ماچەکەی هێرمۆسۆ، چاوخشاندنێک بەمێژووی ماچ
  2023-08-30       2096       

عومەر ئەحەمەد عەزیز
مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان

 

ڤۆن برایت ئەنسرۆپۆلۆژیست لە زانکۆی تکساس لە لێکۆڵینەوەکانیدا دەڵێت یەکەم ماچ  وەکو دیکۆمێنت مابێتەوە لە داستانێکی ڤیدای سانسکریتی ، کە نزیکەی 1500 ساڵ پێش زاین تۆمارکراوە، دواتریش لە ئەدەبیاتی هندییەکاندا بەتایبەت داستانی مەهاباراتا، کە لەسەدەی چواری زاینیدا نوسراوەتەوە،  باس لە ماچکردن دەکات وەکو ئاکتێکی ئیرۆتیکیی، هەشە ئەڵێن یەکەم ماچ وەکو هەموو مێژووی مرۆڤایەتی ڕیشەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ میسۆپۆتامیا و شارستانییەتی سۆمەرییەکان، پاشان چەند دەقێک بە زمانی سامیی لە ئەکەدییەکانەوە ماوتەوە کە ئاماژەی تەواون بۆ ماچی سێکسیی، بەڵام خۆ ناکرێت مێژووی ماچ هەموو بخرێتەڕوو ئەوەی هەیە گرنگترین ماچەکان کە کاریگەرییان هەبووە لە مێژوودا ئەمەش  بەپێی پێڕستە جیاوازەکان کە بۆ کاریگەرترین،ماچەکان کراون و بۆچونی نوسەرەکان دەگۆڕێت، بەڵام هەندێک ڕوداوی ماچ هەیە تا ڕادەیەکی زۆر کۆدەنگیی لەسەر کە ڕوداوی گەورەن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بۆ نمونە ماچەکەی یەهودا لە ئینجیلی مەتا ئاماژەی پێدراوە، یەهودا ماچی عیسای کرد، بۆئەوەی سەربازەکان بیناسنەوە و دواتر دەستگیریی بکەن و بیکوژن، لە مێژوودا ئەم ماچە یەکێکە   لە بەناوبانگترین ماچەکان ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییە ماچ تەنها بۆ ئاماژەی ئیرۆتیکیی و سێکسیی نییە، بەڵکو چەندین جۆری ماچ هەیە کە دەربڕیی هەستی جیاوازن، تەنانەت ماچ هەیە دوژمنکارانەیەو سەرلەبەری مێژوو دەگۆڕێت.

 

ماچەکەی هێرمۆسۆ

بەو ناونیشانەدا وا دەردەکەوێت باس لە ئەفسانەیەکی کۆنی سۆمەریی یان میسریی و گریکییەکان ئەکەین بەڵام ئەمجارەیان ماچێک لە سەردەمی مۆدێرنەدا  هاوشێوەی ئەو ماچانەی مێژوو دەبێتە ڕوداوو، کە چیرۆکەکەی بەمجۆرەیە:

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپایان لەیاری کۆتایی مۆندیالی ئافرەتان لە ئوسترالیا، کە لەنێوان ئیسپانیا و ئینگلیزدا بوو، دوای بردنەوەیان بەئەنجامی یەک گۆڵی بێ بەرانبەر ڕۆبیالسی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا لەخۆشی بردنەوەکە، چەند یاریزانێکی لەباوەش گرت و یەکێک لەو یاریزانانەی ماچکرد، کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، ڕوبیالس خۆی دەڵێت وەکو کچی خۆم ماچمکردووە، وەکو دەوترێت هێرمۆسۆی یاریزانیش ناڕازیی بووە لەو شێوازی ماچکردنە، ئەم ماچە بوو بە ڕوداوێکی جیهانیی و چەندین ڕاپۆرتی لە ڕۆنامەجیهانییەکاندا لەسەر نوسراوە، ڕوداوەکە هەڵگریی چەند ئاماژەیەکە لەم بابەتە بەکورتیی لەسەر هەندێک لەو ئاماژانە دەوەستین:

یەکەم: ئەوەی، کە باسدەکرێت لەبارەی نەمانی جیاوازی تەواوی ڕەگەزیی لەنێوان نێر و مێ لە کلتوری ڕۆژئاوا، بەوجۆرە نییە و هێشتا ڕەگەزی مێ بەهەمانشێوەی ڕۆژهەڵات هەڵگریی بەشێکی زۆری ئەو ناوەڕۆکەیە، کە ئافرەت و ڕەگەزی مێ بەگشتیی هەڵگرییەتی بەدرێژایی مێژووی پیاوسالاریی و ئەم دۆخە تێنەپەڕییوە، هەر خودی ناڕەزایەتییەکان ئاماژەن بەوەی ئەم دوو ڕەگەزە یەکسان نیین و خاوەن هەمان ئەرک و ماف و تایبەتمەندی نین، ئەگینا بۆچی ئەو هەموو ناڕەزایەتییە، بابڵێین شێوازی ماچکردنەکە نائاسایی بووە، بەڵام لەکلتوری ڕۆژئاوا ماچکردنی ژن و پیاو زۆر ئاساییە و ئەگەر ڕوداوەکە بەپێچەوانەوە بوایە زۆر ئاسایی ئەبوو، واتە ئافەتێک ماچی یاریزانێکی نێری بکردایە، بۆیە ئەمە دەمانگەیەنێت بەو ڕاستییەی جیاوازیی ڕەگەزیی و نایەکسانیی جێندەریی لەڕۆژئاواش درێژەی هەیە.

