گەلێ جار، هێندێ کەس هەر لە خۆیانەوە، تفەنگیان بە تاریکەشەوەوە ناوە و لەسەر پارتێکی دیاریکراو ناونووسیانکردووم. یا هێندێ هاوڕێ لێیان پرسیوم: لەگەڵ کام پارتدا کاردەکەی؟! لەبەرئەوە لێرەدا دەمەوێ، سەبارەت بە ئەو باسە، زۆر بە ڕاشکاویی، باری سەرنجی خۆم، بۆ هەموو کەس و لایەنێ ڕوونکەمەوە.
* * *
ئەز بەگوێرەی تەمەنی خۆم، بەپێی ئەو سەردەمەی تێیدا ژیاوم و گەورەبووم، ئەزموونێکی دەوڵەمەند و زۆرم، لە بواری تێکۆشان و پارتایەتیدا هەیە. بەڵام کاتێ بە تەواویی لێی تێگەیشتم، بە تەرازووی ژیربێژیی، هەردوو بەرژەوەندیی پارتپارتێنە و کوردایەتی ڕاستینەم کێشا، کوردایەتیم هەڵبژارد، ئیدی بۆ تاهەتایە بڕیارمدا، واز لە پارتایەتی بێنم و لێی تەکیمەوە. بۆیە ڕۆژی (13. 7. 1981)، وازم لە (پاسۆک) هێنا، لەنێو ئاوی زەریای خاوێنی کوردایەتیدا، لەشپیسیی پارتایەتی خۆم دەرکرد و بە تەواویی، لە کۆڕی خەباتی پارتپارتێنە کشامەوە! چونکە:
1. ئەز خۆم بە کوردێکی نەتەوەیی دێمۆکراسیخوازی بێلایەن دەزانم. بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەکەم، لەسەروو بەرژەوەندیی تەسکی هەموو پارتەکانی (کوردستان)ەوە دادەنێم. لە هەمان کاتیشدا، خۆم بە دۆستی هەموو پارتەکان دەزانم، بەڵام چاو لە هەڵە و ناپاکییەکانیان نانووقێنم، بەڵکوو بە چاک دەڵیم: چاک و بە خراپیش دەڵێم: خراپ. هەڵوێست و نووسینەکانیشم، گەواهی ئەم ڕاستییەم بۆ دەدەن!
2. پێم وایە، لە یەکەمین ناکۆکیی و دووبەرەکیی، نێوان هەردوو باڵەکەی (جەلالیی) و مەلایی)، ساڵی (1964)ی شۆرشی (11. 9. 1961)ەوە، کوردایەتی ڕاستەقینە و خاوێن، لە باشووری (کوردستان) نەماوە.
سەبارەت بە ئەو دوو باڵەش، ساڵی (1997) لە پەرتووکی (ڕۆڵی سیستێمی بنەماڵە، لە بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستاندا)، زۆر بە ڕاشکاویی، بە دوو سێوی لقەدارێکم چواندوون!
3. ئەوڕۆ هەردوو باڵەکەی بزووتنەوەی کوردایەتی (جەلالیی) و (مەلایی)، وەک ترومبیلێکی گەورە وان، دوو سووکانی هەبێ و دوو شۆڤێریش لێی بخوڕن. هەر سووکانێکیشیان، بە دەس دەوڵەتێکی داگیرکەری (کوردستان)ەوە بێ و بەگوێرەی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان، لێی بخوڕن!
مێژووش سەلماندوویەتی: نەک هەر (کوردستان)، بەڵکوو هیچ وڵاتێکی دیکەی بندەسی ئەم جیهانەش، بە ناکۆکیی و دووبەرەکیی، نێوان ڕیزەکانی گەل، ناپاکیی و جەنگی نێوخۆ، جەردە و قاچاخچی، دوژمنی گەل و تاڵانچی، جاش و کۆیلە ناتوانن، شۆڕشێکی نەتەوەیی ڕاست و خاوێن بەرپابکەن و گەلەکانیان ڕزگارکەن!