ئا: ئاوێنە
لەکاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی ئۆکتۆبەرو دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەلئەقسا"وە کە لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە دەستیپێکردوە، پرسیارگەلێک سەبارەت بەتوانا سەربازییەکانی بزوتنەوەکە دەکرێت، کە هەمیشە هێزو توانایەکی ناچیز بووە بەراورد بەو هێزو توانا زەبەلاحە سەربازییەی کە ئیسرائیلییەکان هەیانبوە. ئەو ئۆپەراسیۆنە، بەگوتەی چاودێرانو شرۆڤەکارانی سەربازیی، ئیسرائیلی تووشی شۆک کردووە.
دیارترین سەرکردەکانی ئێستای حەماس کێن؟
محەمەد زەيف
زەیف ئەندازیاری دروستکردنی ئەو تونێلانە بوو کە ڕێگەی بەچەکدارانی حەماس دا لەغەزەوە بچنە ناو ئیسرائیلەوە.
محەمەد دیاب المصری، نازناوی “ئەبو خالد”ەو بە"زەیف” ناودەبرێ، سەرکردایەتی کەتائیبی عێزەدین قەسام دەکات کە بازووی سەربازی بزووتنەوەی حەماسە، لە غەزە لەدایک بووە لەساڵی ١٩٦٥.
"ئەقڵی پلاندانەرە"، وەک لای فەلەستینییەکان ناسراوە، "پیاوی مەرگ" یان "جەنگاوەری حەوت روح"ە وەک لای ئیسرائیلییەکان ناسراوە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەبایۆلۆجی لەزانکۆی ئیسلامی غەززە بەدەستهێناوە، حەزی لەنواندنو شانۆیەو بۆ ئەم مەبەستەش گروپێکی هونەری پێکهێناوە.
کاتێک دامەزراندنی بزووتنەوەی حەماس ڕاگەیەندرا، بەبێ دوودڵی پەیوەندی بەڕیزەکانیەوە کرد، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لەساڵی ١٩٨٩ دەستگیریان کرد، ١٦ مانگ بەبێ دادگاییکردن خرایە زیندانەوە بەتۆمەتی کارکردن لەباڵی سەربازیی حەماس. لەماوەی زیندانیکردنیدا، زەیف لەگەڵ زەکەریا شۆربەچیو سەڵاح شەحادە لەسەر دامەزراندنی بزوتنەوەیەکی جیاواز لەحەماس رێککەوتن بەئامانجی بەدیل گرتنی سەربازانی ئیسرائیلی، کە ناوی "کەتائیبی قەسام"ی لێنرا.
دوای ئازادبوونی زەێف لەزیندان، کەتایبی عێزەدین قەسام وەک رێکخراوێکی سەربازی دەرکەوت، کە زەیف یەکێک بوو لەدامەزرێنەرانیو وەک چالاکترین سەرکردەی "قەسام" دەرکەوت.
زەیف ئەندازیاری دروستکردنی ئەو تونێلانە بوو کە ڕێگەی بەچەکدارانی حەماس دەدا لە غەزەوە هێرش بکەنە ناو ئیسرائیلەوە، هەروەها یەکێک بوو لەوانەی ستراتیژی هەڵدانی ژمارەیەکی زیاتری موشەکی روەو ئیسرائیل پێشخست.
بەڵام ترسناکترین تۆمەت کە ئاڕاستەی دەکرێ سەرپەرشتیکردن و پلاندانانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی تیرۆرکردنی ئەندازیار یەحیا عەیاش-ە کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی ٥٠ ئیسرائیلی لەسەرەتای ساڵی ١٩٩٦، هەروەها پلاندانانی بووە بۆ بەدیل گرتنو کوشتنی سێ سەربازی ئیسرائیلی لەناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردودا. ئیسرائیل لەساڵی ٢٠٠٠دا دەستگیری کردو زیندانی کرد، بەڵام لە سەرەتای "ئینتیفازەی دووەم"دا، توانی لەزیندان هەڵبێتو لەو ڕۆژەوە شوێن بزرو نادیارە.
زەیف سێ فۆتۆی هەیە، یەکێکیان زۆر کۆنە، دووەمیشیان وێنەیەکە بەدەمامکەوە، سێیەمیش وێنەی سێبەرەکەیەتی.
