خۆت خۆت بناسە
  2023-11-12       1870       

کلیمون ڕوسی

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

ئەو شتەی زۆر کەس نایزانن و بێ ئاگان لێی، ئەوەیە دەستەواژەی "خۆت خۆت بناسە" هیی سوکرات نییە، بەو جۆرەی پلاتۆ لەنێو گفتوگۆی "بەرگریی سوکرات"دا دەیەوێت قایلمان بکات کە ئەو دەستەواژەیە هیی سوکراتە. ئەو دروشمە، کە بە گریکیی بە "Gnothi seautom" دەناسرێت، پێشتر لەسەر ڕووکاری پێشەوەی پەرستگای ئاپۆلۆ لە دیلفی نووسرابوو. لەبەر ئەوە، پێویستە وەک هاوشێوەی ئەو بەڵێنانە لەو دەستەواژەیە بڕوانرێت کە لەسەر ئەو کارتانەی جادووگەرەکان تۆمار کراون کە لە دەروازەی چوونە دەرەوەی میترۆدا دابەش دەکرێن لە نموونەی نووسراوی "ئازیز لەگەڵ خۆم دەهێنم"، یاخود لە نموونەی نووسراوی "وەرە با داهاتووی خۆت بزانیت"ی سەر دیواری ئەشکەوتی فاڵچییەکان. گەلی گریک، گەلێکی شەیدای ئەفسانە بوو، پەرستگاکان زۆرێک لەو سەردانیکار و ساویلکانەی بەرەو لای خۆی ڕادەکێشا کە ئامادە بوون لە هەقی ئەو قسانەدا کە فاڵچییەکە بۆی دەکردن پارەیەکی زۆر بدەن. ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە زانینی خۆت بە هۆی خۆتەوە دراوە، سەرەتا و پێش هەر شتێک، چەشنێک بوو لە ڕیکلام. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆرێک لە خەڵکی چەندین بۆچوونی بەرز و خانەدان سەبارەت بەو داناییەی دیلفی دەخەنە ڕوو، لە کاتێکدا هەموو ئەو شتەی کە لە گۆڕێدا بوو ئەوە بوو ژنە قەشەی پەرستگاکە، کە ناوی بیسیا بوو، چەند وشەیەکی ناڕوونی دەدا بە گوێتدا، دەبوو ئەو وشانە هەندێک زانیاریی کۆدکراویان سەبارەت بە داهاتووت تێدا بێت، هەموو ئەو شتانەش، لەپێناو تورەکەیەک یاخود چەند تورەکەیەک زێڕدا دەکران. وتەی خۆت خۆت بناسەی بەناوبانگی گریکەکان، ئەوە ماناکەی بوو.

بەش بە حاڵی خۆم، پێموایە خۆناسین شتێکی ناتەندروست و بێسوودە. بەهەرحاڵ، خۆناسین لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر بەدحاڵیبوونێکی زۆر شان دادەدات، چونکە زانینێکی لەو جۆرە، هەمیشە وەک زانینێکی ئەستەم دەمێنێتەوە. دەیڤید هیۆم-ی فەیلەسووفی ئینگلیز، یەکەمین کەس بوو دەرکی بە ئەستەمێتیی دەستخستنی زانینێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە خود یاخود بە دەربڕینێکی تر سەبارەت بە شوناسی کەسیمان کرد.

ئێمە تەنها وەک ڕێکخستنی بڕێک هەستی پەرتەوازە، دەتوانین لە خۆمان تێ بگەین. زانینی ئەوەی من هەست بە گەرما یاخود سەرما دەکەم، یاخود تووڕە یان شادم، یاخود ئەوەی فڵان بیرۆکە و فیسار گۆرانی لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە، شتێکە لە توانادا هەیە و شیانی هەیە. چونکە هەندێک هەست و بیر هەن ناوبەناو دەمتەنن. ئایا هەموو ئەو شتانە، وێڕای ئەوە، یەکێتییەکی سەربەخۆ و گشتێکی یەکپارچەیان پێکهێناوە کە لێ تێگەیشتن و زانینیان لە توانادا هەیە؟ نەخێر، هیچ شتێک نییە سەبارەت بە یەکپارچەیی ئەو قەوارەیەی کە هەمە دڵنیاییم بداتێ ئەگەر من بمەوێت وەک بابەتێکی دەروونی لێی تێ بگەم. تەنها دەتوانم چەند پارچەیەکی پەرش و بڵاوی لێرە و لەوێ لە گشتێک دەستگیر بکەم کە بۆ تاهەتایە لای من هەر بە نەزانراو دەمێنێتەوە. بەر لەو بەڵگانە کە لە لایەن دەیڤید هیۆمەوە لەنێو کتێبی "لێکۆڵینەوەیەک لە سروشتی مرۆڤ"دا خراونەتە ڕوو، قسەیەک هەیە پێشتر مۆنتین کردوویەتی دەڵێت: "ڕاستیی ئێمە، لە چەند پارچەیەکی کۆکراوە زیاتر نییە". من ئەو سەرنجەی مۆنتین وەک لووتکەی هەستی تەندروست تەماشا دەکەم.

سەروەختێک کە منداڵ بووم، لەو وێستگەی میترۆیەی لە ماڵەکەمانەوە نزیک بوو، تەرازوویەکی گشتی هەبوو. بە ژوور تەرازووەکەوە، نووسینێک وەک ڕیکلام هەڵواسرابوو سروشی خۆی لە دیلفییەوە وەرگرتبوو، نووسراوەکە دەیگوت: "هەر کەس ڕۆژانە خۆی بکێشێت، زۆر چاک خۆی دەناسێت". ڕاستەوخۆ لەژێر ئەو ڕستەیەدا، کەسێک ئەم دەربڕینەی زیاد کردبوو: "هەر کەس خۆی چاک بناسێت، کەسی تر بێزار ناکات". کاتێک ئەو چیرۆکەم بۆ بڵاوکارەکەی خۆم کۆچ کردوو جیروم لیندون کە بۆی بە داخم گێڕایەوە، بە دەنگی بەرز قاقا پێکەنی و گوتی: "ئەوەی کەسی تر بێزار ناکات، زۆر دوور ناڕوات لە ژیان". ئەوەش بەڵگەیەکی ترە لە دژی ئەو شتەی کە پێی دەگوترێت لێکۆڵینەوە لە خود و ئەوەی سەر بە کام سەنگ و کێشە!

سەرچاوە: Philosophie Magazine n° 119, Hommage à clément Rosset

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×