کورتەی ژیان
(ئەحمەد حەسەن عەلی قوبانچی)، ڕۆژی (2. 6. 1958)، لە شاری (نەجەف) لەدایکبووە. لە بنەماڵەیەکی ناسراوی ئایینیی و ئایینزای شیعەیە. ساڵی (1974) لە (نەجەف)، بابەتەکانی ئایینیی، لای (موحەممەد باقر ئەلسەدر) خوێندووە. لەبەر ڕەوشی ڕامیاریی (عێراق) و بەهۆی لەسێدارەدانی هێندێ لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، ساڵی (1979) نیشتمانەکەی خۆی بەجێهێشتووە. سەرەتا لە (سووریا) و (لوبنان) گیرساوەتەوە، پاشان لە (ئێران) جێگیربووە. بابەتە ئایینییەکانی خوێندووە و بە پلەی بەرز، خوێندنی لە (حەوزەی قوم) تەواوکردووە. هەر لە ئەو ماوەیەشدا، بیر و هۆشی گەشەیکردووە. هەروەها لە سەرەتای جەنگی (عێراق - ئێران)یشدا، بەشداریی لە جەنگەکەدا کردووە و لە بەرکانی جەنگدا، دەست و قاچی لای ڕاستی برینداربووە و بە تەواویی چاک نەبووەتەوە و تا ئێستەش لەکارکەوتووە. پاشان ساڵی (2008)، بۆ (عێراق) گەڕاوەتەوە.
چالاکیی ڕۆشنبیریی و تیۆریی
(قوبانچی)، لە ئەم ساڵانەی دواییدا دەرکەوت، لە تێگەیشتن و شیکردنەوەی بابەتە ئایینییەکاندا، بە یەکێ لە توێژەر و نووسەرە گەورە دیارەکانی ڕێبازی ژیربێژیی دەژمێررێ. توێژەر و نووسەرێکی ئایینیی فرە بەرهەم و جەسووری ناسراوە. تا ئێستە، (15) بەرهەمی چاپکردووە و (19) پەرتووکیشی وەرگێڕاوە.
بیر و باوەڕی سەبارەت بە ئایین و خواپەرستیی
(قوبانچی)، بڕوایەکی تەواوی بە فرەئایینیی لیبراڵیی و ئایینزایی و ئیسلامێکی هاوچەرخ هەیە. لەگەڵ دادپەروەریی و مافەکانی مرۆ، گۆڕانکاریی و ژیانی ئاسایی مرۆدا بگونجێ. چونکە پێی وایە، (تقوسی ئایینیی)، کاری بە بیر و بڕواوە نییە، تەنیا هەر درووشم و توێکڵ نەبێ، هیچی دیکە نییە، بەڵکوو بیری تاکپەرستیی ڕەسەن، لە بیری ویژدانیی، خۆشەویستیی خوا و خەڵکدا خۆی دەبینێ. بۆیە داوادەکا، ئایین لە کاری ڕامیاریی و دەسەڵات جیاکرێتەوە و تێکەلاونەکرێ.
سەبارەت بە ڕاستینەی سرووش، بە هیچ شێوەیە، بڕوای پێ نییە. چونکە پێی وایە، پەیامبەران سرووشیان بۆ نەهاتووە، خۆیان پەرتووکە ئایینییەکانیان نووسیوە و پەروەردگار بۆی نەناردوون. لەبەرئەوە قورعان یا هەر پەرتووکێکی ئایینیی دیکە بێ، قسەی خوا نییە، بەڵکوو لە ویژدانی پەیامبەران خۆیانەوە هاتووە، لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە، بە تەنگ چاککردنی کاروباری خەڵکەوە هاتوون، بەڵام خوا پەسەندیکردوون. لەبەرئەوە هیچ پێوەنییەکیش، لە نێوان خوای درووسکەر و مرۆدا نییە، بەڵکوو ئەو پێوەندییە، تەنیا لەڕێی ویژدانی نێوخۆوە هەیە، کە لەڕێی هێندێ بەهای زکماکییەوە درووستدەبێ.
هەروەها سەبارەت بە کێشە و باسی بەهەشت و دۆزەخ، چیرۆکە جۆراوجۆرەکانی قورعانیش، پێی وایە، مەرج نییە، شتێکی ڕاستەقینە بن، بەڵکوو لە ئەو کاتانەدا نووسراون و پێویستبوون، باسبکرین، تا سەرنجی کۆمەڵانی خەڵک، لە ئەو سەردەمانەدا بەلای ئایین و خواپەرستیدا راکێشن، پتر بڕوا بە ئایینەکە و پەیامبەرەکەی بێنن.
(قوبانچی) و کورد
نووسەر سەبارەت بە نەتەوەی کورد، زۆر بە ڕاشکاویی نووسیوێتی: (من لەبەرئەوەی عەرەبم، کاتێ ئایینی ئیسلامم وەرگرتووە، بەڵگەم هەبووە. چونکە قورعانم بە پەڕجوو داناوە، وشەکانیشی لەسەروو توانای تێگەیشتنی زمانەوانیی منەوەیە. دووەمیش (موحەممەد) عەرەبە. هیچ زیانێکی تێدا نییە، بە سەرکردە و پەیامبەری خۆمی بزانم.
بەڵام سەیرم لێ دێ، برایانی کورد چی لە قورعان تێگەیشتوون و ڕێیان بە خۆیان داوە، تا پەیامبەرێ سەرکردایەتییانبکا، لە نەتەوەی خۆیان نەبێ. من دڵنیام، گەر(موحەممەد) کورد بووایە، بە هیچ شێوەیە، یەک عەرەب دوای نەدەکەوت. بە تایبەتی گەر قورعانەکەی، بە زمانی کوردیی بووایە!)
* * *
منیش دەڵێم: گەر بە وردیی، لە ئەم دید و بۆچوونانەی (قوبانچی) وردبینەوە، لەگەڵ دەقە ئایینییەکانی قورعان و فەرموودەکانی پەیامبەر (موحەممەد)دا بەراوردیانکەین، دوو ڕێباز و دیدی جیاوازمان بۆ دەردەکەوێ. ئەوەی ئەم نووسەرەش، سەبارەت بە ئایین بە گشتیی، ئایینی ئیسلام و پەیامبەرەکەی بە تایبەتی، گوتوویەتی و نووسیوێتی، گەر هەر کوردێکی خواناس یا گومڕا بیگوتایە و بینووسیایە، گومانی تێدا نییە، موسوڵمانە کوردە فەناتیکەکان، لە مێژبوو، بە چەقۆیەکی کول، سەریان لە جەستەی جیادەکردەوە!