ئا: ئاوینە
له‌م ماوه‌یه‌دا دوو کتێبی نوێی نوسه‌ر و چالاکوانی دووره وڵات هیوا ناسیح چاپ و بڵاوکرانه‌وه که بریتین له:
١. ھەڵەبجە و ئەنفال ، له چاپخانه‌ی بینایی به قه‌باره‌ی ناوه‌ند، چاپکراوه، پارێزگاری سلێمانی د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر ئه‌رکی چاپکردنی گرتۆته ئه‌ستۆ.ئه‌م کێتبه بریتییه له سێ به‌ش
به‌شی یه‌که‌م: کۆمه‌ڵێک وتار و بابه‌ته، که له‌سه‌ر هه‌ندێک چالاکی و کاری گرنگن له ئه‌وروپا و کوردستان، که نوسه‌ر بۆ به جینۆسایدناساندنی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و تاوانه‌کانی دژ به گه‌لی کورد ئه‌نجامی داون.
به‌شی دووه‌م: کۆمه‌ڵێک راپۆرت وتاری وه‌رگێڕراوه له میدیای رۆژاواوه، به هه‌مان شێوه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌کان و دادوه‌ری له جیهاندا، ئه‌م بابه‌تانه له سێ زمانی ئه‌ڵمانی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزییه‌وه وه‌رمگێڕاون.
به‌شی سێیه‌م: کۆمه‌ڵێک چاوپێکه‌وتنی رۆژنامه‌وانیییه، یه‌کێکیان به ئه‌ڵمانی له‌گه‌ڵ نوسه‌ر ئه‌نجام دراوه، له میانه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر کورد و ئه‌وانی تر هی رۆژنامه و گۆڤار و سایته کوردییه‌کانن. سه‌رجه‌میان له چوارچێوه‌ی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و کارکردن بۆ ئه‌و دۆسیانه و مافی مرۆڤن.
چالاکییه‌کانی لێره‌دا تۆمارکراون زۆریان له چوارچێوه‌ی کاره‌کانی رێکخراوی (چاک)دا بوونه، که کاتی خۆی چالاکترین رێکخراوی بواری مافه‌کانی مرۆڤ و کارکردن بۆ به‌جینۆسایدناساندنی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال بوو له باشوری کوردستان و هه‌نده‌راندا، به‌ڵام بیرۆکه و ده‌ستپێشکه‌ری نوسه‌ری کتێبه‌که بوونه، وه ئه‌و ڕۆڵی سه‌ره‌کی تێیاندا هه‌بووه. دوو پرۆژه‌که‌ش که پێشکه‌ش به ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومه‌ت و په‌رله‌مانی باشوری کوردستان کراون، ناوبراو نوسیونی. له گرنگترین کاره‌کانیش رێکخستنی یه‌که‌م کۆنفرانس بۆ به‌جینۆسایدناساندنی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان له شاری ژنێڤ، گه‌یاندنی دۆسییه‌ی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال به په‌رله‌مانی سویسرا و پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ساڵی ٢٠١١، هه‌روه‌ها چوونه پاڵی رێخکراوی ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ له‌سه‌ر دۆسییه‌ی دادگایی‌کردنی گه‌وره‌تاوانبار نزار خه‌زره‌جی و ...هتد.
شایه‌نی باسه هه‌ردوو وتاری: ئه‌مریکا، سه‌ددام و گازی ژه‌هراوی (په‌یوه‌ندیه نهێنییه‌کانی ئه‌مریکا وسه‌ددام له هه‌شتاکاندا)، هه‌روه‌ها یه‌که‌مین ڕاپۆرتی میدیای ئه‌وروپی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌کان به‌ناوی (سکاڵای قورسی کورده‌کان له ده‌ست به‌غدا، به‌کارهێنانی گازی کیمیایی دژ به دێهاته کوردییه‌کانی عێراق)، که له ئه‌ڵمانییه‌وه وه‌ریگێڕاون، دیاره ئه‌م دوو بابه‌ته بایه‌خ و گرنگی خۆیان هه‌یه، له ڕووی زانیارییه‌کانی ناوی و هاوکات وه‌ک به‌ڵگه‌نامه‌ی ڕۆژنامه‌وانیش. له‌گه‌ڵ وتار و بابه‌ته‌کاندا هه‌ندێک به‌ڵگه‌نامه‌ی گرنگ بڵاوکراونه‌ته‌وه، که به‌شێکیان بۆ یه‌که‌مجاره بڵاوده‌کرێنه‌وه.