سەختترین هەوڵی تیرۆرکردنی لە ساڵی ٢٠٠٢ بوو، زەیف بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ڕزگاری بوو، بەڵام چاوێکی لەدەستدا، لەکاتێکدا ئیسرائیل دەڵێت پێیەکو دەستێکی لەدەستداوە، هەروەها بەزەحمەت قسەی بۆ دەکرێت بەهۆی ئەوەی زیاتر لرجارێک روبەڕوی هەوڵی تیرۆرکردن بوەتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە زیاتر لە ٥٠ ڕۆژی خایاند، سوپای ئیسرائیل شکستی هێنا لەتیرۆرکردنی زەیف، بەڵام توانی هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەی بکوژێت.
بە نازناوی ئێستای خۆی "ئەبو خالد" ناوبانگی دەرکرد لەڕێگەی ڕۆڵ نواندنی لە یەکێک لەشانۆگەرییەکانەوە بەناوی "گاڵتەجاڕ"، کە ڕۆڵی “ئەبو خالد”ی تیا دەبینی، کەسایەتییەکی مێژووییەو لەنێوان سەردەمی ئومەویو عەباسی ژیاوە.
نازناوی "ضيف - میوان"یشی لێنراوە لەبەرئەوەی لەهیچ شوێنێک زیاتر لە شەوێک نامێنێتەوەو هەر شەوەو لەماڵێکی نوێدا بەسەردەبات بۆ ئەوەی لەڕاوەدونانی ئیسرائیل ڕزگاری بێت.
مەروان عیسا
مەروان عیسا، یان "پیاوە سێبەرەکە"و دەستی ڕاستی محەمەد زەیف، جێگری فەرماندەی گشتی کەتایبی عێزەدین قەسامەو ئەندامی مەکتەبی سیاسیو سەربازی بزوتنەوەی حەماسە .
هێزەکانی ئیسرائیل لە"زئنتیفازەی یەکەم"دا بۆ ماوەی 5 ساڵ دەستگیریان کرد بەهۆی چالاکییەکانیەوە لەڕیزەکانی حەماس، کە لەتەمەنی هەرزەکاریدا پەیوەندی بە حەماسەوە کردووە.
ئیسرائیل دەڵێت تا لە ژیاندا بمێنێتەوە، ئەوەی بە"جەنگی مێشک" لەنێوان خۆی و حەماسدا وەسفی دەکات بەردەوام دەبێت، ئیسرائیل وەک پیاوێکی "کردە نەک قسە" وەسفی دەکات و دەڵێت بەئەندازەیەک زیرەکە کە "دەتوانێت پلاستیک بگۆڕێت بەکانزا".
وەک یاریزانێکی دیاری تۆپی باسکە دەرکەوت، نازناوی "کۆماندۆی فەلەستینی"ی لێنرا، بەڵام نەیتوانی درێژە بەپیشەی وەرزشی بدات، چونکە ئیسرائیل لەساڵی ١٩٨٧ بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بەبزوتنەوەی حەماس دەستگیری کرد، دواتر دەسەڵاتی فەلەستین لەساڵی ١٩٩٧ دەستگیری کردو ئازاد نەکرا تا دوای سەرهەڵدانی ئەوەی بە "ئینتیفازەی ئەلئەقسا" ناودەبرێت لەساڵی ٢٠٠٠.
دوای ئازادبوونی لە زیندانەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی، عیسا ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە پەرەپێدانی سیستەمی سەربازی لەکەتائیبی ئەلقەسامدا.
بەهۆی ڕۆڵی دیار و بەرچاوی لەبزوتنەوەکەدا، لەلایەن ئیسرائیلەوە راوەدونراو ناوی گرایە لیستی داواکارانەوە، هەروەها هەوڵی تیرۆرکردنیدا لەمیانەی کۆبوونەوەی ئەرکانی گشتی ئەلقەسام لەساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ زەیف و سەرکردەکانی پلەی یەکی کەتایبی قەسام، بەڵام بەبرینداری دەرباز بوو ئیسرائیل ئامانجەکەی نەهاتەدی.
هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە کاتی لەشکرکێشی غەززە لەساڵانی 2014و 2021 دووجار ماڵەکەیان خاپور کردو بەهۆیەوە براکەی گیانی لەدەستدا.
