شرۆڤەیەکی دیبلۆماسی بۆ هۆکارەکانی پشتەوەی دەنگی "لەگەڵ"و "دژی" ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش
رەوا موسا
پڕۆژەکەی ڕووسیا بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکان و ناردنی هاوکاری بۆ غەزە لە ئەنجوومەنی ئاسایش بەزۆرینەی دەنگ ڕەتکرایەوە. پڕۆژەکە بەتەواوی لە سود و بەرژەوەندی فەلەستینییەکان و حەماس بوو، پێنج دەنگی پاڵپشت و چوار دەنگی دژ و شەش دەنگی بەتاڵی بەدەستهێنا، هەریەکە لە وڵاتانی " چین، گابۆن، ئیماڕات، ڕووسیا، مۆزەمبیق" بۆ پاڵپشتی پڕۆژەکە دەنگیاندا. لەبەرامبەردا هەریەکە لە وڵاتانی " فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا، ژاپۆن" لە دژی پڕۆژەکە دەنگیاندا، وڵاتانی " ئەلبانیا، بەڕازیل، ئیکوادۆر، غانا، ماڵتا ، سویسڕا" بێدەنگیان هەڵبژارد.
دوو ئەندامی هەمیشەیی پشتیوانی پڕۆژەکەی کرد کە چین و ڕووسیا بوون، لەبەرامبەردا سێ ئەندامی هەمیشەیی لەدژی بوون کە فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا بوون. هیچ وڵاتێکی هەمیشەیی بێدەنگی هەڵنەبژارد، دوو وڵاتی موسڵمانی ئەندام لە ئەنجومەنەکەدابوون کە ئیماڕات پاڵپشتی پڕۆژەکەی کرد و ئەلبانیاش بێدەنگی هەڵبژارد. لەوانەیە لای هەندێک زانراونەبێت کە سێ وڵاتی موسڵمان لە جیهاندا زۆرینەیان تەنها بە کەلتور موسڵمانن و بە پراکتیکی باوەڕیان بە ئیسلام نییە کە هەریەکەن لە وڵاتانی کازاخستان و ئەلبانیا و ئازەربایجان، هەرسێکیشیان پەیوەندییەکی یەکجار پتەو و نزیکیان لەهەموو بوارەکاندا لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە لەکاتێکدا کازاخستان و ئازەربایجان میراتی سۆڤیەت و ئەلبانیا میراتی یۆگۆسلاڤیای جارانن، واتا لەهەناوی دوو یەکێتی شیوعییەوە هاتوونەتە دەر.
سێ وڵات لە چوار وڵاتە ئاسیاییەکە پشتیوانیان لە پڕۆژەکە کرد، لە سێ وڵاتی ئەفریقیش دووانیان پشتیوان بوون و یەکیان بێدەنگبوو، جگە لە رووسیا هیچ وڵاتێکی ئەورووپی ئەندام پشتیوانی نەکرد، دوو وڵاتە لاتینیەکەش بێدەنگبوون. بەڕازیل و ئیکوادۆر نەیانتوانی خۆیان لەنێوان بلۆکەکان یەکلایی بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەی بەڕازیل لە کۆمەڵەی ئابوری "بریکس"دایە بەسەرپەرشتی ڕووسیا کەچی پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە و نەیتوانی لایەکیان بەسەر ئەویتردا هەڵبژێرێت. ژاپۆن وەک چاوەڕواندەکرا هەمان هەڵوێستی ئەمریکای هەبوو، ئەوان لە قوڵایی مێژووەوە هەرگیز ناتوانن لەگەڵ چیندا کۆکبن و هەمیشە پێیانوابووە ئەوەی چین بەدەستیدەهێنێت ژاپۆن لەدەستیدەدا و ئەوەی ژاپۆنیش بەدەستیدەهێنێت چین لەدەستیدەدا، لەژێر هەمان ئەندێشەی سیاسییشدا بەشداریان لە جەنگە جیهانییەکاندا پەلاماری چینیاندا و ئەوکاتە پێیانوابوو بۆئەوەی ژاپۆن بمێنێتەوە دەبێت خاکی پڕ پیت و بەرەکەتی چین کۆنتڕۆڵبکات چونکە ژاپۆن خۆی خاکی کشتوکاڵی و قوڵایی ستراتیژیی وشکانی نییە، بەڵام لەئێستادا هەمان ئەندێشە کەمێک گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە بەوەی بۆئەوەی ژاپۆن بمێنێتەوە دەبێت لەئابوری و پیشەسازی و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا رکابەری چین بکەن و پێشی بدەنەوە، ئەگەرنا لەو کێبڕکێیەدا شکستبهێنن چین قووتیاندەدات. وە گابۆن و مۆزەمبیقیش لەلایەن چینەوە هێندراون و لەژێر هەژموونی ئابووری چیندان و قەرزداری ئەو وڵاتەن و چەندین پڕۆژەی زەبەلاحی وڵاتەکەیان لەلایەن چینەوە درووستدەکرێن، بۆیە هەر دەبوو دەنگیان هەمان دەنگی چین بێت.
