سامی کلیب
وەرگێڕانی: ئاوێنە
فەرماندەی هێزی ئاسمانی لەفەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ئەلێکسوس گرینکێڤیچ، دەڵێت "فڕۆکەکانی روسیا لەسەرەتای ئەم مانگەوە 25 جار ئاسمانی بنکەی ئەلتەنفی ئەمریکایان لەسوریا پێشێل کردوە، بەرامبەر بەسفر پێشێلکاریی لەمانگی شوباتدا".
کەواتە، چیتر نهێنی نییە کە ئەوەی لەنێوان ڕۆژهەڵاتو ڕۆژئاوای فوراتو لەناوچەکانی دێرزورو ئەلحەسەکەو بادیەو لەسنورەکانی سوریاو عێراقو ئوردن رودەدات، بەشێوەیەکی ئۆرگانیک پەیوەست بوە بەو شەڕەی لەنێوان روسیاو ڕۆژئاوای ئەتڵەسی لەئۆکرانیا هەڵگیرساوە، کە ئەگەری ئەوەی لێدەکرێت روبەرەکەی فراوانتر بێتو بەرەو جەنگی جیهانی سێیەم هەڵخلیسکێت.
ڕێک لەم گۆشەنیگایەوە دەکرێ سەیری هێرشی فڕۆکە ئەمریکییەکان بکرێت بۆ سەر بنکەکانی سەر بەو میحوەرەی کە ئێران سەرکردایەتی دەکات لەڕۆژهەڵاتی دیرزور، وەک کاردانەوەیەک بۆ کوژرانی سەربازێکی ئەمریکی کە گرێبەستی لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان کردووە بەفڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی.
بەگوێرەی تۆمەتە ئەمریکییەکان، کە پێویستی بەوەڵامدانەوەی سەربازیی بوە بەموشەک لەلایەن میحوەرەکەو سوپای سوریاوە دژ بە"زۆربەی بنکە داگیرکارییەکانی ئەمریکا لەکەناری ڕۆژهەڵاتی فورات"، وەک سەرچاوەیەکی سوری، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پێکدادانە "گەورەترینو مەترسیدارترینە لەدوای ئازادکردنی بادییەی سوریا لەساڵی ٢٠١٧”. زانیاری ئەمنی باس لەکوژرانی ژمارەیەک دەکەن کە ڕەنگە چوار پێنج ئەوەندە زیاتر بێت لەوەی لەلایەن هەردوولاوە ڕاگەیەندراوە.
ئەوەی لە نێوان هەردوو کەنارەکەی فورات ڕوویدا، کۆمەڵێک پرسیار لەبارەی کاتو ئامانجو دەرئەنجامەکانی دەوروژێنێت، بەتایبەتی کە پێشێلکارییەکی راستەقینەی مەترسیدارە لەڕێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو روسیادا کە لەساڵی 2019ەوە لەئارادایە، کە نەخشەیەکی وردی فڕینی بۆ فڕۆکەکانی دو وڵات لەئاسمانی سوریادا داڕشتووە بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕوبەڕوبوونەوە، هەروەها بۆ جۆری ئەو چەکو موشەکو بۆمبانەی کە ئەم فڕۆکانە هەڵیدەگرن.
ئەی دەربارەی ساتەوەختی سەرەتاکە چی؟
- یەکەم: ئەم پێکدادانە لەسەر خاکی سوریا دوای سەردانەکەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بۆ مۆسکۆو لەدوای بەرزکردنەوەی ئاستی چەکدارکردنی وڵاتانی ناتۆ بۆ ئۆکرانیا، دێت.
- دووەم: ئەمە یەکەم پێکدادانی مەترسیدارە لەدوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی ڕەتکردەوە کە لەلایەن نوێنەری کۆمارییەکان مات گایتزەوە پێشکەشکرابوو، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکای پابەندکردبوو بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا کە لە15 ڕۆژ زیاتر نەبێت. ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەدەنگی 321 دەنگی نەخێر بەرامبەر بە103 دەنگی بەڵێ، ڕەتکردەوە.
سێیەم: ئەم پێکدادانە مەترسیدارە لەنێوان هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەلایەکو هێزەکانی سەر بەئێرانو سوپای سوریا لەلایەکی ترەوە، لەدوای ڕێککەوتنو ڕاوێژکاریی چڕوپڕی نێوان سەرکردەکانی تارانو مۆسکۆ، رویدا. لەسایەی پەرەسەندنی ناڕەزایی ئەمریکا لەگەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی عەرەب لەگەڵ دیمەشق. لەم پێوەندییەدا، سیناتۆری کۆمارییەکان لەئەنجومەنی نوێنەران، فرێنش هیڵ، داوای لەئیدارەی جۆ بایدن کرد کە پەیامی "توندتر" بۆ وڵاتانی عەرەبی بنێرێت سەبارەت بە"ئاسایی بونەوەی پەیوەندییان لەگەڵ بەشار ئەسەدی تیرۆریست"، وەک خۆی دەڵێت. سیناتۆرەکە لەدانیشتنی لێپێچینەوەی کۆنگرێس لەئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی "درێژەدان بەڕێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ڕژێمی سوریا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو باوەڕە سەرهەڵبدات کە ئیدارەی ئەمریکی ئاماژەی هەڵە دەنێرێت".
