پرۆفیسۆر مایکڵ كەمپه‌ر - توێژەر لە بواری سۆفیزمی ئیسلامی‌دا
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
به شێوه‌یه‌كى گشتى باوه‌ڕ وایه كه وا لقى خالیدیى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى هێزێكى بڕیارده‌ر بووه له مێژووى باكوورى قهوقازى سه‌ده‌ى نۆزدەهەمداو كه‌م تا زۆرێکیش له سه‌ده‌ى هەژدەهەم و بیستەمدا١. له دیدى حامید ئاڵگهرهوه، مێژووى دوور و درێژى به‌رهه‌ڵستكاریی ئیسلامیى دژه كۆڵۆنیاڵی له داغستان و چیچانستاندا(چێچنیا) به‌رچاوترین و گونجاوترین حاڵه‌ت بووه له‌گه‌ڵ گیانى خه‌باتگێڕیی تەریقەتی نەقشبەندی - خالیدیدا٢. وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك كه‌وا به‌رگریی قه‌وقاز به‌ره‌نجامى سروشتیى ڕێنمایى و ستراتیجى خالیدى بووه، به‌پێى ئه‌م دید و بۆچوونه، ئه‌و بیر و ئایدیایانه‌ى له لایەن مەولانا خالید و خه‌لیفه‌كانى له ئیمپراتۆرییەتى عوسمانی‌دا په‌ره‌ى پێدراوه، ئه‌و ئایدیایانهن كه‌وا مۆركى بووژانه‌وه‌ى سوننه‌یان پێوهلكاوه و ئوسووڵییهكى توندن و "گیانى شه‌ڕه‌نگێزییان تێدایه" و ئامانجیان به‌رگرى كردنه له به‌رژه‌وه‌ندیى موسوڵمانان دژ به ده‌سدرێژیی ئه‌وروپاییه‌كان و گرێدراوه به هه‌ستى به‌رپرسیاریی سیاسى و داشكاندنێكه به لای "ئهكتیڤیزم"دا٣ و له لایەن خه‌لیفه‌كانى خالیده‌وه گواستراونه‌ته‌وه بۆ باكوورى قه‌وقاز و له‌وێ زه‌مینه‌یه‌كى لەباریان بۆ ڕه‌خساوه. ئهڵگهر ئه‌مه واده‌بینێ كه به‌رگریی ئیسلامى دژ به ئیمپریالیزمى ڕووسى "به شێوه‌یه‌كى به‌ربڵاو له ژێر سه‌ركردایه‌تیى شێخه نهقشبهندییهكاندا به‌ڕێوه‌چووه، وه‌ك شێخ ئیسماعیل و جێگره‌وه‌كانى"٤. له دیدى ئه‌وه‌وه "دەکرێ جه‌خت له‌وه بکرێت كه ته‌ریقه‌تى خالیدى له پاكژترین و ته‌واوترین شێوه‌یدا له قه‌وقازدا ماوه‌ته‌وه"٥.
ئه‌م ئایدیایه زیاتر له لایەن لێكۆڵه‌رانى وه‌ك ئاننا زهلكیناوه پشتیوانیى لێده‌كرا و په‌ره‌ى پێده‌درا، كه‌وا ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندییان وه‌ك "هێزێكى ئاڕاستهكارى سه‌ره‌كى" له‌قه‌ڵه‌مده‌دا و كه‌وا له پشت گۆڕانكارییه کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئاینى و سیاسیى چێچنیا و داغستانى سه‌ده‌ى نۆزدەهەمەوهیه و بۆ ئه‌ویش (واته ئاننا زهلكینا) و "پێكهاته‌یه‌كى ئاینى" له شێوه‌ى ته‌ریقه‌تى سۆفیگه‌ریی خالیدیدا گۆڕاوه به "بزوتنه‌وه‌یه‌كى سیاسى و پێكهاته‌یه‌كى ده‌وڵه‌تى"٦.
ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى پشت به سه‌رچاوه ڕووسییه‌كان ده‌به‌ستێ، به تایبه‌تى گێڕانه‌وه و باس‌وخواسى ئه‌فسه‌ران و شیكارانى سه‌ده‌ى نۆزدەهەم كه‌وا "موریدیدزم" یان به دوژمنى سه‌ره‌كیى خۆیان ده‌زانى و به‌مجۆره به‌رگریی ئیسلامی‌یان له‌گه‌ڵ سۆفیزم پێناسه ده‌كرد. هەڵبەت ڕوون و ئاشكرا بوو بۆ هه‌موو كه‌سێك كه ئاگادار یان به‌شدارى شه‌ڕى قه‌وقاز بوو كه‌وا به‌رگریكردنى ناوخۆیی سوپاى ڕووسیا به‌ند بوو به قه‌ناعه‌تى چه‌سپاوى ئاینییەوه تاڕاده‌ى (ده‌مارگرژى) و كه‌وا نهێنیى سه‌ركه‌وتنى هه‌ر سێ ئیمامه‌كه غازى محەممەد (1830 - 1832)، هه‌مزه‌ت به‌گ (1832 - 1834) و شامیل (1834 - 1859) ئه‌و په‌یوه‌ندییه چه‌سپاوه‌ى نێوان سه‌ركرده‌یه‌كى كاریزمییه وه‌ك (ئیمام یان شێخ) و شوێنكهوتووانێتى بۆ نموونه (مورید و شێخ) لێره‌دا تێرمى ئایدیۆلۆجیى "موریدیزم" بووه به كاڵایەک و به باڵای ته‌واوى به‌رگریی ئیسلامی‌دا بڕاوه.
ئه‌م بابه‌ته به‌نیازه چه‌ند پرسیاڕێک گه‌ڵاڵه بكات سه‌باره‌ت به‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ى مێژووى ته‌ریقه‌تى خالیدى له باكوورى قه‌وقازدا. بۆ دڵنیابوون نكووڵى له‌وه ناکرێت كه‌وا ته‌ریقه‌تى خالیدى ڕۆڵێكى زۆر گرنگى بینیوه له داغستان و چێچنیا یان (چیچانستانى) سه‌ده‌ى نۆزدەههمدا. به‌هه‌رحاڵ، به پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه ناوخۆییه‌كانى داغستان به زمانى عه‌ره‌بى، من قه‌ناعه‌تم هه‌یه كه په‌یوه‌ندیی له نێوان ڕێبازى سۆفیگه‌رى له لایەکه‌وه و به‌رگریی ئیسلامى و ئیمامه‌تى پەرەسەندوو لهلایەکى تره‌وه پێده‌چێت زۆر له‌وه ئاڵۆزتر بێت كه تا ئه‌مڕۆ په‌ى پێبرابێت. به تایبه‌تى من ده‌مه‌وێ بەرەنگاری ئه‌و دید و بۆچوونه باوانه ببمه‌وه كه‌وا جیهاد به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى له لایەن ڕێنمایى خالیدییه‌وه به‌رپا و ڕابەریی كرابێت و كه‌وا شێخه خالیدییه‌كان به‌شدار بووبێتن له سه‌ركردایه‌تیى بزووتنه‌وه‌كه‌دا یان ته‌نانه‌ت له شه‌ڕ و كوشتارى چالاکدا، یان كه‌وا هه‌ر سێ ئیمامه‌كه خۆیان به شێخى ته‌ریقه‌تى خالیدى له‌قه‌ڵه‌م دابێت.
لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه ره‌چاو بکرێت كه ته‌ریقه‌تى خالیدى له بارودۆخێكى زۆرتایبهتدا له باكوورى قه‌وقاز سه‌ریهه‌ڵدا و په‌ره‌یسه‌ند، بۆ ئه‌م بارودۆخه نه‌ك ته‌نها ده‌سدرێژیی كۆڵۆنیاڵى هێزێكى ئه‌روپایی ده‌گه‌ڕێته‌وه، بەڵکوو له سهڕووى هه‌موویه‌وه سه‌رهه‌ڵدانى بزووتنه‌وه‌یه‌كى ئهكتیڤیستى شه‌ریعه، جیهاده كه‌وا ڕەنگى خۆى له داب و نه‌ریتێكى ناوچه‌یی به‌هێزدا داكوتابوو له مامه‌ڵه كردنى یاسا و ده‌ستوورى شه‌ریعه‌ت و عورف و عاده‌تدا.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش، مه‌سه‌له‌ى دروستبوونى حاڵه‌تێكى بە ئاشکرا ئیسلامى له‌ئارادا بوو به سه‌ركردایه‌تیى هه‌ر سێ ئیمامه‌كه، كه‌وا میلله‌تانى جۆراوجۆرى باكوورى قهوقازى یه‌كخستبوو و به‌رهه‌ڵستیی داگیركردنى سه‌ربازیی وڵاته‌كه‌ی ده‌كرد بۆ ماوه‌ى زیاد له سى ساڵ و دواجار ئابڵووقه‌ى كاریگه‌رى ڕووس كه ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ وڵاته‌كه‌ى خستبووه بارى دابڕانه‌وه. به‌و پێیه لێكدانه‌وه‌یه‌كى نوێ ده‌بوو به شێوه‌یه‌كى تایبه‌تى چاو ببڕێته نه‌ریته ناوخۆییه‌كانى داغستانى و چیچانییەكان له‌مه‌ڕ هێز و ده‌سه‌ڵات و به‌رگرى له‌جیاتى باسكردنى جیهاد به‌و ئاسانییە و به گه‌ڕانه‌وه بۆ هێز و ده‌سه‌ڵات و به‌رگرى له‌جیاتى باسكردنى جیهاد به‌و ئاسانییە و به گه‌ڕانه‌وه بۆ كاریگه‌ریی ته‌ریقه‌تى خالیدی نه‌قشبه‌ندیی " هاورده".
لقى داغستانى ته‌ریقه‌تى خالیدى
نه‌قشبه‌ندى له گه‌لێ هەرێمى موسوڵمان نشینى ئیمپراتۆرییەتى ڕووسیادا ئاماده‌گیى هه‌بوو، به تایبه‌تى له ئاسیاى ناوه‌ڕاست و هەرێمى ڤۆڵگا - ئووراڵ و قه‌وقازدا، ئاسیاى ناوه‌ڕاست، به سهنتهرهكانییەوه له بوخارا و سەمەرقەند له ترانسۆخانیا (ماوراء النهر) لانكه‌ى ڕێبازى نه‌قشبه‌ندى بوون له سه‌ده‌ى چوارده‌دا و لێره‌وه ته‌ریقه‌ته‌كه بڵاوبووه‌ته‌وه بۆ هندستان و ئیمپراتۆرییەتى عوسمانى و له‌وێشه‌وه بۆ ناوچه‌كانى ڤۆڵگا - ئووراڵ. له ماوەى سه‌ده‌ى هەژدەهەمدا لقى موجهددیدیی ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى جێگه‌ى ڕێبازه‌كانى تر‌ى نه‌قشبه‌ندیی گرته‌وه و ده‌ستباڵایی په‌یداكرد له وڵاتى ترانسۆخانیادا له ماوه‌ى ته‌واوى سه‌ده‌ى نۆزدەهەمدا٧. داگیركردنى توركستان له لایەن ڕووسیاوه و به‌زینى میرنشینه‌كانى خیڤا و بوخارا (كه به‌دواى یه‌كدا له ساڵانی 1868 و 1873دا خرانه ژێر پارێزگاریی ڕووسیاوه) كارى نه‌كرده سه‌ر كاریگه‌ریی و ده‌ستباڵایی کۆمەڵایەتی و سیاسیى شێخه نه‌قشبه‌ندییه‌كان. ئاسه‌وار و فه‌رهه‌نگى نه‌قشبه‌ندى له گه‌شه‌یه‌كى باش‌دا بووه له ڕۆژگارى سه‌ره‌تاى سۆڤیێتدا٨. پێده‌چێت كه ته‌نها له یه‌ك تاقه نموونه‌دا شێخێكى ناودارى نه‌قشبه‌ندى له ڕاپه‌ڕینێكى دژه كۆڵۆنییەوه ئاڵاوه، ئه‌ویش یاخیبوونى ساڵى (1898)ى دۆڵى فه‌رغانه بووه به سه‌ركردایه‌تیى دوقچى ئیشان، كه‌وا سوپاى ڕووسیا به‌خێرایی سه‌ركوتى كردووه٩. له زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كاندا شێخه نه‌قشبه‌ندییه‌كان خۆیان له‌گه‌ڵ حوكمى ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆى ڕووسدا گونجاندووه له ناوچه‌كه‌دا.
