بەشی سێیەم و کۆتایی
پەندی مێژوویی
ئه‌وڕۆ نزیکەی (171) ساڵ، به‌سه‌ر ڕوخاندنی ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی میره‌کانی (بابان) و (56) ساڵی ڕێکێش، به‌سه‌ر یه‌که‌مین جه‌نگه چه‌په‌ڵه‌که‌ی، ئه‌زموونی سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی چه‌کداریی ساڵی (1961)ی، نێوان هەردوو باڵەکەی (جه‌لالیی) و (مه‌لایی)دا تێپه‌ڕده‌بێ. که‌چی تا ئێسته‌ش، هیچ شتێ له شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی پاوه‌نخوازیی و شوێنی جه‌نگه کوردکوژییهکه نه‌گۆڕاوه، ته‌نیا هه‌ر کات، ئامراز و بووکه‌ڵه‌کانی سه‌رشانۆی ڕامیاریی و جه‌نگ، دارشه‌قه‌کانی بنهه‌نگڵی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی (کوردستان) گۆڕاوه و به شێوه‌یه له شێوه‌کان، جه‌نگه‌که‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه!
ئه‌م جه‌نگه نێوخۆییه ماڵوێرانکه‌رانه‌یه‌ی کورد، له جه‌نگه خوێناوییه‌که‌ی نێوان هه‌ردوو ئایینزای شیعه و سووننه‌ی عه‌ره‌به‌کان ده‌چێ، پتر له (1400) ساڵه هه‌ڵگیرساوه، که‌چی تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه و ئه‌و ئاگره‌سووره، هه‌ر نه‌کوژاوه‌ته‌وه!
شتێکی زۆر سەیر نییە، گەر دوو پارت و دوو بنەماڵەی کوردیی، پێکەوە هەڵ نەکەن، بەڵام سەیر ئەوەیە، هەر لایەکیان، لەگەڵ دەوڵەتێکی داگیرکەری تا سەر ئێسک دوژمنی کورد، دژی یەکدی ڕێکبکەون، چونکە سەرانسەری مێژووی لەخوێنهەڵکێشراوی کورد، بە ئەم جۆرە نموونە ناکۆکیی و ناپاکییانە ڕازاوەتەوە، بۆیە بە هیچ نەبووین!
گومانی تێدا نییه، داگیرکه‌رانی (کوردستان)، هه‌ر هه‌مان داگیرکه‌رانی ساڵانی پێشوون، هه‌ر هه‌مان به‌رنامه‌ی تۆوبڕکردنی کوردیان پێیه. گه‌ر سه‌رانی کورد پێیان وابێ، باری سه‌رنجیان به‌رانبه‌ر به کێشه‌ی کورد گۆڕاوه، ئه‌وا زۆر به هه‌ڵه‌دا چوون. چونکه سه‌رانی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان، گه‌ر له‌نێوخۆیاندا ناکۆکبن و هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ، له یه‌کدی بکه‌ن، ئه‌وا له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورددا هاوده‌نگن و ئه‌وڕۆش، له هه‌موو ڕۆژێ ئامادەترن، بۆئه‌وه‌ی جه‌نگی خوێناویی کوردکوژیی زیندووکه‌نه‌وه، پارته‌کانی (کوردستان)ی مه‌زن، له یه‌کدی به‌رده‌ن و هه‌ر ده‌وڵه‌تێکیش له ئه‌و ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌رانه، تۆڵه‌ی خۆی له ئه‌م ئه‌زموونه‌ی باشووری (کوردستان) بکاته‌وه. چونکه پارته‌کانی به‌شه‌کانی دیکه‌ی، دژی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یان له ئامیزگرتووه! به تایبه‌تی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (توورکیا) و (ئێران)، له‌سه‌ر له‌نێوبردنی هێزه شۆڕشگێڕه‌کانی ئه‌و دووبه‌شه‌ی باکوور و خۆرهه‌ڵاتی (کوردستان)، موو به بەینیاندا ناچێ! جا کام سه‌رکرده، له سه‌رکرده‌کانی پارته‌کانی باشوور ئاماده‌یه، ئه‌و پیلانه گڵاوه‌ی هه‌ردوو داگیرکه‌ری نیشتمانه‌که‌مان جێبه‌جێکا، ئه‌وا ناپاکییه‌کی گه‌وره‌ی مێژوویی، بۆ خۆی تۆمارده‌کا!
