لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی (1991)ەوە، گەلی کورد لە باشووری (کوردستان)، داوای سیستەمی فیدراڵی کردووە و ویستوویەتی، هەرێمێکی فیدراڵ دامەزرێنێ. بەڵام سەرکردەی پارتەکان، ڕوونیان نەکردووەتەوە، چ جۆرە فیدراڵییەکیان دەوێ؟!
ئەز چەن جارێ، چ بە چاوپێکەوتن و چ بە نووسین، چ لە هەندەران و چ لە (کوردستان)، باسی کێشەی فیدراڵیم کردووە و کۆڕم لەسەر گرتووە. تەنانەت ساڵی (1996)، یەکەمین چاپی پەرتووکی (فیدراڵیزم و دەوڵەتی فیدراڵ)م لە (سوید)، هەر لە هەمان ساڵدا، لە (کوردستان) دووەمین چاپ، پاشان ساڵی (2004)یش، جارێکی دیکە سێیەمین چاپم لە (کوردستان) بڵاوکردووەتەوە. بەڵام بابەتەکەم، بە گەلێ باس و نموونەی نوێی دیکە دەوڵەمەندترکردووە.
لە هەر (3) چاپەکەدا، سەبارەت بە سیستەمی فیدراڵ نووسیومە: (گەر گەلی کورد، لە باشووری کوردستان نەتوانێ، سەربەخۆیی تەواو بەدەسبێنێ و دەوڵەتێکی نەتەوەیی دامەزرێنێ، بە ئەوە قایلبێ، لەنێو چوارچێوەی سنووری دەوڵەتی عێراقدا بمێنێتەوە، دەسەڵاتدارانی بەغداش، دان بە مافی فیدراڵیدا بنێن، زۆربەی گەلی باشووری کوردستان، لە گشتپرسێکی ئازادانەدا، بڕیار لەسەر مانەوە لە عێراقدا بدەن، بەپێکەوە ژیان و سیستەمی فیدراڵ قایلبن، ئەو کاتە باشتر وایە، تەنیا هەر هەرێمی کوردستان فیدراڵ نەبێ، بەڵکوو بۆ کورد وا باشترە، عێراقێکی یەکگرتووی دێمۆکراسیی فیدراڵ دامەزرێ، لە ئەو دەوڵەتە فیدراڵەدا، سەرەتاکانی ئازادیی و دێمۆکراسیی پێڕەوکرێ، دەسەڵاتی ڕامیاریش بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان، لە نێوان نێوچە جیاجیاکانی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا دابەشکرێ.
بە بڕوای من، گەر دەوڵەتی عێراق، لەسەر بنچینەی نێوچەی جوگرافیا، یا ئایینزا دابەشکرێ، ئەوا چەندین جار، بۆ گەلی کورد باشترە. چونکە تا خاکی عێراق، پتر لەتوپەتکرێ، تا دەسەڵاتی دەوڵەتی نێوەندیی، بەسەر نێوچەکانی دیکەی عێراقدا دابەشکرێ و شێوەی ناناوەندێتی وەرگرێ، دەسەڵاتی ڕامیاریی نێوەندیی میریی بەغدا، کەمدەبێتەوە و دێمۆکراسیی باشتر دەچەسپێ، هەموو نێوچە و هەرێمەکانیش، بە مافی تەواوی خۆیان دەگەن. واتە گەر بە ئەو شێوەیە بێ، عێراق دەبێ، وەک دەسەڵاتی دەوڵەت، سیستەمی فەرمانرەوایی و ڕامیاریی، بەسەر (3) هەرێمی فیدراڵدا دابەشکری:
هەرێمێکی فیدراڵ لە خوارووی عێراق بۆ شیعە عەرەبەکان.
هەرێمێکی فیدراڵ لە نێوەڕاستی عێراق بۆ سووننە عەرەبەکان.
هەرێمێکی فیدراڵ بۆ گەلی باشووری کوردستان.
