ئا: ئاوێنە
رۆژانە لەبازاڕی دراوی سلێمانی، جۆرێك لەكڕینو فرۆشتن بەتمەنی ئێرانییەوە دەكرێت كە بە"مامەڵەی هەوایی" ناودەبرێت، وتەبێژی بازاڕی دراوەكە دەڵێت "خەڵكانێك هەن لەم بازاڕەدا ریسكی زۆر گەورە دەكەن، لەوانەیە هەموو سامانەكەی 50 هەزار دۆلار بێت بەڵام مامەڵە بە 500 هەزار دۆلار، یان بەملیۆنێك دۆلارەوە دەكات".
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات چەند جۆرێك لەمامەڵەی جیاواز لەبازاڕی دراوی سلێمانی پەیڕەو دەكرێت، یەكێك لەو جۆرانە پێیدەوترێت "مامەڵەی هەوایی"، كە لەگەڵ هیچ پرەنسپێكی دارایی ناگونجێو جۆرێكە لەقومار، ئەو وتی "لەم جۆرە مامەڵەیەدا كەسێك 10 هەزار دۆلاری پێیە، دێتە بازاڕەوە مامەڵەیەكی هەوایی دەكاو بڕی 2 ملیار یان 3 ملیار تمەن دەكڕێ بۆ بەیانی، ئەگەر قازانجی كرد قازانجەكەی وەردەگرێو ئەگەر زیانی كرد زیانەكەی دەدات".
وتیشی "خەڵكانێك هەن لەم بازاڕەدا ریسكی زۆر گەورە دەكەن، لەوانەیە هەبێ هەموو سەروەتو سامانی 50 هەزار دۆلار بێت، بەڵام مامەڵەی نیو ملیۆن دۆلار یان ملیۆنێك دۆلار دەكات، لەپڕا مایەپوچ دەبێتو ئەوەشی هەیەتی تیائەچێتو دەكەوێتە ژێر قەرزیشەوە، هەشە بەپێچەوانەوە، لەم مامەڵەدا خەڵكی بەخێرایی یان زۆر دەبەنەوە یان زۆر دەدۆڕێنن".
جەبار كە هەڵگری بڕوانامەی كارگێڕیی داراییە، مامەڵەی هەوایی بەجۆرێك لەریسك كردن ناودەیات، ئەو وتی "كەسێك دێت دەڵێت 5 ملیار تمەن ماڵم بێت بۆ دوو بەیانی، یان دەڵێت 10 ملیار تمەن دەفرۆشم بۆ دوبەیانی، جۆرێكە لەریسك كردنو تەنانەت دەچێتە خانەی قوماریشەوە".
ئەو پێیوایە مەزەندە كردنی ئەو بڕە پارەیەی رۆژانە لەمامەڵەی هەواییدا لەبازاڕی دراوی سلێمانی دەكرێت، كارێكی قورسو گرانە، ئەو وتی "مامەڵەی روبەڕوی تمەن رۆژانە نزیكەی 15 ملیارە، بەڵام هەواییەكە تەنها ژمارەیەو قەبارەی زۆر گەورەیە، داتایەك لەبەردەستدا نییە"!
جەبار ئەوە روندەكاتەوە كە هەرچەندە زیاتر مامەڵەی هەوایی بەتمەنەوە دەكرێت، بەڵام جار جار ئەم جۆرە مامەڵەیە بەدۆلاریشەوە دەكرێت، ئەو وتی "كۆمەڵێك مامەڵە هەیە كە باگراوندێكی یاساییان نییە، گرێبەستی یاساییان تێدا رەچاو ناكرێو زۆربەی مامەڵەكان لەسەر بنەمای متمانەیەو هێزی یاساییان نییە، بۆ نمونە من دەڵێم 100 هەزار دۆلارت لێدەكڕم بۆ بەیانی، گرەنتی چییە كە من سبەینێ پەشیمان نابمەوە؟ یان ئەوی فرۆشیار پەشیمان نابێتەوە؟ بۆیە زۆرجار لەم مامەڵانەدا لەڕوی یاساییەوە كێشە دروست دەبێ".
وتیشی "ئەوانەی مامەڵەی هەوایی دەكەن، هیچ گرێبەستێك لەنێویاندا نیە، هەرچەندە گروپێكیان دروست كردوە لەتەلەگرامداو جۆرێك لەگرێبەستیان دروستكردوە كە تمەن دەكڕی یان دەفرۆشی كلیكت لەسەر كرد تێكستێكت دەداتێو ئەمە وەك گرێبەستی لێدێ، بەڵام ئایا ئەم تێكستە هێزی یاسایی هەیە؟ بۆ نمونە سبەینێ كابرا پەشیمان بوەوە ئەگەر سكاڵای لەسەر تۆمار بكەیت ئەمە دەخوات؟!".
جەبار جەغت لەوە دەكات كە خەڵكێك هەن مایەپوچ بون بەهۆی ئەم مامەڵانەوەو دوایی سوڵحیان كردوە بەنیوە بەنیوە، ئەو وتی "هەبووە لەپڕ توشی زیان بووەو چەند دەفتەرێك كەوتوەتە ژێرەوە، هەبووە ئوتومبێلی لەبری وەرگیراوەو هەبووە خانوویان لەبری وەرگرتوە، خەڵكیش هەبووە براوە بووەو پارەی بردوەتەوە".
وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی ئاماژە ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر كەسێك نەزانن سەرمایەی هەیەو ناسراو نییە لەبازاڕی دراو ئەم جۆرە مامەڵەیەی زۆر لەگەڵ ناكەن، ئەو وتی "رۆژانە لەهەر سێ بازاڕەكەی سلێمانی 40 بۆ 50 ملیۆن دۆلار مامەڵە بەدینارو دۆلارو تمەنەوە دەكرێت".