دووەم: تا ئێستا ڕەگەزی مێ دەرباز نەکراوە لەو ڕوانینە سێکسە ڕوتەی، کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەیەتی بۆی، ئەم دیدە بریتیە لەوەی ئافرەت لە بەشێکی زۆری سیفەتی مرڤایەتیی دابماڵرێت و تەنها وەکو تەنێکی چێژلێوەرگیراویی سێکسیی سەیربکرێت، بەمەش بەشێکی زۆری وەزیفەی ئینسانی لە ئافرەت دەسەندرێتەوە، چیتر تۆ ناتوانی وەکو مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ ڕەگەزی مێ بکەیت و بەردەوام دەبێت بەحەزەرەوە مامەڵەیان لەگەڵا بکەیت، ناتوانی بەشداریی خۆشیی و ناخۆشییەکانیان بکەیت، چونکە وەکو وتمان ئەوان زیاتر وەکو بوونێکی چێژدەر و سەرچاوەی چێژ سەیردەکرێن، کە تا ئێستا مرۆڤایەتیی بە ڕۆژهەڵات ڕۆژئاواوە نەیتوانییوە ڕەگەزی مێ لەم دۆخە ڕزگار بکات و پێناسەی مرۆڤی بداتێ، وەکو چۆن ڕەگەزی نێر هەیەتی.

سێیەم: ئەوەی هەستی پێ ئەکرێت، ڕەگەزی مێ خۆشی بەشێکە لەو دیدەی کۆمەڵگا هەیەتی بۆیان، ئەگینا لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو ئیسپانیا تا ڕادەیەکی زۆر ئافرەت لە زۆر کایەی ژیاندا هەمان بواری پیاوانی هەیە، کەی پێویست دەکات خۆیان ببنە بەشێک لەو دیدە پیاوسالارییەی کە کۆمەڵگا هەیەتی بۆیان، کاتێک ڕۆبیالس دەڵێت من وەکو کچی خۆم هێرمۆسۆم ماچکردووە دەبوایە یاریزانانی ئیسپانیا ڕازیبونایە و نەکەوتنایە ژێر کاریگەریی میدیا و ڕای گشتیی، بەم کارەیان خۆیان درێژە بەو دیدە دەدەن، کە ڕەگەزی مێ وەکو بڤە و تابوو سەیردەکات و کەمتر حسابی مرۆڤی بۆدەکات بەدەر لە ڕوانینە ڕەگەزییەکەی، واتە ئەمەوێت بڵێم ئەگەر ڕاهێنەرێکی ئافرەت ماچی یاریزانێکی پیاوی بکردایە ئەو کاریگەرییە نەرێنیانەی نەدەبوو، لەمەشدا وەکو وتمان ڕەگەزی مێ خۆی بەشێکە لەو جیاوازییە ڕەگەزییەی کە کۆمەڵگا دروستی کردووە.