واتە: سێ هەرێمی فیدراڵی نێوخۆیی یاسایی، خاوەن دەستووری تایبەتی بە هەرێمەکان دامەزرێنرێ، هەر سێ هەرێمەکەش، لە دەوڵەتی کۆماری نێوەندیی عیراقی فیدراڵدا بەشداریبکەن.)*
بە شێوەیەکی گشتیی، مافی دیاریکردنی چارەنووس، ئەم مافانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
یاسای پارێزگەکان،
ناناوەندێتی بەڕێوەبەرێتی نێوخۆیی.
ئۆتۆنۆمی نێوخۆیی.
ئۆتۆنۆمی نێودەوڵەتی.
فیدراڵی.
کۆنفیدراڵی.
سەربەخۆیی تەواو و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی. *
واتە سیستەمی فیدراڵ، لە ڕیزبەندیی مافی چارەنووسی گەلانی بندەسدا، بە پلەی (5)هەمین دێ.
لە ڕاستیدا، لە دەوڵەتێکی فرە نەتەوە، فرە ئایین و ئایینزادا دەتوانرێ، کەڵک لە سیستەمی فیدراڵ و جوگرافیایی وەرگیرێ. لەبەر ڕۆشنایی ئایین و ئایینزا جیاوازەکاندا، نێوچە جوگرافیاکانی جیاکرێنەوە و فیدراڵییەکی گونجاو دامەزرێنرێ. بۆ نموونە: دەوڵەتێکی وەک (لوبنان)، لە باشوور زۆربەی موسوڵمانی شیعەی لێ دەژی. لە نێوچەی باکووریش، زۆرینە لە فەلەکان پێکهاتوون. گەر گەلی (لوبنان) بیانەوێ، پێکەوە بژین و یەکێتیی خاکەکەیان بپارێزن، ئەوا دەتوانن، لە سایەی سیستەمێکی ڕامیاریی و جوگرافیایی، دوو هەرێمی جیاوازی فیدراڵ دامەزرێنن.
هەر بۆ ئەم مەبەستەش، چەن جارێ لە نزیکەوە، چاوم بە خوالێخۆشبوو (جەلال تاڵەبانیی) کەوتووە. بەڵام لێرەدا هێندەی پێوەندیی بە ئەم باسەوە هەبێ، تەنیا هەر ئەم دیدارە باسدەکەم.
ڕۆژی (18. 10. 2002)، لە (قەڵاچوالان)، چاوم بە (مام جەلال) کەوت. سهبارهت به دهوڵهتی فیدراڵ گفتوگۆمانکرد. کاک (بەرزانی ئەحمەد کوردە)ش، ئامادەی دانیشتنەکە بوو، ئەو کاتە سکرتێری بوو.
گوتم: ئەم فیدراڵییەی ئێمە بێ وێنەیە، چونکە لە جیهاندا نەبووە و نەبیسراوە، دهوڵهتێ تهنیا هەر ههرێمێکی فیدراڵیی بێ و نێوچهکانی دیکهشی، جۆره سیستهمێکی سەنترالیزمی دیکتاتۆریی ههبێ.
ئەویش گوتی: ئهی تۆ چی پێشنیازدهکهی؟
گوتم: بۆ کورد وا باشترە، تەنیا باشووری (کوردستان)، فیدراڵیی نەبێ، بەڵکوو هەوڵبدەن، (عێراق) بەسەر چەن نێوچەیەکی جوگرافیایی و چەن هەرێمێکی فیدراڵدا دابەشکرێ، وەک ئەوەی سێ هەرێمی جیاوازی فیدراڵ هەبێ، دوو هەرێمی فیدراڵ، لەبەر ڕۆشنایی ئایینزا بۆ عەرەبەکان، یەکەمین لە خواروو بۆ شیعە، دووەمین لە نێوەڕاست بۆ سووننە. سێیەمینیش لە (کوردستان)، هەرێمێکی فیدراڵی جوگرافیایی و ڕامیاریی، بۆ گەلی کورد دامەزرێ. چونکە وا نەبێ، سیستەمی فیدراڵیی، تەنیا هەر بۆ کورد سەرناگرێ و لە زۆر ڕووەوە، زیانی لێ دەکەین. ئاخر ناکرێ، دەوڵەتێ تەنیا هەر هەرێمێکی فیدراڵیی بێ و نێوچەکانی دیکەشی، جۆرە سیستەمێکی دیکەی هەبێ، بەڵکوو دەبێ، دەوڵەتەکە هەمووی فیدراڵیی بێ. ئەگینا ئەو فیدراڵییەی ئێمە، هێز و توانای نابێ، چونکە عەرەبەکان زۆربەن و ئێمە کەمینەین. ئەو کاتە ئەنجوومەنێکی فیدراڵ دادەمەزرێ، هەر سێ هەرێمە فیدراڵەکە، وەک یەک دەنگیان دەبێ، زۆرینە و کەمینەی نەتەوەیی نامێنێ!
