نوسینی: رووس بین - گایت
وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: نەوزاد شوانی
دەستەڵاتدارە ئۆتۆکراتەکان (پیاوە بەهێزەکان) لە خراپترین ئاستدان ئەوکاتەی کە هاوڵاتیەکانیان زیاترین پێویستیان پێیانە. کاردانەوەی ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بو کارەساتی زەمینلەرزەکە کە تورکیا وسوریای گرتەوە نمونەیەکی زیندووە بۆ ئەم راستیە غەمهێنە. ئۆتۆکراتەکان هاوسۆزییان نیە و دەرخستنی هەستی مرۆییانە بە لاوازی ئەژمار ئەکەن. لە هەر بارودۆخێکدا پارێزگاری لە شوێن و دەستەڵاتی خۆیان لە پێشترە لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان .
قەیرانەکان مەترسیدارن بۆ سەرکردە ئۆتۆکراتەکان، لەبەر ئەوەی پەردە لە سەر بێدەربەستیان لە ئاست سەلامەتی و ژیانی هاوڵاتیان هەڵئەدنەوە و شاردنەوەی ناکارامەیی و گەندەڵیان سەختتر ئەکات.
ئەو تۆنە پراگماتی و دوور لە هاوسۆزییەی ئەردوغان بەکاری هێنا لە وتارەکەیدا بۆ قوربانیانی زەمینلەرزە کە شتێکی سەیرنەبوو و مارەکەی تۆمارکراوی تۆن و شێوازی ئۆتۆکراتەکان بوو کە گووتی ( ئەوەی روویدا روویدا، روداوی وا پلانی قەدەرە)
گومان لەوەدا نیە کە مێژووی مۆدێرنی تورکیا پڕە لە زەمینلەرزەی وێرانکەر، دواترینیان لە ساڵی ١٩٩٩ روویدا. بەڵام ئەمەیان لە ئاستێکی تر بوو، لە رزینی بە پلەی ٧،٨ و ٧،٥ و چەنداها پاشلەرەزی بەهێز ژیان و گوزەرانی زیاتر لە ١٣ ملیۆن مرۆڤ لە تورکیا و زیاتر لە ١٠ ملیۆن لە سوریای خستە مەترسیەوە. ژمارەی گیانلەدەستدان لە سەرووی ٣٦ هەزار کەسەوە کارەساتەکەی دووبەرابەر کردووە. زەمینلەرزەکە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا و باکوری سوریای گرتەوە ( باکور و رۆژئاڤای کوردستان، وەرگێڕ) کە سەرباری دانیشتوانەکەی خۆیان شوێنی حەوانەوەی پەنابەرێکی زۆر بوو لە ناوچەکانی تری سوریا و ئێراق. ئەگەری زیاتر ئەوەیە کەشی ساردی زستانە و کەمی خۆراک و پەناگا ژمارەی گیانلەدەستدان سەرووتر ببات.
توێژەری تورکی (گونوڵ توڵ) بەرێوبەری پرۆگرامی تورکی لە پەیمانگای روژهەڵاتی ناوین لە واشنگتۆن لە سەردانی کەسوکاری بوو لە تورکیا لە کاتی زەمینلەرزەکە. باوکی زاواکەی لە ژێر داروپەردووی ماڵەکەیدا بەگیرهاتبوو و گیانی لەدەستدا بێ ئەوەی هیچ کەسێک یا دامەزراوەیەکی دەوڵەت و حکومەت بێن بۆ یارمەتیدانی، هەتا رێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانیش دیارنەبوون. ئەردوغان وەک زۆربەی ئۆتۆکراتەکان رێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانی کرد بە ئامانج بە تۆمەتی سیخوڕی بێگانە و رێکخراوی تیرۆریستی. گونوڵ لە دەبڕینی توڕەیی و غەمباری خۆی بۆ کارەساتی ملیۆنان خەڵکی بێچارە گوتی ( سادە و ساکار خەڵک جێهێڵران بۆ قەدەری خۆیان).