هه‌روه‌ها چه‌ند بابه‌تێک له سه‌ر راکێشانی تاوانبارانی گه‌لانی جیهان به سێ تاوانه گه‌وره‌که (گه‌لکوژی واته جینۆساید، تاوانه‌کانی جه‌نگ و تاوانه‌کانی دژ به مرۆڤایه‌تی) و دادگایی‌کردنیان. ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی ئاشنابوونی خوێنه‌ر و چالاکوانانی مافی مرۆڤه له‌سه‌ر دادگای تاوانبارکردنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌میشه‌یی له جیهاندا و هه‌روه‌ها ئه‌و دادگایی و پرۆسانه‌ی له‌م بواره‌دا ئه‌نجام دراون. چونکه به‌داخه‌وه له نێو گه‌لی ئێمه‌دا زانیاریی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه زۆر که‌مه، زۆر گرنگه خوێنه‌ر و به‌تایبه‌ت چالاکوانانی ئه‌م بواره تێبگه‌ن، که ڕاسته کارکردن له‌م بواره‌دا حه‌وسه‌ڵه و وزه و توانا و ئارامیی زۆری ده‌وێت، به‌ڵام دونیاش وه‌ک ده‌ڵێن (شاری بێ ساحێب نییه)، بۆیه سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سته‌م و نادادی و ناهه‌قییه‌ی له وڵاتانی جیهاندا کراوه و ده‌کرێت، زۆر جارانیش داد و دادوه‌ریی ئامانجی خۆی پێکاوه و ده‌پێکێت، له ئه‌نجامدا، وه‌ک له وتارێکیاندا هاتوه، ده‌یان سه‌رکرده‌ی زۆردار و خوێن‌ڕێژ و سه‌رۆک و پاشای وڵاتان له جیهاندا، که گه‌لکوژی و کۆمه‌ڵکوژی و گه‌وره‌تاوانه‌کانی تریان ئه‌نجامداوه، پێش مه‌رگیان دادگایی کراون و سزای ڕه‌وایانه‌ی خۆیان وه‌رگرتوه.
٢. ئێمە لەدیدی ئەوانەوە، له چاپخانه‌ی ئاسیا چاپکراوه، ئه‌م کتێبه‌یان کۆمه‌ڵێک وتاری سیاسی، چاوپێکه‌وتن و خوێندنه‌وه‌ی کتێبه له‌سه‌ر کورد و ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، که به چه‌ند زمانێکی بیانی له ئه‌وروپا بڵاوکراونه‌ته‌وه، هیوا ناسیح وه‌ریگێڕاون و ئاماده‌ی کردون. نوسه‌ر و وه‌رگێڕ به‌کر شوانی پێشه‌کی بۆ نوسیوه. له‌سه‌ر ئه‌رکی د. ته‌ها ڕه‌سوڵ چاپ کراوه.
نوسه‌ر له پێشه‌کییه‌یدا نوسیویه‌تی: ((ئه‌م کاره‌ی من ده‌ستم داوه‌تێ له وڵاته پێشکه‌وتوه‌کاندا کاری ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی تایبه‌تن، تا به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌تانه بکه‌ن، که له‌سه‌ر گه‌له‌که‌یان نوسراوه، به‌ڵام من له نه‌بوونی ئه‌و جۆره ده‌زگایانه‌دا هاتوم و ده‌ستم بردوه بۆ ئه‌م کاره، هه‌رچه‌ند نازانم ئایا کتێبخانه‌ی کوردی کتێبی وای تێدا بێت یان نا، که وتاری سیاسیی رۆژنامه‌نوس و چاودێرانی بیانی کرابێتنه کوردی و له دووتوێی کتێب‌دا بڵاوکرابێته‌وه، به‌ڵام بۆ خوێنه‌ری کورد گرنگه، که بزانێت کێشه‌ی کورد له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه چۆن ده‌بینرێت، چه‌نده جێی بایه‌خه و چه‌ند زانیاری‌یان له سه‌ری هه‌یه)).
ئه‌م کتێبه بریتییه له سێ به‌ش، به‌م جۆره:
به‌شی یه‌که‌م کۆمه‌ڵێک وتار و ڕێپۆرتاژی ڕۆژنامه‌وانی، که له رۆژنامه و گۆڤاره ئه‌ڵمانیزمانه‌کاندا بڵاوکراونه‌ته‌وه و له لایه‌ن نوسه‌ره‌وه له کات و ساتی خۆیدا کراون به کوردی و له رۆژنامه و گۆڤار و سایته کوردییه‌کاندا بڵاوکراونه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده وا ئێستا هه‌ندێک له‌م وتارانه ده تا پانزه ساڵێکی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ش بایه‌خی خۆیان له ده‌ست نه‌داوه، چونکه گرنگه دید و بۆچوونی ئه‌وانی دی، که به زۆری نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوسی ناسراو و پیشه‌یین له‌سه‌ر کێشه گه‌رمه‌کانی، که له‌ده‌وروبه‌ری ئێمه ڕوویداوه و زۆربه‌شیان به‌رده‌وامن، بزانین، تا بۆمان ده‌رکه‌وێت چۆنیان ڕوانیوه‌ته کێشه‌کان، پێشبینیان چی بووه، سه‌رنجیان چیه و ره‌خنه‌یان له چی بووه. بۆهه‌ر یه‌که‌شیان وێنه‌ی نوسه‌ره‌که‌ی یان یه‌ک له‌و وێنانه‌ی له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌که‌دا له ئۆرگیناڵه‌که‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، لێره‌ش له‌گه‌ڵی دانراوه، له‌گه‌ڵ لینکی سه‌رچاوه‌ی بابه‌ته‌که.