پێش ساڵی ٢٠١١ کەسایەتییەکی نەناسراو بوو، کاتێک لەوێنەیەکی بەکۆمەڵدا دەرکەوت لەکاتی پێشوازیکردنی ئەو زیندانیانەدا گیراوە کە لەسەفەقەی "ئەمەک بۆ ئازادیخوازان" لەبەرامبەر سەربازی ئیسرائیلی "جلعاد شالیت" ئازادکراون.
تاکتیک و هەوڵەکانی ئەبو ئەلبەرا لە پلاندانان بۆ پەلاماردانی سەربازیی لەشەڕەکانی غەززدا دەرکەوت کە ئەو کردویەتی، لەسەرەتاوە لە"حجارەی السجیل" لەساڵی ٢٠١٢ تا “تۆفانی ئەلئەقسا” لە ساڵی ٢٠٢٣، وەک هێزێکی کارای زەمینیو هەواڵگریو تەکنیکیو ڕادەی پلاندانانی ڕێکخراوو وردو گرنگیدانی تایبەتی بەهێرشکردنە سەر شوێنی جولەکەنشینەکانو بنکەو بارەگا ئەمنییەکان.
یەحیا سنوار
یەحیا ئیبراهیم ئەلسەنوەر، سەرکردەیەکی بزوتنەوەی حەماس و بەرپرسی مەکتەبی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە لەکەرتی غەززە، لەساڵی ١٩٦٢ لەدایک بووە، دامەزرێنەری دەزگای ئەمنیی حەماسە کە بە “مەجد” ناسراوە، کە تایبەتە بەدۆسیەی ئاسایشی ناوخۆ، وەک ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەکریگیراوانی ئیسرائیل، کە دواتر کاری دەزگاکە گەشەی کرد بۆ شوێن پێهەڵگرتنی ئەفسەرەکانی هەواڵگریو دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل.
سنوار سێ جار دەستگیرکراوە، یەکەمجاریان لە ساڵی 1982 بووە، هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەی چوار مانگ لەدەستبەسەری ئیداریدا هێشتوویانەتەوە.
ساڵی 1988 سینوار بۆ جاری سێیەم دەستبەسەر کراوەو سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە. لە کاتێکدا سینوار ماوەی زیندانییەکەی بەسەردەبرد، تانکی سەربازە ئیسرائیلییەکە "جلعاد شالیت" لەلایەن حەماسەوە کەوتە بەر هێرشی موشەکیو وەک دیلو بارمتە لە کەوتە دەستی چەکدارانی حەماسەوە.
شالیت پێی دەگوترا "پیاوی هەمووان"، بۆیە ئیسرائیل ناچار بوو هەموو شتێکی پێویست بکات بۆ ئازادکردنی. ئەمەش لە ڕاستیدا ڕوویدا، لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانەوە کە هێزەکانی بەرگری فەلەستینی ناوی "ئەمەک بۆ ئازادیخوازان"یان لێنابوو، چەندین زیندانکراوی بزوتنەوەی فەتح و حەماس، لەنێویاندا یەحیا سنوار لە ساڵی ٢٠١١ ئازادکرا.
دوای ئازادبوونی سینوار، وەک سەرکردەیەکی دیاری بزوتنەوەی حەماس و ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە گەڕایەوە بۆ پۆستەکەی.
لە ئەیلوولی ٢٠١٥، ئەمریکا ناوی سینواری خستە لیستی ڕەشی "تیرۆریستانی نێودەوڵەتی"و لە ١٣ی شوباتی ٢٠١٧، یەحیا سینوار وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەکە لە کەرتی غەززە هەڵبژێردرا، لە شوێنی ئیسماعیل هەنیە.
عەبدوڵڵا بەرغوسی
بەرغوتی لەساڵی 1972 لەوڵاتی کوەیت لەدایک بووە، دوای جەنگی دووەمی کەنداو لە ساڵی 1990 ڕووی لە ئوردن کردووە، خاوەنی ڕەگەزنامەی ئوردنی بووە، پێش ئەوەی پەیوەندی بەزانکۆیەکی کۆریای باشورەوە بکات بۆ خوێندنی ئەندازیاری ئەلیکترۆنی بۆ ماوەی 3 ساڵ، ئەمەش وایکردووە فێری دروستکردنی تەقەمەنی بێت. خوێندنی تەواو نەکردووە، چونکە مۆڵەتی چوونە ناو فەلەستینی وەرگرتووە.
