هێرش عەبدوڵڵا حەمە کەریم
مامۆستا لە بەشى مێژوو- کۆلیجى زانستى مرۆڤایەتى- زانکۆى سلێمانى
هەرێمی کوردستان لە لێواری گۆڕانکارییەکی گەورەدایە کە نزیکە لە ئەگەری نەمانی یەکجاری یان تەکانێکی بەهێزی پڕ لە هەستانەوە. ئەگەرچی مێژووی هەرێمەکە کورتە و ئەو سەر و ئەم سەری بە ڕوونی دیارە، بەڵام بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هەرێمەکە، پێویستمان بە گەڕانەوەیەک هەیە بۆ مێژوویەک بەر لە مێژووی هەرێمی کوردستان. گەڕانەوە بۆ مێژووی کورد پێمان دەڵێت، هەرێمی کوردستان حاڵەتێکی ناوازە و دەگمەن نییە لە مێژووی نەتەوەکەماندا و مێژووەکەمان تێرە بە ئەزموونی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی چارەنووسی هەرێمەکە کارێکی هێندە ئەستەم نییە. بەڵام لەنێو هەموو مێژووی کورددا، چوواندنی مێژووەکەی بە مێژووی میرنشینی بابان کاری ئێمە زۆرتر ئاسان دەکات. ئەو میرنشینەی لەگەڵ ئەوەی مێژوویەکی دێرینی هەبوو، بەڵام چارەنووس و هەڵوەشاندنەوەی جێگەی پەندێکی گەورەیە و هەرێمی کوردستان ئازاد دەکات لەوەی شوێنپێی هەڵبگرێتەوە و بە کاوە خۆ هەڵبوەشێتەوە یاخود ڕێگەیەکی دیکە هەڵببژێرێت کە کورد لە گرێکوێرەی دوو بار بوونەوەی مێژوو دەرباز بکات.
سەرچاوە مێژووییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی بەر لە هاتنی دەسەڵاتی عوسمانی بۆ کوردستان لە سەرەتای سەدەی شازدە، میرنشینی بابان بوونی هەبووە، دواتر عوسمانییەکان بە درێژایی مێژووی سەدەکانی دیکە تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە وەک میرنشینێکی بنەماڵەیی پشتاوپشت مامەڵەیان لەگەڵ کردووە. لەگەڵ ئەوەی میرنشینەکە ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە مێژووی کوردیدا و گەورەترین سەروەری کە بۆ خۆی تۆمار کردووە، دروستکردنی شاری سلێمانی بووە، هاوکات لەنێو ململانێکانی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتەکانی خاکی ئێران، توانیویەتی شوێنپێی خۆی قایم بکات و لەپێناو مانەوەدا گەمەی ڕۆژ بکات و ئەم سیاسەتەش سەرکەوتوو بوو بۆ زیاتر لە سێ سەدە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی ئەم میرنشینە جێگەی ڕامانە. ڕوخان و هەڵوەشاندنەوەى میرنشینەکە پەیوەندی بە دوو فاکتەر سەرەکییەوە هەبوو، یەکەمیان ململانێی بنەماڵەیی، ئەوی دیکە گەندەڵی. ئەم دوو هۆکارە ڕۆڵی سەرەکی بینی لە کلۆربوونی قەدی میرنشینەکە بە جۆرێک بە پێداکێشانێکی سوک قەدەکە شکاو درەختی بنەماڵە و دەسەڵاتی بابان وشک بوو.