نهقشبهندییهكانى ئاسیاى ناوه‌ند په‌یوه‌ندیی نزیكیان هه‌بووه له‌گه‌ڵ ته‌تار و باشكیرهكانى ڤۆڵگا - ئووراڵدا، كه له ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى شانزه‌وه له ناو ئیمپراتۆرییەتى ڕووسیادا ده‌ژیان. به زیادبوونى كاروانى بازرگانى له ده‌شت و بانى كازاخدا له نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى هەژدەهەمدا، فه‌قێ و قوتابییانى ناوچه‌كانى ڤۆڵگا - ئووراڵ به ژماره‌ى گه‌وره ده‌هاتن بۆ بوخارا و سه‌مه‌رقه‌ند بۆ ده‌رس خوێندن لای مودهڕیسهكانى ئه‌وێ، كه‌وا زۆربه‌یان سه‌ر به ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى بوون. ئه‌م قوتابى و لێكۆڵه‌رانه كاتێ ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ زێد و مه‌ڵبه‌ندى خۆیان ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندییان بڵاوده‌كرده‌وه و (به‌زۆریش لقى موجهددیدى) له هەرێم و ناوچه‌كانى ناوه‌ڕاستى ڤۆڵگا - ئووراڵدا. له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره پەرەسەندنى ڕێبازى نه‌قشبه‌ندى له‌م ناوچانه‌دا زۆر به‌ستراوه به چالاکییه‌كانى چه‌ندین كه‌س له شێخه ناوداره‌كانى موجهددیدى له بوخارادا (به تایبه‌تى نیازقولیى توركمان له ساڵى 1821 دا كۆچى دوایی كردووه و عوبه‌یدوڵڵای كوڕى و گه‌لێكى تریش)، هه‌روه‌ها له كابووڵیش (فه‌یزى خانى كابووڵى كه ساڵى 1802 كۆچى دوایی كردووه و خه‌لیفه‌كانى). له سه‌ده‌ى نۆزدەهەمدا كازان و ئووفا و ستێرلیباشیڤۆ و چه‌ند سەنتەرێکى تر‌ى هەرێمى ڤۆڵگا - ئووراڵ بوون بۆ خوێندنى ئیسلامى، كه‌وا زۆربه‌ى مامۆستایان و سۆفییه‌كانى چووبوونه سه‌ر ڕێبازى نه‌قشبه‌ندیی موجهددیدى١٠. دیسان هیچ یاخیبوونێكى ئاشكراى شێخانى سۆفى به‌دینه‌كراوه له‌م ناوچانه‌دا و له سه‌ده‌ى نۆزدەهەمدا له‌برى ئه‌وه شێخه نه‌قشبه‌ندییه‌كان به‌ته‌واوى چووبوونه نێو ده‌سته‌ى ڕۆحانیی ئیسلامییه‌وه و زۆرێک له موفتییهكانى ده‌سته‌كه قوتابى شێخه نهقشبهندییهكانى ئاسیاى ناوه‌ڕاست بوون١١.
به‌ڵام له واعیزهكانى دێهات كه په‌یوه‌ندیدارى نه‌قشبه‌ندى بوون (وه‌ك عه‌بدولڕه‌حیمى ئۆتس ئیمامى بوڵغارى، كه له 1834 دامردووه) له‌م پرۆسه‌ى چوونه‌ناو ده‌سته‌یه‌وه به‌شدارنه‌بوون و به‌رگریی ئه‌وان بۆ نه‌گونجان له گه‌ڵ حوكمى نائیسلامیدا به‌ته‌نها به‌ند نه‌بوو به ئێتیكى نه‌قشبه‌ندییه‌وه، بەڵکوو پێش هه‌موو شتێك به‌ند بوو به لێكدانه‌وه‌ى جیاجیاى یاسا و ده‌ستوورى حهنهفییهوه١٢. (بوڵغار ناوچەیەکە لە ئاسیای ناوەڕاستدا و پەیوەندیی بە ولاتی بوڵغاریا یان بوڵگاریاوە نییە – وەرگێڕ).
له كۆتایی سه‌ده‌ى دوانزه‌هه‌مدا، ڕێبازى خالیدى له ناوچه‌كانى ته‌تار و باشكیردا بڵاوبووەوە له سه‌ر ده‌ستى شێخانى وه‌ك زه‌ینوڵڵا ڕەسووڵیى خه‌ڵكى ترۆیتسك (له ساڵى 1917دا مردووه و خۆیشى خه‌لیفه‌ى زیائهددینى گویمشخانهویی بووه) و جێگرهكانیشى كه‌سانى وه‌ك محەممەد موراد ئهلمهنزیلاوى ئهلڕەمزى بووه (كه له ساڵى 1934دا مردووه)١٣. له هه‌مان سه‌رده‌مدا، شێخێكى نه‌قشبه‌ندیی موجهددیدى به ناوى به‌هائه‌دین وه‌یسى (ڤایسۆڤ) هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى ڕه‌تكرده‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانى ده‌وڵه‌ت و ئه‌و شێخ و زانایانهشدا كه په‌یوه‌ستى ده‌وڵه‌ت بوون. بزووتنه‌وه‌كه‌ى ڤایسۆڤ به ئاشكرا وابه‌سته‌ى چاوه‌ڕوانى و پێشبینیى هه‌زاره بوو، له ده‌وروبه‌رى ساڵى 1882 / 1883دا و گریمانه‌ى ئه‌وه هه‌یه خۆى به مه‌هدیی چاوه‌ڕانكراو دانابێت. ڤایسۆڤ ئه‌و شێخ و زانایانه‌ى به كافر داده‌نا كه په‌یوه‌ندییان به ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌بوو، به‌ڵام نه‌یده‌ویست نه له دژى ئه‌وان و نه له دژى ده‌وڵه‌ت ده‌ست بداته چه‌ك، ئه‌گه‌رچى ئامۆژگاریى یاخیبوونى مه‌ده‌نى و به‌رهه‌ڵستكاریی ناسه‌ربازیی ده‌كرد به‌رانبه‌ر به هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداران. له ڕاستیدا ئه‌و كۆڕ و كۆمه‌ڵى خۆى هه‌بوو له كازان و چه‌ندین گوندى تاتاردا، (به هه‌مان شێوه له هه‌ندێ گوندى توركستانیشدا) و زۆربه‌یان له ساڵى 1884دا له لایەن ده‌سه‌ڵاتدرانى ڕووسیاوه ههڵوهشێنرایهوه١٤. لێڕەش دیسان جیهاد دروست نه‌بوو.
وه‌ك ئه‌نجامگیرییه‌ك، تۆڕێكى به‌ربڵاوى شێخانى نه‌قشبه‌ندى و قوتابیان كه له ئاسیاى ناوه‌ڕاسته‌وه گه‌یشتبوونه ناوچه‌كانى ڤۆڵگا - ئووراڵ و ئێمه ده‌توانین شوێن گواستنه‌وه‌ى زانیارى بكه‌وین له ڕێگه‌ى تۆڕه‌وه له سه‌ده‌كانى هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا تا ده‌گاته سه‌رده‌مى سۆڤیێت و دواتریش، لێشاوێكى به‌رده‌وامى تاكه‌كه‌س و كتێب و ئایدیا گرێدراوى ئه‌م ناوچانه‌ن لە کاتێکدا ڕێنمایى سۆفى و لێكدانه‌وه نوێیه‌كانى (وه‌ك ئه‌وه‌ى ڤایسۆڤ) به هەردوو لادا بڵاو دەبوونه‌وه و ته‌نانه‌ت له ژێر حوكمى ڕووسیاشدا.
له باكوورى قه‌وقازدا، وێنه‌یه‌كى ته‌واو جیاواز سه‌ریهه‌ڵدا سه‌رچاوه داغستانییەكانى وه‌ك فه‌رهه‌نگى ژیاننامه ئاساى نازر ئهلدورگیلى١٥ و نووسینه‌كانى شێخه نهقشبهندییهكانى وه‌ك محەممەد ئهلیهراغى و جه‌ماله‌دین ئهلغازى غوموقى باس له هیچ بوونێكى نه‌قشبه‌ندییه‌كان ناكه‌ن له داغستان یان له چیچنیادا له پێش سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى نۆزدەهەمدا.
هه‌ندێ لە توێژەران وایبۆده‌چن كه بزووتنه‌وه‌ى شێخ مه‌نسوور له چێچنیا و كهبهردا و باكوورى داغستان ئیلهامبه‌خشى نهقشبهندییه١٦. به‌ڵام ئه‌م گریمانه‌یه هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى ناوخۆیی پشتگیریی لێناكات، ڕاستێكه‌ى بزووتنه‌وه كورتخایهنهكهى مه‌نسوور كه له ده‌وروبه‌رى ساڵى 1785 - 1786دا به‌رپابوو زیاتر پشتى به چاوه‌ڕوانیى ڕزگاركه‌ر ده‌به‌ست وه‌ك له هه‌ر ڕێنماییهكى سۆفییانه١٧. ڕەنگه له داغستاندا نه‌قشبه‌ندیی بووبێتن له پێش ته‌ریقه‌تى خالیدیدا، به‌ڵام شوێنه‌واریان ونبووه، یان خالیدى جێى گرتوونهتهوه١٨.
به‌پێى سه‌رچاوه‌كانى نه‌قشبه‌ندى له داغستان، خه‌تى خالیدى له ساڵانی 1820كانه‌وه له داغستاندا كه‌وتووه‌ته بڵاو بوونەوە. هه‌موو كاره‌كانى ژیاننامه نووسینه‌وه و كاره‌كانى تر كۆكن له سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌وا ئیسماعیلى كوردهمیریی خه‌ڵكى شیروان (كه ئه‌مڕۆ باكوورى ئازه‌ربایجانه) ڕێنمایى خالیدیی گواستووه‌ته‌وه بۆ داغستان. ئیسماعیل خهلیفهیهكى مەولانا خالید بووه و به فهقێیهتى پێكه‌وه له كوردستان له شارى سلێمانی خوێندوویانه. له شیروان ئیسماعیل قوتابییه‌كى ده‌بێت به ناوى خاس محەممەدى شیروانى، ئه‌میش له‌گه‌ڵ محەممەد یهراغى پێكه‌وه خوێندوویانه و پسپۆڕێكى ناسراو بوو له فیقه و زانسته ئیسلامییه‌كانى تردا و له گوندى لهزگێنى ناوچه‌ى یهراغدا ژیاوه له باشوورى داغستان. خاس محەممەد پاش ئه‌وه‌ى ئیجازه له ئیسماعیل وه‌ردەگرێ هه‌ردوكیان ده‌چنه سه‌ردانى ئیسماعیل له شیروان و دواجار یهراغیش ئیجازه‌ى له ئیسماعیل وهردەگرێت١٩ و كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ داغستان ده‌بێته كه‌سێتییه‌كى گه‌وره و چه‌قى بڵاوکردنەوەى ته‌ریقه‌تى خالیدى له‌وێ. جه‌ماله‌دین ئهلغازى - غموقى یه‌كێك بوو له خه‌لیفه‌كانى و دواتر بوو به شێخێكى زۆر به‌ناوبانگ، پاشان دوان له قوتابیه‌كانى كه هه‌ردوو ئیمام (غازى محەممەد و شامیل)ن، بوون به دوو ڕابه‌رى ناودارى جیهاد٢٠ و زنجیره‌یه‌ك تهمهسسوكى نه‌پچڕاویان له مەولانا خالیده‌وه گواسته‌وه بۆ شێخ شامیل. هه‌روه‌ها شێخى تریش ده‌ڵێن كه‌وا ئیجازه‌یان له یهراغى وه‌رگرتووه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان جیاوازیی به‌رچاویان تێدایه له‌و ڕووەوە. به‌ڵام له حاڵه‌تى شێخ عه‌بدولڕه‌حمانى سوغووریدا (كه له ساڵى 1882دا كۆچى دوایی كردووه)، زۆر به‌ناوێ و كاریگه‌ر بوو، هه‌ندێ سه‌رچاوه باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه‌وا ئیجازه‌ی له محەممەد ئهلیهراغى و بێجگه له‌و ئیسماعیلى كوردهمیرییش وهرگرتووه٢١. به‌ڵام ڕکابەرهكانى خالیدى ئیددیعاى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌رگیز ئیجازه‌ى وهرنهگرتووه٢٢.
