نووسینی: ئینعام کجەجی
وەرگێڕانی: سامان عەلی
عەزیز حاج ٩٤ ساڵی شپرز و پەشۆک و پەرێشان، لە نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا ژیا و، لە پاریس کۆچی دوایی کرد و، سبەینێ (مەبەست کاتی کۆچی دوایی کردنەکەیەتی) هەر لەوێیش سپاردەی خاک دەکرێت. عەزیز حاج پیاوێکی کۆنەساڵی سەرسپییە، چاوەکانی کز بوون و گوێیەکانی گران بوون، نەوەکانی ئەم هەزارەیە، ناوی ئەویان نەبیستووە. بەڵام ئەو، چەند دەیەیەک لەمەوبەر، سیاسەتمەدارێک بوو ناو و ناوبانگی دەنگیان دابووەوە. تا پۆستی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی عێراق ڕۆیشت و، سەرکردایەتیی گەورەترین جیابوونەوەی لە مێژووی ئەو حیزبەدا کرد. من لێرەدا بە تەما نیم سەرەخۆشینامەیەک یاخود هەڵسەنگاندێک سەبارەت بە کاروانە سیاسییەکەی بنووسم. چونکە ئەوە پسپۆڕیی من نییە. بەڵکو هەڵوێستێک لەو هەڵوێستانە باس دەکەم و دەگێڕمەوە، کە سەبارەت بە چینەکانی ناخ و دەروونی مرۆڤ، تووشی سەرسوڕمانم دەکەن.
عەزیز حاج ماوەی سی ساڵی ڕەبەق باڵێۆزی عێراق بوو لە "یۆنسکۆ". یەکێکیش بوو لە چالاکترین و قیرسچمەترین باڵێۆزانی وڵاتانی عەرەب. لە کاری نووسینی ئەو کتێبە وێژەیی و سیاسییانە بەردەوام بوو کە لە سەرگوزشتەی ژیانی خۆی و ئەزموونە سیاسییەکانییەوە هەڵهێنجرابوون. یەکێک لەو کتێبانەی سەرنجی ڕاکێشام کە تیایدا شیوەن بۆ پشیلە دڵبەستەکەی دەکات. ئەو کتێبەش کە لەسەر ئەرکی خۆی چاپی کردبوو، بە چەندین وێنەی رەنگاوڕەنگ ڕازێنرابووەوە. پشیلەکە کە عەزیز حاج بە "ڕیمی" بانگی دەکرد، مرد، بە مردنیشی، خەم و ناسۆری لەدەستدان و دابڕانی بۆ عەزیزی خاوەنی بەجێ هێشت. هەر بۆیە عەزیز بڕیاری دا لە گۆڕستانی پشیلە و سەگان لە نزیک پاریس بیکات بە ژێر خاکەوە. بۆ ئەو مەبەستە، چەند بستێک زەوی بۆ گۆڕەکەی بۆ کڕی، بەردەوام سەردانی دەکرد. وەک ئاشکرایە گۆڕەکان لەو وڵاتانەدا تاهەتایی و تا سەر نین. گرێبەستی بە کرێ دان بۆ ماوەی دە ساڵە، شیانی تازەکردنەوەشی هەیە. ڕۆژێکیان لەگەڵ عەزیز حاج قسەمان کرد بە یەک لەگەڵی بچم بۆ سەردانی کردنی گۆڕستانەکە. شوێنی یەکتر بینینەکەمان وێستگەی میترۆکە بوو و لەوێ بە یەکتر گەیشتین، لەوێشەوە بەرەو ناوچەی ئانیێر لە باکووری پاریس بە ڕێ کەوتین. عەزیز تورەکەیەکی بازاڕکردنی بە دەستەوە بوو، مەتارەیەکی ئاو و بڕێک پارچە قوماشی تێدا بوون. لە ڕێگا بە لای باخچەیەکدا ڕەت بووین، لەوێ لایدا چەند گوڵ و پەلکە گوڵێکی چنی و لە تورەکەکەی دەستی هاویشتن. گەیشتینە گۆڕستانە بەرینەکە و زێوانەکە پێشوازیی لێ کردین. وەک یەکێک کە بۆ دیداری ئازیزێک دەچێت، چەندین هەنگاو پێشم کەوت. منیش شوێنی کەوتم و بە دەم ڕێگاشەوە تەماشای ئەو گۆڕانەم دەکرد کە بوونەوەرانێکی بەناز و ئازیز لە ژێریاندا ڕاکشاون. لەسەر کێلی بەنرخی گۆڕەکان، ئەو دەستەواژە زێڕینانەم بینین کە گوزارشت لە میهرەبانی و تامەزرۆیی و ئازاری دابڕان دەکەن. لەو هەست و سۆزانەی کە مرۆڤە کۆچ کردووەکان نییانن. کاتێک گەیشتینە سەر گۆڕی "ڕیمی"، عەزیز حاج بە چۆکدا هات و دەستی کرد بە سڕینی ئەو تەپ و تۆزەی لەسەر گۆڕەکە نیشتبوو و لێرە و لەوێی سەر گۆڕەکەش گوڵەکانی دانان. بە دەنگێکی بەرز لەگەڵ مردووی ناو گۆڕەکە دەدوا، وەک چۆن دایکێک لەگەڵ جگەرگۆشەکەیدا دەدوێت. گلەیی لێ دەکرد لەبەر ئەوەی بە تەنها بەجێی هێشت و ڕۆیشت.
