ئا: ئاوێنە
پارتی گرنگییەکی تەواو بە"دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف" دەدات، هاوکات پشتیوانی "ئەژی ئەمین"یش دەکات بۆ زیاتر داخورانی دەزگای زانیاری یەکێتی.
پارتیو مەسرور بارزانی بایەخێکی تایبەت بەدۆسیەی تیرۆر کردنی هاوکار جاف دەدەن، بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاوێنە، لەدوا دیداری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ باوکو براکەی هاوکاردا، پێیوتون "ئەم تەقینەوەو تیرۆر کردنەی هاوکار بەئیهانە کردن بەرامبەر بەخۆم دەزانم لەبەرئەوەی لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی مندا ئەنجامدراوە".
سەرچاوەکە ئەوە رون دەکاتەوە کە هۆکاری سەرەکی تیرۆر کردنەکەی هاوکار جاف ئەوە بوە قسەی لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەرو لێپرسراوی دەزگای زانیاری یەکێتی کردوە بۆ ئەوەی بیانباتە هەولێر.
دوای تیرۆر کردنەکەش پارتی بەئەندازەیەک بایەخی بەئاشکرا کردنی تەقینەوەکە دا کە لەماوەیەکی کورتدا ئەنجامدەرانی دەستگیر کردو بۆ رای گشتی راگەیاند، تەنانەت چەند فەرماندەیەکی ئەمنی نزیک لەبافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیشی تۆمەتبار کرد بەوەی نەخشەداڕێژەری تیرۆر کردنەکە بون، ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان پارتیو یەکێتی ئاڵۆز کرد.
هاوکار جاف، بەرپرسێکی گەورەی دەزگای زانیاری یەکێتیو کەسێکی بەئەزمونو شارەزای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بو، کە ماوەیەک بو لەگەڵ ئەژی ئەمین، دوژمنی سەرسەختی ئێستای بافل تاڵەبانی کاری دەکردو پێش تیرۆر کردنیشی لەدانیشتنە تایبەتەکانیدا باسی ئەوەی کردوە کە "هەڕەشەی لێکراوەو ژیانی لەمەترسیدایە".
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەوەی جێی سەرنجە دوای تیرۆر کردنی هاوکار جاف هیچ بەرپرسێکی دیارو گەورەی یەکێتی بەشداری لەپرسەکەیدا نەکرد"و دەپرسێت "بۆچی یەکێتی زۆرجار لەهەولێر کە کادێرێکی گیراوە کردویەتی بەهەراو لەگەڵ پارتی گفتوگۆی کردوە تا ئازادی کردون، بەڵام ئێستا کە چەند ئەفسەرێکی دامەزراوەیەکی ئەمنی هەستیارو گرنگی لەسەر ئەم تیرۆر کردنە گیراون لەسەریان نایەتە دەنگ؟".
سەرچاوەکە باس لەوە دەکات کە گەورەترین زەبر بەر یەکێتی کەوتبێت لەم ساڵانەی دوایدا پەنابردنی ئەژی ئەمینی لێپرسراوی دەزگای زانیاری یەکێتی بوە بۆ هەولێر، بەو پێیەی یەکێک لەکۆڵەکە بنەڕەتییەکانی یەکێتی دەزگای زانیاری بوە، کە ئێستا ئەژی ئەمین بەپشتیوانی پارتی کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەزگا ئەمنییە هەستیارەی یەکێتی دەکات.
بەپێی سەرچاوەکەی ئاوێنە تەنانەت لەچەند شەوی رابردودا، ئەژی ئەمین بەھێزێکەوە چوەتە بەردەم ماڵی قوباد تاڵەبانی لەگوندی ئەمریکی لەشاری ھەولێر، وەک تۆڵەکردنەوە بەرامبەر بەو ھێزەی کە چوە سەرماڵو خێزانەکەی ئەژی لەشاری سلێمانی، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی یەکێتیو پارتییەوە خێرا دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە.
بەدوای ئەوەشدا بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانو قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەدوور لەچاوی میدیاکان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبونەتەوەو بابەتی سەرەکییان گفتوگۆ کردن بوە سەبارەت بە "دۆسیەی ئەژی ئەمین"و "تاوانبار کردنی چەند فەرماندەیەکی دژە تیرۆرو دەزگای زانیاری یەکێتی بەکوشتنی هاوکار جاف"، بافلو قوباد تاڵەبانی داوایان لەنێچیرڤان کردوە نێوانگیریی بکات بۆ ئەوەی مەسرور بارزانی کۆتایی بەو دۆسیانە بهنێت.