2023-10-03   2017     
ئاوارەبوونی ئەرمەنەکانی قەرەباخ
وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: توانا محەمەد نوری
دوای ئەوەی کۆتایی مانگی ڕابووردوو هێزەکانی ئازەربایجان دەستیان بەسەر کۆماری جیابووەوەی نگۆرنۆ-کەرەباخدا گرت، زیاتر لە ١٠٠ هەزار خەڵکی ئەو کۆمارە بەرەو ئەرمەنستان هەڵهاتن.
هێرشی خێرای ئازەربایجان - بە پشتیوانی تورکیا و پەسەندکردنی ڕووسیا - حکومەتی ئەرمینیەکان، کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە حوکمڕانی کۆماری نگۆرنۆ-کەرەباخیان کردووە، ڕووخا و تا دوێنێ یەکشەممە سێ چارەکی دانیشتوانی کەرەباخی ناچار بە هەڵاتن کرد.
ئەم داگیرکردنە دوای گەمارۆیەکی ١٠ مانگە دێت کە خەڵکی گەیاندبووە لێواری نەداری و برسێتی. ئێستاش خەڵکی ئەو ناوچەیە و لە ترسی هێرشەکانی ئازەربیجان، بە ئۆتۆمبێل کەتونەتە سەر ڕێگای نگۆرنۆ-کەرەباخ بەرەو ئەرمینیا.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابووردو - ٢١ی ئەیلول - کۆماری کەرەباخ ڕایگەیاند کە تا مانگی یەک خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان هۆشداریدا لەوەی پێشنیاری پێشووی ئۆتۆنۆمی "ژێر خاک نرا" لەکاتێکدا خۆی ئامادە دەکات بۆ یەکخستنەوەی ناوچەکە.
زیادبوونی ڕکابەری ئیمپریالیزم لەسەر ناوچەی باشووری قەفقاز، کە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە پشت ئەو ترسەوەیە کە ڕووبەڕووی پەنابەران دەبێتەوە.
ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هێڵی ڕکابەریی زلهێزەکان دانیشتوون. ئەم هێڵە لە باکووری ئەوروپا لە سنووری نێوان ڕووسیا و دەوڵەتانی باڵتیک دەست پێدەکات، بە ئۆکرانیادا تێدەپەڕێت، ئینجا قەفقاز و دەچێتە ناو ئاسیای ناوەڕاست.
لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکرانیا گرژیەکان بە درێژایی ئەم هێڵە لە نێوان ئەمریکا، ڕووسیا، چین و زلهێزەکانی دیکەی ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوویەوە. ئەم شەڕە بە وەکالەت لە نێوان ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ڕووسیادا بۆتە هۆی ئەوەی هاوپەیمانەتێکی نوێ نێوان ڕووسیا و تورکیا و ئازەربایجان لە قەفقازدا دروست بکرێت.
ئێستا دەوڵەتی ڕووسیا ئازەربایجان- ڕێڕەوی سەرەکی وشکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا - لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگتر لە ئەرمەنستانی هاوپەیمانی تەقلیدی خۆی دەبینێت.
تورکیا دەیەوێت ڕێگایەکی وشکانی لە ئازەربایجانەوە بۆ نەخچیڤان مسۆگەر بکات، نەخچیڤان خۆی بەشێکە لە ئازەربایجان بەڵام لەلایەن ئەرمینیاوە لەو وڵاتە جیاکراوەتەوە.
ئەمەش دەبێتە هۆی کردنەوەی ڕێگایەکی نوێی گواستنەوە لە چین و ئاسیای ناوەڕاست بۆ تورکیا و دەریای ناوەڕاست. ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی گرنگی جۆرجیا - هاوپەیمانی لەگەڵ ناتۆ - وەک ناوەندێکی گواستنەوە و وزە لە ناوچەکەدا.
ڕوسیا بە سەرنجدان بە ئۆپەراسیۆنی ئازەربایجان، هیوادارە هێزێکی سەربازی لە وڵاتەکەدا بهێڵێتەوە. لە دوای شەڕی پێشووی نێوان هێزەکانی ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە ساڵی ٢٠٢٠ هێزێکی "ئاشتیپارێز"ی ڕووسی لە نگۆرنۆ کەرەباخ جێگیرکراوە.
ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا سەرکەوتنێکی زۆر پێویست بەدەستبهێنێت دوای ئەوەی لە ئۆکرانیا نەیتوانی سەرکەوتنێکی خێرا بەدەستبهێنێ.