ئێمه كاتێ ئه‌م پەرەسەندنهى ناوچه‌ى قه‌وقاز به‌راورد ده‌كەین له‌گه‌ڵ بڵاوبوونەوەى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندیی له ئاسیاى ناوه‌ڕاست و هەرێمهكانى ڤۆڵگا - ئووراڵدا، مه‌سه‌له‌كه سه‌یر و سه‌رسامكه‌ره كه‌وا نه‌قشبه‌ندى زۆر ده‌مێك نه‌بوو چووبووه داغستانه‌وه و له ماوه‌یه‌كى كورتدا له سه‌ر ده‌ستى تاقه كه‌سێكدا بڵاوبووەوە، كه ئه‌ویش ئیسماعیل ئهلكوردهمیرى ئهلشیروانى بوو. باشه ئه‌م گواستنه‌وه‌یه له شیروانه‌وه بۆ باشوورى داغستان چۆن دروستبوو؟ ئایا ئیسماعیل ڕێنمایى و ئامۆژگاریی تایبه‌تى پێ‌بوو بۆ ڕاکێشانى داغستانییەكان؟ بیر و بۆچوونى گشتى وه‌ك له زۆربه‌ى كارى ئێستاى ڕۆژئاواییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت له سه‌ر بڵاوبوونەوەى خالیدى له داغستاندا ئه‌وه‌یه كه ئیسماعیل بیر و بۆچوونى "جه‌نگاوه‌ریی" مەولانا خالیدى بڵاوکرده‌وه و په‌ره‌ى پێدا و له ئه‌نجامى زیادكردنى فشارى ڕووسیا له سه‌ر میره موسوڵمانه‌كانى داغستان و كۆڕ و كۆمه‌ڵى داغستانییەكان، بیروباوه‌ڕى خالیدى كه‌وته زه‌مینه‌یه‌كى به‌پیت و وه‌رچه‌رخا بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌كى جیهادى٢٣. ئه‌م ئایدیایه به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى پشت به كاره‌كانى پروشانۆڤسكیی ئه‌فسه‌رى سوپاى ڕووسیا (كه له ساڵى 1843دا نووسراوه) و شاعیر و نووسه‌رى ئه‌ڵمانى فهریدریك بۆدێنشت (1848)٢٤ ده‌به‌ستێت. هه‌ردوو دانه‌ره‌كه به وه‌سفێكى سه‌رنجڕاكێش باس له‌وه ده‌كه‌ن كه چۆن ئیسماعیل ڕێنمایى و ئامۆژگاریی قوتابییه‌كانى كردووه (به‌تایبه‌تیش بۆ یهراغیى خه‌ڵكى داغستان) كه چه‌ند پێویسته ڕووس له خاكى موسوڵمانان ده‌رپه‌ڕێنن و جاڕى جه‌نگى جیهاد بده‌ن. وه‌ك دەوترێ ئه‌م قسه و باسانه له باخهكهى ئیسماعیلدا له كورده‌میر كراون. بۆندنێشت ئیددیعاى ئه‌وه ده‌كات كه دهسنووسێكى عه‌ره‌بیی كۆنى لهژێردهستدا بووه كه‌وا هه‌موو ڕێنمایى و ئامۆژگارییه‌كى ئیسماعیل و یهراغیى تێدا بووه. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌م ده‌سنووسه تا ئێستا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه و به‌زۆرى له‌وه ناچێت كورته‌یه‌كى له‌و چه‌شنه‌ى قسه و باسى ناوبراوان هه‌ر بوونى هه‌بووبێت. ئه‌م شێوازى وه‌سفكردنى بۆندێنشته ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه گێڕانەوەكهى له‌مه‌ڕ تكاو داواكاریی كوردهمیرى خه‌یاڵێكى شیعریی بووبێت و به بنه‌ماى خه‌یاڵ و تێڕامان دروستکرابێت، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت گێڕانه‌وه‌كه‌ى هێشتا هه‌ر به‌هایه‌كى به‌رچاوى هه‌یه لای توێژهران٢٥.
جهنهراڵهكانى ڕووسیا و ته‌نانه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتناسانیش بیر و بۆچوونێكى ڕوونیان نه‌بوو له سه‌ر ئه‌وه‌ى لە ڕاستیدا چ ته‌ریقه‌تێك "موریدیزم"ى دنه ده‌دا. له دیدى پروشانۆڤسكییهوه بزووتنه‌وه جیهادییهكهى شامیل و به‌رپا كردنى حاڵه‌تى پشێوى بریتی‌بوو له "ڕاسپاردە و ڕێنمایى تهریقهتێكى نوێ و لادەر"، به‌ڵام ئه‌و نه‌یده‌ویست بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رچاوه‌ى هیچ تهریقهتێكى تایبه‌تى. هەڵبەت ڕۆژههڵاتناسى ڕووس نیكۆلای خانیۆكۆڤ له ساڵى 1847دا په‌یوه‌ندیی نێوان "موریدیزم" و نه‌قشبه‌ندیی دۆزییهوه٢٦. ئه‌وده‌مه زاراوه‌ى خالیدیی به هیچ شێوه‌یه‌ك له باس و شیكردنه‌وه‌كانى ڕووسیاى سه‌ده‌ى نۆزدەهەمدا به‌دیار ناكه‌وێت.
كه‌واته سه‌رچاوه عه‌ره‌بیه‌كانى خالیدیی ئێستا له‌باره‌ى ئیسماعیلى كوردمیرییهوه چیمان پێده‌ڵێ؟ زۆربه‌ى زۆری ژیاننامه‌نووسه ناوداره سوورى و عێراقییەکان (كه له‌ڕاده به‌ده‌ر په‌سن و ستایش ده‌هۆننه‌وه) باسى ئه‌م له ناو ئه‌و خهلیفانهدا ده‌كه‌ن كه‌وا (ئیجازه‌ى موتڵه‌قه)ى له مەولانا خالید وه‌رگرتبێت له سلێمانى. ئیسماعیل وا له قه‌ڵه‌م دەدرێ كه له ڕیزى نزیكترین خه‌لیفه‌كانى مەولانا خالیده و گه‌لێ زیره‌كى و بلیمه‌تیى له‌و ته‌ریقه‌ته‌دا به‌رجه‌سته ده‌كات. هه‌روه‌ها ژیاننامه نووسه‌كان ئیشاره‌ت به نامه‌یه‌كى زۆر توندى مەولانا خالید ده‌ده‌ن كه‌وا سه‌رزه‌نشتى ئه‌م خه‌لیفه‌یه‌ى ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى "ڕابیتە"ى موریده‌كانى به‌خۆیه‌وه ده‌به‌ستێ نه‌ك به مەولانا خالیده‌وه و به‌و ڕێوڕهسمهى كه ئه‌م دایناوه٢٧. پاشان له‌مه زیاتر ئه‌نجام و ده‌ركه‌وته‌كانى ئه‌م شه‌ڕ و ناكۆكییه‌ى نێوان سه‌رۆكى ته‌ریقه‌تى خالیدى و جێگره‌ى باسى لێوه نه‌كراوه. سووربوونى مەولانا خالید له سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌وا "ڕابیتە" به خودى خۆیه‌وه گرێبدرێت به‌گشتى والێكدەدرێتهوه كه بۆ مسۆگه‌ر كردنى پله و پایه‌ى ناوه‌ندیی خۆى و له هه‌مان كاتیش‌دا یه‌كێتیى لقى تهریقهتهكهى و وا له خه‌لیفه‌كان بكات پشت به‌و ببهستن٢٨.
به‌مجۆره هه‌موو ئه‌وه‌ى له‌باره‌ى ئیسماعیله‌وه ده‌یزانین له‌م سه‌رچاوانه‌وه ئه‌وه‌یه كه‌وا ملكه‌چى مورشیدهكهى نه‌بووه وه‌ك مهركهزییهتێكى خالیدى له هه‌ڵسوكه‌وت و ڕەفتارى سۆفییانه‌دا.
نامه‌كه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌م ناكۆكییه لە کاتێکدا بووه كەوا ئیسماعیل له‌وپه‌ڕى جموجووڵ و چالاکیدا بووه نه‌ك هه‌ر له قه‌وقازدا بەڵکوو له ڕۆژهه‌ڵاتى ئهنهدۆڵیشدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى مەولانا خالید له سه‌ر ئه‌وه‌ش سه‌رزه‌نشتى كردووه كه‌وا ڕکابەریی له‌گه‌ڵ خه‌لیفه‌كانى تردا كردووه له ناوچه‌كانى ئهزرنجان و بهتلیسدا. به‌هه‌رحاڵ، زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌كانى ته‌ریقه‌تى خالیدى له ویلایەته عه‌ره‌بییه‌كانى ئیمپراتۆرییەتى عوسمانی‌دا ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ش ناكه‌ن كه ئیسماعیل چالاک بووه له قه‌وقازدا و ئه‌و بووه كه خالیدیی له باكوورى قه‌وقازدا بڵاوکردووهتهوه٢٩. باشهڕێى تێده‌چێ كه خالیدییه‌كان له وڵاتانى عه‌ره‌بدا ئاگایان له ڕۆڵى ته‌ریقه‌ته‌كه‌یان نه‌بێ له جه‌نگى باكوورى قه‌وقازدا دژ به ڕووسه‌كان؟ ده‌زانین كه‌وا شامیل و به‌رگریی داغستانى و چیچانى دژ به ڕووسه‌كان زۆر به‌ناوبانگ بوون له ناو دانیشتووانى موسوڵمانى دیمه‌شق و شاره‌كانى تردا. به‌ڵگه‌ى ئه‌مه‌ش نامه و نامه‌كاریی ماوه‌یه‌كى كورت، به‌ڵام گه‌رمى نێوان شامیل و عه‌بدولقادر جه‌زائیریدا بووه، له‌و ماوه‌یه‌دا كه ئه‌مى دووه‌میان له دیمه‌شق ئاواره بووه له ساڵانی 1860 كاندا٣٠. ئه‌ى كه‌واته بۆچى سه‌رچاوه خالیدییهكانى سه‌ده‌ى نۆزدەههم باس له ئیمامه‌كانى داغستان ناكه‌ن وه‌ك براى خۆیان له ته‌ریقه‌ته‌كه‌دا؟
یه‌كه‌مین ناوهێنانى ڕوون و ئاشكرا له‌باره‌ى جیهادى قه‌وقازه‌وه له ئه‌ده‌بى ژیاننامهنووسى (بایۆگرافی) خالیدیدا ئه‌وه‌ى محمد إبن سلیمان البغدادییه به ناوى "الحدیقة الندیة" كه له ساڵى 1895دا چاپكراوه٣١. به پێى ئه‌م نووسینه بێت، هه‌ردوو ئیمام و موجاهید "شێخ قازیی - مەلا (كه به ئاشكرا ئاماژه‌یه بۆ غازى محەممەدى یه‌كه‌مین ئیمام) و "شێخ" شامیل، كه خه‌لیفه‌ى ئیسماعیلى كوردهمیرى بوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نووسه‌رى بنه‌ڕه‌تیی ئه‌م كاره ئه‌ده‌بییه، محمد إبن سلیمان البغدادى، وه‌ك دەوترێ له ساڵى 1818 - 1819دا مردووه٣٢، كه‌وابوو بڕگه‌ى باسكراوى سه‌ره‌وه له سه‌ر شامیل (كه له ساڵانی نێوان 1834 و 1859دا حوكمى كردووه) ناکرێ له لایەن ئهلبهغدادیی خۆیه‌وه نووسرابێت بەڵکوو ده‌بێ دواتر خرابێته سه‌رى، كه‌وا ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه له لایەن ئه‌سعه‌د ئهلساحێبى نووسه‌رى "الحدیقة..."وه بووبێت له ساڵى 1895دا. ئه‌سعه‌د ئهلساحێب كوڕى مه‌حموود ئهلساحێبى برا بچووكى مەولانا خالیده (كه له ساڵى 1866دا كۆچى دوایی كردووه) و به‌م ڕەنگه برازایه‌كى خالید به گه‌رمى چووه‌ته ململانێى ده‌سه‌ڵاتدارییه‌وه له لقى شامى ته‌ریقه‌تى خالیدیدا. بڵاوکراوەكانى أسعد الصاحب له ناو ئه‌و نووسینه سهرهكییانهدان له‌باره‌ى لقى ته‌ریقه‌تى خالیدییه‌وه كه‌وا له لایەن زۆربه‌ى دانه‌ر و نووسه‌ره‌كانى دواتره‌وه ئاماژه‌یان پێدەکرێت. سه‌باره‌ت به تێهه‌ڵكێش كردنه‌كه‌ى أسعد الصاحب له سه‌ر ئیسماعیل و هه‌ردوو ئیمامه‌كه له كتێبى "الحدیقة..."ى به‌غدادیدا، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه تا ڕاده‌یه‌ك نامه گۆڕینه‌وه بووه و سوود له كۆمێنتهكانى ئه‌سعه‌د وه‌رگیراوه له سه‌ر ئیسماعیل له كۆكراوه به‌ناوبانگه‌كه‌ى نامه‌كانى خالیددا "بغیة الواجد فی مكتوبات حضرة مولانا خالد" كه له ساڵانی 1915 - 1916دا له لایەن ئه‌سعه‌د ئهلساحێبهوه بڵاوکراوەتهوه، هه‌رچۆنێك بووه له هه‌ردوو "الحدیقة..." و "بغیة..."دا نووسه‌ر به ئاشكرا بێ‌ئاگا بووه له دوو یان سێ په‌یوه‌ندیی "سیلسیله" له نێوان ئیسماعیل و شامیلدا و (به‌تایبه‌تى هه‌ردوو شێخه داغستانییەكه محەممەد ئهلیهراغى و جه‌ماله‌دین ئهلغازى - غموقى)، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ى كه‌وا هه‌میشه حازرن له كاره‌كانى ڕێبازى خالیدیدا له داغستان. به‌م پێیه ده‌بێ ڕه‌چاوى ئه‌وه بكه‌ین كه نووسه‌رى ئه‌م بڕگه‌یه سه‌رچاوه داغستانییەكانى له‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه.
ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه ئه‌و ڕاستییه پشتگیریی لێده‌كات كه‌وا ناوى غازى محەممەد كراوه به (مەولانا ئه‌لشه‌یخ قووزى - موللا) كه به ئاشكرا گواستنه‌وه‌یه‌كى شێواوى شێوه (قازیی - موللا)یه و له سه‌ده‌ى نۆزدەههمدا نووسه‌ره ڕووسه‌كان بۆ غازى محەممەد بهكاریانهێناوه٣٣ ئه‌مه به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى كه‌وا أسعد الصاحب ئه‌م زانیارییانه‌ى كه له سه‌ر په‌یوه‌ندیى سۆفیگه‌ریی نێوان ئیسماعیل و هه‌ردوو ئیمامه‌كه له سه‌رچاوه‌یه‌كى ڕووسى یان ڕۆژئاواییه‌وه به‌ده‌ستهێناوه.
پێده‌چێت له پێش كۆتایی سه‌ده‌ى نۆزدەهەمدا خالیدییهكانى ئیمپراتۆرییەتى عوسمانى زۆر ئاگایان له‌و ڕۆڵه نه‌بووبێت كه ته‌ریقه‌ته‌كه‌یان له بزووتنه‌وه‌ی جیهادى باكوورى قه‌وقازدا گێڕاوێتى و ته‌نها پاشتر زانیاری‌یان ده‌ستكه‌وتووه له‌باره‌ى ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ى سۆفیگه‌رییه‌وه له ڕێگەى سه‌رچاوه ئه‌وروپییه‌كانه‌وه.
ته‌ریقه‌تى خالیدى ڕێک له‌و كاته‌دا داغستان بڵاو بووەوە كه‌وا "لقى سه‌ره‌كى" یان له دیمه‌شق تووشى قه‌یرانێكى قووڵ هات. كۆچى دوایی مەولانا خالید له ساڵى 1827دا و مردنى ئیسماعیلى ههنارانیی جێگره‌وه‌ى خالید له هه‌مان ساڵدا، ته‌ریقه‌تى خالیدى دیمهشقى پێكهاته‌ى مه‌ركه‌زى خۆى له‌ده‌ستدا، هه‌روه‌ها به شێوه‌یه‌كى زیاتر تووشى ده‌ستێوه‌ردانى ته‌مومژاویی ده‌وڵه‌ت بوو به شێوازێكى ڕێکخراوى یه‌ك له دواى یه‌ك به هۆى گومانى سوڵتانى عوسمانى، مه‌حموودى دووهمهوه٣٤. بارى ڕکابەرى و ناكۆكیى چه‌ندین بنه‌ماڵه و تاقم بۆ سه‌ركردایه‌تى كردنى ته‌ریقه‌ته‌كه به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ پێده‌چێت وایكردبێت كه په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌كیی به ناوچه‌كانى چه‌شنى باكوورى قه‌وقازه‌وه بچڕابێت.
به‌گشتى ده‌توانین وایدابنێن كه‌وا لقى نه‌قشبه‌ندیی داغستان به شێوه‌یه‌كى دابڕاو له هاوڕێبازه سوورى و عێراقى و كورده‌كانى په‌ره‌یسه‌ندبێت. هه‌روه‌ها ئه‌م دابڕانه‌ش له ئه‌نجامى ئابڵووقه‌دانى ڕووسیاوه بوو بۆ سه‌ر داغستان و چیچنیا، چوونکە قهوقازى باشوور (ئازه‌ربایجان) و به هه‌مان ده‌ستوور قهوقازى ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ جۆرجیا و کەنارهكانى ده‌ریاى ڕه‌ش، له لایەن هێزه‌كانى ڕووسیاوه کۆنترۆڵ كرابوو. هیچ ئاماژه و به‌ڵگه‌یه‌كیش له سه‌رچاوه مێژووییه‌كاندا نییە، ڕووسى بن یان عه‌ره‌بى، كه‌وا هیچ شێخێكى ته‌ریقه‌تى خالیدى له خاكى عوسمانی‌دا (به خودى ئیسماعیلى كوردهمیریى خۆیشیه‌وه، كه وا باس دەکرێت له شارى ئهماسییهى ئه‌نه‌دۆڵ كۆچى دوایی كردبێت له ساڵى 1860 یان 1861دا) چووبێتهى داغستانه‌وه له سه‌رده‌مى جیهاددا و په‌یوه‌ندیی به لقه‌كانى تره‌وه بووژاندبێتهوه٣٥.
ئه‌م مۆرك و تێگه‌شتنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونى ئه‌ده‌بى خالیدیی به ئه‌سڵ عوسمانى یان عه‌ره‌بى له كتێبخانه‌كانى داغستاندا، من ناتوانم هیچ كتێبێك یان دهسنووسێكى خالیدییهكانى غه‌یره داغستانى له داغستاندا بدۆزمه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ى به كتێب و كۆكراوه‌ى شامیل ناودەبرێت و له كتێبخانهى زانكۆى پرینستۆنه (له ئه‌مه‌ریكا - و) نووسینى هیچ خالیدییهكى تێدا نییە له ده‌ره‌وه‌ى داغستان٣٦. بێجگه له‌وه‌ش، له نووسینى مێژوویى و بایۆگرافى و هاگیۆگرافیى داغستان خۆیدا هیچ به‌ڵگه و ئیشاره‌تێك نییە بۆ تاقه کارێک یان ته‌نانه‌ت نامه‌یه‌ك كه له لایەن مەولانا خالید یان خهلیفهكانییەوه نووسرابێت، بگره خودى ئیسماعیلى كوردهمیرى خۆیشى كار و نووسینێكى جێنه‌هێشتووه، وهسێتێكى گشتى نه‌بێت "په‌یمانى ڕۆحى" له‌باره‌ى به‌ها ڕه‌وشتییه‌كانه‌وه، بێ هیچ ئیشاره‌تێك بۆ جیهاد٣٧. هەڵبەت مەولانا خالید و ئیسماعیل ناویان له هه‌موو "سیلسیله" خالیدییه داغستانییەكانى ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى نۆزدەهەمدا هاتووه٣٨. به‌هه‌رحاڵ، له‌م "سیلسیله" و دۆعایانه و كاره‌كانى تریشدا مامه‌ڵه‌یه‌كى تایبه‌ت نه‌كراوه نه له‌گه‌ڵ خالید و نه له‌گه‌ڵ ئیسماعیلدا و ته‌نها وه‌ك گوێزه‌ره‌وه‌ى "به‌ره‌كه‌تى" نه‌قشبه‌ندى ته‌ماشا كراون، ڕێک وه‌ك لێكدهرانى تر‌ى سیلسیلهى پێش خۆیان. ئه‌مه به‌و ئه‌نجامه‌مان ده‌گه‌یه‌نێت كه‌وا ڕێک وه‌ك خالیدییهكانى وڵاتى عوسمانى هیچ شتێكیان له‌باره‌ى خالیدییهكانى داغستانه‌وه نه‌زانیوه، به هه‌مان شێوه شێخه‌كانى داغستانیش ڕەنگه وێنه‌یه‌كى ڕوونى ڕۆڵى خالید و پهیڕهویكارانیان لە لا نه‌بووبێت له به‌شه‌كانى تر‌ى جیهانى ئیسلامی‌دا. بۆ دڵنیایی، كاره‌كانى محەممەد ئهلیهراغى و جه‌ماله‌دین ئهلغازى - غموقى به‌شێكى باشیان له سه‌ر ڕێوڕەسمى ته‌ریقه‌تى خالیدییه وه‌ك (زیكر و ڕابیتە و موراقه‌به و سوحبه و.. تاد)، به‌ڵام هه‌مدیس بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ مەولانا خالید خۆى، له هه‌ر چه‌مكێكى سیاسیی ته‌ریقه‌تى خالیدیی گه‌ڕێ.
هەڵبەت ئه‌م سه‌رنج و مشتومڕانه‌ى كه هێجگار نەڕێنین به‌ندن به ئه‌ده‌بێكى نووسینى سنوورداره‌وه و شوێنه‌وارى دۆزراوه‌ى نوێ، ڕەنگه ڕاسته‌وخۆتر تیشك بخاته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان لقه‌كانى ته‌ریقه‌تى خالیدى، مه‌سه‌له‌كه ڕوونه كه‌وا جیهاد له داغستاندا ناکرێ هه‌روا یهكسهرى به هاتنه‌ئاراى ڕێنمایى مەولانا خالید لێكبدرێته‌وه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شێخه‌كانى داغستان خۆیان بردووه‌ته‌وه سه‌ر ته‌ریقه‌تى خالیدى.
