ڕۆژنامه‌ی (العرب) ئه‌مڕۆ له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌میدا ڕاپۆرتێكی بڵاو كردۆته‌وه ده‌رباره‌ی دۆخی ئاڵۆزكاوی كه‌ركوك و له زاری چاودێرانی دۆخی شاره‌كه‌وه ئاشكرای كردووه كه پێده‌چێت توركیا دۆخی ئه‌و شاره به‌كار بهێنێت بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی زیاتر و قوڵتر له كاروباری عێراقدا، به تایبه‌تی به پاساوی پاراستنی توركمانه‌كانی ئه‌و شاره.
ئاوێنە: ڕۆژنامه‌كه ئاشكرای كردووه کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، هۆشداریی داوه‌تێ كه كرانه‌وه‌ی توركیا به ڕووی پارتییدا مانای ئه‌وه نییه بێده‌نگ ده‌بێت له ئاست هه‌وڵه‌كانی كورد بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی كه‌ركوك.
له ڕاپۆرته‌كه‌دا ڕۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به لێدوانه‌كانی دوێنێی ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا داوه كه نیگه‌رانیی وڵاته‌كه‌ی به‌رانبه‌ر دۆخی كه‌ركوك ده‌ربڕیوه و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌كات ئه‌گه‌ر شاره‌كه بدرێته ده‌ست كورده‌كان، ئه‌وا ده‌ستتێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌ن.
ڕۆژنامه‌كه له زاری چاودێرانی عێراقییه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه داوه لێدوانه‌كانی ئەردۆغان زۆر ڕوون و ڕاشكاون، كاكڵهكهشیان ئه‌وه‌یه كه توركیا له‌و ناكۆكییه‌ی هه‌نووكه له كه‌ركوكدا هه‌یه بێلایه‌ن نابێت، به تایبه‌تیی كه هه‌ردوو لایه‌نی شیعه و كورد به ڕژدیی هه‌وڵی ده‌ستبه‌رداگرتنی شاره‌كه ده‌ده‌ن.
ئه‌و چاودێرانه به ڕۆژنامهكهشیان ڕاگه‌یاندووه ئەردۆغان هۆشدارییه‌كی ڕانه‌گه‌یه‌نراوی ئاراسته‌ی كورده‌كان و پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سعود بارزانی كردووه كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئه‌ڵێت كرانه‌وه‌ی توركیا به ڕووی كورده‌كان و به تایبه‌تیی پارتییدا مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئه‌و وڵاته له هه‌وڵه‌كانی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌ركوك له لایه‌ن كورده‌كانه‌وه بێده‌نگ ده‌بێت.
به بڕوای ڕۆژنامه‌كه توركیا ده‌یه‌وێت پاساوی پاراستنی توركمان بكاته بیانوویه‌كی به‌هێز بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی زۆرتر له كاروباری عێراقدا.