کتێبی ئازادی لێپێچینەوە، لە فەلسەفەی ژان پۆڵ سارتەردا، کتێبێکی سەت لاپەڕەیی ڕەخنەیی فەلسەفییە، شەشەمین کتێبی چاپکراوی نووسەر و ڕەخنەگر دڵشاد کاوانییە.
ئەم کتێبە، شیکاری و ڕاڤەکردن و ڕەخنەگرتنە لە هەندێک لە فۆرم و دیدگا و بۆچوونەکانی ژان پۆل سارتەری گەورە فەیلەسووفی جیهان، بەتایبەتی لە کتێبی بوونگەرایی جۆرێکە لە مرۆڤگەرایی. سەبارەت بە ڕوئیا و بینینی بۆ ئێگزستانسیالیستی و چەمکەکانی بوون و خودا، ئازادی، لێپێچینەوە و بەرپرسیارییەتی هەڵنەهێندراو، نۆرمە ئەخلاقییەکانی پەیوەست بە سەربەستی و نا سەربەستی، لە دیارکردنی هەڵبژاردە ئەخلاقییەکانی مرۆڤ باسکراوە.
دڵشاد کاوانی سەبارەت بە لایەنە ڕەخنەیەکەی کتێبەکە ڕایگەیاند: لە کتێبەکەمدا، خاڵم خستۆتە سەر هاودژییەکانی بۆچوونەکانی ژان پۆل سارتەر لە بوونگەرایی ڕێژەیی و پەشیمنابوونەوەی لە ڕوانینەکانی پێشووتری، وەک چۆن سارتەر هەر جۆرە ڕەهاگەرایییەکی پێشوەختە دیاریکراو ڕەتدەکاتەوە، کارەکانی سارتەر تێگەیشتنێکی کۆتایی یەکلاکەرەوە لە بوونگەراییمان بۆ دابین ناکەن. بوونی فرە بۆچوونی ئایدیۆلۆژی سەبارەت بە بوونگەرایی، لەوانەش پووچەڵکردنەوەی ئەم بۆچوونانە لەلایەن سارتەرەوە کتێبخوێنان هان دەدات بۆ بانگەوازکردن بۆ ئیرادەی ئازادبوون. ئەمەش مانایەکی تری ئازادییە کە لە کتێبەکە باسی دەکەین.
دیدە ڕەخنەیەکەی کتێبی ئازادی لێپێچینەوە، لەسەر هەرسێ پایەکانی ڕەخنەگری سارتەر ڕەخنەی مارکسیست و کۆمۆنیستەکان، ڕەخنەی ئایینی مەسیحی کاسۆلیکەکان، ڕەخنەی دیاردەناسیی. ڕاڤەی بۆ کراوە و جارێکی دیکە خراوەتە بەر ڕەخنە.
لە کتێبی ئازادی لێپێچینەوە گەڕان بەدوای مانای بوونی مرۆڤ لەم جیهانەدا- بە واتایەکی تر، ڕاستی بوونی مرۆڤ، خراوەتە بەر باس. بەتایبەتی لێکدانەوەکان و ڕەخنەکانی سارتەر، لە کتێبەکانیدا بۆ مەرگی خودا لە دروستکردنی مرۆڤی باڵا لای فریدیش نیچە. جارێکی دیکە بە زمانی کوردی و بۆ خوێنەری کوردی لەم کتێبەدا لێکدراونەتەوە.
کتێبی ئازادی لێپێچینەوەدا لە پاڵ وتارە فەلسەفییەکەیدا چەمکە زانستی و فەلسەفییەکانی بە سی یەک پەڕاوێز لێکدانەتەوە و پانزە کتێبی بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی ئینگلیزی وەک سەرچاوە، بۆچوونەکانی پێ پێپشت ڕاست کراوەنەتەوە.