نازانم پێشتریش ھەر وا بوە یان دیاردەیەکی تازەیە کە کورد بە "وەھم"ەوە خۆی سەرقاڵ کردبێ و بە دەیان وەھمی سەیر و عەجایب کە باشترین بابەتی نوکتەن ، لە فەیس بوک و ووتار و چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی تا ئەگاتە کتێب ، " پیری ھونەرمەندان" ئەڵێ: ھیچ میللەتێ بەقەد کورد نە لە مۆسیقا ئەزانێ نە حەزی لێیەتی..!! بەم قسەیە ، ببورن بەم نوکتەیە وای بۆ ئەچم کە مۆسیقاژەنەکانی مەراسیمە دینی وھونەرییەکانی یۆنانی کۆن" ئەغریق" بە خزمایەتی ئەگەڕێنەوە سەر" برایانی زیزی " و "بیتھۆفن " لە بنەچەیا خەڵکی شارەزوور بوە و لەترسی عەسکەری بە جێ ی ھێشتوە و ڕووی کردۆتە نەمسا .. برادەرێکی تر ڕەگەزی کورد ئەوەنە ئەباتە دواوەوە کە ئەکەد و سۆمەر" شارستانیەتی سۆمەر نەک جگەرەی سۆمەر" تێئەپەڕێنێ و بەڵگەش بەردێکی ھەڵکەنراوە کە پیاوێکی جامانە بەسەری تیایە ، کار وا بڕوات ئەگەینە ئەو قەناعەتەی کە کورد پێش " دینۆ ساور" ھەبوە و ناوی "کوردۆساور" بوە وەک ئیشارەتێک بۆ پەیوەندی بەینی کورد و ساوەر..لەوانەیشە ئادەم و حەوا کە ویستبێتیان چپە چپێ بکەن بۆ ئەوەی خوا تێنەگا بە زازایی قسەیان کردبێ ، دال نوقتەیەکی زانکۆ "خولە پیزە"مان لێ ئەکا بە یەکەم جەنگاوەری بیری نەتەوایەتی و ئەو پۆلیسانەی کوشتونی لە تۆڵەی داگیر کردنی کوردستان و لەت لەتکردنەکەی بوە واتا بە مەفھومی عەشایەری ئەکرێ "خ. پیزە" بە "بسمارک"ی کورد ناو ببەین ، کەسێ کە نە زمان زان ، نە مێژوو ناس نە ئەکادیمییە ، و جگە لە کوردی و عەرەبیە دوکەڵاوییەکەی ھیچ زمانێکی تر نازانێ پێمان ئەڵێ : کوردی دەوڵەمەن ترین زمانی دونیایە !! ئەرگومێنت و بەڵگەی زانستی "یۆخ"، ڕەنگە دەوڵەمەنی زمانی کوردی بە ھەموو دیالێکتە تێگەیشتبێ کە لە سەیتەرەکانی نێوان سلێمانی و زاخۆ یەتە بەر گوێ.. ھەقی خۆشمانە کە لە نەتەوە یەکگرتوەکان شکات بکەین کە چۆن کوردی وەک بەر فراوان ترین زمانی جیھان نەخراوەتە پێش چینی و ئینگلیزی و ئیسپانی ، گەر چاکیان نەکرد لە دادگای فیدڕاڵی شکاتیان لێ بکەین .، لەوانەیشە کاتی خۆی چین مەفرەزەیەکی پارتی زانی ناردبێ بۆ کوردستان و زمانەکەیان دزی بێ و بۆ ئەوەی دزییەکە ئاشکرا نەبێ پیتەکانیان کردوە بە ڕەسم !!
نەتەوەییە ئازاکانی نەوەی کاوە نەخشەیەکی کوردستانیان ھەیە کە پێ ی ئەڵێن لە دەریاوە بۆ دەریا ، کە لەوبەر یۆنانەوە دەست پێ ئەکا تا ئەگاتە عبادان بە شگ العربەوە ، لەم بوارەشا"شایەر"ێک ڕای وایە لە ئێران زیاتر لە چل ملیۆن کورد ھەیە لە حاجی ھۆمەرانەوە تا خوزستان..ڕەنگە ئەم شایەرە تووشی ئەو نەخۆشیە بوو بێ کە چاو بە دەبڵ و سێ بەرابەر شت ئەبینێ و ژمارەکان وەک معاشی حیمایەکانی زەڕبی دوو سێ ئەکا ..
دەسەڵتدارانی بە ناو ھەرێم زوو زوو ئەڵێن قەوارەی ھەرێم دەستکەوتی ڕووبارێ خوێنە ،ئەوان کە خۆیان و ماڵ و مناڵیان بە ھاوینیش خوێن لە لووتیان نەھاتوە ھەر خۆیان بوون لیتر بە لیتر خوێنی چواردە ساڵی کوردیان بە دیاری برد بۆ "شاھنشاە آریا مھر"و ئەویش ڕژانیە ناو "شگ العرب" تا بە " خلیج الفارس" ناو ببرێ ، ئێستاش خوێنی دوای ئەو قۆناغە لە ناو بۆرییا کراون و ئەمجارە بە دیاری ئەچێ بۆ "کۆشکی چنکایە" یەی ئەنکەرە ...
ماوەیەکیش بە وەھمی " ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردی" بە کوردیان ڕابوارد و عێڕاق و کوردستان لە " دوو دراوسێ ی باش " ھاتۆتە سەر" لاتێک و بەخێوکەرێکی باش" و وەھمی تاپۆیەکی ڕەش کرا جارێ کراوە بە خۆڵەمێشی تا ڕۆژی خۆی بە مەقەڵی دەرئەھێنرێ..
ئەم وەھمانە کە لێرە و لەوێ ئەبینرێ و ئەبیسترێ وەک ئەو سێبەرە وایە کە لە ڕووناکی یان ھەتاوا ئینسان خۆی ئەبینێ و گەورەترە لە خۆی ، ئەو ڕووناکییەی وای کردوە کورد لە "وەھمی گەورەیی" خۆیا بژی ڕووناکییەکەی لە ئەنکەرە و تارانەوە ھاتوە و ئەوەش قەوارەی واقیعی کورد خۆی نیە
بەڵکو " سێبەر "ەکەیەتی....