بەشی یەکەم
دەگێڕنەوە، لە کۆندا گەورەپیاوان و دەسەڵاتداران، نۆکەر و پیاوەکانی خۆیانیان دەخەساند، تا ناپاکییان لێ نەکەن، دەس بۆ ئابڕووی هاوسەر و کیژەکانیان نەبەن. بەڵام ئەوڕۆ، هێندێ لە سەرانی پارتە ڕامیارییەکانی (کوردستان) دەیانەوێ، مێشکی ڕۆڵەکانی گەل بە گشتیی و ئەندامەکانی خۆیان بە تایبەتی بخەسێنن، بۆئەوەی کار و کردەوە خراپەکانیان لەقاونەدەن، جەماوەری گەل وەک مێگەل لێخووڕن، بیری پیرۆزی کوردایەتی و کودستانیزم، لە بیر و هۆشیاندا بتاسێنن، بە بیری نامۆی زۆڵەکی عێراقچێتی مووتووربەیانکەن!
ڕاستیان فەرمووە، سەگ لە سەڕبڕخانە نەمرێ، تەمەنی بە خۆڕایی دەڕوا! جا کوردە عێراقچییەکان، گەر لە سەربڕخانەی (عێراق)دا نەمرن، دڵیان بۆ (بەغدا)ی پایتەختی تاوان لێ نەدا، ناحەوێنەوە و خەو لە چاوانیان ناکەوێ. چونکە وەک پەندەکە دەڵێ: وەک سەگی کونەماسی وان، لە (کوردستان) دەژین، کەچی پاسی جڕتاوی (عێراق) دەکەن!
لە ڕاستیدا، لە ئەوە دەترسم، ڕۆژێ لە ڕۆژان، چانسی کورد یاربێ، زلهێزەکانی جیهان بڕیاربدەن، دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ، بۆ گەلی باشووری (کوردستان) دامەزرێنن، کەچی چەن عێراقچییەکی بێگانەپەرست دژبن و رەتیکەنەوە. وەک چۆن لە (خۆرهەڵاتی تەیموور)، کۆمەڵێ میلیشیای چڵکاوخۆری بەکرێگیراوی سەر بە دەوڵەتی (ئەندەنووسیا) پەیدابوون، ئاژاوەیەکی گەورەیان نایەوە، دژی ئازادیی و سەربەخۆیی نیشتمانەکەیان وەستان، دوای ئەوەی لە گشتپرسێکی ئازادانەدا، ڕۆڵەکانی گەل بە زۆربەی دەنگ، بڕیاری سەربەخۆییان دا!
ئێمەی کورد، لەگەڵ هەموو تیۆرییەکانی کوردایەتی فراوان، عێراقچێتی، دێمۆکراسی بۆ (عێراق)، برایەتی کوردی بندەس و گەلی باڵادەسی عەرەب، ئایدۆلۆژیای خەباتی نێوکۆیی، بەرژەوەندیی هاوبەشی پڕۆلیتاریای دەوڵەتێکی فرە نەتەوە و نیشتمان، کۆماری هاوبەش، هەموو لق و بەشەکانی باوەڕی سۆسیالیزم، ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی مارکسیزم، ئەزموونێکی زۆر باشمان هەیە، تا ئێستەش لە هیچیاندا سەرکەوتوو نەبووین. چونکە بیرکردنەوەمان کوردستانیانە نەبووە، هەوڵ و کۆششەکانمان بۆ خۆمان و نەتەوەکەمان نەبووە، هێز و توانامان، لە راژەی دوژمنان و داگیرکەرانی نیشتمانەکەماندا بووە، میتۆدەکەشمان هەر لە کوشتنی پیاوخراپ، جەنگی بەرەیی، گفتوگۆکردن، لەدەسدانی هەلی مێژوویی، خەباتی دیپلۆماسیی و پڕوپاگەندەکردنەوە بیگرە، تا بە جەنگی نێوخۆی نێوزڕاوی چەپەڵی کوردقران، ناڕێکیی، ناتەبایی، یەکنەگرتنی ڕێکخراو و پارتە ڕامیارییەکان و ڕیزەکانی گەلی کورد دەگا، هەڵەبووە. لە ڕووی رابەریشەوە، هەرگیز نەتەوەی کورد، هێندەی ئەوڕۆ بێ ڕابەر و سەرکردە نەبووە، یەکنەگرتوو نەبووە، هەرگیز هێندە لەنێوخۆدا، ناکۆک و ناتەباش نەبووە!
