سه‌نته‌رێكی‌ پشكنینی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك له‌ سلێمانی‌ ده‌كرێته‌وه‌
  2022-10-14       271       

ئه‌ندامێکی کوردی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق رایگەیاند، وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ عێراق ره‌زامه‌ندی‌ داوە بە كردنه‌وه‌ی‌ سه‌نته‌رێكی‌ پشكنینی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك له‌ پارێزگای سلێمانی.‌

د.نه‌رمین مه‌عروف، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ئاماژەی بەوەکردووە:" له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوو به‌ نووسراوێك داوام له‌ وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ كرد‌ میكانیزمی‌ خه‌رجكردنی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ رونبكاته‌وه‌، ئامانجیشم ئه‌وه‌بوو پشكی‌ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بزانم ".

. د.نه‌رمین مه‌عروف، باسی لەوەشکردووە:" بە وتەی وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ عێراق نه‌خۆشخانه‌كاتی‌ تایبه‌ت به‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌توانن داوای‌ پێداویستییه‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن و ئەوانیش له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و بودجەیەی له‌ یاساكه‌دا دیاریكراوه‌ بۆیان دابین ده‌كەن، منیش به‌نووسراوێك داوام له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ هیوا كرد پێداویستییه‌كانی‌ خۆیان بنووسن ".

 ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت:" نه‌خۆشخانه‌ی‌ هیوا وه‌ڵامی‌ نووسراوه‌كه‌میان‌ دایه‌وه‌ و داوای‌ كردنه‌وه‌ی‌ سه‌نته‌رێكی‌ پشكنینی‌ پێشوه‌خته‌ی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مكیان كردووه‌، له‌ نووسراوه‌كه‌شیاندا ئه‌وه‌یان رونكردووەته‌وه‌ كه‌ 20%ی‌ توشبووانی‌ شێرپه‌نجه‌ ئه‌و ژنانه‌ن كه‌ تووشی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك بوون، وەزیری تەندروستیش بە داواکە رازی بووە بەمزووانە ئەو سەنتەرە لە نەخۆشخانەی هیوا دەکرێتەوە". 

روونیشیکردووەتەوە:" توانرا له‌ یاسای‌ ئاسایشی‌ خۆراك 150 ملیار دینار تەرخان بکرێت بۆ دابینكردنی‌ ده‌رمانی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی‌ عێراق به‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌ ".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×