عوسمان بایدەمیر، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی توركیا، ستایشی بڕیارەكەی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا دەكات لەبارەی دۆسیەكەی خۆیەوە، دەشڵێت، بەهۆی بڕیارەکەوە چیتر ناتوانرێت كەس لەسەر بەكارهێنانی ناوی كوردستان لە توركیا سزابدرێت.
ئاوێنە: دوێنێ سێشەممە دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە مافی ئازادی ڕادەربڕینی عوسمان بایدەمیر بەهۆی بەكارهێنانی وشەی كوردستان لە پەرلەمانی توركیا پێشێل کراوە و بەوهۆیەوە تورکیای بە بڕی 16 هەزار یۆرۆ سزادا.
لە ساڵی 2017دا بایدەمیر بەهۆی بەکارهێنانی وشەی 'کوردستان' لە پەرلەمان سزا درا.
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، بڕیارەکەی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپای بە مێژوییی ناوبردو وتی"لە تورکیا، لە کوردستان، خەڵکێکی زۆر لە لایەن دادگاکانەوە دادگایی کراون، سزا دراون، ئەشکەنجە دراون، لە کارەکانیان دورخراونەتەوە و سزای قورسی دارایی دراون لەسەر بەکارهێنانی وشەی کوردستان."
وتیشی"دانپێدانەنان بە کوردستان لە پەرلەمانی تورکیا تەنیا پێشێلکردنی مافی قسەکردن نەبو، بەڵکو نکوڵیکرن بو لە 40 ملیۆن کورد."
بایدەمیر ئەوەشی خستەڕو"بە بۆچونی من چیتر ناتوانرێت بەهۆی ئەم بڕیارەوە لە هەمو باکوری کوردستان، لە تورکیا کەسێک بەهۆی ناوی کوردستان دادگایی بکرێت و سزابدرێت. چونکە بڕیاری ئەوروپا وەک بڕیاری باڵای تورکیا وایە و دەبێت هەمو دادگا و خەڵک ڕێز لەم بڕیارە بگرن."