هەردوو مێژوونووسی کورد حوسێن نازم بەگ و محەممەد ئەمین زەکی بەگ لەسەر چیرۆکی کۆتایی میرنشینەکە کۆکن. کۆتا میری میرنشینەکە، ئەحمەد پاشا بووە، ئەم میرە کەسایەتییەکی بەهێزی هەبووە، خاوەنی سوپایەکی تۆکمە بووە، بەڵام کوشتەی دەستی ململانێ ناوخۆیییەکانی بووە لەگەڵ مەحموود پاشای مامی، عەبدوڵڵا پاشای برای لەسەر میراتیەتی میری بابان. کاتێک میرێکی جەربەزە و لەشکرێکی تۆکمە ڕووبەڕووی سوپای عوسمانی دەبنەوە لە کۆیە لە ١٨٤٧، شەوی بەر لە ڕووبەڕووبوونەوە، دەنگوباس لەنێو سوپاکەدا وا بڵاو دەبێتەوە، کە خەزنەدارى میر پارەی تەواوی بەردەستە و بەڵام بەسەر لەشکردا دابەشی ناکات چونکە ئەو ڕازەی لای ئەحمەد پاشا درکاندووە و چپاندوویەتی: ((ئەی میر، عەسکەر وەک سەگ وایە، تا لە جەنگدا برسیتر بێت، دڕتر دەبێت، بۆیە پێویستە بیر لە داهاتوو بکەینەوە، ئەگەر ئەمجارەش شکست بهێنین، بە زەبری ئەو خەزنە و سامانەی بندەستمان، دەتانین وە خۆ بکەوینەوە و و گیانمان بە بەردا ببێتەوە و دووبارە هێز و قوەت پەیدا بکەینەوە، بۆیە با دەست بە پارەوە بگرین)). ئەم گوتەیە بەرق ئاسا بەنێو لەشکردا پەخش بوو، هەر ئەو شەوە خەزنەدار کوژراو لەشکر ئاشبەتاڵی کرد و میر هەڵهات و دوای ماوەیەک ڕووە و بەغدا کەوتە ڕێ. والی بەغدا بڕیاری لەسەرکارلادانی ئەحمەد پاشاى دا، پاشان عەبدوڵڵا پاشای برای بە فەرمانڕەوای سلێمانی دامەزراند و یەکەیەکى سەربازی عوسمانی لەنێو سلێمانیدا جێگیر کرد . دوای چوار ساڵ، بە فەرمانێکی بەغدا و زۆر بە ئاسانى عەبدوڵڵا پاشا لە کار خراو فەرمانڕەوایەکى عوسمانی هاتە سلێمانی و میرنشینی بابان لە ١٨٥١ کۆتایی هات. خاڵی سەرنجڕاکێش لەم چیرۆکە ڕاستەقینەدا چییە؟ پێشتر و لە نەریتی میرنشینەکەدا واباو بوو، لەنێو بنەماڵەکەدا میرێک دەستنیشان دە کراو عوسمانی و ئێرانییەکان پیرۆزبایییان لێ دەکرد، بەڵام ئەوەی لەم جارەدا ڕوویدا ئەوە بوو عوسمانییەکان بە دەستی خۆییان میریان لەکار خست و دواتر عەبدوڵڵا پاشا کە دانرا وەک میر دانەنرا بەڵکوو وەک قایمقام، قایمقامێک کە هێز و قودرەتی لە بنەماڵەی بابان و لەشکری میرنشینەکەوە سەرچاوەی نەگرتبوو، بەڵکوو پشتی بەو هێزە سەربازییەی دەوڵەت عوسمانی بەستبوو کە لەنێو سلێمانیدا بوون، بۆیە عەبدوڵڵا پاشا ئەگەرچی ناوی میر بوو بەڵام حەول و قووتی میری نەبوو، ئەو دەسەڵاتەی هەیبوو دەسەڵاتی فەرمانبەرێک بوو کە لە لایەن عوسمانییەکانەوە پێ درابوو، لادانی فەرمانبەرێک و دانانی فەرمانبەرێکی دیکە لە شوێنیدا، کارێکی ئاسایی دەوڵەتی یە و هیچ جێگەی ڕەخنە نییە. لە ئێستاشدا بۆ مێژوونووسان ئەستەمە ئەوە یەکلا بکەنەوە کە کۆتایی میرنشینەکە بەستراوەتەوە بە لەکارخستنی ئەحمەد پاشا لە ١٨٤٧ یان لابردنی عەبدوڵڵا پاشا لە ١٨٥١!!!
