کارمەندان و پزیشکانی تەندروستی هەڵەبجە وەرگرتنی موچەکانیان لە حكومەت رەتکردەوە
  2022-10-04       582       

وەک هەڵوێستێک لەبەرامبەر پێنەدانی موچەی کرێکارانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکان کە بڕیار بو ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ موچەی کارمەندان و پزیشکان پێیان بدرێت، سەرجەم کارمەندان و پزیشكانی تەندروستی هەڵەبجە، وەرگرتنی موچەکانیان ڕەتکردەوە.

ئاوێنە، دەنگی ئەمریكا: زیاتر لە شەش مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەی کرێکارانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجەی خەرج نەکردوە، ئەوەش دۆخێکی ئابوری خراپی بۆ دروست کردون.

ئەمڕۆ لە کاتی دابەشکردنی موچەی پزیشكان و کارمەندانی تەندروستی جارێکی دیکە موچە بە کرێکارانی پاكکەرەوەی نەخۆشخانەکان نەدرا، ئەوەش وایکرد کارمەندان و پزیشکانی تەندروستی هەڵوێست وەربگرن و موچەکانیان وەرنەگرن.

سنور حامید جێگری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دۆخی کرێکارەکان لە دۆخێکی سەختدایەو هەندێکیان کەرەستەکانی ناوماڵی خۆیان فرۆشتوە بۆ ئەوەی بژین و ئەمڕۆش جارێکی دیکە دوای تەواوکردنی هەمو ڕێکارەکان، لە بانکی هەڵەبجە پێیان ڕاگەیاندین کە موچەی کرێکارەکان نادەن و پێویستیان بە ڕەزامەندی حکومەت هەیە."

كرێکارەکان کە چاوەڕێی وەرگرتنی موچە بون ئاماژەیان بە خراپی دۆخی ژیانی خۆیان بۆ دەنگی ئەمەریکا کردو دەڵێن ڕۆژانە لە نەخۆشخانەکان کاردەکەن و ڕۆژێک کارەکانیان نەکەن ئەوا هیچ فەرمانبەرێک ناتوانێت دەوام بکات، بەڵام شەش مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیان دەڵێن موچەکیانیان بۆ سەرف دەکەن.

نزیکە 290 ملیۆن دینار موچەی شەش مانگی کرێکارەکانە کە موچەی مانگانەیان لە 280 بۆ 300 هەزار دینارە، تا ئێستا چوار جار کۆبونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجامداوە و دو جار دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرتوە هیچ لایەنێکی حکومی و پەیوەندیدار بە گرفتەکانیان سەردانی نەکردون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×