2023-09-24   1832     
پابلۆ نێرودا
توانا محەمەد نوری
پابلۆ نیرۆدا شاعیر و کۆمۆنیست، ناوی بۆ هەمیشە بە دوو دیکتاتۆری بەدناوەوە گرێدراوە.
پابلۆ نێرودا، لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا شاعیرێکی بەتوانابوو، کونسوڵی باڵیۆزخانەی شیلی بوو لە مەدرید کاتێک لە تەمموزی ١٩٣٦ فرانسیسکۆ فرانکۆ یارمەتی ڕاپەڕینێکی دا دژی حکومەتی بەرەی جەماوەری ئیسپانیا.
ساتێکی دیاریکەر بوو بۆ نێرودا. شیعرەکانی، هەروەها بیرکردنەوەی سیاسیی، لەدوای ئەم ساتەوە گۆرانکاری گەورەی بەسەردا هات. لە کتێبی I’m Explaining a Few Things تیایدا یەکێک لە گەورەترین شیعرەکانی و هەستەکانی خۆی دەرخست:
خیانەتکار
ژەنەڕاڵەکان:
ماڵە مردووەکەم ببینە،
سەیری ئیسپانیای شکاو بکە:
لە هەموو ماڵێکەوە کانزای سووتاو دەڕژێت
لەبری گوڵ...
نێرۆدا بەهۆی کوشتنی شاعیر و دەرهێنەر و شانۆنووسی هاوڕێی فێدریکۆ گارسیا لۆرکا وەزعی ڕەوانی زۆر خراپ بوو، شایەتحاڵی بۆردومانکردنی بێ بەزەییانە بۆ سەر ناوچە کرێکارییەکانی مەدرید بوو.
لە کاتێکدا بەریتانیا و فەرەنسا وازیان لە ئیسپانیا هێنا، نێرودا خۆی تەرخانکرد بۆ یارمەتیدانی بەرخۆدانی کۆماری ئیسپانیا. پشتگیریی نووسەران و هونەرمەندانی لە سەرانسەری جیهان کۆکردەوە و فریاگوزاری بۆ پەنابەران ڕێکخست.
بەهۆی ئەوەی تەنها شورەوی هاوکاری سەربازی بە حکومەتی ئیسپانیا دەدا و پارتی کۆمۆنیستی ئیسپانیا لە پێشەنگی خەباتی دژە فاشیزمدا بوو، نێرودا پەیوەندی بەو حزبەوە کرد. تا کۆتایی ژیانی وەک کۆمۆنیست مایەوە.
شیعرەکانی - کە لە ساڵی ١٩٧١ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی وەرگرت - لە ئەنجامی شەڕی ئیسپانیا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەردا هات. لە سوریالیزم دوورکەوتەوە و بەرەو سیاسەت گەشەی کرد.
لە کتێبی I’m Explaining a Few Things پێمان دەڵێت بۆچی:
تۆ دەپرسیت: بۆچی هۆنراوەکانی باسی خەون و گەڵا و گڕکانە گەورەکانی خاکی زێدی خۆی ناکات؟
وەرە خوێنی سەر شەقامەکان ببینە!
مردنی نێرودا ٥٠ ساڵ لەمەوبەر لە ٢٣ی ئەیلولی ١٩٧٣ لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا تا ئێستاش مشتومڕێکی زۆری لەسەرە. ئەمەش لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە لە سانتیاگۆ و دوانزە ڕۆژ دوای کودەتا سەربازییەکەی پینۆشێت کە لەلایەن سی ئای ئەیەوە لە دژی حکومەتی سەلڤادۆر ئالێندێ ڕوویدا.
پیلانگێڕەکان لەلایەن ژەنەڕاڵ ئۆگستۆ پینۆشێتەوە سەرکردایەتی دەکران کە هەوادار و سەرسامێکی سەرسەختی فرانکۆ بوو.
دوای دوو ساڵ و کاتێک فرانکۆ کۆچی دوایی کرد، پینۆشێت تاکە سەرۆکی دەوڵەت بوو کە بەشداری پرسەکەی کرد. فرانکۆ خۆی لە دیکتاتۆرێکی فاشیستی کلاسیکی گۆڕی بۆ کەسێکی توندڕەوی دژە کۆمۆنیست و هاوپەیمانی ئەمریکا. بەڵام مێژووە خوێناوییەکەی وەک شەرمەزارییەک ماوەتەوە.