چوارەم: دۆخی سەربازی لەو ناوچانەی سنووری سوریا خراپتر بووە، کە ناوچەکانی هێڵی تەماسی نێوان سوپای سوریاو هاوپەیمانەکانی لەلایەکو هێزەکانی ئەمریکاو شەڕڤانانی کورد پێکدەهێنن، کە ناوچەیەکی فراوانی دەوڵەمەند بەسەرچاوە کشتوکاڵیو نەوتییەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن. لەلایەکی ترەوە لەدوای ڕێککەوتنە ناودارەکەی نێوان سعودیەو ئێران بەسەرپەرشتی چینو دوای لێکنزیکبوونەوەی نێوان وڵاتانی عەرەبیو تورکیا، هەروەها هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ کۆکردنەوەی سەرۆکەکانی تورکیاو سوریا، دێت کەوای کردوە سەرکردەکانی ئێرانو سوریا لەدۆخێکی کەمتر قورسترو کەمتر مەترسیدار بەراورد بەپێشوو کار بجوڵێن لەچوارچێوەی کۆنترۆڵکردنی زەوییە داگیرکراوەکانی سوریا یان ئەو زەویانەی لەدەستی "هێزەکانی سوریای دیموکرات" (هەسەدە)دان.
ڕاستە فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە فەرماندەیی ناوەندی ڕەتی دەکاتەوە کە روسیا "هیچ هاندەرێکی هەبێت بۆ بەکارهێنانی چەک لەدژی سوپای ئەمریکا لەسوریا"، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ماوەیەکە هەموو شتێک ئەوە پیشان دەدات، بەتایبەتی لەچەند مانگی ڕابردوودا، کە بەریەککەوتنەکانی نێوان هێزەکانی ئەمریکاو نەیارەکانی لەم ناوچەیەدا لەژێر کاریگەریی شەڕی ئۆکرانیادا لەزیاد بوندان، بۆیە گرینکێڤیچ خۆی ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر رویدا، کاتێک دو فڕۆکەی جەنگی سوخۆی ٢٧ی روسیو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی بەسەر دەریای ڕەشدا ڕوبەڕوبونەوەو فڕۆکە ئەمریکییەکە خرایە خوارەوە دوای ئەوەی دوو فڕۆکە جەنگییە ڕووسییەکە پێکایان.
روداوە نوێیەکە ئەوەیە روسەکان لەم دواییانەدا هاوتا ئەمریکییەکانیان لەسوریا ئاگادار کردۆتەوە کە چیتر دان بەبواری ئاسمانی ئەمریکادا نانێن لەسەر ناوچەی "ئەلتەنف" – کە لەساڵی ٢٠١٤وە بنکەی سەربازی ئەمەریکییەکانە لەسوریا - کە لەڕاستیدا دوو هەفتە لەمەوبەر بەلێدوانە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا پشتڕاستکرایەوە. لەکاتێکدا وەزیری بەرگری ئەمریکا لۆید ئۆستین لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند "وڵاتەکەی پەرەسەندنێکی شەڕانگێزانەو مەترسیدار دەبینێت" لەلایەن فڕۆکەوانە روسیەکانەوە لەئاسمانی نێودەوڵەتیدا. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ژەنەڕاڵ مایکل ئێریک کۆرێلا، ڕۆژی دواتر پشتڕاستی کردەوە کە "فڕۆکە روسیەکان بەسەر بنکەکانی ئەمریکا لەسوریادا دەفڕن، لەهەوڵێکدا بۆ گێچەڵ کردنو سەرلەنوێ دانوستاندن کردنەوە دەربارەی رێساکانی پێکدادان کە هەمو رۆژێک پێشێلی دەکەن". ئەمەیە کە سەرکردەکانی ئەمریکا هاندەدات بۆ "شیکارکردنی شێوازەکانی ڕەفتاری روسیا بۆ دیاریکردنی هەنگاوی داهاتوویان"، وەک مارک میلی، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا دەڵێت.
جێگای سەرنجە کە ئەم ناوچەیەی شەڕی سوریا لەڕوی سامانی کشتوکاڵیو نەوتەوە بەدەوڵەمەندترین ناوچە دادەنرێتو بنکەیەکی ئەمریکی لەخۆدەگرێت کە نزیکەی ٩٠٠ سەربازو بەڵێندەری بیانی تیایە. بنکەی ئەلتەنف کە دەکەوێتە سنوری نێوان سوریاو عێراقو ئوردن، لەناوەڕاستی مانگی حوزەیران هێرشی موشەکی فڕۆکە روسیەکانی بەخۆیەوە بینی، کە تەنها وەک هۆشدارییەک هەژمار دەکرێت، چونکە هێزەکانی روسیا هاوتا ئەمریکییەکانیان لەهێرشەکە ئاگادار کردبوەوە، بۆ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانییان نەبێت.
