ئه‌وه‌ی تا ئێسته بۆمان ساغبووته‌وه، ئه‌وه‌مان بۆ دەسهلمێنێ: یه‌که‌مین که‌سێ له‌نێو کورددا، زمانی کوردی به‌پێی جیاوازییه‌کانی نێوانیان دابه‌شکردبێ، میر (شه‌ره‌فخانی به‌تلیسی 1543-1601 ز.) بوو. ئه‌و پیاوه مه‌زنه، پتر له چوار سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر، له شاکاره پڕ بایهخهکهیدا (شه‌ره‌فنامه)، زمانی کوردی به‌سه‌ر (4) دیالێکتی سەرەکیدا دابه‌شکردووه: (کرمانج، لووڕ، که‌ڵهووڕ و گۆران.) (1)
له راستیدا، ئه‌م دابه‌شکردنه، وه‌ک سه‌ره‌تا و بنچینه‌یه‌کی گرنگ وایه، دواتر زۆربه‌ی شاره‌زایانی زمانی کوردی، که‌ڵکیان لێ وه‌رگرتووه. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا، زۆر ساکاره و بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه ناشێ، چونکه سه‌رده‌مه‌که گۆڕاوه، خوێندن و خوێنده‌واری، له‌نێو کورددا بڵاوبووتەوە، پێشکه‌وتووه و گه‌لێ توێژینه‌وه‌ی زانستانه‌ی دیکەش، سه‌باره‌ت به ئه‌و بابه‌ته کراوه، جگە لە ئەوەی، هێندێ لە ئەو خواردیالێکتانە، زۆر لە یەکدی نزیکبوونەتەوە. بۆ نموونه: (تۆفیق وه‌هبی)، که شاره‌زایه‌کی ئه‌کادێمیی و زمانه‌وان بوو، چه‌ن زمانێکیشی زانیوه، زمانی کوردی به‌سه‌ر (4) دیالێکت و چەن خواردیالێکتێکدا دابه‌شکردووه:
دیالێکتی کرمانجی: لە دوو خواردیالێکتێک پێکهاتووە.
کرمانجی ژووروو: وه‌ک (بادینانی، بۆتانی، ئاشتیانی، هه‌کاری و بایه‌زیدی).
کرمانجی خواروو: وه‌ک (موکری، مهابادی، سۆرانی، هه‌ولێری، سوله‌یمانی، سوله‌یمانیی و که‌رکووکی، سنه‌یی و ئه‌رده‌لانی).
دیالێکتی لووڕی: وه‌ک (به‌ختیاری، له‌ک، فه‌یلی، که‌ڵهووڕ و مامه‌سه‌نی).
دیالێکتی گۆران: وه‌ک (باجه‌لانی، کاکه‌یی، زه‌نگنه‌یی و هه‌ورامانی).
دیالێکتی زازایی. (2)
هه‌ڵبه‌ته ئه‌م دابه‌شکردنه‌ش، تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر، بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه زۆر گونجاوبووه. به‌ڵام وا بزانم، ئه‌وڕۆ هێندێ له ئه‌و لقهدیالێکتانه، به ته‌واوی له یه‌کدی نزیکبوونه‌ته‌وه. له‌به‌رئه‌وه ژماره‌کانیان که‌مبوونه‌ته‌وه. بۆ نموونه:
له بهشهدیالێکتی کرمانجی خواروودا، هه‌ردوو لقهدیالێکتی (موکری) و (مهابادی)، یا لقهدیالێکتهکانی (سوله‌یمانی و که‌رکووکی، سنه‌یی و ئه‌رده‌لانی)، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌نێواندا نه‌ماوه!
ئه‌ز پێم وایه، ئه‌و دابه‌شکردنه‌ی زانای گه‌وره (تۆفیق وه‌هبی)، ده‌وروبه‌ری (95) ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر کردوویه‌تی، له هه‌موو دابه‌شکردنه‌کانی دیکه، زانستانه‌تره و تا ئه‌وڕۆش، بایه‌خی تایبه‌تی خۆی له‌ده‌س نه‌داوه. له هه‌مووشیان ڕێکوپێکتر، زمانی کوردی پۆلێنکردووه.
هه‌رچی چۆنێ بێ، جیاوازی لە نێوان دیالێکتەکاندا هەیە، چونکە نه وشه‌ی (ماچۆ)ی هه‌ورامانی، له وشه‌ی (یه‌ژم)ی لووڕی ده‌چێ، نه وشه‌ی (ده‌ڵێم)ی کرمانجی خواروو، له وشه‌ی (گوتم)ی کرمانجی ژووروو ده‌چێ، به‌ڵکوو هیچیان له هیچیان ناچن، بۆیه ئه‌و چوار دیالێکته سه‌ره‌کییه‌مان هه‌یه!
به‌ڵام به‌پێی توێژینه‌وه‌ی نوێی زانستی زمانه‌وانیش بێ، دیالێکته‌کانی هه‌موو زمانێ، به ئه‌م شیوه‌یه دابه‌شده‌کرێن:
دیالێکتی ستاندارد.
دیالێکتی ڕه‌گه‌زیی.
دیالێکتی جوگرافیایی.
دیالێکتی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. (3)
* * *
سەرچاوەکان
شه‌ره‌فخانی بدلیسی، شه‌ره‌فنامه، چ 2، 1981، ل 29 .
زوبێر بلال اسماعیل، مێژووی زمانی کوردی، به‌غداد، 1984، ل 115-116.
فوئاد حه‌مه‌خورشید، زمانی کوردی دابه‌شبوونی جوگرافیایی دیالێکته‌کانی، به‌غدا، 1985، ل 89.