سه‌ره‌تاكانى بزووتنه‌وه‌ى شه‌ریعه / جیهاد و ته‌ریقه‌تى خالیدى
سه‌رچاوه داغستانییەكان ئه‌وه پیشانده‌ده‌ن كه‌وا ڕێبازى سۆفیگه‌ریی خالیدى و ئایدیاى جیهاد له ساڵانی 1820كانه‌وه له داغستاندا بڵاوبووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كان ئیشاره‌ت به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌وا سه‌رهه‌ڵدانى ته‌ریقه‌ت و جیهاد بناغه‌ى جیاوازیان هه‌بوو. سه‌ره‌تا جیهادى هه‌ر سێ ئیمامه‌كه یه‌كه‌م جیهاد نه‌بوو له داغستاندا، چوونکە له‌وێ نه‌ریتێكى دوور و درێژى به‌رگریی پاڵنه‌رى ئیسلامى هه‌بوو دژ به داگیركه‌رانى بێگانه، كه لانیکەم مێژووه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕایه‌وه دواوه بۆ سه‌ره‌تاى ساڵانی 1740كان كاتێ كه‌وا میره‌كانى داغستان و كۆڕ و كۆمه‌ڵى خه‌ڵك پێكه‌وه چوون به‌گژ نادر شادا وه‌ك وه‌خۆكه‌وتن و ئاگاییه‌كى سونییەكانى داغستان دژ به سه‌ركرده‌ى لەشکڕێکى شیعه مه‌زهه‌بى "ڕافزى". هه‌رچه‌نده نامه و نووسراوهكانى ئه‌م ڕووداوه یەکلاکەرەوەیه تا ئێستاش به وردى تاوتوێ نه‌كراوه، به‌ڵام وادیاره خوێندهوارهكانى ناوخۆ (عوله‌ما و فوقه‌ها) ڕۆڵێكى گرنگیان بینیوه له‌م به‌رگرییه‌دا. یاخیبوونه‌كه له لایەن ئیمامێكه‌وه ڕابەریی نه‌ده‌كرا، بەڵکوو له لایەن چه‌ندین میرى داغستانه‌وه بوو٣٩. هیچ ئاماژه و به‌ڵگه‌یه‌كیش له‌ئارادا نییە كه‌وا گڕووپێكى سۆفى تێكه‌ڵ به به‌رگرى كردن بووبێت دژ به نادرشا.
بارودۆخه‌كه هه‌مان شت بوو بۆ جیهادى هه‌ر سێ ئیمامه‌كه، چوونکە له ته‌واوى ئه‌و ماوه‌یه‌ى نێوان ساڵانی 1830 و 1859دا گوتار و ئامۆژگارییه ئیسلامییه‌كانى غازى محەممەد و شامیلى سه‌ركرده و ڕابەرانى جیهاد هیچ باسێكیان له‌باره‌ى ڕێنمایى و تهعالیمى سۆفییه‌وه نه‌كردووه. له‌برى ئه‌وه به كاروبارى شه‌رع و ده‌ستوورى ئیسلامه‌وه گرتوویانه، به تایبه‌تى جێبه‌جێ كردنى یاساى ئیسلامى و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌كانى "عادات"، هه‌روه‌ها ئه‌م گوتاره مۆركى نه‌ریتێكى دوور و درێژى خۆوڵاتى پێوه‌بوو. له داغستاندا، "عادات" ته‌نها "یاساى باو" نییە بەڵکوو یاسا و ڕێساى شه‌ریعه‌ت و به ڕێکكه‌وتنى "ئیتیفاقى" ته‌واوى كۆڕ و كۆمه‌ڵى گوندنشین داده‌نڕێت و خه‌ڵكه به‌ته‌مه‌ن و ده‌م سپییه‌كه "ڕوئه‌سا" ڕابەریی ده‌كه‌ن. ڕێکكه‌وتنى تاكه تاكه‌ى "عادات" نووسراونه‌ته‌وه و یه‌ك خراوه‌ته سه‌ر ئه‌ویتر تا "كتێبى عادات"یان لێ پێكهاتووه، كه‌وا هه‌ندێ جار تا سه‌د و په‌نجا ڕێکكهوننامهى تاكى تێدایه. چه‌مكى "عادات" به‌م ڕەنگه چاره‌سه‌رى ته‌واوى ڕەهەنده یاسایی و شه‌رعییه‌كان ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ى ڕەزامەندیى له سه‌ر ده‌ربڕاوه و له لایەن كۆمه‌ڵه‌وه هه‌لومه‌رجى بۆ دانراوه، به‌و پێیه كۆمه‌ڵگه‌ى داغستان بنچینه و زامنكار و ئامانج و جێبه‌جێكارى ڕێکخستن و سهروبهرگرتنى "عاداتى" خۆى بووه٤٠.
گه‌لێ جار كتێبه‌كانى "عادات" ئه‌و یاسا و ڕێسایانهى تێدایه كه له یاسا و شه‌ریعه‌تى ئیسلامیشدا هه‌یه و له فره حاڵه‌تیشدا نه‌ریت و ده‌ستووره ئیسلامییه‌كه بڕیاره‌كانى "عادات" به‌ڕێوه‌یده‌بات، بۆ نموونه سه‌پاندنى پاره‌یه‌كى سزا به سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا كه نوێژ ناكه‌ن یان ڕۆژوو ناگرن (كه ئه‌مه سزایه‌كه یاسا و ده‌ستوورى ئیسلامى داواى ناكات). به گشتى وا هه‌ست دەکرێت كه "عادات" به‌رهه‌ڵستیی یاساى خواوه‌ند ده‌كات و "ده‌ستكردى بنیاده‌مه" و له لایەن ئه‌و كه‌سانه‌وه جێبه‌جێ ناکرێت كه‌وا كاروبارى ئیسلامی‌یان له‌ئه‌ستۆیه، بەڵکوو له لایەن كه‌سانێكى ده‌سته‌بژێرى كۆمه‌ڵگه‌ى گوندهكانهوهیه. مشت‌ومڕێك هه‌یه له ناو خوێنده‌وارانى داغستاندا له سه‌ر ئه‌وه‌ى كه ئایا پێویسته یاساى ئیسلامیی به‌كاربێت له‌برى یاساى "عادات" كه ئه‌وى ئیسلامى به لای كه‌مه‌وه له دوادوایی سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌هه‌م و سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى هەژدەهەمهوه تۆمار كراوه، یه‌ك له داكۆكیكارانى یاساى ئیسلامى له داغستاندا قازیی محمد بن موسى القودوقى بوو (1652 - 1708/ 1709 یان 1716/ 1717) كه خه‌ڵكى گوندى چیایی كودوتڵى ناوچه‌ى ئاڤار بوو. ئهلقودوقى پێى له سه‌ر ئه‌وه داده‌گرت كه ده‌بێ ته‌واوى "عادات" بگۆڕدڕێ به یاساى شه‌ریعه‌ت و لانیکەم توانى گه‌لێ یاسا و ڕێساى ئیسلامى بسه‌پێنێ له‌باره‌ى میرات و شتى تره‌وه له ژماره‌یه‌ك كۆڕ و كۆمه‌ڵى گوندنشینى داغستاندا. سه‌یر له‌وه‌دایه كه‌وا ئه‌م "گۆڕانانه" بۆ یاساى ئیسلامى دیسان كۆمه‌ڵگه‌ى گونده‌كان دایانڕشت له فۆرمى "ئیتیفاقاتدا"٤١. به‌هه‌رحاڵ، خوێنده‌وارانى تر مشتومڕیان له سه‌ر بنه‌ماكانى "عادات" ده‌كرد و به‌رگرییان له نوێنه‌رایه‌تیى ده‌سه‌ڵاته نه‌ریتییه‌كانى گوند ده‌كرد و (به‌تایبه‌تى پیره‌كان) له بڕیاردان و سه‌پاندنى سزادا. یه‌ك له‌و خوێندهوارانهى كه به‌ئاگاییه‌وه به‌رگریی له ڕێوڕەسمه تایبه‌ته‌كانى "عادات" ده‌كرد داود ئهلئووسیشى بوو (كه ساڵى 1759 مردووه) و خه‌ڵكى گوندى ئوسیشاى ناوچه‌ى دارگین بوو، ئه‌م پیاوه به‌خۆى قوتابیی محمد القودوقى بووه.
ئه‌م قسه و باسه له سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان "عادات" و یاساى ئیسلامى چه‌قى بانگه‌شه سه‌ره‌تاكانى غازى محەممەدى یه‌كه‌مین ئیمام بوو كه ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه له ناوه‌ڕاستى ساڵانی 1820كاندا جاڕى لێدرابێت. غازى محەممەد له‌م نامه و قهباڵانهدا هه‌ڵوێستى محمد بن موسى القودوقیى وه‌رگرت له‌پێناوى شه‌ریعه‌تدا و كه‌وته هێرش كردن بۆ سه‌ر ئوسسیشى و خوێنده‌وارانى تر. ئه‌م پیاوه به لایەنگرتنى مشتومڕه‌كانى قودوقى، یه‌كه‌مین ئیمام بوو موسوڵمانانى ئیرشاد ده‌كرد كه‌وا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئیسلام و په‌یڕه‌ویی ئه‌حكامه‌كانى قورئان و سوننه بكه‌ن و "عادات" مه‌حكووم بكه‌ن وه‌ك یاساى باوباپیران و یه‌كسان له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕیدا "كوفر"٤٢.
له‌م نامانهداو به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌ته‌واوى نامه و نووسراوى ئیمامهكاندا٤٣، به زه‌حمه‌ت هیچ باسێك له بیر و بۆچوونى سۆفى و سۆفیگه‌رى هاتووه، بواره سیاسییه‌كانى ته‌ریقه‌تى خالیدیی لێ بخه‌ره ئه‌ولاوه، ڕوون و ئاشكرایه ئه‌و بزووتنه‌وه ئاینییه‌ى به‌ره‌و"موریدیزم" په‌ره‌یسه‌ند به‌ته‌واوی به‌ند بوو به مه‌سه‌له شه‌رعى و یاساییه‌كانه‌وه. ئه‌مه له داب و نه‌ریتى گوتارێکى شه‌رعیى داغستان خۆیدا مایه‌وه و به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى دژ به ڕووسه‌كان ئاڕاسته نه‌كرا، بەڵکوو دژ به‌و برا موسوڵمانانه‌ى خۆیان بوو كه به‌رهه‌ڵستیی هه‌وڵ و كۆششى غازى محەممەدیان ده‌كرد بۆ جێبه‌جێ كردنى شهریعهت٤٤.
غازى محەممەد له ناوه‌ڕاستى ساڵانی 1820دا چالاکییه‌كانى وه‌ك وتارخوێنێك ده‌ستیپێكرد له كۆیسوبوى هەرێمى ئاڤار و هه‌ڵبژاردنى یان جاڕدان له‌خۆى وه‌ك ئیمام، پێیده‌چێت له ده‌وروبه‌رى ساڵانی 1829 یان 1830 دا بووبێت٤٥. غازى محەممەد زۆربه‌ى په‌یڕه‌وه دڵگهرمهكانى له نێو لاوانى كۆمه‌ڵگه‌ى گونده‌كانى هەرێمى ئاڤاردا هه‌ڵبژاردبوو، ئه‌م گه‌نجانه وادیاره بێزار بوون له هه‌ڵبژارده نه‌ریتییه‌كانى گونده‌كان و به هه‌مان شێوه‌ش له میر و ئاغا‌كان كه تۆمه‌تبارى خۆگونجاندنى سیاسى بوون له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕان و شێوه ژیانێكى نائیسلامییان ده‌گوزه‌راند. غازى محەممەد ویستى جڵه‌وى ده‌سه‌ڵات له گونده‌كانى ئاڤاردا بگرێته ده‌ست به ڕابەریكردنى په‌یڕه‌وانى دژ به پیر و پیاوچاكانى گونده‌كانى كه‌وا دژ به داواكارییه‌كانى وه‌ستابوونه‌وه بۆ بڵاوکردنەوە و سه‌پاندنى شه‌ریعه‌ت. ئه‌م ناكۆكیانه به شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵه ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام خێرا به ئاقارى كوشت و كوشتار و هێرشى سه‌ربازیی توند و سه‌ختدا په‌ره‌یسه‌ند.
