ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، باندێکی دزینی ئۆتۆمبێلیان ئاشکراكردوەو ئەندامەکانیان دەستگیركردون کە لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکیان فریوداوە و کاری تاوانکارییان ئەنجام داوە .
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، ئەمشەو یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتی (حەیدەر جەلال) بەڕەگەز عەرەب ئاگادارکراینەوە کە ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری (تۆیۆتا هایلۆکس ٢٠٢٢) لەناو شاری سلێمانی دزراوە، پاش ڕەزامەندی دادوەر دەستبەجێ هێزەکانمان دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"لەئەنجامی بەدواداچون زانیاری بەدەست هات لەسەر ئەم ڕوداوە، لە ماوەی چەند سەعاتێکدا سەرجەم ئەندامانی ئەو باندە دەستگیرکران کە پێکهاتبون لە هەر سێ تۆمەتبار (ع. ع. م.)، (هـ. ح. ح.)، (پ. ک. ح.) بە ڕەگەز کورد، تەمەنیان لە نێوان (٣٠-٣٥) ساڵدایە."
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەپێی لێکۆڵینەوەکان کاری ئەم باندە فریودانی ئەو کەسانە بوە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە مامەڵەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەن، بەو پاساوە ئەم فرۆشیارەیان لە شاری کەربەلاوە هێناوەتە سلێمانی و لەکاتی (ترایی) تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لێی دەدزن."
ئاماژەی بەوەشداوە كە سەرجەم تۆمەتباران روبەڕوی یاسا کراونەتەوەو لێکۆڵینەوەش بەردەوامەو پاش تەواوبونی رێکارە یاساییەکان ئۆتۆمبێلەکەش دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکەی.