خۆشەویستیی نیشتمان!
وەک
چۆن، حەوزی پانوبەرینی زەریاکان، لە تنۆکەتنۆکەی بارانی ئاسمان پێکهاتوون،
خۆشەویستیی (کوردستان)یش، لە خۆشەویستیی ماڵ، کۆڵان، گەڕەک، گوند و شارەکانەوە
دەسپێدەکا. بێچووە مەلی خۆشەویستیی جیهانیش، لە گەرای خۆشەویستیی دایکی نیشتمانەوە
سەردەجووقێنێ. چونکە هەر کەسێ، شارەکەی خۆی خۆش نەوێ، هەرگیز ناتوانێ، تۆوی
خۆشەویستیی نیشتمانەکەی، لە ئینجانەی دڵ و دەروونیدا بڕوێنێ. هەر کەسێ، نیشتمانەکەی
خۆی خۆش نەوێ، هەرگیز ناتوانێ، پەریی ڕازاوەی بووکی ئەندێشەی جیهان، لە جۆلانەی
دڵە ساواکەی خۆیدا ڕاژێنێ!
ئەوەتەی
شاری (سولەیمانیی) درووستکراوە، لەنێو گۆمی خوێن و فرمێسکدا نقوومبووە. بەڵام
هەرگیز ڕۆژێ لە ڕۆژان، چاوی ڕۆڵەکانی نەنووستووە، گەر نووستبێتیش، دڵی
بەخەبەربووە. بۆیە نەمردووە و ناشمرێ، مەگەر وەک درەخت بیبڕنەوە و بە پێوە بمرێ!
مێژووی
کورد، لە مێژووی زەریایە خوێن دەچێ، کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە، لە جەستەی نەتەوەی
کورد دەچۆڕێ! ئەو نەتەوەیەی ستەم و زۆرداریی داگیرکەرانی نیشتمانەکەی بیرچێتەوە،
دیارە، بیرەوەریی نەتەوەیی زۆر لاوازە، یا کوێربووتەوە! لەبەرئەوە هەمیشە تووشی
ئازار و ئەشکەنجەی دیکە دەبێ، پێش ناکەوێ و زۆر باش ناژی. بۆیە نابێ، هیچمان
بیرچێتەوە! چونکە هەر نەتەوەیەک، مێژووی خۆی بە باشیی نەزانێ، ڕەگوڕیشەی خۆی
ناناسێ و نازانێ، لە کوێوە هاتووە، نازانێ، چ جۆرە ڕۆڵێکی کاریگەر و باش، لەنێو
کۆمەڵگەی مرۆدا ببینێ!
ڕۆژژمێری ڕۆژەکانی ساڵ!
گەر
ڕۆژەکانی ساڵ، (365) ڕۆژ بێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەڵێم: بۆ نەتەوەیەکی خاک داگیر و
دابەشکراوی ژێردەسی چەوساوەی وەک کورد، پتر لە (80%)ی، لە کۆمەڵێ ڕۆژی ڕەش، سوور،
ناخۆش، دەردیسەریی، چەوساندنەوە، ڕاونان، گرتن، کوشتنوبڕێن، وێرانکاریی، کاولکردن،
تاڵانکردن، جینۆساید، کیمیاباران، ئەنفال، ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریی خوێناویی
پێکهاتووە. چونکە شەوی مێژووی هیچ نەتەوەیەک، هێندەی شەوی نەتەوەی کورد تەماویی و
لێڵ، تاریکونووتەک نەبووە و نییە. هێندە دوورودرێژ نەبووە و نییە، هێندەش لە خوێن
و فرمێسک هەڵ نەکێشراوە!
بەڵێ،
نەتەوەی کورد لە بەرەبەیانی مێژووی نەتەوەیی خۆیەوە، ئەوا پتر لە (2700) ساڵ دەبێ،
هەر کەسێ هاتووە، پەلاماریداوە، خاکەکەی داگیرکردووە، کوشتوویەتی و بڕیوێتی، دەسی
بۆ ئابڕووی کیژ و ژنانی درێژکردووە، سەروەت و سامانەکەی تالانکردووە، گوند و شارەکی
ژێروژوورکردووە، ڕاویانناوە و ڕایانگواستووە، هەر تێهەڵدراو و سەر و گوێ شکاوبووە،
هەر لانک بە کۆڵ و دەربەدەر بووە، هەر ستەمی لێ کراوە و بە هەموو شیوەیە
چەوسێنراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی نەتەوەکەدا، چەن کوردزمانێکی
بێ فەڕ و خۆفرۆشی تێدا هەڵکەوتووە، ئابڕووی خۆی و نیشتمانەکەی، بە داگیرکەران
فرۆشتووە!
کەچی
بە ئەو شێوەیە و بە ئەو ڕەنگەش، کورد هەر ماوە و نەتواوەتەوە، زمان و کەلتووری خۆی
پاراستووە،، وەک سرێش، بە خاکی زید و نیشتمانەکەی خۆیەوە نووساوە. ئاخر گەر وا نەبووایە،
چ مانگێ لە مانگەکانی ساڵ، لە ڕۆژژمێری نەتەوەی کورددا، لە چاو هەواڵی ناخۆش و
جەگبڕدا، هەواڵێکی خۆش و گەشی تێدا دەبینرێ؟!! یەکێ لە ئەو ڕۆژە سەخت و
خوێناوییانەش، ڕاپەڕینە مەزنەکەی ڕۆژی (6. 9. 1930)ی، بەردەرکی سەرای شارە
زیندووەکەمانە!
عەولەسیس
(عەبدولمحێدین
مەلابراهیم 1901-1930)، ناسراو بە (عەولەسیسی) قارەمان، یەکێ لە خۆپیشاندەرە
قارەمانەکانی ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرای شاری (سولەیمانیی)، ڕۆژی ڕەشی (6. 9.
1930) بوو. ئەم کوردە مەردە، هێندە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی بەهیزبوو، لە
ڕاپەڕینەکەدا پەلاماری سەربازێکی تاوانباری دەوڵەتی داگیرکەری ئینگلیزی دا و
کوشتی. لە ئەنجامدا خۆشی لە تەمەنی (29) ساڵیدا ڕەوانشادکرا ... ئیستە لەنێو
نەتەوەی کورددا، بە سیمبۆڵی بەرگریی و قارەمانی ڕاپەڕنەکە دەژمێررێ.
ئەوڕۆ
(90) ساڵی ڕێک، بەسەر ئەو ڕاپەڕینە نەتەوەییەدا تێپەڕدەبێ. لە ئەم یادە پیرۆزەدا،
سەری ڕیز و نەوازش، بۆ ڕەوانشاد و زیانلێکەوتووانی شارەکەم دادەنەوێنم ....
2020. 9. 6
تێبینی:
* ساڵی (2003)، سەبارەت بە
ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرای شارەکەم، لە دووتوێی (120) لاپەرەدا، پەرتووکی
(پەیماننامەیەکی ڕەش و ڕۆژێکی سوور)م، چاپ و بڵاوکردەوە. کۆڵینەوەیەکی نوێ بوو،
وەڵامی هێندێ بیر و بۆچوونی هەڵەم دایەوە، ڕووناکبیر و خوێنەوارانی کوردیش، بە شێوەیەکی باش پێشوازییان
لێ کرد!