لە کاتێکدا كه‌وا بزووتنه‌وه‌كه‌ى غازى محەممەد له ناوچه‌كانى ئاڤاردا ده‌ستى پێكرد، كه ده‌كه‌ونه ناوه‌ڕاستى داغستانه‌وه، به‌ڵام ته‌ریقه‌تى خالیدى یه‌كه‌مین سه‌نته‌ره‌كانى له باشوورى وڵات‌دا بوو و دواتر له كاتى گونجاو‌دا به‌ره‌و باكوور ته‌شه‌نه‌ى كرد. وه‌ك دهریشدهكهوێ كه‌وا ئیسماعیلى كوردهمیریی خه‌ڵكى شیروان تهمهسسوكى به محەممەد ئهلیهراغى كردووه له گوندى یهراغى ناوچه‌ى لهزگێنى باشوورى داغستان. نامه و نووسراوهكانى خودى یهراغى ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌ویش به ڕۆڵى خۆى ئیرشادى گه‌لێ خه‌ڵكى كردووه له ناوچه‌ى تابهسهران، كه ده‌كه‌وێته ڕۆژئاواى ده‌ربه‌نده‌وه و به هه‌مان شێوه‌ش له كوموخى هەرێمى له‌ك له ناوه‌ڕاستى داغستاندا، كه‌وا جه‌ماله‌دینى غازى غموقیى خه‌لیفه‌ى یه‌كه‌مى لێبوو٤٦. هەڵبەت ئه‌وه جه‌ماله‌دین بوو كه غازى محەممەدى ئیمامى یه‌كه‌م و به هه‌مان شێوه‌ش شامیلى هێنایه ناو ته‌ریقه‌ته‌وه (كه دواتر بوو به ئیمامى سێیه‌م).
دهسنووسێكى عه‌ره‌بى كه له لایەن قوتابییه‌كى نه‌قشبه‌ندیی شێخ جهمالهدینهوه تۆمار كراوه باس له‌وه ده‌كات كه‌وا غازى محەممەد یه‌كه‌مجار گاڵته‌ى به ته‌ریقه‌تى سۆفى كردووه و نه‌یویستووه تێكه‌ڵى ببێت و ته‌نها ماوه‌یه‌كى دواتر كه بزووتنه‌وه‌كه‌ى له‌مه‌ڕ سه‌پاندنى شه‌ریعه‌ت ئه‌و ده‌مه له ناوچه‌كانى ئاڤاردا پێشكه‌وتبوو، سه‌ردانى شێخ جه‌ماله‌دینى كردووه له كوموخ. غازى محەممەد تووشى كهمهندكێشییهكى ڕۆحیى کۆنترۆڵ نه‌كراو بووه (جه‌زبه) له سه‌رده‌ستى شێخ و تهمهسسوكى كردووه به ته‌ریقه‌تى خالیدییهوه٤٧. ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه بنه‌ماى گریمانه‌ى ئێمه‌یه كه‌وا بزووتنه‌وه چالاکهكهى غازى محەممەد و شامیل به شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ له بڵاوبوونەوەى ته‌ریقه‌تى خالیدى له داغستاندا ده‌ستى پێكردووه و هه‌ردوو بزووتنه‌وه‌كه له خاڵێكى دواترى ڕۆژگاردا تێكه‌ڵ بوون.
وه‌ك ئامۆژگارى و ڕێنمایى، ته‌ریقه‌تى خالیدى به شێوه‌یه‌كى گشتى به ئوسووڵییهكى توند وهسفدەکرێت، به‌و پێیه په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م ته‌ریقه‌ته و بزووتنه‌وه‌ى شه‌ریعه‌ت - جیهادى داغستان، ڕەنگه جێى سه‌رسامى نه‌بێت. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌م هاوپه‌یمانییه هه‌روا پرۆسه‌یه‌كى بێ گرێ و گرفت نه‌بوو، چوونکە شێخه خالیدییه‌كان بیروڕاى جیاواز و دوور له‌یه‌كیان بوو له سه‌ر مه‌سه‌له‌ى جیهاد. یه‌كه‌م ناكۆكیى سه‌ره‌كى ئه‌و كاته به‌رپابوو كه غازى محەممەد كه‌وته ڕێکخستنى بزاڤێكى جیهادیى دژ به بێباوه‌ڕه‌كان. لێره‌دا جه‌ماله‌دین كه مورشیدى ڕاسته‌وخۆى بوو به‌رهه‌ڵستیى بانگه‌شه‌ى جه‌نگى غازى محەممەدى كرد و هانیدا كه‌وا به شێوه‌یه‌كى ئاشتییانه به‌رده‌وام بێت له سه‌ر په‌یامه‌كه‌ى، له ڕێگەى ڕێنمایى دادان و گفتوگۆوه٤٨. غازى محەممەد له‌به‌ر تووڕه‌بوون و نا‌ئومێد بوونى له جه‌ماله‌دین، چووه پاڵ محەممەد ئهلیهراغیى شێخه‌كه‌ى جه‌ماله‌دین و ڕابەرى بێ ڕکابەرى ته‌ریقه‌تى خالیدى له داغستانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا. وادیاره ئهلیهراغى له‌و كاته‌دا سه‌رزه‌نشت كراوه یان له گونده‌كه‌ى خۆى ده‌ركراوه له لایەن ئه‌سڵن خانى كوموخهوه، كه میڕێکى ده‌سكه‌لای ڕووسه‌كان بووه و له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌رپرسى زۆربه‌ى باشوورى داغستان بووه. باس وایه كه غازى محەممەد له یهراغیى پرسیوه ئاخۆ ملكه‌چى شێخهكهیهتى، كه به‌رهه‌ڵستیى جیهاد ده‌كات یان وه‌ك له كەلامى خوادا هاتووه كه ئاشكرا ئایه‌ته‌كانى قورئان بانگه‌شه‌ى بێ كۆتوبه‌ندى جیهاد دهكهن٤٩. وه‌ك باس دەکرێت یهراغى ڕێگەى به غازى محەممەد داوه بچێته جه‌نگه‌وه و دواتریش جه‌ماله‌دین هه‌مان ڕێچكه‌ى گرتووه٥٠.
ئه‌م ململانێ زووه له سه‌ر ده‌سه‌ڵات و شه‌ریعه‌ت نموونه و شێوازێكى په‌یوه‌ندیی واى دروستكردووه له نێوان سۆفى و ئیمامهكاندا كه له ته‌واوى ماوه‌ى جیهاددا په‌یڕه‌وى بکرێت. تا ڕادەست بوونى شامیل له ساڵى 1859دا بڕیاره سه‌ربازى و سیاسییه‌كان له لایەن سۆفییه‌كانه‌وه وه‌رنه‌ده‌گیران بەڵکوو له لایەن ئیمامهكانهوه بوو، كه ئه‌وانیش به ڕۆڵى خۆیان پێویستیان به ده‌سه‌ڵاتى مۆراڵیى شێخه خالیدییه‌كان بوو بۆ مسۆگه‌ر كردنى ملكهچبوونى خه‌ڵك.
هه‌رچه‌نده گومان له‌وه‌دا نییە كه‌وا ئیمامه‌كان چووبوونه نێو ته‌ریقه‌تى خالیدییه‌وه (مأذون)، به‌ڵام ئه‌ده‌بى به عه‌ره‌بى نووسراوى ناوخۆ له‌باره‌ى سه‌رده‌مى جیهاده‌وه ئیددیعاى ئه‌وه ناكات كه‌وا غازى محەممەد یان شامیل له لایەن ئه‌و دوو شێخه‌وه "ئیجازه"یان پێدرابێت، یان ئیمامه‌كان خۆیان وه‌ك خه‌لیفه‌ى ئه‌وان هه‌ڵسوكه‌وتیان كردبێت یان وه‌ك شێخى سهربهخۆ٥١. بێجگه له‌وه‌ش ئیمامه‌كان هه‌میشه پشتیان به ته‌شریع كردنى چالاکییه‌كانیان به‌ستووه له لایەن شێخ محەممەد ئهلیهراغى (كه ساڵى 1839 له گوندى سۆگرایڵى ناوچه‌ى ئاڤار كۆچى دوایی كردووه) و شێخ جه‌ماله‌دین ئهلغازى - غموقى (كه له ساڵى 1866 دا له ئه‌سته‌مبووڵ كۆچى دوایی كردووه).
به‌هه‌رحاڵ، له ژێر سایه‌ى ئه‌م شێخانهدا ئیمامه‌كان ده‌یانتوانى بزووتنه‌وه‌یه‌كى به‌رفراوان بپارێزن. وه‌ك باسه‌كه‌ى سه‌ره‌وه ده‌ریده‌خات، غازى محەممەد ته‌نانه‌ت سه‌ركه‌وتووانه توانیوێتى ئهلیهراغى شێخى گه‌وره‌ى داغستان وه‌ك ڕکابەرى به‌هێز بكات به‌گژ جه‌ماله‌دینى شێخه‌كه‌ى خۆیدا بچێتەوە كاتێ كه ئه‌میان ڕ‌ازى نه‌بوو پشتیوانیی له نه‌خشه و پلانه‌كانى بكات. غازى محەممەد ساڵى 1832 له شه‌ڕێكدا كوژرا و كه شامیلش له هه‌مان شه‌ڕدا به سه‌ختى بریندار بوو، هه‌مزه‌ت به‌گ، كه جێگرێکى تر‌ى غازى محەممەد بوو جڵه‌وى سه‌ركردایه‌تیى بزووتنه‌وه‌كه‌ى گرته‌ده‌ست. به‌پێچه‌وانه‌ى غازى محەممەد و شامیلهوه كه خه‌ڵكى ڕهشۆكیى گوندێكى ئاڤار بوو، هه‌مزه‌ت به‌گ كوڕى خانه‌دانێك بوو له خزمه‌ت و ژێرسایه‌ى میره‌كانى ئاڤاردا بوو له خونزاخ. ئه‌و خۆیشى وابه‌سته‌ى خێزانێك بوو كه ده‌میان له میرایه‌تى ده‌كوتا و ویستى بۆ خۆى به‌ده‌ستبێنێت به گه‌مارۆدانى پایته‌خته‌كه‌یان له خونزاخ. هه‌مزه‌ت به‌گ به زۆر دانوستانى له‌گه‌ڵ میره‌كاندا سه‌پاند، به‌ڵام ئه‌م كۆبوونه‌وانه له کۆنترۆڵ ده‌رچوون و به قه‌تڵوعامى ته‌واوى بنه‌ماڵه‌ى میره‌كانى ئاڤار كۆتاییان پێهات و گرتنى خونزاخ له لایەن هه‌مزه‌ت به‌گه‌وه له ساڵى 1834دا. هه‌مزه‌ت به‌گ ئێستا به نیشته‌جێبوونى له ناوجه‌رگه‌ى پایته‌ختى دێرینى میرنشینى ئاڤاردا ڕەنگه خۆى به ئه‌میرى نوێى داغستان دانابێت. به‌هه‌رحاڵ، فهرمانڕهواییهكهى زۆرى نه‌خایاند، چوونکە هه‌ر ئه‌و ساڵه له لایەن خزمانى خانه‌دانى ئاڤارهوه كوژرا. شایانى وتنه كه‌وا هیچ باسێك له‌گۆڕێدا نییە كه هه‌مزه‌ت به‌گ په‌یوه‌ندییه‌كى به ته‌ریقه‌تى خالیدییه‌وه هه‌بووبێت.
