2024-12-22   92     
پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان جارێکی دیکە ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆسەر غەززە کرد، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەدێت کە وەزیرێکی ئیسرائیلی بەئاشکرا ئیدانەی داواکەی پاپای کرد، کە داوای لەکۆمەلگەی نێودەوڵەتی کرد لێکۆڵینەوە لەهێرشە سەربازییەکانی سەر غەززە بکات ئایا جینۆسایدی فەڵەستینیەکانە یان نا؟
ئاوێنە: پاپا لەوتاری ساڵانەی کریسمسدا بۆ کاردیناڵە کاسۆلیکییەکان، سەرەتا بەباسکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە دەستیپێکرد، کە تەنها ڕۆژی هەینی لانیکەم 25 فەڵەستینی لەغەززە کوژران.
پاپا لەوتارەکەدا وتی:"ڕۆژی هەینی منداڵانی فەڵەستین بۆمباران کران، ئەمە دڕندەییە، ئەمە شەڕ نییە، ویستم ئەوە بڵێم، چونکە دڵی مرۆڤ دەگرێت".
پاپا لەمدواییانەدا زیاتر ڕاشکاوانە سەبارەت بەهەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەغەززە قسەیکردوە، بەشێوەیەک لەکۆتایی مانگی نۆڤەمبەردا ڕایگەیاند، "لەفەڵەستین، لوتبەرزیی داگیرکەران، بەسەر دیالۆگدا زاڵە".
لەبەشێک لەکتێبەکەشیدا کە مانگی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، پاپا ئاماژەی بەوەکردوە، هەندێک لەشارەزایانی نێودەوڵەتی دەڵێن:"ئەوەی لەغەززە ڕوو دەدات تایبەتمەندییەکانی جینۆسایدی هەیە".
لە7ی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشیکردەسەر ئیسرائیل نزیکەی 1200 کەس کوژران، دواتر ئیسرائیل بەچڕی بۆمبارانی غەززەی کرد، کە تائێستا زیاتر لە 45 هەزار کەس کوژراونو زیاتر لە 107 هەزار کەسیش برینداربون.