ئاڵا تاڵەبانی: ئەگەر هه‌رێم پابەندییەكانی جێبه‌جێ بكات، شتێك نامێنێت به‌ناوی كێشه‌ی بودجه‌
  2023-03-17       561       

ئاڵا تاڵه‌بانی، راوێژكاری سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا كراوه‌ هاوشێوه‌ی رێكه‌وتنه‌كانی ساڵانی پێشوه‌و به‌شی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵێك پابه‌ندی دیاریكراوه‌، ده‌شڵێت، "ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ین حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبێت به‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ له‌ بودجه‌ بۆی دانراوه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كان جێبه‌جێ بكات، پێموانیه‌ شتێك بمێنێت به‌ناوی كێشه‌ی بودجه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا".

ئاوێنە: ئاڵا تاڵەبانی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی خەندان رایگەیاند"له‌مكاته‌دا په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئارامه‌ و یاسای بودجه‌ له‌ حكومه‌ت ته‌واوبوه‌ و ده‌چێته‌ په‌رله‌مان، له‌ چه‌ند ساڵی رابردو به‌شێك له‌ كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا بودجه‌ و موچه‌ و بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی بون، پێموایه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌ی كه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كانی عێراق كه‌ پێی ده‌وترێت (ئیداره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت) رێككه‌وتنێكی باشه‌و تائێستا تۆكمه‌یه‌، ئه‌وه‌ندەی ئێمه‌ ئاگامان لێیه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌یه‌وێت باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌بێت و په‌یوه‌ندیه‌كان ئاسایی بن و كێشه‌كان به‌رێگه‌ی دیالۆگ و ده‌ستور و قانون چاره‌سه‌ر بكرێت، كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ بابه‌تی بودجه‌یه‌."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێستا پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ جێگیركراوه‌ و له‌ حكومه‌ت ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه‌ و پێیوایه‌ له‌ناو په‌رله‌مانیشدا كێشه‌ی نابێت چونكه‌ هه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌زیریان هه‌یه‌ و را‌زیبون له‌سه‌ر ده‌ركردنی پڕۆژه‌ی بودجه‌ له‌ په‌رله‌مانیش زۆرینه‌یان هه‌یه‌.

گرفتێكی دیكه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا سه‌ریهه‌ڵدا پرسی نه‌وت و غاز و یاساكەی بو، ئاڵا تاڵه‌بانی له‌وباره‌وه‌ وتی"بۆ ئه‌وه‌ی به‌ راشكاوی قسه‌ بكه‌ین هه‌ردولا (به‌غدا و هه‌رێم)یش ئیراده‌ی ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌یان نه‌بو، پێموایه‌ هه‌ردوكیان حه‌زیان لێبو به‌مشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وت و غاز بكه‌ن، ئێستا پێداگرییه‌ك هه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێت یاسای نه‌وت و غاز ده‌ربچێت و سه‌رۆك وه‌زیرانیش له‌ دیداری سلێمانی ته‌ئكیدی لێكرده‌وه."

په‌یوه‌یست به‌ پشكی كورد لە بودجەدا، وتی"هه‌مو كاتێك پشكی كورد دیاریكراوه‌ به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا پابه‌ندی هه‌رێمی كوردستانیش نوسراوه‌، حكومه‌ت جگه‌ له‌ نه‌فه‌قاتی سیادی له‌ نه‌فه‌قاتی دیكه‌ به‌شی هه‌رێم دیاریكردوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پابه‌ندییه‌كان كه‌ راده‌ستكردنی بڕێك نه‌وت بوه‌ كه‌ وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كردوه‌، ئێمه‌ له‌ ساڵانی رابردو به‌ به‌رده‌وامی كێشه‌مان هه‌بوه‌ كه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ په‌رله‌مانتاری حزبه‌ سیاسییه‌كان بكه‌ین ده‌نگ به‌و بودجه‌یه‌ بده‌ین كه‌ به‌ڕاستی بیڵێم حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندیه‌كانی جێبه‌جێ نه‌ده‌كرد، كێشه‌ دروستده‌بو و په‌رله‌مانتار ده‌كه‌وتنه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ شكاوه‌و ده‌چونه‌ دادگای فیدڕاڵی شكاتیان ده‌ركرد."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئه‌م رێككه‌وتنه‌شی كه‌ كراوه‌ بۆ زانیاریت هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشوه‌و به‌شی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵێك پابه‌ندی دیاریكراوه‌، پێموایه‌ بڕوات له‌ په‌رله‌مان و ره‌نگه‌ مشتومڕ و شكاتی تێبكه‌وێت، به‌ نه‌تجیه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ین حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبێت به‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ له‌ بودجه‌ بۆی دانراوه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كان جێبه‌جێ بكات كه‌ خۆی رازییه‌ له‌سه‌ری ئه‌وكات پێموانییه‌ شتێك بمێنێت به‌ناوی كێشه‌ی بودجه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا."

له‌باره‌ی نیگه‌رانیه‌كان په‌یوه‌ست به‌ نیه‌تی به‌غدا بۆ لاوازكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، راوێژكاره‌ كورده‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، وتی، "پێموایه‌ ئه‌و قسانه‌ هیچی راست نین كه‌ به‌غدا بیه‌وێت قه‌واره‌ی هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و ئه‌و قه‌واره‌یه‌ نه‌مێنێت، ئه‌سڵه‌ن به‌شێكی زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئیداره‌و حوكمڕانی له‌ هه‌رێم به‌ڵام ئه‌وه‌ من نیم ئه‌وه‌ بلاسخارت، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانه‌ له‌ چه‌ندین كۆڕو كۆبونه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكید له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێت چاكسازی حه‌قیقی له‌ هه‌رێم بكرێت له‌ڕوی ئیداره‌ و دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و بیروڕای ئازاد، چونكه‌ كوردستان له‌ چه‌ند ساڵی رابردو نمونه‌یه‌كی جوانتربوه‌ له‌ به‌شه‌كانی عێراق بۆ ئه‌م مه‌سه‌لانه‌، به‌ڵام ئێستا لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌یه‌كان ده‌ڵێن پاشه‌كشه‌یه‌ك هه‌یه‌و ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كوردستان ده‌كات."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×