دایكی گوهدار زێباری: كوڕەكەم ماوەی 10 رۆژە مانی لە خواردن گرتوە
  2023-09-16       559       

دایكی گوهدار زێباری، رۆژنامەنوسی زیندانیكراوی بادینان، ئەمڕۆ سەردانی كوڕەكەی كرد لە زیندانی ئاسایشی هەولێر و دەڵێت، گوهدار ماوەی 10 رۆژە مانی لەخواردن گرتوەو وەك "مردویەكی نیوە زیندو بینیم."

ئاوێنە: دایكی گوهدار زێباری، ئەمڕۆ شەممە، دوای سەردانی كوڕەكەی لە زیندانی ئاسایشی هەولێر، لە لێدوانێكدا رایگەیاند"کوڕەکەم زۆر کێشی دابەزیبو و وەک مردویەکی نیوە زیندو بینیم، بەهۆی ئەوەی ماوەی 10 رۆژە لەمانگرتندایە و بڕیاریداوە تا دیاریکردنی رۆژی دادگا و یەکلانەکردنەوەی کەیسەکەی مانگرتن نەشکێنێت."

هەروەها وتیشی، تەنها گوهدار 10 رۆژە مانگی لە خواردن گرتوەو تەنیا ئاوی خواردوە.

ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ ئەوەش گوهدار خاوەن ورەو ئیرادەیەکی بەهێز بو.

گۆهدار زێباری لە 22ی مانگی 10ی 2020 لەگەڵ چەند کەسێکی تر، بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" دەستگیرکران و هەریەکەیان بەپێی ماددەی یەکەم لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمان، بە 6 ساڵ زیندانیکردن سزادران.

گۆهدار زێباری لە مانگی 2ی 2022 بە فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سزاکەی بەڕێژەی لەسەدا 60 کەمکرایەوە. لەژێر ڕۆشنایی فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێم، بڕیاربو 16ی 3ی 2023، ناوبراو ئازاد بکرێت، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بە 5 مانگ حوکمدرا بەتۆمەتی "گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی."

لەدوای تەواوكردنی ئەو ماوەیەش بڕیاربو رۆژی 16ی ئابی ئەمساڵ، گۆهدار زێباری ئازادبكرێت، بەڵام بەتۆمەتی دیكە دیسان لەلایەن ئاسایشەوە راگیراو ئەوە مانگێكە لە زیندانی ئاسایشە بەبێ ئەوەی كەیسەكەی یەكلایی بكرێتەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×