کەس لەدەوروبەری بەلێهاتووییو توانا داهێنەرانەکانی ئەویان نەزانیوە لەبواری دروستکردنی تەقەمەنیدا، دوای گەڕانێکی زۆر، چووە بۆ لای بیلال بەرغوسی ئامۆزای، عەبدوڵڵا بردویەتیە ناوچەیەکی دوورەدەست لەنزیک بەیت ڕیمە و پارچەیەکی بچوکی مادەی تەقەمەنی بردوە، لەبەردەم بیلال دروستی کردوە، بیلال بەرەو شاری نابلوس بەڕێکەوتوە بۆ ئەوەی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە بەفەرماندەکەی لەکەتائیبی ئەیمەن حەلاوە رابگەیەنێت، لەوێش بیلال بەرغوسی داوای لە عەبدوڵڵا بەرغوسی کردوە کە پەیوەندی بەڕیزەکانەوە بکات لەکەتائیبی قەسام، بەپێی فەرمانی ئەیمەن.
ئەم ئەندازیارە کاری لەسەر بەرهەمهێنانی ئامێری تەقەمەنی و بەرهەمهێنانی مادەی ژەهراوی لە"پەتاتە" کردووە، جگە لەبەرهەمهێنانی ئامێری تەقێنەر، بەرغوسی کارگەیەکی تایبەتی بۆ بەرهەمهێنانی سەربازی لەکۆگایەکی شارۆچکەکەیدا دامەزراندوە. کۆی گشتی ئەوانەی لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کوژراون کە عەبدوڵڵا بەرغوسی بەڕێوەی بردون، گەیشتوەتە نزیکەی ٦٦ ئیسرائیلیو زیاتر لە ٥٠٠ بریندار.
بەرغوسی لە ساڵی 2003 بە ڕێکەوت لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا، بۆ ماوەی 3 مانگ لەسەریەک بردرا بۆ لێپێچینەوە.
لە دادگاییکردنی دووەمدا، دەیان بنەماڵەی کوژراوانی ئیسرائیلی ئامادەبوون، ئەویش درێژترین سزای لەمێژووی ئیسرائیلدا بەسەردا سەپێندرا، تەنانەت هەندێکی دیکەش بەدرێژترین سزای زیندانییەک لە مێژوودا وەسفیان کرد، لەگەڵ زیندانیکردنی هەتاهەتایی ٦٧ جار، جگە لەوەش تا (٥٢٠٠) ساڵ.
بەرغوسی دواتر مانی لەخواردن گرت و بووە هۆی کۆتایی هێنان بەزیندانیکردنی تاکەکەسی، بەرغوسی نازناوی "ئەمیری سێبەر"ی لێنرا، دوای ئەوەی لەناو زیندانەوە کتێبێکی بە ناوی "ئەمیری سێبەر" نوسی، کە تێیدا باسی ژیانی خۆیو ئەو وردەکارییانەی کاری بەرگری دەکات کە لەگەڵ زیندانییەکانی دیکەدا ئەنجامی داوە، لە کتێبەکەدا باسی لەوە کردووە کە چۆن بوە تەقەمەنی لەبازگە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەرباز کردوەو چۆن هەستاوە بەکاری تەقاندنەوەیان.
ئیسماعیل هەنیە
ئیسماعیل عەبدولسەلام هەنیە کە نازناوی ئەبو ئەلعەبدە، لە یەکێک لە کەمپەکانی پەنابەرانی فەلەستین لەدایک بووە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و سەرۆکوەزیرانی دەیەمین حکومەتی فەلەستینە، وەک سەرۆک وەزیرانی فەلەستین لەساڵی ٢٠٠٦ەوە دەستبەکاربووە.
ئیسرائیل لە ساڵی 1989 بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی کرد، دوای ئەوە لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس دوورخرایەوە بۆ مەرج ئەلزهور لەسەر سنوری لوبنان و فەلەستین، ساڵێکی تەواوی لەدوورخراوەییدا بەسەربرد لە ١٩٩٢.
دوای مانەوەی ساڵێک لە دەربەدەری، گەڕایەوە بۆ غەزە، لە ساڵی ١٩٩٧دا کرا بە بەرپرسی نوسینگەی شێخ ئەحمەد یاسین لەبزوتنەوەی حەماس، ئەمەش پێگەی لەبزووتنەوەی حەماسدا بەهێزتر کرد.