لەم خۆ هەڵقورتاندنەم لەو چرکەساتە ئێجگار تایبەتانەدا، هەستم بە تەریقی کرد. چوومە ئەولاوە لەو دیمەنەم ڕوانی کە دیمەنێکی سەرومڕ ڕۆمانئامێز بوو. ئەم مرۆڤە جەرگسووتاوە، هەمان ئەو تێکۆشەرەیە کە ڕاوەدوونان و گرتووخانەکانی بینی. ئەو سەرکردە شیوعییەی کە بەعسییەکان لە بەهاری ساڵی١٩٦٩دا لە بەندیخانەوە بردیان بۆ سەر تەلەفیزیۆن بۆ دیدارێک کە تەلەفیزیۆنی بەغدا پەخشی کرد. لەو دیدارە بەناوبانگەدا، کە تیایدا محەمەد سەعید سەحاف دواندی، عەزیز حاج ناوی کۆمەڵێک هاوڕێی خۆی لە ڕێکخستنی حیزبەکەیدا درکاند. بەو هۆیەشەوە قیامەت بەرپا بوو و شیوعییەکان بە ناپاک لە قەڵەمیان دا. بەڵام عەزیز خۆی، لەنێو بیرەوەرییەکانیدا، ددانی پێدا نا ئەو کارەی کە کردی هەڵەیەکی سیاسیی گەورە بوو. نووسی: "کتوپڕ سەحاف سەبارەت بە ئەندامانی سەرکردایەتی پرسیاری لێ کردم. منیش لە بریی پێچ و پەنا کردن، بۆ نموونە وەک ئەوەی کە بڵێم: ئێوە خۆتان ناوەکانیان دەزانن، چونکە لە گرتووخانە لەگەڵمن، چووم ناوی هەندێک لە دەستگیرکراوەکانم هێنا. بینەریش کە ئاگای لە شتەکان نەبوو، بەدڵنیاییەوە پێی وا بوو کە من هاوڕێکانی خۆم بە گرت دەدەم. بەدەر لە ڕادە و قەبارەی تاوانبارکردنەکە، من هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەو هەڵەیە لە ئەستۆ دەگرم کە زۆر بە قورسی باجەکەیم دا."
من ئەو ڕۆژە لە گۆڕستانەکە، مرۆڤێکم بینی کە بە ناپاکی کردن لە هاوڕێکانی خۆی تۆمەتبارە، سروتەکانی ئەمەک و دڵسۆزیی بۆ ئاژەڵێکی مردوو بەجێ دەهێنا. لە گۆڕستانی پشیلەکان کێلێکی مەڕمەڕی پاک دەکردەوە و دەسڕی. ئەو کەسە هەمان ئەو مرۆڤە پێشتر شیوعییە بوو، کە سەدام لە گرتووخانە سەردانی کرد، گفتوگۆی لەگەڵدا کرد و ئازادی کرد. ڕازی بوو لە پاریس دایبمەزرێنێت. عەزیز حاج لەنێو بیرەوەرییەکانیدا نووسیوویەتی: "لەپاش دەرچوونم لە بەندیخانە، سەدام لەگەڵ پاسەوانەکانیدا بە پێ هات بۆ لام بۆ ماڵەوە. زۆر ڕووگیر بووم، لەبەر ئەوەی کەلوپەلی ناو ماڵەکەمان کۆن بوون. دایکم چای بۆ هێناین. منیش لەدواییدا چوومەوە بۆ نووسینگەکەی لە ئەنجوومەنی نیشتمانی و سەردانم کردەوە."
لەو ڕۆژە دوور و خۆرەتاوەدا، باڵێۆزی عێراق لە "یۆنسکۆ" لەسەر گۆڕەکەی "ڕیمی" دەگریا و شیوەنی دەکرد و نیگەرانی ئەوە بوو: "لەدوای من، کێ کرێی گۆڕی پشیلەکە دەدات؟"