ئیماڕات ئەگەر بۆ ڕاگرتنی دەنگی ناڕەزایەتی ناوخۆ و شەقامی عەرەبیش بێت ناتوانێت بەئاشکرا دژایەتی فەلەستین و غەزە بکات ئەگەرچی پێی وابێت حەماسیش تیرۆرستە. خودی کۆماری میللی چینیش جیاواز لە ڕووسیا بەڕاستەوخۆیی دوژمنایەتی ئەمریکا ناکات چونکە پێی وایە لەڕووی ئابورییەوە ئامادەنییە، بەڵام هەمیشە بە خشکەخشک شتێکی ویستووە هەژموونی ئەمریکا کەمبکاتەوە. ڕێگای ئاوریشمی چین کە ئەو پڕۆژەیەیە چینییەکان خەونی پێوەدەبینن زۆرینەی بەناو وڵاتانی موسڵماندا دەڕوات، بۆیە بەرژەوەندی چینییەکان سوڕاوەتەوە بەلای وڵاتانی موسڵماندا و لەماوەی ڕابردوودا ئامادەیی سازش و گفتوگۆ و دانووستانی بەردەوام بووە لەگەڵ وڵاتانی موسڵماندا و جەولەیەکی گەرمی دیبلۆماسی دەستپێکردووە کە گەورەترینیان لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستان و ئێرانە، یەکەم وڵاتیش بوو بەشێوەیەکی فەرمی دانی بە شەریعەتی یاسایی حکومەتی تاڵیباندانا لە ئەفغانستان، بۆیە واتێمەگەن چین وڵاتێک بووە شوێن ڕووسیا کەوتووە لەم پڕۆژەیەدا بەڵکو شوێنی سیاسەتێکی ستیراتیژی و درێژخایەنی خۆی کەوتووە بۆ درووستکردنی هاوپەیمانێتییەکی زەبەلاحی ئابوری و سیاسی لەگەڵ وڵاتانی موسڵماندا، هەم بازاڕەکانیان بۆ کاڵاکانی خۆی واڵاتربکات هەمیش ڕێگا ئاوریشمییەکەی خۆی لەسەر ڕووبەرە ئاویی و وشکانییەکانی ئەوان تەواوبکات. چینییەکان باش دەزانن ئەگەر پشتیوانی ئیسڕائیل بکەن دەبێت چاوەڕێی کاردانەوەی توندی وڵاتانی موسڵمانی ئاسیا بکات و ئەمەش واتا واز لە خەونە گەورەکانیان بهێنن لەبەرامبەر ئیسڕائیلێکدا کە هیچ ئۆڤەرێکی ئەوتۆی نییە بیبەخشێت! بۆیە وەک کورد دەڵێت "حازری بە غایبی ناگۆڕنەوە".