لە 16ی شوباتی 2006 حەماس کاندیدی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی فەلەستین و لە بیستەمی ئەو مانگەدا دەستبەکاربوو.
دوای یەک ساڵ، هەنیە لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی فەلەستین لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین، مەحمود عەباس دوورخرایەوە، دوای ئەوەی کەتائیبی عێزەدین قەسام دەستیان بەسەر بنکەکانی دەزگای ئەمنی لەکەرتی غەزەدا گرت. هەنیە بڕیارەکەی ڕەتکردەوە، چونکە بە"نادەستووری"ی زانی، جەختی لەوەش کردەوە کە "حکومەتەکەی بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکانی و دەستبەرداری بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانی بەرامبەر گەلی فەلەستین نابێت".
هەنیە داوای ئاشتەوایی فەلەستین لەگەڵ بزوتنەوەی فەتح کردو چەند جارێکیش قبوڵکردنی خۆی بۆ دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت لەچوارچێوەی ئاشتەوایی هەمەلایەنەدا ڕاگەیاندو لەڕاستیدا لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٤ دەستبەرداری پۆستەکەی بوو بۆ "ڕامی حەمدەڵا".
ڕۆژی ٦ی ئایاری ٢٠١٧ لە لایەن ئەنجومەنی شورای سەر بەبزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی، لە دوای خالد مەشعەل بەسەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس هەڵبژێردرا.
خالد مەشعەل
خالد مەشعەل 'ئەبو وەلید' لەساڵی 1956 لەگوندی سلواد لەدایک بووە، پێش ئەوەی خۆی و خێزانەکەی کۆچ بکەن بۆ کوێت، خوێندنی خوێندنی سەرەتاییو ناوەندی لەوێ تەواو کردووە.
مەشعەل بەیەکێک لەدامەزرێنەرانی بزووتنەوەی حەماس دادەنرێت، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس بووە، لە نێوان ساڵانی 1996 بۆ 2017 پۆستی سەرۆکایەتی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەکەی گرتە ئەستۆ، دوای کۆچی دوایی شێخ ئەحمەد، وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەکە دەستنیشانکرا، شێخ یاسین لە ساڵی ٢٠٠٤ کۆچی دوایی کرد.
ساڵی 1997 موسادی ئیسرائیلی مەشعەلی کردە ئامانج و هەوڵی تیرۆرکردنی دا بەڕێنمایی ڕاستەوخۆی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە داوای لەسەرۆکی مۆساد کرد پلانێک بۆ ئەنجامدانی تیرۆرەکە ئامادە بکات. ١٠ ئەندامی مۆساد بەپاسپۆرتی ساختەی کەنەدا چوونە ناو ئوردن، خالد مەشعەل کە ئەوکات ڕەگەزنامەی ئوردنی هەبوو لەو وڵاتە نیشتەجێ بوو، لەکاتی رێکردنی بەشەقامێکی عەممانی پایتەختدا، بەدەرزی مادەیەکی ژەهراوی لێدرا.
دەسەڵاتدارانی ئوردن هەوڵی تیرۆرکردنەکەیان ئاشکرس کردو دوو ئەندامی مۆسادیان دەستگیرکرد کە بەشداربوون لەو کارەدا، حوسێن بن تەلال پاشای کۆچکردووی ئوردن داوای دژە سیرۆمی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد بۆ ئەو ماددە ژەهراویەی کە خالد مەشعەل دەرزی لێدرابوو، نەتانیاهۆ سەرەتا داواکارییەکەی شا حوسێنی ڕەتکردەوە. هەوڵی تیرۆرکردنی ڕەهەندێکی سیاسیی وەرگرتو بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەمریکا دەستوەردانی کرد و ناتانیاهۆی ناچار کرد ئەو سیرۆمە دژە ژەهرە دابین بکات کە بەکارهێنرا. لەکۆتاییدا نەتانیاهۆ ملکەچی فشارەکانی کلینتۆن بوو دژە سیرۆمی رادەست کرد.