له پاش مردنى هه‌مزه‌ت به‌گ، شامیل توانى پشتگیریى جه‌ماله‌دین و سه‌ركرده خوێنده‌وار و سه‌ربازییه‌كانى تر به‌ده‌ستبێنێت و وه‌ك ئیمامى سێهه‌م دانى پێدابنرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ساڵانی سه‌ره‌تادا گه‌لێ سه‌ركرده‌ى تر‌ى سه‌ربازى بەرەنگاری ئه‌م ڕابەرێتییهى بوونه‌وه. له باكوورى داغستان و چیچنیادا به‌ناوبانگترین ڕکابەرى شامیل حاجى تاشاو بوو، ئه‌م پیاوه نه‌ك به‌ته‌نها هه‌ر هه‌وڵى ئه‌وه‌ى ده‌دا كه شێخه‌كانى ته‌ریقه‌تى خالیدى وه‌ك دەسکەلا به‌كاربێنێت بۆ شه‌رعییه‌تدان به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى ئیددیعاى ده‌كرد، بگره ئیددیعاى ئه‌وه‌ى ده‌كرد كه خودى خۆیشى شێخه. ململانێ و ناكۆكیى نێوان شامیل و حاجى تاشاو له نامه‌یه‌كى ئه‌مدا ده‌رده‌كه‌وێ بۆ جه‌ماله‌دینى ڕابەرى سۆفیگه‌ریى شامیل. له‌م نامه‌یه‌دا تاشاو ئیددیعاى ئه‌وه ده‌كات كه‌وا ئه‌م خۆى له سه‌ر ده‌ستى محەممەد ئهلیهراغیدا تهمهسسوكى كردووه و وه‌ك خه‌لیفه‌ى ته‌واوى چیچنیا و باكوورى ڕۆژئاواى قه‌وقاز تا ده‌گاته قه‌راخ ده‌ریاى ڕەش. له‌م سۆنگه‌یه‌وه تاشاو مشتومڕى ئه‌وه‌ى بوو كه‌وا جه‌ماله‌دین مافى ده‌ستێوه‌ردانى كاروبارى ئه‌مى نییە و بۆیشى نییە هیچ خه‌لیفه‌یه‌ك له چیچنیا دامه‌زرێنێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه جه‌ماله‌دین ڕابەرى ڕۆحیی شامیل بووه، ڕوون و ئاشكرایه كه نكووڵى كردن له ده‌سه‌ڵاتى جه‌ماله‌دین به سه‌ر ناوچه‌كه‌ى و خۆیدا، ده‌بێته مایه‌ى ئه‌وه‌ش كه تاشاو ده‌سه‌ڵاتى شامیل به سه‌ر چیچنیادا ڕهتبكاتهوه٥٢. كاتێ كه پێگه‌ى شامیل له داغستان و چیچنیادا زیاتر به‌ره‌و به‌هێزبوون ده‌چوو حاجى تاشاو ناچار بوو له ساڵى 1836دا داواكاریی شامیل بسه‌لمێنێت سەبارەت بە ئیمامه‌ت و دواجاریش له ساڵى 1841دا ناوى له‌گۆڕێدا نهما٥٣. له به‌رامبه‌ر ئه‌م پاشخانەدا ده‌رده‌كه‌وێت كه بۆچى شامیل و پێش ئه‌میش غازى محەممەد، ڕەنگه بڕیارى داواكردنى شێخایه‌تییان نه‌دابێت. بۆ ئه‌وان مه‌سه‌له‌كه زۆر له‌بارتر بوو كه پشتیوانیى شێخه خالیدییه هه‌ره دهستباڵاكانى داغستان دابین بكه‌ن وه‌ك له‌وه‌ى خۆیان بخه‌نه مه‌ترسیى ڕکابەرى كردنیانه‌وه. ڕاستیه‌كه‌ى هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى عه‌ره‌بیى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى داغستان شامیلى وه‌ك "شێخێك" ناونه‌بردووه، بەڵکوو ئه‌م نازناوه ته‌نها له نووسین و كاره‌كانى دواترى داغستاندا لكێنراوه به ناوه‌كه‌یه‌وه (وه‌ك فه‌رهه‌نگه بایۆگرافییهكهى نهزیرى دورگیلى "نزهة الأذهان"ى ساڵى 1930 و به هه‌مان شێوه‌ش لای بیانییه‌كان و سه‌رچاوه عوسمانییه باڵاده‌سته‌كان كه‌وا نازناوى شێخ ڕەنگه ته‌نها بۆ شكۆ و ڕێزلێنان بووبێت٥٤. هەڵبەت هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییە كه شامیل وه‌ك شێخێك ڕەفتارى كردبێت، یان ده‌رسى به موریده سۆفییه‌كان وتبێت و ته‌نانه‌ت تا ئه‌مڕۆش هیچ "سیلسیلهیهك" له نێو خالیدییهكانى داغستاندا نییە كه شامیلى وه‌ك یه‌كێك له ئه‌ڵقه په‌یوه‌ندیداره‌كانى ئه‌و سیسلسیلهیه له‌خۆگرتبێت. به‌هه‌رحاڵ، تێرم و هێماكانى سۆفى به شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان له لایەن شامیلهوه به‌كارده‌هات، بۆ نموونه واباسه كه شامیل شێوه‌ى زیكرى سۆفى (به‌تایبه‌تى لا إله إلا الله) وه‌ك سڕوود و ویردى جه‌نگ به‌كارهێنابێت بۆ هێزه‌كانى له كاتى ڕێکردن و هێرش كردندا٥٥. ئاشكراترین تێرمى سه‌ربازیی سۆفى ئه‌و گۆڕانكارییه كه به سه‌ر تێرمى موریددا هاتووه (كه ڕێک گه‌ڕان یان وێڵى دواى خودا ده‌گه‌یه‌نێ له ڕێبازى سۆفیگه‌ریدا).
له ئه‌ده‌بى نووسینى عه‌ره‌بیدا له سه‌ر بزووتنه‌وه‌ى جیهاد زاراوه‌ى مورید به شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان له واتا سۆفییهكهیهوه وه‌رگیراوه و هاوماناى "جه‌نگاوه‌رى خۆ ته‌رخانكردووه بۆ ئیسلام"٥٦. ئه‌م مانایه واچووهته د‌رك پێكردنى ڕووسیاوه كه سه‌رتاپا بزووتنه‌وه‌ى دژه كۆڵۆنیاڵیزم وه‌ك "موریدیزم" بناسێت. خودى شامیل خۆى وا باس دەکرێت كه جیاوازیی له نێوان "موریدى ته‌ریقه‌ت"دا كردووه كه‌وا ئه‌وانه‌ن هه‌موو كاتى خۆیان بۆ به‌جێهێنانى ڕێوڕەسمى سۆفیگه‌رى ته‌رخان كردووه و ناچار نه‌بوون بچنه ناو هێزه‌كانى ئیمامه‌ته‌وه و "موریدى نایب" به واتاى جه‌نگاوه‌رانى ده‌سته‌بژێر كه به‌ستراون به جێگره‌كانى یان (نایبهكانى) ئیمامه‌وه و به هه‌مان ده‌ستووریش خودى ئیمام خۆیهوه٥٧.
به‌ده‌ر له حاجى تاشاو به‌ڵگه‌یه‌ك نییە كه‌وا هیچ شێخێكى ته‌ریقه‌تى خالیدى تێكه‌ڵى كارى سه‌ربازى و مه‌شق و شه‌ڕكردن یان سه‌ركردایه‌تى كردن بووبێت له سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى شامیلدا. به‌رچاوترین كارى شێخه خالیدییه‌كان شه‌رعییه‌ت پێدانى حوكم و كرده‌وه‌كانى شامیل بووه و له‌مڕوه‌وه وا باس دەکرێت كه‌وا جه‌ماله‌دین به شێوه‌یه‌كى به‌ربڵاو گه‌شتى له ژێر ڕکێفى ئیمامه‌تدا كردووه و به‌زۆریی هاوڕێ و هاوسه‌فه‌رى شامیل بووه و ملكه‌چى بووه له ڕێنمایى و وتاربێژیدا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌ماله‌دین هه‌رگیز ده‌سبه‌ردارى ئه‌و بیر و ڕا شهخسییانهى خۆى نه‌بووه كه‌وا ئاشتیى له‌گه‌ڵ ڕووسدا باشتر بووه له جه‌نگێك كه نه‌یده‌توانى تێیدا براوه بێت٥٨.
پەرەسەندنهكانى پاش جیهاد
ساڵى 1859 شامیل ناچار بوو خۆبه‌ده‌سته‌وه بدات و له‌و ساڵه‌دا هێزه‌كانى ڕووسیا بۆ یه‌كه‌مجار ته‌واوى ناوچه‌كانى داغستانى داگیركرد. ساڵانی دواتر گه‌لێ یاخیبوون به‌رپابوو، به‌ڵام به‌رفراوانترین و مه‌ترسیدارترینیان ئه‌وه‌ى ساڵى 1877 بوو. ئه‌م یاخیبوونه‌یان له لایەن ئیمامێكى تره‌وه سه‌ركردایه‌تیى ده‌كرا به ناوى حاجى محەممەدى سغوورى، كه‌وا خۆیشى كوڕى شێخى نه‌قشبه‌ندیی به‌ناوبانگ عه‌بدولڕه‌حمانى سغوورى بوو (كه ساڵى 1882 كۆچى دوایی كردووه) و خه‌ڵكى گوندى سۆگراتڵى ئاڤار بوو. ڕۆڵى ته‌ریقه‌تى خالیدى له‌م تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی یاخیبووندا، كه به‌شێكى گه‌وره‌ى داغستان و چیچنیاى گرتهوه٥٩ هێشتا به‌ر تیشكى ورده‌كاریی لێكۆڵینه‌وه نه‌كه‌وتووه. هه‌رچه‌نده سۆفییه‌كان ڕۆڵێكى سه‌ره‌كییان گیڕا له ته‌شه‌نه كردنى یاخیبوونه‌كه‌دا، به‌ڵام ئیمام حاجى محەممەد خۆى شێخێكى سۆفى نه‌بوو. ده‌گونجێ هه‌مان ئه‌م پرسیارانه بکرێن كه په‌یوه‌ندیدارن به سه‌ركرده موسڵمانه‌كانى یاخیبوونهكانى ئه‌مدواییه‌ى داغستان، چه‌شنى نه‌جمه‌دین گۆتسینسكى كه له ساڵى 1925دا له لایەن سوپاى سووره‌وه ئیعدام كرا و ڕۆڵێكى زۆر گه‌وره‌ى بینى له داغستاندا له ماوه‌ى شه‌ڕى ناوخۆدا و شێخ ئوزوون حاجى (كه ساڵى 1920 كۆچى دوایی كردووه) و خه‌ڵكى سه‌ڵته بووه پشتگیریی كردووه.
له كاتێكدا كه‌وا ئه‌م یاخیبوونانه په‌یوه‌ندییه‌كى به‌رده‌وام ده‌خه‌نه ڕوو له نێوان شێخه‌كانى سۆفى و ئیمامه‌كانى سه‌ربازیدا، به‌ڵام نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى نۆزدەهەمیش بڵاوبوونەوەى لقێكى تر‌ى ته‌ریقه‌تى خالیدى به‌خۆوه ده‌بینى كه بە ئاشکرا به‌رهه‌ڵستیى جیهادى كردووه. ئه‌م خه‌ته له لایەن شێخ مه‌حموود ئهلعهلمالیهوه ڕابەریی ده‌كرا (كه له ساڵى 1877 دا مردووه) و خه‌ڵكى گوندى عهلمالى بووه كه ئه‌مڕۆ ده‌كه‌وێته باكوورى ئازربایجانه‌وه، ئه‌م پیاوه په‌یوه‌ندییه‌كى نوێى ته‌ریقه‌تى خالیدیی هێنایه قه‌وقازه‌وه و قوتابى یونس اللالى الخالدی بووه كه‌وا ئه‌میش به ڕۆڵى خۆى له سه‌رده‌ستى عبدالله الأرزنجانى المكی جێگرى مەولانا خالید تهمهسسوكى كردووه و به هه‌مان ده‌ستووریش له لایەن یه‌حیا باى ئهلداغستانییهوه كه خه‌لیفه‌ى عەبدوڵای ئهزرنجانیى مه‌ككى بووه و له خزمه‌تى عه‌بدوڵادا كۆچى كردووه بۆ مهككه٦٠.
مه‌حموود ئهلعهلمالى سه‌ركه‌وتوو بووه له كێشكردنى موریددا ڕێک له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه لقه "كۆنه‌كه‌ى" ته‌ریقه‌تى خالیدیى داغستانى سه‌روه‌ختى جیهاد، له ده‌وروپشتى جه‌ماله‌دین ئهلغازى - غموقى و عه‌بدولڕه‌حمان ئهلسغوورى تووشى پاشه‌كشه‌یه‌كى سه‌خت بووبوو به هۆى سه‌ركه‌وتنى ڕووسیا به سه‌ر شامیلدا، ساڵى 1859. لقه‌كه‌ى مه‌حموودیش هه‌ر له باشووره‌وه هاته داغستانه‌وه و ورده‌ورده ڕێگەى خۆى كرده‌وه به‌ره‌و باكوور. شێخه‌كانى ئاڤار ده‌چنه‌وه سه‌ر وه‌چه‌ى دووه‌مى خه‌لیفه‌كانى مه‌حموود ئهلعهلمالى، وه‌ك ئه‌حمه‌د ئهلتهڵالى (ساڵى 1904 مردووه)، شوعه‌یب ئهلباگینى (ساڵى 1912 مردووه)، عه‌بدولڕه‌حمان ئهلعهسهوى (ساڵى 1907 مردووه)، سه‌یفوڵڵا ئهلنیتسوبكرى (باشلارۆڤ، ساڵى 1920مردووه)، حه‌سه‌ن ئهلقازى (ساڵى 1937 مردووه) و ئه‌مانه لقه تازه‌كه‌ى ته‌ریقه‌تیان له زۆرێکى گونده‌كانى ئاڤاردا بڵاوکرده‌وه.
