆمەتی ئاژاوەچی، دەسگیریانکردووە و لە قوژبنی شێتخانە توندیانکردووە، ماوەی (29) ساڵ لە ئەوێ ماوەتەوە، بە مەرجێ جگە لە خۆشەویستیی نیشتمان، هیچ تاوانێکی دیکەی نەبووە!
لە دەمەتەقێیەکدا لە شێتخانەکە لەگەڵ چەن نیشتمانپەروەرێ، سەبارەت بە خۆی و وتارەکە، (سادق) گوتوویەتی: شۆڕشەکە تازە بەرپابووبوو، لەسەرەتادابوو، ئەو کاتە گەلێ کاری خراپ و ناوازە، لە وڵاتەکەماندا روویدەدا. منیش وتارێکم نووسی. لە وتارەکەدا، ڕووی دەمم لە سەرکردایەتی هەردوو لایەنە ناکۆکە کردبوو. چووم بۆ نووسینگەی ڕۆژنامەکە، تا وتارەکەم بۆ بڵاوکەنەوە. هەروەها بۆ سەرکردایەتی هەردوو باڵە ناکۆکەشم نارد. بەڵام وتارەکەیان بڵاونەکردەوە و قەدەغەشیانکرد. چونکە نووسیبووم: (میسر) گوندێ نییە، تا لەسەری ناکۆکبن و داگیریکەن. واز لە دەسەڵات بێنن، بە ڕۆڵە دڵسۆز و بەئەمەکەکانی گەلەکەمانی بسپێرن، بڕۆن، کۆچبکەن، بۆ شوێنەکانی خۆتان بگەڕێنەوە.
پاشان دەڵێ: سەبارەت بە ئەو ناکۆکییە، تەنیا هەر ئەو وتارەم نووسیبوو، نە چەکم پێ بوو، نە ئاژاوەشم نابووەوە. بەڵام ئەوان، هەواڵەکەی منیان بەدرۆخستەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی نەخۆشییەکانی دەروونیان کردم و لە قوژبنی شێتخانە توندیانکردم. واتە تاوانەکەم، تەنیا هەر لە بیرکردنەوە و نووسیندا بوو، لە مێشکمدا بوو، ئەگینا هیچ جۆرە چەکێکم پێ نەبوو، دژی ئەوان بجەنگم. کەچی لەبری ئەوەی، ڕێزم لێ بگرن و دەسخۆشانەم لێ بکەن، لەسەر ئەو وتارە، بە تاوانی شێتیی گرتیانم و لە ژێرزەمینەکانی شیتخانە خستیانم.
باشووری (کوردستان)
ئاشکرایە، لە باشووری (کوردستان)، ڕۆژانە بە دەیان نووسەر و بیرمەند، وتار دەنووسن و ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن، بەڵام نە وەڵامیان دەدەنەوە و نە هیچیشیان لێ دەکەن. هەرچەندە لە نێوچەی ژێر دەسەڵاتی (پارتیی)، ئازادیی ڕادەربڕینیان قۆرخکردووە، دەنگی نووسەرەکانیان کپکردووە، هێندێکیشیان لێ گرتوون و بەرەوڕووی دادگەیان کردوونەتەوە، وەک لە نێوچەی (بادینان) ڕوویداوە.
تۆ بڵێی: ئەم بارەنالەبارە، ئەم ڕەوشە شلۆقە، تا سەر هەروا بەردەوامبێ و کۆتایی پێ نەیە، لێپرسراوانی هەرێم، گوێ لە نیشتمانپەروەر و نووسەرانی دڵسۆزی گەل نەگرن، چاوێ بە هەڵەکانی خۆیاندا نەخشێننەوە، واز لە بیری چەوتی پاوەنخوازی نەهێنن، شەڕەدەنووکی نێوخۆ گۆڕنەکەن، دەسبەردای پاوەنخوازیی و کەڵەگایی، ناکۆکیی و دووبەرەکی، جەنگی نیوخۆ و ناپاکی نەبن؟! ئاخر ئەوا نزیکەی ماوەی (60) ساڵ دەبێ، دووبەرەکیی و جەنگی نێوخۆ، لە سەردەمە جیاجیاکانی مێژووی ئەو ساڵانەدا، لەنێوان هەردوو باڵەکەی (جەلالیی) و (مەلایی)دا تێپەڕدەبێ، باشووری (کوردستان)یش، (33) ساڵ دەبێ، تا ئەندازەیەک ئازادبووە، ئەو دوو باڵە گۆجە، فەرمانڕەواییدەکەن، کەچی تا ئێستە، لەسەر زۆر شت، ڕێک ناکەون، چاوێ بە هەڵە و کردارە خراپەکانی خۆیاندا ناخشێننەوە، بۆئەوەی تەنیا هەر بۆ سەربەستیی و سەربەخۆیی نیشتمانەکەمان هەوڵبدەن، ڕۆژبەڕۆژیش بیبووژێننەوە و پێشیخەن.
دواوتە
لەبەر ڕۆشنایی ئەم بارە نالەبارەی ئەوڕۆ، نیشتمانەکەمانی پێدا تێپەڕدەبێ، پێم وایە، تا ئەم ڕەوشە پۆخلە بەردەوامبێ، هەرگیز هیچ بە هیچ ناکەین، وەک ئەوەتەی کورد هەیە، هیچی بە هیچ نەکردووە. چونکە دەمڕاستەکانی کورد لەنێوخۆدا، هەر ناکۆکبوون، کەس نامەی کەسی نەخوێندووەتەوە، تەنیا هەر هەوڵیانداوە، دەسەڵات قۆرخکەن، وزە لە ڕۆڵەکانی گەل ببڕن و دەنگی ئازادیی، لە گەروویاندا کپکەن.
ئاخر ئێمەی کورد، چیمان لە گەلانی ئازادیخوازی جیهان کەمترە؟! بۆچی ئەوان خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی و تایبەتی خۆیانن و ئێمەش، تا ئێستە ژێردەستین؟! زۆر لە ئەوە دەچێ، ئەوەی بەدەستیشمانهێناوە، وردەوردە، بەدەسی خۆمان تێکەیبدەینەوە و لەنیویبەرین، تاوانەکەشی تەنیاوتەنیا، هەر لە ملی هەردوو سەرکردایەتی (پارتیی) و (یەکێتیی) دایە.
گەر هەر واز لە ئەم ڕکەبەریی و ناکۆکییەش ناهێنن، ئەوا منیش لە کۆتاییدا، وەک (سادق میفتاحی)، زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێم: باشووری (کوردستان) گوندێ نییە، تا لەسەری ناکۆکبن و داگیریکەن، واز لە دەسەڵات بێنن، بە ڕۆڵە دڵسۆز و بەئەمەکەکانی گەلەکەمانی بسپێرن، باکەن، بڕۆن، بۆ شوێنەکانی خۆتان بگەڕێنەوە.
* وشەی (خانکە) لە بنەڕەتدا، وشەیەکی فارسییە، واتە (خانەقا) شوێنی خواپەرستی. عەرەبەکان لە فارسەکانەوە وەریانگرتووە.