ئەم چەن زنجیرە وتارە، بە بۆنەی (60) ساڵ تێپەڕبوون بەسەر قەدەغەکردنی هاتوچۆ و ڕەشەکوژییەکەی شاری (سولەیمانی) ڕۆژی (9. 6. 1963)وە نووسراوە.
بەشی چوارەم و کۆتایی
پەندی مێژوویی
ڕۆژی (9. 6. 1963)، لە مێژووی شاری (سولەیمانی) و نەتەوەی کورددا، ڕۆژێکی ڕەش و غەمگینە. چونکە لە ئەو ڕۆژە نەگریسەدا، قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیانرا، سەدان کەسیان لە خەڵکی شار و دەوروبەرەکەی دەستگیرکرد، جگە لە بریندار، زیاتر لە (500) کەسیشیان کوشت، بەشێکی ئەو کوردە مەردانە، لەسەرجادە و نێوکۆڵانەکان، لەنێو ماڵ و شوێنی کاری خۆیان، لە سەربازگەی (سولەيمانی) و (شیوی مەرگ) گولەبارانکران، کە لە دوای ڕاپەڕینی گەلەکەمان، سەربازگەکەیان ڕوخان و ناوی (پارکی ئازاديى) لێ نرا.
سەرکردایەتی شۆڕشی (11. 9. 1961) دەبووایە، زۆر باش ئەو پارتە فاشییەی (بەعس)یان بناسیایە، هیچ بڕوایەکیان پێ نەبووایە، بە هیچ شێوەیە، هاوکارییان نەکردنایە و پشتی دەسەڵاتەکەی (عەبدولکەریم قاسم)یان بەرنەدایە. چونکە ئەو گفتوگۆ ژێربەژێرەی لەگەل (پارتی) کردیان و مافی ناناوەندێتیان بە کورد دا، هەر دوای (4) مانگ پەشیمانبوونەوە و بە خراپترین شێوەش، پەلاماری (کوردستان)یان دایەوە.
کەچی هەمان سەرکردایەتی و پارتی (بەعس)، جارێکی دیکە ساڵی (1970)، گفتوگۆیان دەسپێکردنەوە و ئەم جارەش، دوای (4) ساڵ و ساڵی (1974-1975)، گەورەترین دەستیان لە کورد و شۆڕشکەی وەشاند، لە ئەنجامیشدا شۆڕشەکە، بە هەرەسێکی گەورەی نەتەوەیی و ڕامیاریی ماڵوێرانکەرانە کۆتاییهات. بۆیە کورد دەبێ، هەمیشە وشیاربێ و باش بزانێ، لەگەڵ کێ ڕێکدەکەوێ و هەڵسوکەوتدەکا. پەند لە مێژووی پێوەندییەکان و گفتوگۆکانی خۆی وەرگرێ، دۆست و دوژمنی ڕاستەقینەی کورد، باش بناسێ و بڕوا بە دوژمن نەکا!
کهواته ئهوانه کین، ئهوڕۆ یادی دامهزراندنی ئهو سوپا فاشییه تاوانباره تاڵانکهرهی، دهوڵهتی (عێراق)ی داگیرکهر دهکهنهوه؟! له ئهوه دهچێ، گهر له ڕووی بیر و باوهڕ، دید و بۆچوون، خوو و ڕهوشتهوه، له ئاغا داگیرکهرهکانیان نهچن، شتێکی وایان له ئهوان کهمتر نهبێ!
ئاخر کوردێ گەر به ڕاستی کوردبێ، نیشتمانهکهی خۆی خۆشبووێ، خوێنی ڕهوانشادهکانی لهبیرنهچووبێتهوه، نهک ههر یادی ئهو ڕۆژهڕهشه ناکاتهوه، بهڵکوو ههزاران بهردیش، به دوایدا ههڵدهدا و تف له ئهو چارهنووسهش دهکا، که دوو گهلی داگیرکهر و داگیرکراو، سهردهس و ژێردهسی، له چوارچیوهی دهوڵهتێکی دیکتاتۆری دۆزهخ ئاسای وەک (عێراق)دا، به زۆر کۆکردووهتهوه!