کەواتە رونە دۆخەکە بەخێرایی لەم بەرەیەدا لەسەر زەوییەکانی سوریا لەنێوان ئەم دوو میحوەرەدا زیاتر گڕدەگرێت، هەر کاتێک رەوتی شەڕ لەئۆکرانیا توندتر بێت، یان هەر کاتێک وڵاتانی پەیمانی ئەتڵەسی بەرزبونەوەی ئاستو کوالیتی چەک بۆ سوپای ئۆکرانیا رابگەیەنن.
شایانی باسە پارێزگای دیرزور کە بەپاڵپشتی سوپای ئەمریکا لەژێر دەسەڵاتی "هەسەدە"دایە، سێ کێڵگەی نەوتی لەخۆدەگرێت، دیارترینیان کێڵگەی "ئەلعومەر"ە کە گەورەترین کێڵگەیە لەسوریاو کێڵگەکانی "تەناک"و "جەفرە"، جگە لەکێڵگەی غازی "کۆنیکۆ"، لەکاتێکدا سوپای سوریاو هاوپەیمانەکانی کۆنترۆڵی کێڵگەکانی رۆژئاوای فورات دەکەن، دیارترینیان کێڵگەکانی "الشولە"، "النیشان"، "الوارد"و "التەیم"ە.
هەروەها گرنگە لەبیرمان بێت کە ناوچە سنورییەکان بەتایبەتی ناوچە سنوریەکانی نێوان عێراقو سوریا لەسەر ئاستی سەربازیو ئابوری بەستراتیژی دادەنرێتو زۆرجاریش روبەڕوی هێرشی راگەیاندراو یان شاراوەی هێزەکانی ئەمریکا یان سوپای ئیسرائیل دەبن بەئامانجی رێگرتن لەدابینکردنی موشەک بۆ حیزبوڵا.
بەپشتبەستن بە هەموو ئەوانەی پێشوو، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: ئایا سێ لایەنی روسیا، ئێرانو سوریا گەرەکیانە ڕێساکانی گەمەکە بگۆڕنو سود لەکەشی ململانێی نێودەوڵەتیو بەرژوەندییە ناوچەییەکان وەربگرن؟ ئایا رەنگە رقی لایەنی تورکی، ببێتە مایەی فشار خستنە سەر هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا کە بەسەر بنکە سەربازییەکاندا لەڕۆژهەڵاتی سوریاو دەوروبەری بیرە نەوتییەکان دابەش بون، بەتایبەتی لەناوچەکانی دیرزورو حەسەکە، یاخود تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی شەڕ بەمەبەستی دەرپەڕاندنیان لەناوچەکە؟
تا ئەم کاتژمێرە کاروبارەکان هێشتا لەچوارچێوەی ئەو هێڵە سورانەدان کە بە وردی کێشراون، بەڵام ئەگەر بڕیاری ناوەندی لەمیحوەرەکەی دژ بەئەمریکا درا بێت بۆ شکاندنی ئەو هێڵانەو بەزاندنیان، ئەوا ئەمە مانای کردنەوەی روبەرێکی ئاگر کەوتنەوەی نوێو مەترسیدارە لەململانێی روسیاو ئەتڵەسیدا لەسەر فورات، لەچوارچێوەی ئەو گەمەی شەڕەی کە لەئۆکرانیا هەڵگیرساوە، کە مەگەر تەنها خودا بزانێت چۆن کۆتایی دێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی چەکی پێشکەوتووی ناتۆی تێکەوت.
جێگای سەرنج بوو لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی لەندەنی کرد ئەگەر ئۆکرانیا تەقەمەنییەکی رادەست بکرێت کە یۆرانیۆمی پیتێنراو لەخۆبگرێتو ڕایگەیاند کە "رۆژئاوا دەستی کردووە بە بەکارهێنانی چەک بەپێکهاتەی ئەتۆمیو دەیەوێت تا دوا سەربازی ئۆکرانی شەڕ بکات". لە کاتێکدا وەزیری بەرگری روسیا سێرگی شۆییو پێیوابوو کە "روسیا ئامرازەکانی وەڵامدانەوەی هەیەو با ببینین بەنیازن چی بەکاربهێنن".
دوای هەموو ئەمانەو دوای شکستی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ پێنج وڵاتەکە، ئایا هیچ گومانێک دەکرێ لەوەی هەمو ئەوەی بەسەر فوراتو لەسەر خاکی سوریادا دەگوزەرێت، ڕێکەوت نییە؟.