ڕێبین خدر
دوو نووسەری پایەبڵندی جیھانی ئەدەبیات، گەرچی ھەردووکیان ڕووس و ھاوزەمەنیش بوون، کەچی ھەرگیز لە نێزیکەوە یەکدیان نەدیوە. لەگەڵ ئەوەیشدا مینا پارچەکانی یاریی پەزڵ بەیەکەوەبەستراو، لە قوڵایی و کەلێنە ورد و تایبەتەکانیش لە یەکتر جودا.
ئەوەی دەیخوێنیتەوە بەراوردێکی بچکۆلە و تەنکی دوو جیھانە، کە کاریگەری و قوڕساییان گەلێک جار نووسەران و خوێنەرانیشی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردوون.
١. دۆستۆیفسکی ساڵی ١٨٧٠ لە نامەیەکدا بۆ ھاوڕێیەکی دەنووسێت «لەگەڵ دوو دێڕی نامەکەت بەھیچ جۆرێک ھاوڕا نیم. مەبەستم ڕێکوپێک ئەو شوێنەیە کە تێیدا نووسیوتە : ‘تۆڵستۆی بەرابەر و یەکسانە بە تەواوی گەورەیی و شکۆداریی ھەرچییەک لە ئەدەبیاتی ئێمەدا ھەیە ! ‚مرۆڤ ناکرێت قسەی وای بە ھیچ شێوەیەک بە زاریدا بێت!»
٢. تۆڵستۆی لەبارەی دۆستۆیفسکی دەڵێت «کەسێکی ڕاڕا و دڕدۆنگ بوو. بەرزخواز و سەرسەخت، ھەروەھا چارەڕەش. لەگەڵ ئەوەیشدا پێم عەنتیکەیە ئەوەندە دەخوێندرێتەوە! تێناگەم بۆ وایە!»
٣. میرەشکۆفسکی لەبارەی ھەردووکیان دەڵێت «ئەگەر ژیانی تۆڵستۆی لە ئاوێکی سازگار بچێت، کە لە ژێرزەمینێکەوە ڕادێت و ھەڵدەقوڵێت، ئەوا ژیانی دۆستۆیفسکی لە ئاگر دەچێت ؛ کە لە ھەمان قوڵایی بێ بنەوە ھەڵدەچێت، بەڵام ئاوێتە بە بڵێسە و خۆڵەمێش، ئاوێتە بە چڕەدووکەڵ».
٤. دۆستۆیفسکی بەناوبانگە بە ڕۆمانە سایکۆلۆژییەکانی، کە تێیاندا دەریچە و کەلێنی تاریکی ڕۆحی مرۆڤ دێننە بەرباس. ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەریی ھەبوو. یەکێک لە شەیتانە مشەخۆرەکانی ناوەوەی ئەو، خوگرتنی بوو بە قومار. لە ١٨٦٢ لە گەشتێکیدا بۆ ئەڵمانیا دەست بە گەمەی ڕۆڵێت دەکات. لەوێڕا تا قەلۆش دەبێت و بێ پارە، لە دۆڕان ناکەوێت. ژنەکەی لە وەسفیدا دەڵێت «سەرکز و ھەڵبزڕکاو دەھاتەوە ماڵەوە و داوای پارەی دەکرد. جا دیسا دەچووەوە گازینۆ و دەستی دەکردەوە بە پارە دۆڕاندن!»
٥. تۆڵستۆی سەرەڕای ئەوەی وەک عارفێک دەردەکەوت و کەسێکی ئەخلاقیی بوو، شەڕێکی بەتینی لەگەڵ ئارەزووی خۆی بۆ سێکس دەکرد. لەوەدا سەرکۆنەی خۆی دەکرد و، لە ڕاست ئارەزووەکانی خۆی بە لاواز دەبینی. ھەر کاتیش بۆی ھەڵکەوتبا تایبەت پێش ھاوسەرگیرییەکەی، دەگەڵ ژنە خانەدان ھەروا جوتیارەکانیش سێکسی دەکرد. جا وەک ھەمیشەش پەژیوان دەبۆوە و تا بەوەی دەگا لە دەفتەری یاداشتەکەی بنووسێت «من قێزەونم!».
6. دۆستۆیفسکی زیاتر وەک ھزرڤانێک وایە ڕۆمان بنووسێت بە بەراورد لەگەڵ تۆڵستۆی کە ئامانجی گەورەی گێڕانەوەیە. ئەوەیشی دانووی خۆیان و بەرگریکارەکانیشیان لەگەڵ یەک ناکوڵێت زیاتر لەسەر ئەم خاڵەیە. کۆڵەگەی گێڕانەوە لای دۆستۆ «قسەکردن/ گفتوگۆ» ی نێوان کارەکتەرانە، بەڵام پایەی سەرەکی گێڕانەوە لای تۆڵستۆی «وێنە»یە. بە واتایەکی دیکە وشەکان لای دۆستۆ دەنگ بەرهەم دێنن، بەڵام لای تۆڵستۆی دیمەن و وێنە. دۆستۆیفسکی دەفەلسەفێنێت و زوو تێدەگەیت کارەکتەرانی لەگەڵ کێشەیەکی دەروونی تووند، کێشەیەکی فیکریدا ڕووبەڕوون. ھەرچی تۆڵستۆیە کارەکتەرانی لە فەزایەک دەئاڵێنێت خوێنەری سادە و قوڵبینیش وەک یەک چێژ لە گێڕانەوەکان ببینن، لایەنە فیکرییەکە ھەڵدەداتە ناو ھێسقانی گێڕانەوە.
