کێشە و چارەسەر
هەر نەتەوەیەک، هەر کێشە و گرفتێکی نەتەوەیی، ڕامیاریی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی هەبوو، دەبێ، زۆر بە کوڵودلەوە بەڕەنگاریانبێتەوە، چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، نەک پشگوێیانخا. چونکە بە فەرامۆشکردنیان، هێندەی دیکە گرفتەکان گەورەتردەبن و چارەسەرکردنیشیان، زۆر سەختردەبن.
ئاخر ئەو گرفتانە، وەک نەخۆشیی وان، گەر هەر کەسێ تووشی نەخۆشییەکی کوشندەبوو، زوو فریای خۆی نەکەوێ، گوێ لە ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانی پزیشک نەگرێ، دەرمانی پێویست بەکارنەهێنێ، ئەوا رۆژبەڕۆژ خراپتردەبێ و جەستەی دادەڕزێنێ، لە ئەنجامیشدا دەیکوژێ!
هەلی مێژوویی و دەسوەشاندن
سەرکردەکانی گەل و نەتەوە پچووکە بێ پشتوپەنا ئازا و دڵسۆز و بلیمەتەکان، هەمیشە چاوەڕێی هەلێکی مێژوویی لەبار دەکەن، تا دەسێکی کوشندە، لە دوژمنە گەورە و زۆروزەبەندەکانیان بوەشێنن، بۆئەوەی بە کەمترین ماوە و زیان، بە ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆیان بگەن. بەڵام سەرکردەکانی گەل و نەتەوە ترسنۆک و خۆخۆر و گێلەکان، هەموو هەلێکی لەبار، لە کیس خۆیان و نەتەوەکەیان دەدەن! بۆ نموونە:
سەرکردەکانی دەوڵەتی (ئیسرایل)، ههستیان به ئەو مهترسییە گەورەیەی ئاساییشی نهتهوهیی خۆیان کردبوو. چونکە دەیانزانی، دەوڵەتە ئیسلامیی و عەرەبییەکان بە گشتی، (عێراق) و (سووریا) بە تایبەتی، ههڕهشه له بوون و ئاییندهی دەسەڵات و نیشتمانەکەیان دهکهن، بۆیە هەر زوو، چهکی کیمیایی و ئهتۆمییان پهیداکردبوو.
لەبەرئەوە ساڵی (1981)، هەلی یەکەمین جەنگی کەنداویان قۆستەوە، بۆمبارانی بنکهی ئهتۆمی (عێراق)یان کرد، پاشان ساڵی (2007)یش، بنکهی ئهتۆمیی (سووریا)شیان وێرانکرد.
ڕۆژێکیش دهبێ، بنکه ئهتۆمییهکهی (ئێران)یش وێرانکەن، چونکە (ئیسرایل) تهنیا (1600)کم له (ئێران)هوه دوورە و مەترسییەکی گەورەی، بۆ سەر مان و نەمانیان هەیە.
لەنێوان سەربەخۆیی و ئاییندا
گەر لە نێوان دەوڵەتی سەربەخۆی (کوردستان) و دەوڵەتی جێنشینی ئیسلامیدا، گشتپرسێ لەنێو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورددا سازکرێ، ئەوا زۆربەی نەتەوەی کورد بە گشتیی و ئیسلامی ڕامیاریی بە تایبەتی، دەنگ بۆ جۆری دووەمیان دەدەن. ئەمە بۆچی وایە؟! چونکە جگە لە ئەوەی، هەستی نەتەوەیی ڕۆڵەکانی کورد لاوازە، ئایینیش وەک تلیاک، کارێکی زۆر خراپی، لە هەست و هۆش، بیر و باوەڕیان کردووە!
لە ئەو بارەیەوە، دەوڵەمەنترین پیاوی چینیی (Jack Ma) گوتوویەتی: گەر پارە و مۆز، لەبەردەم کۆمەڵێ مەیمووندا دانێی، مۆزەکە هەڵدەبژێرن. چونکە نازانن، پارە مۆزی پتری پێ دەکڕرێ.
منیش دەڵێم: ئەوانەی سەربەخۆیی نیشتمان و دامەزراندنی دەوڵەتی (کوردستان) ڕەتدەکەنەوە، وەک ئەو مەیموونانە وان، چونکە نازانن، سەربەستیی لە ژێردەسیی هەموو جۆرە دەوڵەتێکی بیانیی باشترە.
ئاخر چۆن پارە، هەموو شتێکی پێ دەکڕری، سەربەستیی نەتەوەییش، لە هەموو داگیرکردن و دابەشکردن، دەسدرێژیی و ڕاونان، گرتن و کوشتنوبڕین، ئەنفال و کیمیابارانێ، نەتەوەکە دەپارێزێ.
لێرەدا هەر ئەوە ماوە، بڵێم: کاتێ کورد، مێژووی لەخوێنهەڵکێشراوی خۆی بیردەچێتەوە، دوژمنی داگیرکەر بە برا و براکانی خۆشی، بە دوژمن دەزانێ، سەربەستیی و سەربەخۆیی نیشتمانەکەی ڕەتدەکاتەوە، ئەوە کەرۆنۆلۆژیا و مەیمۆنۆلۆژیا نەبێ، هیچی دیکە نییە!