هاوکێشەکەی ڕووسیاش ڕوون و رەوانە پێویستی بە ڕوونکردنەوەنییە، جولەکەکان پاڵپشتی گەورەی ئابوری و میدیایی ئەمریکان لە جیهاندا و ئەگەر بوونیان نەمێنێت ئەمریکا کۆڵەگەیەک لە کۆڵەگەکانی خۆی لەدەستدەدا. وە ئیسڕائیل دوژمنی دۆستەکانی ڕووسیایە کە بریتین لە وڵاتانی شیعە و عەلەوییەکان "جگە لە ئازەربایجان کە دۆستی ڕووسیاش نییە" هەروەها بچوکبوونەوەی هەژموونی ئیسڕائیل لای ڕووسیا بەمانای بچوکبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا دێت لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لایەکی سوپای ڕووسیاش لەلایەن موسڵمانە ڕووسیاییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن و فەرماندە و ئەفسەری پلەبەرزیان تێدایە وە تاکە کۆماری خاوەن سوپا لەناو کۆماری فیدڕاڵی رووسیادا کۆماری چیچانە کە دووبارە ئیسڕائیل بە دوژمن دەزانن. بۆیە نەیارێتی ئیسڕائیل دۆسیەیەکە بەسەر ڕووسیادا سەپاوە هەرچەند ئیسڕائیل موجامەلەی بکات و نەرمی بنوێنێت بەرامبەری وەک لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیادا کردیان هەرگیز ڕووسیا ڕووی ناشکێت و ناتوانێت نەرمی بنوێنێت بەرامبەر ئیسڕائیل، چونکە هەرکاتێک ئەمەی کرد بوونیەتی ڕووسیا وەکو جەمسەرێک دەکەوێتە مەترسییەوە و هاوپەیمان و دۆستە نزیکەکانی و سۆزی موسڵمانانی ناوخۆ لەدەستدەدات.
ئەوەی دەربارەی بێدەنگی وڵاتی غانا دەمێنێتەوە بەکورتی لە سیاسەتی دەرەکیدا لە ساڵانی شەستەکانەوە ئەم وڵاتە بەشێوەیەکی گشتی لەسەر پەیڕەوەکەی سەرۆکی پێشووتریان "کوامێ نکروما" دەڕۆن کە لایەنگری هیچ بلۆکێک و جەمسەرێکی جیهانی ناکەن لەدژی ئەویتریان، لەو سۆنگەیەشەوە هەڵوێستی جددی هاوشێوەی نەیجیریایان نەبوو لەدژی کودەتاچییەکانی ناو وڵاتانی ئیکواس. وڵاتی ماڵتاش پەیوەندی نزیکی لەگەڵ ناتۆ هەیە بەڵام وڵاتێک نییە سەرکێشی ئەنجامبدات و ئەوەندە بچوکە بەرگەی کێشە ناگرێت. سویسڕاش ئاڵا سپییەکەی جیهانە، خاوەنی درێژترین سیاسەتی بێلانییە لەجیهاندا و لەساڵی 1847ەوە بەشداری هیچ جەنگێکی نەکردووە و ئێستاش هیچ بێدەنگییەکەی لە ئەنجومەنی ئاسایش شتێکی نامۆنییە، بەڵکو ئەوە تەنها سویسڕایە هەوڵدەدات وەکو سویسڕا بمێنێتەوە!
بیانووی وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ژاپۆن بۆ دەنگدان لەدژی پڕۆژەکە ئەوەیە کە نووسراوەکانی ناو پڕۆژەکە حەماس تۆمەتبارناکەن و گازندەیان لەسەری نییە، ئەوان پێیان وایە حەماس تیرۆرستە و دەبێت وەکو سەرچاوەی کێشەکە تۆمەتبار بکرێن. بەڵام لەڕاستیدا ئەمریکا و فەڕەنسا بەم رەتکردنەوەیە ویستیان دەرفەتێک بدەنە ئیسڕائیل پێش ئەوەی ئاگربەست ڕابگەیەندرێت شاری غەزە داگیربکەن و هێزی زەمینی بەرنە ژوورەوە، یاخود لانی کەم ستراتیژەکەی خۆی داهیا " الضاحية" جێگا بگرێت و بتوانن گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی ئەگەر بچوکیش بێت لە شارەکەدا ئەنجامبدەن. ئەم وڵاتانە یارییەکی ترسناک ئەنجامدەدەن بۆ دواخستنی ڕاگەیاندنی ئاگربەست ئەمەش سیاسەتێکی ئامانجداری ڕوونە لەپێناوی لەناوبردن و ڕیشەکێشکردنی یەکجارەکی بزووتنەوەی حەماس و باڵە چەکدارییەکەیان.