خالد مەشعەل بۆ یەکەمجار لە ی کانونی دووەمی ٢٠١٢ سەردانی کەرتی غەزەی کرد، سەردانەکەی مەشعەل یەکەمین سەردان بوو بۆ ناوچەکانی فەلەستین لەو کاتەوەی کە لەتەمەنی ١١ ساڵیدا بەجێیهێشتبوو، مەشعەل لەلایەن سەرکردەکانی فەلەستینو رێکخراوە نیشتیمانیەکانەوە لەکاتی گەیشتنی بەبازگەی رەفەح پێشوازییەکی گەرمی لێکراو جەماوەرى فەلەستین بەدرێژایی ڕێگای رەفەح تا دەگات بە شاری غەززە لەپێشوازییدا ئەودا بون.
لە ٦ی ئایاری ٢٠١٧ ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەکە ئیسماعیل هەنیای وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی هەڵبژاردو ئەمڕۆش بزوتنەوەکە دووبارە هەڵیبژاردەوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی بزوتنەوەکە لەدەرەوەی وڵات.
مەحمود ئەلزەهار
مەحمود ئەلزەهار لە ساڵی 1945 لە شاری غەزە لە باوکێکی فەلەستینی و دایکێکی میسری لەدایکبووە و سەرەتای منداڵی لە شاری ئیسماعیلی میسر ژیاوە.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیو ئامادەیی لەغەززە تەواو کردوە، لە ساڵی 1971 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەپزیشکی گشتی لەزانکۆی عەین شەمس لەقاهیرە بەدەستهێناوە، پاشان بڕوانامەی ماستەری لەنەشتەرگەری گشتی لەساڵی 1976 بەدەستهێناوە، لە دوای تەواوکردنی خوێندنەوە لەساڵی 1976 وەک پزیشک کاری کردووە لەنەخۆشخانەکانی غەزە و خان یونس تاوەکو دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانییەوە لەکارەکانیان دوورخستەوە. ئەلزەهار بەیەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حەماس دادەنرێت، هەروەها ئەندامی سەرکردایەتی سیاسی بزوتنەوەکەیە.
مەحمود ئەلزەهار لە ساڵی 1988 بۆ ماوەی شەش مانگ لەزیندانەکانی ئیسرائیل دەستگیرکرا، دوای شەش مانگ لەدامەزراندنی بزوتنەوەی حەماس، لە نێو ئەو کەسانەدا بوو کە لەساڵی 1992 لەلایەن ئیسرائیلەوە دوورخرایەوە بۆ مەرج زهورو ساڵێکی تەواوی لەوێ بەسەربرد.
لەگەڵ سەرکەوتنی بزووتنەوەی حەماس لەهەڵبژاردنی یاسادانانو بەدەستهێنانی زۆرینەلە ساڵی 2005، ئەلزەهار وەزارەتی دەرەوەی وەرگرت لەو حکومەتەی کە لەلایەن ئیسماعیل هانیە سەرۆک وەزیرانەوە پێکهێنرابوو، بەرلەوەی سەرۆک مەحمود عەباس کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو حکومەتە بهێنێت بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە کە بوونە مایەی لێکترازانی فەلەستینییەکان.
ئیسرائیل بەردەوام چاوی لەسەر کوشتنی ئەلزەهار بوو، لەساڵی ٢٠٠٣دا هەوڵی تیرۆرکردنی دا، کاتێک فڕۆکەیەکی ئێف ١٦ موشەکێکی کێشا بەماڵەکەیدا لەگەڕەکی ئەلرمال لەشاری غەزە، کە کێشی موشەکەکە نیو تەن بوو، لەهێرشەکەدا بەسوکی بریندار بوو، کوڕە گەورەکەی بەناوی خالیدو پاسەوانە تایبەتەکەشی کوژران.
لە١٥ی ١ی ٢٠٠٨، کوڕی دووەمی بە ناوی حوسام کە ئەندامی کەتائیبی عێزەدین ئەلقەسام بوو، لەهێرشێکی ئیسرائیلدا لەڕۆژهەڵاتی غەزە یەکێک بوو لەو ١٨ کەسەی کوژران.
ئەلزەهار چەندین کتێبی فیکری و سیاسی و ئەدەبی نوسیوە، لەوانە "کێشەی کۆمەڵگەی هاوچەرخمان... لێکۆڵینەوەیەکی قورئانی"، "هیچ شوێنێک لەژێر خۆردا نییە" لە وەڵامی کتێبەکەی بنیامین ناتانهۆو ڕۆمانی “لە سەر شۆستە”.
سەرچاوە: بی بی سی