پەیوەندی ئەم چیرۆکە مێژووییە بە هەرێمی کوردستانەوە چییە؟ هێزو بڕستى هەرێمی کوردستان وەک میرنشینی بابان پەیوەندی بە دوو فاکتەرەوە هەیە، یەکەمیان ململانێى نێوان میرەکان کە یەکسانە بە ململانێى نێوان حیزبى ناوچەى سەوز و حیزبى ناوچەى زەرد، فاکتەری دووەم گەندەڵى نێو لەشکری میرنشینى بابان کە یەکسانە بە گەندەڵى نێو مووچەخۆری سەربازی و مەدەنی هەرێمی کوردستان.
میرەکانى ئێستاى هەرێمى کوردستان کارێکیان کردووە کە هەرێمى کوردستان هەر وەک میرنشینی بابان، ببێتە سەرئێشە بۆ ناوچەکە، ململانێکانى نێوان ئەم دوو میرە کارێکى کردووە هەرێمەکە بووە بە زەوییەکى بەلاش بۆ دەسوەردانەکانى ئێران و تورکیا، خراپ بەکارهێنانى سیستەمى فیدراڵی لە لایەن میرەکانەوە، هەرێمی کوردستانى بۆ عێراق کردووە بە کێشە، ئەم فاکتەرە مانەوەى میرەکانى لاواز کردووە. فاکتەرى دووەم گەندەڵییە مووچەخۆرانی مەدەنى و سەربازى هەرێم گومانیان لەسەر خەزنەدار یان حکومەتى هەرێم پەیدا کردووە، داخۆ حکومەتى هەرێم هەمان بیرکردنەوەی خەزنەداری میرى بابانیان هەیە یان نا؟ ململانێى و گەندەڵى نێو هەرێمەکە کارێکى کردووە میرەکانى هەرێمەکە کە بەقەد ئەحمەد پاشا شەرعییەتیان نیە، لە دۆخی ئەحمەد پاشاوە بەرەو دۆخی عەبدوڵڵا پاشا هەنگاو بنێن. لە سیفەتی میرێکى سەربەخۆى خاوەن پێگەى جەماوەرى، هەنگاو بەرەو سیفەتی قایمقام و فەرمانبەری فەرمانپێکراوى بەغدا هەڵدەهێنن. هەر بەپێى پێوانەکەى میرنشینى بابان، ڕەنگە مێژوویەکی دیاریکراو نەبێت بۆ ڕووخانی هەرێمەکە بەڵام لە کۆتایدا مێژووەکە سەر بەرەوخوار بەرەو کۆتایی دەڕوات.
لێرەدا هەرێمی کوردستان لە بەردەم دووڕێیانێکدایە، ڕێگەیەک کە ڕێگە باوە ئاسانەکەی مێژووە ئەویش دووبارەکردنەوەی مێژووی میرنشینی بابان و ڕەنگە ڕێگەی زۆری میرنشینەکانی دیکەش بێت، یان دۆزەکردنی ڕێگەیەکی نوێیە کە تێیدا فۆرمێکی نوێ لە نەریتی حوکمڕانی بێتە کایەوە و تێیدا میرى هەرێمەکە لەڕێگەى هەڵبژاردنێکى دیموکراسییەوە هێندە شەرعیەتى ناوخۆیی هەبێت سەربەخۆییەکى وایپێببەخشێت والیەکانى بەغدا نەتوانن پەنجەى بۆ درێژ بکەن. هەروەها متمانەیەکی بەهێزتر لەنێو لەشکری مەدەنی و سەربازی خەڵک و دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەدا هەبێت کە بە دەور بێت لە بیرکردنەوەی خەزنەداری بابان، ئەو بیرکردنەوەیەى پێیوابوو گەر خەڵک برسى بێت دڵسۆزى زێدەتر دەبێت!!!