بێدەربەستی لە کاردانەوەی حکومەت بۆ ئەم کارەساتە کاریگەری گەورەی ئەبێت لەسەرپاشماوە و داهاتووی ئەردوغان. ئەگەری زۆرە تەنها چەند مانگێک لەمەوبەر متمانەی زۆری بوبێت لە سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مانگی مەی داهاتوو سەرباری هەڵئاوسانی لە رادەبەدەر کە گەێشتە ٨٠٪ لە دیسەمبەری ٢٠٢٢ و زیادبوونی رێژەی هەژاری. راپرسیەکان لە ٢٠٢٢ نیشانیان ئەدا کە هێشتا جەماوەریبوونی ئاکپارتی لە ئاستێکی بەرزدایە و رێژەی بەسندکردنی ئەردوغان ٣٨٪ دایە.
ناتەبایی لە نێوان ٦ حیزبەکەی ئۆپۆزسیۆن و رێکنەکەوتنیان لە سەر یەک بەربژێر بو پۆستی سەرۆکایەتی ئاماژەیەکی ئەرێنی بوو بۆ ئەردوغان. بە هەمان شیوە تومەتبارکردنی نەیارە سەرکیەکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆی سەروکی شارەوانی ئەستانپۆل و سزادانی بە دوو ساڵ بەندیخانە فاکتەرێکی تری ئەرێنی بوو بۆ ئەردوغان (ئیمامئۆغڵۆ لە ئێستادا سەرقاڵی داوای پێداچونەوەیی یاساییە بە سزاکەیدا).
وەک زۆربەی ستەمگەر و ئۆتۆکراتەکان لە مۆسۆلینیەوە هات ئێستا جەماوەریبوونی ئەردوگان لەوەوە سەرچاوەی گرت کە تازەگەر و رێوشوێنی تورکیا لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی تۆکمەتر ئەکات. لە ٧ی تشرینی دووەم لە کاتی قسەکردن دەربارەی یارەمەتیدانی قوربانیانی لافاوەکەی ئەنتاڵیا ئەیگرماند کە تورکیا ( خێراترین و کارامەترین سیستمی فریاگوزاری کارەساتی هەیە لە جێهاندا)
هەر لە سەر رێجکەی ستەمگەر و ئۆتۆکراتەکانی تر ئەردوغان پرۆگرامی گەشەپێدانی ژێرخان و بیناسازی فراوانی بەکارهێنا بۆ دروستکردنی تۆڕی مەحسوبیەت لەناو سودمەندانی کۆنتراکتەکانی دەوڵەت. کڕینی وەلائی ئەو دەستپژێرە بانفوزە مانای چاوداخستنیش بوو لە لادانیان لە کۆدەکانی بیناسازی لە پرۆژەکانیاندا کە لە پاش زەمینلەرزەکەی ١٩٩٩ توندتر و تۆکمەتر کران.
ژمارەیەکی زۆر لەو باڵاخانانەی لە زەمینلەرزەکە روخان تازە دروستکرابوون، کە بوون بە هۆی بەرزبوونەی توڕەیی خەڵک و سەرەنج راکێشان بۆ سەوداو مامەڵەکانی ئەردوغان ( قازانج بۆ دەستبژێر لە بەرامبەر چاوداخستنیان لە سەرکووتی ستەمکار)، سەرباری ئەوەی چەند دەیەیە خاوەن خانوو لە تورکیا باجی زەمینلەرزە ئەدەن بۆ دابینکردنی پێداوێستی رێگاگر لە زیان لە کاتی زەمینلەزەدا وحکومەت هیچ ناڵێت دەربارەی چارەنووسی ئەو پارانە.
ئەردوغان وەک سروشتی هەر ئۆتۆکراتێکی تر بۆ لادانی سەرنج لەسەر کورتهێنان و ناکارامەیی خوی و دەستەڵاتەکەی پەنای برد بۆ دەمکوتکردنی خەڵک و سانسۆرکردنیان و بەندکردنیان. قەدەغەکردنی تۆڕی تویتەر لە روژانی پاش کارەساتەکە بو دەمکوتکردنی خەڵک بوو لە رەخنەگرتن لە دەستەڵاتەکەی، دیوەکەی تریشی سەختکردنی پەیوەندیگرتنی خەڵکبوو بە خۆشەویستانیان وهەوڵی دۆزینەوەیان و دەستەبەر کردنی رێنوێنی لە پسپۆڕانی دەزگاکانی فریاگوزاری لە کاتی کارەساتدا.