چوارەم : ئەوەی جێی سەرنجە لە ڕۆژئاوا ڕۆژانە هەزاران و سەدان هەزار ئافرەتی خوای 18 ساڵ دەستدرێژی ئەکرێتەسەر، وڵاتێک نییە بەدەیان و سەدان خانەی لەشفرۆشی ڕێگەپێداراوی تێدا نەبێت، لە هەموو بارێکیدا ئافرەت قوربانییە جا دەستدرێژیکردنەسەر بێت، یان لە یانەیەکی شەوانەدا ئیشبکات یان هەر شێوازێکی تر، ئەم هەمووی بە بەرچاوی وڵاتانی پێشکەوتو لەڕوی هەواڵگیریی و ئاسایشەوە ڕودەدەن و لێی بێدەنگن، یان ئەگەر پرسەکە وەکو پرسێکی گڵۆباڵ سەیربکەین، ئەو هەموو ڕێکخراوەی کە بۆ بەرگیریی لە مافی ئافرەت دروستکراون و ساڵانە بەدەیان ملیار دۆلاریان بۆ خەرجدەکرێت، ئەو هەموو میدیا و ڕۆژنامە و پێگە ئەلیکترۆنیانە، کە دەکەوینە گومانی ئەوەی وا دەردەکەوێت تەنها پیشەکەیان بەو ناوەوەیە، ئەگینا لە جەوهەردا بۆچی هیچ لەژیانی ڕەگەزی مێ نەگۆڕدرا و لەبەشێکی زۆری جیهاندا ئافرەت مرۆڤی پلەدووە تەنانەت لە هەنێک وڵاتدا هیچ مافێکی ئینسانیی نییە، بەڵام وێنەی ماچکردنی پیاوێک لە میدیا بڵاودەبێتەوە بەوجۆرە دەیکەن بەهەڵای گەورە، ئەمە ئاماژەیەکە بۆئەوەی هەرچەند یاسای نێودەوڵەتیی و ڕێکخراوی جیهانیی و یاسای تایبەت هەبێت لەبارەی مافی ئافرەتەوە، بەڵام یاساکان هەرکات بیانەوێت بەوردیی کارا دەکرێنەوە و جێبەجێدەکرێن، هەرکاتیش بەپێویست نەزانرێت بێدەنگی بەرانبەر جێبەجێکردنیان هەڵدەبژردرێت، کەواتە بەگشتیی هەڵایەکە لەسەر بەرگیریی کردن نییە لە ڕەگەزی مێ بەڕای من، بەڵکو میدیا ڕاپۆرتی لەبارەوە دەکات بۆ سود و قازانجی مادیی ، ئەوانەی دژیی پرسەکەن و لەگەڵیدان دیسانەوە دەبنەوە بەبەشێک لەو سود و قازانجەی باسمانکرد، لەکاتێکدا پرسی مافی ئافرەت کە دەبوایە جەوهەری پرسەکە بێت تەنها وەکو ڕوکەش بەکاردەهێنرێت.

پێنجەم: مرۆڤایەتیی گەشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار ئەویش ئەوەیە، هەرچیت ویست بیکە، تەنها با نەکەویتە بەردەمی میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتیی، کەواتە قسەکە لەسەر ئەوە نییە ویستێک هەبێت لەلایەن حوکومەتی ئیسپانیا و میدیای ئەو وڵاتەو جیهان بەگشتیی بۆ گەڕانەوەی بەهای بۆ ڕەگەزی مێ و پاراستنی مافییان، بەڵکو لەژێر فشاری میدیا و ڕای گشتیی و کۆمەڵگادا کەیسەکە بەوجۆرە داکۆکی لێدەکرێت، ئەگینا گومان ئەکەم بەشێکی زۆری ئەوانەی داکۆکی لەم کەیسە ئەکەن لە کاربەدەستانی ئیسپانیا و تەنانەت ڕژنامەنوسەکان خۆیان بە فعلی دەستدرێژیان نەکردبێتە سەر ئافرەت، لێروە ئەو پرسیارە دروستدەبێت ئەو هەموو دەستدرێژییەی دەکرێتە سەر ئافرەت، ئەو هەموو بازرگانیی کردنەی بەئافرەتەوە دەکرێت بۆچی جیهان لێی بێدەنگە؟ بۆچی میدیا نایکاتە مانشێتی سەرەکیی خۆی؟ بۆچی سەرۆک و وەزیریی وڵاتان بەم شێوەیە نایەنە سەرخەت بۆی؟

شەشەم: میدیا و سۆشیال میدیا ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕێت لەکۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، میدیاش وەکو دەسەڵاتی چوارەم لەو پێناسەیە دەرچووە، کە بۆی کراوە و بەحساب بریتییە لە دەسەڵاتی چوارەم و لەجەوهەردا کارەکەیان پیرۆزە و بریتیە لە گواستنەوە هەواڵ و زانیاریی و شیکردنەوەیان بۆ کۆمەڵگا بۆئەوەی کۆمڵگا ئاگاداری هەواڵ و زانیاریی بێت و ببنە پردی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات، بەڵکو میدیا بەدوای دروستکردن و زەقکردنەوەی ڕوداوگەلێکەوەن، کە تەشویقی تیا بێت و وروژێنەر بێتو سەرنجی کۆمەڵگا ڕاکێشێت، جا لەم کارەدا کێ دەبێتە قوربانیی، یان ئایا تا چی ڕادەیەک کارێکی ئەخلاقییە و پاراستنی ئتییک و مۆڕاڵیی کاری میدیایییە ئەو گرنگ نییە، چونکە لە بنەڕەتدا دەزگامیدیاییەکان، یان خۆیان کۆمپانیان، یان کار بۆ کۆمپانیایەکی بازرگانیی دەکەن، یان سەر بە لایەنێکی سیاسیی و گروپێکی دینیی و سیاسیین بە میزاج و بەرژەوەندییەکانی فۆکەس دەخەنەسەر هەواڵێک و نەشیانەوێت گرنگی بە هەواڵێک نادەن چەندیش گرنگ بێت.

 

سەیری ئەم دو سایتەم کردووە لە نوسینی بابەتەکە:

1)https://www.scientificamerican.com/article/the-first-kiss-in-recorded-history-dates-backnearly-5-000-years/

2)https://www.history.com/news/kisses-religion-film-tv-valentines

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×