ئاخر هیچ هێز و پارتێکی ڕامیاریی (توورکیا)، نەک هەر دان بە مافەڕەواکانی نەتەوەی کورددا نانێ، بەڵکوو دان بە بوونی نەتەوەی کوردیش‌دا نانێ و بە هەموو شێویە، دژایەتی هەموو جوڵانەوەیەکی کوردیی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەکەن. لێرەدا تەنیا دوو نموونە دێنمەوە:
(باخچەلی) دوو ساڵ لەمەوبەر، ڕووی دەمی لە (PKK) و کورد کردووە و گوتوویەتی: (ئێوە "25: ساڵی دیکە، لە ئەو چیایانە بمێننەوە، ئێمە بەردەوامیی بە ئەو شەڕە دەدەین. لە بەستەڵەکدا ئاگردەکەینەوە. گەر داوامان لێ بکرێ، سەنگەر بە سەنگەر، دژی ئەوان دەگەڕێین.
ڕێفراندەم گەورەترین هەرەشەیە، دژی ئیرادەی میللیی ئێمە. هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، لەگەڵ ئاڵای توورکیا کارەساتە، سووکایەتییە. ئەوانەی لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ بارزانیی کۆبوونەوە، سەیری پشتی خۆیان کرد و پرسییان: کێ ئەو ئاڵایەی لیرە داناوە؟! پێشمەرگە کەی بووەتە خاوەن ئاڵا؟! چۆن دەکرێ، باسی ئاڵا‌و و بەردانی نوێنەری هەدەپە و ڕێفراندەم بکەن؟!!
ئێمە بەرگە ناگرین، ئاڵای بارزانیی، لە ئاسمانی توورکیا و لە دەزگە فەرمییەکان ببینین. چۆن دەبێ، ئەو ڕزیوە " مەبەستی مەسعوود بارزانییە "، لە توورکیا پێشوازیی لێ بکری؟!))
ئەم چەن وشەیە، نەک هەر پوختەی بیر و باوەڕی، سەرۆکی ئەو پارتە ڕەگەزپەرستەیە، بەڵکوو هەموو پارتەکانی دیکە و زۆربەی توورکەکانیش، هەر بە ئەو شێوەیە بیردەکەنەوە و بە خوێنی سەری کورد تینوون!
هەروەها شالیاری دەرەوەی ئێستەی توورک (خلوسی ئاکار)، هەمووی دوو مانگ لەمەوبەر بوو، زۆر بە ڕاشکاویی گوتویەتی: (نە لە تووركیا و نە لە دەرەوەی تووركیاش، شوێنێ نییە، ناوی كوردستان بێ.)
ئەمەش وەنەبێ، بەرانبەر بە نەتەوەی کورد، بیر و هەڵوێستی ئەوڕۆیان بێ، بەڵکوو هەر لە یەکەمین ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری نوێی (توورکیا) بەگشتیی و دەسەڵاتی (ئۆ‌ردووگان) بەتایبەتی، ئەمە دید و بۆچوونیان بووە. جا هەر کوردێ، چاو لە ئەم ڕاستییە بنووقێنێ، ئەوا جگە لە ئەوەی، خۆی و ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کورد دەخەڵەتێنێ، دواڕۆژێ کورد و ئەم ئەزموونەش، بە شێوەیەکی بەردەوام، لە مەترسییدا دەبێ!
جگە لە ئەوەی، ئەم دید و بۆچوونە شۆڤێنییانەیەی، سەرانی داگیرکەری توورک وەنەبێ، نهێنیی بێ و کەس نەیزانێ، بەڵکوو بەئاشکرا هاواردەکەن و دژایەتی خۆیان، بۆ هەموو شتێکی کورد دەردەبڕن. جا ئەوانەی بڕوایان بە داگیرکەرانی (کوردستان) بەگشتیی و بە (توورکیا) بەتایبەتی هەیە، جگە لە ئەوەی ئاو لە دنگدا دەکوتن، هیچی دیکە نییە. ئاخر توورکەکان تا شیری مانگای چاڵە نەوت و گازەکان، لە گوانی هەرێمی باشووری (کوردستان)دا بمێنێ، زۆر بەئاسانیی دەیدۆشن و بە تاڵان دەیبەن، کاتێ کانیی چاڵە نەوتەکانیش وشکیکرد، ئەوا بەچەقۆیەکی کول، هەموو مانگاکان سەردەبڕن، جەرگ و دڵی دەردێن و گۆشتەکەشی دابەشدەکەن! بەڵێ توورکەکان، بە ئەم ئامانجە پۆخلەوە، شەڕ لەگەڵ کورد دەكەن و ستراتیژی خۆیان داڕشتوە. جا ئەوانەی لە ئەم مەبەستەی توورک تێ ناگەن، هەڵبەتە هێشتا لە ئەلفوبیی ڕامیاریی تێنەگەیشتوون!