دەستبەسەرکردنی ئەو بەڵیندەرانەی گەندەڵییان کردووە لە بیناکردنی باڵەخانەکان کە بوو بە هۆی گیانلەدەستدان و زیانی ماڵیی زۆر هەنگاوێکی ئەرێنیە. هاوڵاتیان دڵخۆشن بە دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ١٠٠ بەڵێندەر و وەزارەتی دادیش ( یەکەی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی زەمینلەرزەی) جێکرد. بەڵام لە ئۆتۆکراسیدا کە س ناتوانێت تاوانباری یەکەم دەستبەسەر یا دادگایی بکات، کە دەستەڵاتێکی وای لە دەستی خۆیدا چڕڕکردۆتەوە هەتا لە کاتی کارەساتی نیشتمانیشدا هەنگاوێکی وا کاری کردەنی نیە لە ناو حیزب و حکومەتیشدا.
وەک هەر ستەمگەر و ئۆتۆکراتێکی تر ئەردوغان ئەبێت خۆی قارەمان و پیاوی کردار بێت.
ئەردوغان رێگای نەدا سوپا یارمەتی هاوڵاتیان بدەن لە پاش زەمینلەرزەکە، ئەگەری ئەوە زۆرە هەتا پاش ٧ سال لە کودەتاکەی ٢٠١٦ و پەڕوباڵ ودەنووککردنی هێزە چەکدارەکان هێشتا رێگرە لەوەی هاوڵاتیان بتوانن پەیوەندیەکی ئاساییان هەبێت لەگەڵ سوپا، هەتا ئەگەر لە سەرحیسابی گیانی ملیۆنان بێت.
ئەگەری زۆرە ئەردوغان کاتی هەڵبژاردنەکە لە مەیەوە بگوازێتەوە بۆ جون. ئەمە کاتێکی زیاتر بە سەرکردەکانئ ئۆپۆزسێۆن ئەدات بۆکۆدەنگی لە ئاکامی کارەساتەکە. لەوانەیە بۆیان دەرکەوێت کە هاوڵاتیان زیاتر گوێیان بۆ ئەگرن.
ئەردوغان دەکارێت زەمینلەرزەکە وەک پلانی قەدەر وێنا بکات، بەلام نەبوونی فریاگوزاری بە تەواوی کورتهێنانی دەستەڵات بوو، هەموانیش ئەزانین کێ دەستور ئەدات لە تورکیا. لەو باریەوە گونوڵ دەڵێ ( ئەو هەموو قوربانیەی گیانیان لەدەستدا هەموی بەرئەنجامی سیاسەت و گەندەڵی و بەدحوکمڕانی ئەردوغانە ، بۆیە پێوستە کەسیك نرخەکەی بدات).
بەڵام ستەمگەر و ئۆتۆکرات هەموو شتێک ئەکەن بۆ ئەوەی نەدۆڕێن. با بە هیوای ئەوە بین ئەردوغان سەرقاڵی (سۆپرایزی پیاوی بەهێز) نیە بۆ هاوڵاتیانی تورکیا لە چەند مانگی داهاتوودا تا نرخی بێدەربەستی و بەدحوکمڕانی خۆی نەدات.
لینکی وتارەکە بە زمانی ئینگلیزی:
https://lucid.substack.com/p/erdogans-autocratic-response-to-tragedy
تێبینی:
نوسەر برۆفیسۆری مێژووە لە زانکۆی نیویۆرک. رۆژنامەوان و کۆمێنتاتۆرە لە کەناڵەکانی CNN و MSNBC و دەزگای میدیای تر لەسەر ستەمگەری و فاشیزم و هەڕەشەکان بۆ سەر دیموکراسی لە سەرتاسەری جیهان.
بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ئەم لینکانە:
http://Ruth Ben-Ghiat - WikipediaNotable historian of authoritarianism and MSNBC columnist to serve as Inouye chair | University of Hawaiʻi System News (hawaii.edu)