به‌شی دووه‌م چه‌ند چاوپێکه‌وتنێکی رۆژنامه‌وانین، له‌مانه دوانیان هیوا ناسیح خۆی ئه‌نجامی داون، یه‌که‌میان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارێکی سویسری، که ئێستا هاوسه‌رۆکی پارتی سۆسیالیستی سویسرایه، که دووه‌م گه‌وره‌ترین پارتی نێو په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌یه. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ د. تۆماس شمیدینگه‌ر که ئه‌کادیمی، نوسه‌ر و توێژه‌ره‌وه‌یه‌کی ناسراوی نه‌مساییه و زۆر دۆستی کورده و چه‌ندین جار سه‌ردانی کوردستانی کردوه و چه‌ندان کتێبیشی له‌سه‌ر کورد نوسیوه.
به‌شی سێیه‌میش خوێندنه‌وه بۆ چه‌ند کتێبێکه، یان وردتر بڵێین پوخته‌ی پێنج کتێبه، که به زمانی ئه‌ڵمانی و له ده‌زگا به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌وروپادا بڵاوکراونه‌ته‌وه، ناوه‌ڕه‌ۆکه‌کانیان ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به خه‌باتی گه‌لی کورد و که‌لتور و بارودۆخی کوردستان یان ئه‌و وڵاتانه‌وه هه‌یه که کوردیان به‌سه‌ردا دابه‌ش کراوه. نوسه‌ر پاش خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌کان، هاتوه ناوه‌ڕۆکه‌کانی به سه‌رنج و تێبینی خۆیه‌وه له‌سه‌ریان به کوردییه‌کی ڕه‌وان نوسیوه‌ته‌وه.
به‌کر شوانی له پێشه‌کییه‌که‌یدا ده‌نوسێت (( زۆربەی دەوڵەتان و میللەتانی جیهان هەر لە سەردەمانێکی زووەوە دەزگاگەلی تایبەت بە بەدواداچوون و کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردن و وەرگێڕانی ئەو بابەتانەیان هەیە کە ئەوانی تر دەربارەیان بەرهەمی دەهێنن. وەلێ کورد، وەک خاوەن قەوارە و دەسەڵات لەم سەردەمەدا، سەرباری هەبوونی بوار و توانای پێویست، لەم بوارەدا زۆر کەمتەرخەمە و ڕای گشتیی کوردستان بەدەگمەن نەبێت، ئاگاداری ئەو هەموو بابەتە نییە کە لە دنیای ڕۆژئاوادا لەبارەیەوە بەرهەم دەهێندرێن. ئەوەش وا دەکات کەسانی خەمخۆری وەک کاک هیوا ناسیح وەک تاک و بە دەستپێشخەریی خۆیان دەست بۆ ئەرکێکی لەو جۆرە ببەن.
وێرای دەستخۆشیم لە کاک هیوا ناسیح، هیوادارم ئەم کارە هێژایەی ببێت بە سەرەتایەک بۆ دامەزراندنی ناوەند و دەزگای تایبەت بە بەدواداچوون و پۆلێن‌کردن و وەرگێڕانی زیاتری ئەو بابەتانەی کە لە دیدی ئەوانی ترەوە لەسەر کورد و دۆزەکەی نووسراون)).
هه‌ر دوو کتێبه‌که ژماره‌ی سپاردنیان له لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رێتی گشتی کتێبخانه گشتییه‌کانه‌وه پێدراوه.
ئەم دوو کتێبەی نوسەر ھیوا ناسیح لەلایەن کۆمپانیایی بلاڤ پەیک ەوە دابەش کراوە، ئێستا لەم ناوەندانەی فرۆشی کتێب بەردەستە، له شاری سلێمانی:
کتێبخانەی ڕەھەند تەلاری سیروانی نوێ
کتێبخانەی غەزەلنوس بازاڕی وشیار قەفتان
کتێبخانەی وشە جادەی مەولەوی
کۆشکی ملا محسین بەردەم ڕەشەمۆڵ
کۆشکی ڕێبین بەردەرکی سەرا
کۆشکی سەردەم بەردەم باخی گشتی
کۆشکی سەرچنار ناوبازاڕی سەرچنار
له شاری ھەولێریش له‌م کتێبخانانه‌ی خواره‌وه له‌به‌ر ده‌سته:
کتێبخانەی باڵدار
کتێبخانەی مەم و زین بازاڕی داونتاون
دەزگای ڕۆسا بازاڕی ڕۆشنبیری
کۆشکی میدیا بەرامبەر داونتاون
کۆشکی سیروان تەنیشت چاخانەی مەچکۆ