7. سەرباری ئەوانەیش سەیرکە بزانە پیتەر دۆیچمان دەڵێ چی؟ دەڵێت: «باختین ھات دۆستۆی لە تۆڵستۆی جیاکردەوە. بەوەی کە پێی وابوو تۆڵستۆی ھەمیشە ڕوانگەی خۆی و ئایدۆلۆژیای نووسەرانەی لە کارەکانیدا دەردەخات و ناتوانێت فیکری خۆی بشارێتەوە». کەواتە باختین خاڵی شەش پێچەوانە دەکاتەوە.
8. لە ڕۆمانی (بۆنسا)ی "ئەلێخاندرۆ زامبرا "کچ و کوڕێک ھەن یەکتریان خۆشدەوێت و ھەردووکیشیان شێتوشەیدای ڕۆمانی «گەڕان بەدوای زەمەنی لەدەستچوو» ی مارسێل پروست-ن، گەرچی ھیچ یەکێکیشیان ڕۆمانەکەیان نەخوێندۆتەوە. دۆستۆ و تۆڵستۆی لەو دوو نووسەران خوێنەرانی وایان کەم نین. زۆر کەس لێی وەخۆش دێت بە سەعات باسی «ئاننا کارنینا» و «تاوان و سزا » بکات، چ لەوەش نەیخوێندبێتنەوە!
9. "تۆماس مان"ڕۆمانی «تاوان و سزا»ی دۆستۆیفسکی بە باشترین و داھێنەرانەترین ڕۆمانی تاوانیی ناو مێژووی ئەدەبیات دادەنێت. یەکێک لە دیارترین ڕۆماننووسە گەنجەکانی ئێستای ئەڵمانیاش «دانیێل کێلمان» ڕۆمانی «شەڕ و ئاشتی »ی تۆڵستۆی بە کاریگەرترین و ناوازەترین ڕۆمانی مێژوویی دادەنێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا کە «Süddeutsche Zeitung Magazin» لەگەڵی کردووە، ڕۆژنامەنووسەکە لە «دانیێل کێلمان» دەپرسێت : کام کتێبە پێویستە ژنان بیخوێننەوە تا فێربن لە پیاوان تێبگەن؟
«دانێیل» وەڵام دەداتەوە : ڕۆمانی شەڕ و ئاشتی. ناونیشانەکە بۆ خۆی شتەکە ڕوون دەکاتەوە.
ڕۆژنامەنووسەکە ھەمدیس دەپرسێت : کام کتێبە مێرمنداڵ و گەنجان بە باشترین شێوە بۆ تەمەنی کامڵیی ئامادە دەکات ؟
«دانیێل »بەرسڤ دەداتەوە :شەڕ و ئاشتی و...
ڕۆژنامەنووسەکە : گەر بتەوێ چاوت بە کارەکتەری ڕۆمانێک بکەوێت، کێ دەبێت ئەو کارەکتەرە؟
«دانیێل» دیسانیش : "پیەر بزوخوف" ی ڕۆمانی شەڕ و ئاشتی...
١٠. کەم نین ئەو نووسەر و بیرمەندانەی کاریگەر بوون بە هەردووکیان. بۆ نموونە «نیچە» زۆر کاریگەر بوو بە دۆستۆیفسکی و بە تاقانە دەروونشیکاری دادەنا. لە ڕووی فیکریشەوە لە زۆر ڕووەوە بەسەر هەمان ڕێگادا دەڕۆیشتن، گەر ئەو جیاوازییە گەورەیە وەلانێین کە دۆستۆیسفسکی لەناو جیهانێکی بێهودەدا بە دوای گەرماییەک لە چەشنی گەرمایی خوادا دەگەڕا، هەرچی نیچەیە دەیەویست خۆی لە بێهودەییەکی پاسیڤانە ڕەها کا و لەسەر داروپەردووی بەها کۆنەکان، جیهانێکی تازە بئافرێنێت.
لە دیارترین ئەو کەسانەی کەوتوونەتە بن کاریگەری تۆڵستۆی فەیلەسووفی نەمسایی «لودڤیگ ڤیتگنشتاین»ە. ڤیتگنشتاین، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ئاشقی ڕۆمانی (برایانی کارامازۆڤ) ی دۆستۆ بوو، بەڵام ماوەیەکی باش بە کاریگەری دیدی تۆڵستۆی بۆ مۆڕاڵ و ژیان بەگشتی، خۆی لە ئەکادیمیا دابڕی و ژیانێکی سادە و هەژارانەی تاقی کردەوە.
١١. تۆڵستۆی دەوڵەمەند بوو و لە دواییشدا بەشی زۆری سامانی خۆی بەسەر ھەژاراندا دابەش کرد و لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر، دوور لە خێزانەکەی بە تەنیا سەری نایەوە. تۆڵستۆی دەڵێت «پارە فۆڕمێکی دیکەی کۆیلایەتیە». ھەرچی دۆستۆیفسکی بوو، ھەژاری تەنگی پێ ھەڵچنی بوو و بڕستی لێ بڕیبوو .ئەو لە شوێنێکدا دەبێژێت «پارە ئازادی لەگەڵ خۆیدا دەھێنێت».