دیارە، هه‌لومه‌رجی نێودەوڵەتیی و درووستبوونی قه‌واره‌ی هه‌رێمی (كوردستان)، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری (688)دا بوو. لەبەرئەوە ئەم دەسەڵاتەی تا ئەوڕۆ ماوەتەوە، بۆ بەهێزیی و یەکگرتوویی هێزەکانی هەرێم ناگەڕێتەوە، بەڵکوو پتر بۆ پشتیووانیی نێوده‌وڵه‌تیی دەگەڕێتەوە. به‌ڵام لێرەدا پرسیاره‌كه ئەوەیە: ئایا تا كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی، هه‌رێمی (كوردستان) لە نەمان ده‌پارێزن؟!
چونکە گەر دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەسەڵاتی هەرێم و دوو پارتەکە ڕازی نەبن، ئایا کورد چۆن دەتوانێ، خۆی لە هێرشەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (توورکیا، ئێران و عێراق) بپارێزێ؟! هەر وەک (جینین هینیس بلاسخارت)، نوێنەری هەمیشەیی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە (عێراق)، ڕۆژی (19. 5. 2021) لە زانکۆی (کوردستان) لە شاری (هەولێر)، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا و له‌به‌رده‌م هه‌ر سێ دهسهڵاتهكەی هه‌رێم و نوێنه‌ری هه‌موو پارتە ڕامیارییەکاندا، زۆر بە ڕاشکاویی گوتی: (هه‌رگیز وامه‌زانن، ئه‌م قه‌واره‌ی هه‌رێمه، هه‌ر به مسۆگه‌ری بۆ هه‌تاهه‌تایە ده‌مێنێته‌وه.)
هەروەها، سەبارەت بە هەردوو دەسەڵاتی زەرد و سەوزیش گوتی: (پێویست ناکا، هەرێمی کوردستان لەنێوان (سەوز) و (زەرد)دا، بە دابەشکراویی بمێنێتەوە ...)
(نابێ ئازادیی پێشێلکەن، نابێ گه‌نده‌ڵی له ئەوە پتر گه‌شه‌بکا، ئەگینا دڵنیابن، جیهان پشتتان تێده‌كا و دەسەڵاتهكهشتان كۆتاییدێ.)
ئایا سەرانی پارتەکانی (كوردستان)، کەی له ئەم چەن وشەیە تێدەگەن، واز لە دووبەرەکیی و خۆخۆریی دێنن؟!! ئایا دوای ئەم وتانەی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، سەرکردەی پارتەکان، کەی بیرێ لە ئاییندە و چارەنووسی دەسەڵاتەکەی هەرێم دەکەنەوە؟ چاوێ به کردەوە و هەڵەکانیاندا ده‌خشێننه‌وه؟!
ئایا سەرکردایەتی (پارتیی) و (یەکێتیی)، کەی هەوڵدەدەن، هەردوو ڕەنگەکە، لە تابلۆیەکی نیشتمانیی کوردانەدا تێکەڵاوکەن، تا ڕۆڵەکانی گەلی کورد، لەدەس دوو دەسەڵاتیی و بەرەڵایی ڕزگاریانبێ؟!
ئەز پێم وایە، هۆکاری دوژمنایەتیکردنی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)، هێندە گرنگ نییە. بەڵکوو هۆی مەرگی دەسەڵاتەکەی هەرێم، لە دوو هۆی سەرەکیدا خۆی دەبینێ:
یەکەم: ناکۆکیی و دووبەرەکیی نێوخۆی ڕیزەکانی گەلی کورد و دوو دەسەڵاتیی.
دووەم: کاتێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تەواویی لێمان بێزاردەبن، واز لە پشتیووانیی و داکۆکیکردنی دەسەڵاتەکە دێنن.
له کۆتاییشدا، ڕووی ده‌مم له سه‌رکردایه‌تی هه‌موو پارته‌کانی باشوور به تایبه‌تی، هه‌موو (کوردستان)ی مه‌زن به گشتیی ده‌که‌م و زۆر به ڕاشکاویی ده‌ڵێم: با ئیدی کلکایه‌تیی و بیانیپه‌رستیی، نۆکه‌رایه‌تیی و چڵکاوخۆریی بهسبێ!