بە دەنگێکی بەرز گوتی: جا خۆ ئێمە ناچین، بەسەر عەرەبەکەندا بیسەپێنین و بڵێین: ئێوەش هەر دەبێ، داوای فیدراڵیی بکەن.
منیش گوتم: ئەوان خۆیان داوایدەکەن و نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای شۆرشی ئیسلامیی و (ئیاد جەمالەدین)یش، لە چاوپێکەوتنێکی (کوردسات)دا گوتیان: (عێراق پێویستی بە چەن فیدراڵییەک هەیە.) ئێوەش هانیانبدەن و پشگیریی پڕۆژەکەیان بکەن. *
مامیش گوتی: نەمبیستووە، لە کاک (بەرزان)ی پرسی: شتی وا هەیە؟!
ئەویش گوتی: بەڵی خۆم گوێم لێ بووە.
لە کۆتاییشدا دەڵێم: ئێستەش لەسەر هەمان بۆچوونەکانی خۆم سوورم و پێویستە، (عێراق) بەسەر چەن هەرێمێکی فیدراڵدا دابەشکرێ. یەکەم کوردستانی فیدراڵ. نێوچەی سووننەنشینەکان لە نێوەڕاست و شیعەنشینەکانیش، لە خوارووی (عێراق)، دوو هەرێمی فیدراڵ بۆ خۆیان دامەزرێنن. بە تایبەتی ئەوڕۆ، بارەکە لەبارە و دانیشتووانی (بەسرە) و سوونەکانیش، داوای هەرێمی فیدراڵ دەکەن. چونکە هیچ گەرەنتییەک نییە، لە ئاییندەدا، ئەم سیستەمە تەنیا بۆ کورد هەڵ نەوەشێتەوە.
تەنانەت ڕۆژی (7. 12. 2004)یش، لە هاوینەهەواری (دووکان)، لە کۆڕێکدا لە هۆڵی (شەهید عەلی عەسکەری)، لە (مام جەلال)م پرسی: بەڕێزتان شارەزای یاسان و باشیش دەزانن، سیستەمی فیدراڵ چییە. ئایا هیچ گەرەنتییەک هەیە، ئەم سیستەمە تا سەر بمێنێ و ڕەت نەکرێتەوە؟!
گوتی: نەخیر.
بۆیە پێویستە، سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان) و پەرلەمانی هەرێم، پشگیریی ئەم پڕۆژەیە بکەن و بیچەسپێنن، تا (کوردستان) و سیستەمی فیدراڵ، لە مەترسیی دەستێوەردان و هەڵوەشاندنەوە بپارێزین. ئەگینا گەر ئەم کارە گرنگە نەکەن، وا دیارە ئاییندەی گەلی کورد و سیستەمی فیدراڵ، بەلایانەوە زۆر گرنگ نییە، بەڵکوو ئەوەی زۆر بایەخی پێ دەدەن، تەنیا هەر ململانێی دەسەڵاتە، تا لە پەرلەمان و میریی (عێراق)دا، پلەوپایەی پتریان بەرکەوێ. هەردوو باڵەکەی (جەلالیی) و (مەلایی)ش، وەک کەوی خۆخۆر، پەڕ و باڵی یەکدی هەڵکێشن، بۆئەوەی بە تەواویی، دەسبەسەر هەموو دەزگەکانی دەسەڵاتی باشوری (کوردستان)دا بگرێ، وەک پاشای بکوژ و ببڕیش، لەسەر تەختی دەسەڵاتی نابووتی دانیشێ!