نگۆرنۆ کەرەباخ یەکێکی دیکەیە لەو بیرهێنانەوەیەی کە ئۆکرانیا خاڵی وەرچەرخانێکی مەترسیداری بەخۆیەوە بینی. ئێمە ئێستا بە قسەی پلاندانەرانی ناتۆ، لە جیهانێکی "کێبڕکێی گەورە"دا دەژین کە هەڕەشەی شەڕی ترسناک دەکات.
پاڵپشتیکردنی ئۆردوگایەک یان کەمپێکی ئیمپریالیستی لەم پێکدادانەدا تەنیا گەرەنتی شەڕی زیاتر، مردنی زیاتر، دەربەدەری و پەنابەری زیاتر دەکات.
هەموو ئەوانەی لە ئۆکرانیا هاندەری ناتۆ یان پوتینن، پێویستە دەرسێک لەو وەزعە نالەبارەی لە نگۆرنۆ کەرەباخ دەگوزەرێ، وەربگرن.
دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ١٥ کۆمار جیا بووەوە، ڕووسیا نەیتوانی ببێتە جێگرەەی شورەوی بەڵام بڕیاریدا کۆنترۆڵی دەوڵەتە دراوسێکانی بپارێزێت.
قەفقازی دەوڵەمەند بە وزە - کە لە ئەرمینیا، ئازەربایجان و جۆرجیا پێکهاتووە - ناوچەیەکی سەرەکی بوو. وەک یەکێک لە وەزیرەکانی ڕووسیا، کیم تساگالۆڤ، وتی، "ڕووسیا لە بارودۆخێکی نالەباردا بەشداری ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەی نێوان زلهێزەکانی جیهان دەکات. سەرەڕای ئەمەش دەبێت بەرگری لە هەڵوێستی خۆمان بکەین لەناوچەی قەفقاز."
ڕووسیا لە دۆخی لاوازی خۆیدا پشتی بە وروژاندنی دابەشکاریی نەتەوەیی و ململانێی جوداخوازی و شەڕی ناوخۆ بەستبوو.
لە ساڵی ١٩٩١ هێزە جوداخوازەکان کۆماری سەربەخۆی ئارتساخیان لە ناوچەی ئەرمەنی و مەسیحی زۆرینەدا ڕاگەیاند.
لە ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٣ هێزەکانی ئەرمەنستان - بە پشتیوانی ڕووسیا - شەڕیان کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرەباخ.
تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، هەڕەشەی بۆردومانکردنی یەریڤانی پایتەختی ئەرمەنستانی کرد. ترسی ئەوەی هەبوو کە شەڕەکە ئازەربایجان ناسەقامگیر بکات و ڕێگر بێت لە دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی وزە لە دەریای خەزەر.
لەم نێوەندەدا ئەمریکا کارێکی کرد بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە بەشێک بوون لە یەکێتی سۆڤیەت. بڕیاریدا دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد هەژموونی خۆی وەک تاکە زلهێزی جیهان بچەسپێنێت.
ئەمریکا بوە هاوبەشی چینی دەسەڵاتداری ئازەربایجان. حەیدەر عەلیێڤ، پۆلیسی نهێنی پێشووی کەی جی بی و ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی شورەوی، وەک دیموکرات و ناسیۆنالیستێکی ناوخۆیی خۆی دەرخست.
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٣ بوو بە سەرۆک کۆماری ئازەربیجان، ڕژێمە تاکڕەوەکەی بە زنجیرەیەک ڕێککەوتن لەگەڵ ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا و کۆمپانیاکانی نەوت و گاز ئازەربایجانی لە ڕۆژئاوا نزیکتر گرێدا. ئیلهام عەلیێڤی کوڕی - کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا پۆستی سەرۆکایەتی وەرگرت - ئەو پەیوەندیانەی قووڵتر کردووەتەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ هێزەکانی ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە سەر کەرەباخ تێکهەڵچوون و بە ئاگربەستێکی چاودێرکراوی ڕووسیا و تورکیا کۆتایی هات.
زلهێزە ئیمپریالیستییەکان چ ڕووسیا بێت یان ئەمریکا، هیچ گرنگییەکی ڕاستەقینە بە ماف و چارەنووسی خەڵک یان ئاشتی نادەن. ئەوان تەنیا گرنگی بە پێشخستنی بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکانی خۆیان دەدەن.