پینۆشێت هیچ دوودڵییەکی لەو شێوەیەی نەبوو. زۆری نەخایاند حوکمڕانی نوێی سەربازی شیلی دەستی کرد بە کۆکردنەوە و کوشتن و ئەشکەنجەدانی هەزاران لایەنگری ئەلێندی. تاکتیکەکانی دوای ئەو نموونە خوێناوییە هات کە فرانکۆ زیاتر لە سێ دەیە پێشتر لە ئیسپانیا داینابوو.
دوای ساڵانێکی زۆر، شانۆنووسی ئینگلیزی هارۆڵد پینتەر ئەو توڕەییەی کە هێشتا لە سەرانسەری جیهاندا هەستی پێدەکرا بەهۆی ئەو ڕووداوانەی کە لە وڵاتی نێرودا ڕوویان دا، دەرخست. لە ساڵی ٢٠٠٥ کاتێک هەمان خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت کە نێرۆدا بەدەستی هێنابوو، وتی: "ئەو ترس و تۆقاندنەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٣ بەسەر خەڵکی شیلیدای سەپاند، هەرگیز ناتوانرێت لەبیر بکرێت و هەرگیز لێی خۆش نابێت".
بەفەرمی نێرودا بە شێرپەنجەی پرۆستات مردووە، بەڵام ڕاستەوخۆ دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە گومانی ئەوەی هەبووە ژەهرخوارد کراوە.
لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی زانایانی پزیشکی دادوەری لە ساڵی ٢٠١٣ کە تەرمەکەی دەرهێنرا، پشتڕاستیان کردەوە کە ڕەنگە بەکتریایەکی تاقیگەیی چێنراوی لێدرابێت. خێزانی نێرودا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەمە لەلایەن بەکرێگیراوانی پینۆشێتەوە ئەنجامدراوە.
سەرەتای ئەمساڵ بابەتێک لە گۆڤاری Science بڵاوکرایەوە، تیایدا شارەزایانی زانکۆکانی کەنەدا و دانیمارک پێشنیاری ئەوە دەکەن کە هۆکاری مردنەکە ژەهراویکردنی بە ئەنقەست بووە.
ڕەنگە بە ڕێکەوت بووبێت بەڵام مردنێکی زۆر گونجاو بوو بۆ پینۆشێت. کەسێک کە نەیارێکی سەرسەختی دەسەڵاتەکەی دەبوو، بۆ هەمیشە بێدەنگ کرا.
هارۆڵد پینتەر لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵدا سوودی لە هۆنراوەیەکی نیرۆدا وەرگرت. وتارەکەی دوو ساڵ دوای لەشکرکێشیەکەی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر عێراق بوو. هێرشی ئاسمانی کوشندە بۆ سەر شارۆچکەکانی عێراق هێشتا بەردەوام بوو.
چەتەکان لەگەڵ فڕۆکە و جەردەکان
چەتەکان لەگەڵ ئەڵقە لە پەنجەکان و ئەمیرەکان
جەردەکان لەگەڵ ڕەشەبای ڕەش پیرۆزبایی دەکەن
بە ئاسمانەوە هات بۆ کوشتنی منداڵان
وە خوێنی منداڵان بە شەقامەکاندا تێپەڕی
پینتەر لە ستۆکهۆڵم بە ئامادەبووانی گوت: "لە هیچ شوێنێکی شیعری هاوچەرخدا وەسفێکی بەهێزی بۆردومانکردنی خەڵکی مەدەنیم وەکو ئەوەی نیرۆدام نەخوێندۆتەوە."
قسەکانی پینتەر هێشتا بە ڕاستگۆیی دەنگ دەدەنەوە. I’m Explaining a Few Things باسی هۆشیاری سیاسی و شیعری نیرۆدامان بۆ دەکات، هەروەها شایەتی بۆ زۆرداری و دڕندەیی فرانکۆ دەدات. هەروەها شیعرەکە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە لە هەموو حاڵەتێکدا نیرۆدا لە کۆتاییدا نرخی باوەڕەکانی خۆی بە دەستی پینۆشێت، گەورەترین سەرسامکەری فرانکۆ دا.