پشکۆ ناکام
لە جەنگەڵی شاخا
دۆشیتانین
ئاو لە لەشمانا نەما
قەترە...قەترە
تینوێتی خۆتان پێ شکان
خوێنی جەستە
دڵۆپ..دڵۆپ
کرا بە ڕەنگی ژووری نووستن
و
ھۆڵی کۆبونەوەکان
کرا بە سوێند
بۆ بێ دەنگ کردنی
ئەو کەسەی کە مەستە
دەمارەکانمان
یەک بە یەک
بوون بە بۆری
بوون بە وێنەی
درۆی " مەشخەڵانێک"ی رەش ھەڵگەڕاو
ڕەش وەک دوێنێ
ڕەش وەک ئەمڕۆ
ڕەش وەک سبەی
شەو و ڕۆژمان ژمارد
بۆ سپێدەی ئازادی ئینسان
سپێدە نەھات
و
ھەر ئەمان ژمارد
ئێوەش فێر بوون
کەوتنە ژماردنی قاسەکان
تا خوێنی ئێمە و قاسەکان
بوون بە رۆژ ژمێری
.....پشتی سەرتان
کە بەھار درۆی کرد
ھەوری باران
رووی تێ ناکا
گوڵیش نا پشکوێ..
کە عاشق وورەی بەردا
کتێبە موقەدەسەکانی عەشق
چاوی پڕ لە فرمێسک ناکا
کە رووبار ئاوی تیا نەما
مەلە زانین
بە فریای ماسی ناگا
ئێمەش ، بمانبورن
وەسفی جەنگەڵەکەی
ناوی " خەبات" لێ نرا
پیت بە پیت
دێڕ بە دێڕ
بوو بە زووخاو
چوو بە قوڕگمانا
...بمانبورن
ئێمە و ئێوە دوو خۆری
دوو چیرۆکی جیاواز
چیرۆکی ئێمە :
گەرمایی خۆری سبەی ھەژاران
چیرۆکی ئێوە :
گەرمایی پایزە بچکۆلەی خواپیاوان
ئێوە رووەو ئاوا بوون
خۆری ئومێدی ئێمەش
سبەی... نا...
دوو سبەی
ھەر ھەڵ ئەکا