ئاشکرایە، لای هەموو نەتەوەکانی سەر ڕووی زەوی، نیشتمان هێندە خۆشەویست و پیرۆزە، لە دڵ و دەروون، بیر و هۆش، باوەڕ و کردەوەی نیشتمانپەروەرەکانیدا دەژی. بۆ نموونە:
کیژە کوردی یۆگۆسلاڤی (لێپارادیچ)ی تەمەن (17) ساڵان، کۆمۆنیستێکی ڕەسەنی (سرب) بوو، دژی هێزەکانی داگیرکەری ئەڵمانیای نازیی دەجەنگا، تەقەی لە سەربازە داگیرکەرەکان کرد و گیرا. ساڵی (1943) فرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. پێش ئەوەی سزاکە جێبەجێبکەن، چانسێکیان دایە، گەر ناسنامەی هەڤاڵەکانی و سەرکردەکانی بدرکێنێ، ئەوا ئازادیدەکەن. بەڵام ئەو تێکۆشەرە خاوەن بیر و باوەڕە قایمە بەرزە، داواکارییەکەیانی ڕەتکردەوە و گوتی: من ناپاک نیم، ئەو ئازادییەش بە ناپاکی ناکڕم. بۆیە لەسیدارەیاندا و لەپێناوی خۆشەویستیی نیشتمانەکەیدا، مردنێکی سەربەرزانەی هەڵبژارد.
گومانی تیدا نییە، ئەوەتەی نەتەوەی کورديش هەیە، لەپێناوی سەرفرازیی و سەربەخۆیی (کوردستان)دا، هەرگیز درێغی لە تێكۆشان و گیانفیدایی نەکردووە، بە هەزاران قوربانیداوە. ئەو ڕۆڵە کوردانەی، لەپێناوی ڕزگاری (کوردستان) و سەربەخۆیی نەتەوەی کورددا، لە قوژبنی زیندانەکانی داگیرکەردا، لە ڕەشەکوژییەکەی سەربازگەی (سولەیمانی)، لەبەردەم هەڕەشە و ئازاردان، کوشتن و زیندەبەچاڵکردندا، سەریان بۆ سوپا و دەزگەکانی سیخوڕیی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) دانەنەواند و هیچیشیان نەدرکاند، وەریان بەرز و ئازابوون، گیانی خۆیان بە نیشتمانە خۆشەویستەکەیان بەخشی، تا کوردێکی نیشتمانپەروەر مابێ، لە دڵە گەورەکەی نەتەوەی کورددا دژین و هەرگیز لە یاد ناچن. چونکە نیشتمان موڵکی چەن سەرکردە و پارتێ نییە، گەر خراپ بن و لە ئەو ئاستە بەرزەی خەباتی کوردایەتیدا نەبن، تا لە قوربانیدان دوورکەونەوە و خۆیان بپارێزن، بەڵکوو موڵکی هەموو مرۆڤێکی کوردی خاوەن بیر، باوەڕ، دڵسۆز، بەئەمەک و بەئابڕووە!
لە کۆتاییشدا، وەک ئەمەکێ بۆ یادی ڕەوانشادانی ئەو کارەساتە گەورە خوێناوییە نەتەوەییەی، ڕۆژە ڕەشەکەی سەربازگەی (سولەیمانی)دا دەڵێم: با خوێنی هەموو ڕۆڵە کوردە تێکۆشەرە ڕەوانشادەکانمان بیرنەچێ، درووشمی سەرەکیمان، لێبووردن و یەکێتیی ڕیزەکانی گەل بێ، کەڵک لە ئەزموونەکانی خۆمان و گەلانی سەرکەوتووی جیهان وەرگرین، چی دیکە بڕوا بە دوژمنی داگیرکەر نەکەین، بە هەموو توانامانەوە، ئەم ئەزموونەی باشووری (کوردستان)یش بپاریزین و گەشەیپێبدەین.
نهمریی و سهربهرزی، بۆ ڕەوانشادانی ڕێی سهربهستيی کورد و سهربهخۆیی (کوردستان)، ڕەوانی ڕۆڵە کوردپەروەر و بەجەرگەکانی ڕەشەکوژییەکەی ڕۆژی (9. 6. 1963)ی سەربازگەی سولەیمانیی و (شیوی مەرگ) شادبێ .