با ئیدی به هاندان و پشتیووانیی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی (کوردستان)، ده‌سخه‌ڕۆ و پشتئه‌سوور نه‌بین، جه‌نگی کوردکوژیی پیرۆزنهکهین و ئه‌زموونه تاڵه خوێناوییه‌کانی پێشوو، چه‌ن بارهنهکهینهوه.
با ئیدی چی دیکه، شارچێتیی و نێوچه‌گه‌رێتیی نه‌که‌ین، تۆوی پۆخڵی ڕکوکینه، لەنێو دڵ و ده‌روونی، ڕۆڵه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه هه‌ژاره چه‌وساوه‌یه‌دا نه‌چێنین، بۆ پاکتاوکردن و سڕینه‌وه‌ی یه‌کدی، هانیان نه‌ده‌ین. با له‌بری ئه‌وه، شهتڵهڕیحانهی بۆنخۆشی خۆشه‌ویستیی و برایه‌تیی کورد و کورد بڕوێنین!
با ئیدی حانهحهبهشهی پڕوپووچی بێ ناوه‌ڕۆکی هێندێ ڕووناکبیر، ڕۆژنامه‌نووس، نووسه‌ری هه‌لپه‌رست و ده‌سنده‌خۆر بهسبێ، له به‌رنامه شه‌ڕانگێزه‌کانی تێلێفیزێۆنهکانهوه، دنه‌دنه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بده‌ن، ئه‌م نیمچه سه‌ربه‌خۆیی و ماڵهکاولبووهی نیشتمانه‌که‌مان، به‌سه‌ردا بڕوخێنن! با که‌مێ به‌زییان به کوڕ و کاڵانی، خێرنه‌دیوی خیزانه هه‌ژار و که‌مده‌رامه‌ته‌کانی ئه‌م گه‌له‌دا بێته‌وه، ئه‌سپێ له گیرفرفانیاندا سه‌وزه‌ڵه خانم ده‌چڕێ! له کاتێکدا شه‌وانه، له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ی پارته گیرفان ههڵاوساوهکاندا کۆده‌بنه‌وه، کام خواردن خۆش و به‌که‌ڵکه، کام مه‌ی باش و گرانه، مێزی دانیشتنهکانیانی پێ ده‌ڕازێننه‌وه!
ئه‌وا ماوه‌ی (56) ساڵی ته‌مه‌نم، به فیلمی تراژیدیای جه‌نگی نێوخۆی نێوان (جه‌لالیی) و (مه‌لایی)ه‌وه به فیڕۆڕۆشت و خۆشیم له ئه‌و ژیانه نه‌دی. له‌به‌رئه‌وه پڕ به ده‌م هاوارده‌که‌م و ده‌ڵێم: نه‌فره‌تی خوا، له هه‌موو ئه‌وانه بێ، له ڕێبازی کوردایه‌تی ڕاسته‌قینه لاده‌ده‌ن، شه‌ڕی کۆنه‌قین، به ڕۆڵه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه چه‌وساوه‌یه ده‌فرۆشن و ده‌یانه‌وێ، ئه‌م ئه‌زموونه تێکده‌ن، کاره‌ساته جه‌رگبڕه‌کانی جه‌نگی کوردکوژیی، ساڵانی (1966-1996) دووباره‌که‌نه‌وه!
ئاخر پتر لە (25) ساڵ دەبێ، چ بە کۆڕ و چ بە نووسین، ڕەخنە لە ڕەوشی نەتەوەیی، ڕامیاریی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی باشووری (کوردستان) و سەرکردایەتی هەردوو پارت (یەکێتیی) و (پارتیی) دەگرم، کەچی زۆر بەداخەوە، هیچ کەڵکی نەبوو ... زۆر لە ئەوە دەچێ، لێپرسراوانی دەسڕۆیشتووی ئەم گەلە هەژارە بێکەسەی هەرێم، وەک کەری دێز وابن، تۆپینی خۆیان و مەرگی گەلەکەیان بوێ!
ئەوا من قسەی خۆم بۆ مێژوو کرد، گەر ڕاستیی و درووستیی قسەکانم، پەردەی گوێتان نەبڕێ و مێشکتان وەری نەگرێ، منیش لەگەڵ (حاجی قادری کۆیی)دا دەڵێم:
حاجی كه‌سێكه بێكه‌س، بۆ ئێوە قوڕده‌پێوێ
گوێی لێ ده‌گرن زه‌ریفه، ناگرن به‌ڵا له خۆتان