سەرانی پارتەکانی (کوردستان) پێویستە، ئەوە باش بزانن، هەروەها دەبێ، لای ڕۆڵەکانی گەلەکەشمان ئاشکرابێ، بۆ دۆست و دووژمن و گەلانی جیهانیشی روونکەینەوە، کێشەی کورد لەگەڵ پەرۆش و دڵسۆزیی بۆ خاک و دەوڵەتی (عێراق) جیاوازە، بە هیچ جۆرێ نابێ، ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە، بە دەوڵەتی خۆمان بزانین، بەڵکوو دەبێ، بە شێوەیەکی بەردەوام هەوڵبدەین، ئەو ڕاستییە بە گوێی سەرانی داگیرکەردا بدەین، کە باشووری (کوردستان)، بەشێ لە (عێراق) نییە، پێوەندیی برایەتیی گاڵتەقینە و دۆستایەتی ڕاستەقینە، جیاوازییان هەیە. چونکە برایەتی بێ ڕێزی بەرانبەریی، بە کەڵکی هیچ لایەکمان نایە. دۆستایەتی ڕاستەقینەش، تەنیا هەر ئەو کاتە درووستدەبێ، کە گەلی عەرەب دان بە هەموو مافە نەتەوەییە ڕەواکانی گەلی کورددا بنێ. چونکە نە کورد دەبێ بە عەرەب و نەعەرەبیش دەبێ بە کورد، نە باشوووری (کوردستان)، بەشێ لە (عێراق) و نە (عێراق)یش بە بەشێ لە (کوردستان) دادەنرێن. بەڵکوو باشووری (کوردستان)، بەشێ لە (کوردستان)ی گەورە و خاکی (عێراق)ی عەرەبیش، بەشێ لە خاکی نەتەوەی عەرەب دادەنرێن. ئەوی لە ئەم ڕاستییەش لابدا، ئەوا جگە لە دەردیسەریی و ماڵوێرانیی، ناکۆکیی و جەنگ، هیچی دیکەی دەس ناکەوێ. چونکە (ململانێ، ناکۆکیی و بەربەرەکانێی نێوان نەتەوەی کورد و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)، تەنیا ململانێیەکی ڕامیاریی و چەکداریی ڕووت نییە، بە بەدیهێنانی چەن ئامانجێکی کاتیی وەک مافی (ئۆتۆنۆمیی ـــ فیدراڵیی) چارەسەرکرێ و کۆتاییپێبێ. بەڵکوو لە زنجیرەیە ململانێی مێژوویی دوورودرێژ پێکهاتووە، هەر لە سەرەتای داگیرکردنی (کوردستان)ەوە دەسپێدەکا، هەرگیزاوهەرگیزیش کۆتایی نایە، تا دوا سەربازی پۆستاڵڕەشی سوپاکانیان، دوا دەزگەی بەڕێوەبەرێتی دەوڵەت، لە (کوردستان) باروبارخانەیان، بنکە و بارەگاکانیان نەپێچنەوە، (کوردستان) چۆڵ نەکەن و نەڕۆن. واتە: ململانێیەکی چارەنووسسازانەی گەورەی نەتەوەیی مێژوویی کۆنە، بنەماکەی لەسەر بنچینەی ڕزگاریی تەواو، سەربەخۆیی ڕاستەقینە، ئازادییەکی ڕاست و ڕەوانی بستبەستی خاکی (کوردستان) و مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد دامەزراوە، کە خۆی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەییدا دەنوێنێ.) (3، ل291)