سه‌یر له‌وه‌دایه شێخه ڕابەرهكانى ئه‌م لقه‌ى (مه‌حموودییه)ى ته‌ریقه‌تى خالیدیش "ئیجازه‌یان" له شێخى تر وه‌رده‌گرت بۆ ئیرشادى و فێركردنى ڕێوڕەسمى ڕێبازه‌كانى شازلى و قادرى، وه‌ك له نووسینه‌كانى باشلارۆڤ و ئهلقازیدا ده‌رده‌كه‌وێت، شێخه‌كانى لقى (مه‌حموودییه) په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى زۆر تایبه‌تیان په‌ره‌پێداوه بۆ ئه‌و سێ تهریقهتهى پێشتر باسكراون به‌پێى ئه‌م سیستمه هه‌موو به‌هره‌داران به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌تایی له كۆڕى زیكر به ده‌نگى به‌رز و ڕێوڕەسمى شازلى و قادریدا فێرده‌بن، لە کاتێکدا ته‌نها موریده پێشكه‌وتووه‌كان ڕێوڕەسمى خۆیان بۆ زكرى بێده‌نگ و هه‌ڵسوكه‌وتى تر‌ى ڕێبازى نهقشبهندى٦١. ئه‌م سیستمى پله‌به‌ندییه هێشتا هه‌ر پراكتیزه دەکرێت له خالیدیی - شازلییدا له داغستانى ئه‌مڕۆدا.
له دواى كۆتایی پێهاتنى یه‌كێتى سۆڤیێته‌وه ڕێبازى خالیدیی داغستان سه‌رله‌نوێ په‌یوه‌ندیی كڕووهتهوه به نهقشبهندییهكانى پارچه‌كانى تر‌ى جیهانى ئیسلامییه‌وه. له باروزروفى ئێستادا شێخه‌كانى خالیدی خۆیان به شه‌ریكێكى گرنگ ده‌زانن بۆ حکوومەتهكانى ڕووسیا و داغستان له به‌گژداچوونه‌وه‌ى ئیسلامى سیاسیى ڕادیکاڵدا (وه‌ك وه‌هابیزم)٦٢. ئێستا خالیدییه‌كان، له ژێر سایه‌ى پارێزگاریی ڕەسمیدا، زۆربه‌ى پێگه و پۆسته گرنگه‌كانیان گرتووه له ئه‌نجومه‌نى عوله‌ما و ئۆفیسى موفتیدا. بێجگه له‌وه‌ش خالیدی زۆر ئاماده‌یه له ڕۆژنامه ئیسلامییه‌كانى داغستاندا و چه‌ندین به‌رهه‌مى ئێستا و كۆنى شێخه خالیدییهكانى باكوورى قه‌وقاز له داغستان و له هه‌مان كاتدا له سووریاش بڵاوبوونهتهوه٦٣.
ئەنجام
ڕۆڵى ڕێبازى خالیدى له مێژووى باكوورى قه‌وقازدا هێشتا هه‌ر له پرۆسه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌دایه، ئه‌وه‌ى ئێمه ده‌توانین بیڵێین ئه‌وه كه‌وا ڕێبازى خالیدی داغستان و چیچان هه‌روا به ئاسانى ناتوانڕێ وه‌ك كۆپییه‌كى ته‌ریقه‌تى خالیدى له وڵاتى عوسمانی‌دا له‌قه‌ڵه‌م بدرێت.
به‌ڵگه‌یه‌ك نییە بیسه‌لمێنێ كه ڕێبازه خالیدییهكهى داغستان به ئاگالێبوونهوه په‌یڕه‌وى ئه‌و یاسا و ڕێسا سیاسییانه‌ى كردبێت كه‌وا له لایەن مەولانا خالید و خه‌لیفه‌كانى له شوێنى تردا شییانكردووهتهوه. ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه‌وا خالیدیه داغستانییەكان زانیارییه‌كى زۆر سنوورداریان بووه له سه‌ر ته‌ریقه‌تى خالیدى له خاكى عوسمانیداو (پێچه‌وانه‌كه‌شى ڕاسته). به‌م پێیه تێگه‌یشتنى من ئه‌وه‌یه كه‌وا سه‌ركرده جیهادییه‌كانى داغستان و چیچان به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى ڕەگیان له داب و نه‌ریتى خۆماڵیدا داكوتاوه سەبارەت بە جیهاد و گوتارى شه‌رعى و ئه‌وه‌ش كه‌وا ئیمامه‌كان و به هه‌مان شێوه‌ش شێخه‌كانیان مۆدێلى تایبه‌تى خۆیان په‌ره‌پێدابوو سەبارەت بەو ڕەفتار و هه‌ڵسوكه‌وته سیاسییه‌ى له‌گه‌ڵ بارودۆخى تایبه‌تییاندا ده‌گونجا.
سەرچاوە: "گۆڤارى مێژووى سۆفیزم، ژماره (5) ى ساڵى 2007.
Journal of the History of Sufism, No. 5, 2007
پەراوێز
1 له‌باره‌ى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندییه‌وه له سه‌رده‌مى جیهاددا له باكوورى قه‌وقاز بڕوانه نیكۆلای ئاى. پۆكرۆڤسكى"جه‌نگه‌كانى قه‌وقاز و ئیمامه‌تى شامیل" (مۆسكۆ : رۆسپن 2000). هه‌روه‌ها جۆشى گهممهر "به‌رهه‌ڵستیى ئیسلامى بۆ تسار: شامیل و داگیركردنى چێچنیا و داغستان"، (له‌نده‌ن: فرانك كاس، 1994). هه‌روه‌ها كلێمێنس، پ. سیدۆركۆ "ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى له باكوورى قه‌وقاز: پێداچوونه‌وه‌یه‌كى مێژوویى"، (گۆڤارى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئاسیایى، ژماره 51 ،ساڵى 1997، ل 627 - 650.
2 حامید ئهڵگهر، "كورته مێژوویه‌كى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى" كه بابه‌تێكه له كتێبه‌كه‌ى مارك گابۆری، ئه‌لیكسانده‌ر پۆپۆڤیچ، تێرى زهركۆن "نه‌قشبه‌ندییه‌كان: نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له ڕاستیى ڕێبازى سۆفیگه‌ریى ئیسلامى"، (ئه‌سته‌مبووڵ، پاریس، بڵاوکراوەكانى ئیزیس،1990، ل 36.
3 بوتروس ئهبومهننه "سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونەوەى لقى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندیی خالیدى له سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى نۆزدەهەمدا"، له ئه‌بو مه‌ننه: "لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر ئیسلام و ئیمپراتۆرییەتى عوسمانى له سه‌ده‌ى نۆزدەهەمدا 1826 - 1876"، (ئه‌سته‌مبووڵ: 2001، ل 22 - 26، هه‌روه‌ها ئیسحاق وایزمان "ئه‌زموونى مۆدێرنیتى، سۆفیزم، سه‌له‌فییه‌ت و عه‌ره‌بیزم له دیمهشقى دوادوایی سه‌رده‌مى عوسمانی‌دا"، (لیدن - بریڵ،2001 )، ل42-49-55.
4 ئاڵگه‌ر "كورته مێژوویه‌ك"، ل 36.
5 حامید ئاڵگه‌ر "ڕەهەنده سیاسییه‌كانى مێژووى نه‌قشبه‌ندیی"، له كتێبه‌كه‌ى گابۆری "نه‌قشبه‌ندییه‌كان"، ل 144، وه‌رگیراوه.
6 ئاننا زهلكینا "گه‌ڕان به‌دواى خودا‌و ئازادی‌دا، وه‌ڵامدانه‌وه‌ى سۆفى بۆ پێشڕه‌ویی ڕووسیا له باكوورى قه‌وقازدا"، (له‌نده‌ن: هێرست ئه‌ند كۆمپانى، 2000 )، ل 8.
7 ئانكه ڤۆن كوگڵگن "بڵاوبوونەوەى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى له ئاسیاى ناوه‌ڕاستدا له سه‌ده‌كانى هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا: لێكۆڵینه‌وه له تاوانه‌كان"، له كتێبى ئانكه ڤۆن كوگڵگن، میشێڵ كێمپهر و ئالن فرانك "فه‌رهه‌نگى ئیسلامى له ڕووسیا و ئاسیاى ناوه‌ڕاستدا له سه‌ده‌ى هەژدەهەمەوه بۆ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیستەم"، به‌رگى 2: "په‌یوه‌ندییه فره ئه‌تنیكى و ناوچه‌ییه‌كان"، (به‌رلین: كلاوس شوارز ڤێرڵاج، 1998)، ل 101 - 152.
8 بڕوانه كاره‌كانى به‌ختیار باباجانۆڤ، ئاننێت كرامه‌ر، جۆرگن پۆڵ له كتێبى "لیستى دهسنووسهكانى سۆفیگه‌ریى (سه‌ده‌كانى 18 - 20 ) كه له ئینستیتیوتی ڕۆژههڵاتناسى هه‌ڵگیراوه، ئه‌كادیمیاى زانیارى، كۆمارى ئۆزبه‌كستان، بیرونى"، Berlin : Das Arabische Buch, 2000).
9 به‌ختیار باباجانۆڤ "دوكچى ئیشان و ڕاپه‌ڕین له ئهندیژان، ساڵى 1898" كه له گۆڤارى "فه‌رهه‌نگى ئیسلامى له ڕووسیا و ئاسیاى ناوه‌ڕاستدا" به‌رگى دووه‌م، ل 167 - 192.
10 میشێڵ كێمپهر "سۆفیگه‌رى و ڕابەره سۆفییه‌كان له ته‌تارستان و باشكیریادا. گوتارى ئیسلامى له ژێر ده‌سه‌ڵاتى ڕووسیادا"، (به‌رلین: خانه‌ى بڵاوکردنەوەى كڵاوس شوارز، 1998)، ل 90 - 97.
11 دانیاڵ عهزهمهتۆڤ، (موفتییهكانى ئه‌نجومه‌نى ڕۆحانیی ئۆڕێنبورگ له‌سه‌ده‌كانى هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا: ململانێى ده‌سه‌ڵات له داموده‌زگا ئیسلامییه‌كانى ڕووسیادا)، له گۆڤارى "فه‌رهه‌نگى ئیسلامى له ڕووسیا و ئاسیاى ناوه‌ڕاستدا" به‌رگى دووه‌م، 355 - 384.
12 كێمپهر "سۆفییه‌كان و زاناكان"، ل 172 - 210، 272 - 307.
13 حامید ئاڵگه‌ر "شێخ زهینوڵلای رهسوڵۆڤ - دوا گه‌وره شێخى نه‌قشبه‌ندى له هەرێمى ڤۆڵگا - ئووراڵدا"، له بڵاوکراوەكانى جۆ - ئان گرۆس "موسوڵمانان له ئاسیاى ناوه‌نددا، گوزارشى ناسنامه و گۆڕان"، (دورهام، له‌نده‌ن، زانكۆى دوك، 1992)، ل 112 - 133.
14 مایکڵ كەمپه‌ر، دلیارا عوسمانۆڤا "بزووتنه‌وه‌ى ڤایسۆڤ له ئاوێنه‌ى له‌خۆبووردن و هۆنراوه‌دا"، گهسیرلهر ئاوازى/ سه‌داى سه‌ده‌كان (كازان، تاتارستان)، ژماره 3 - 4 (دیسه‌مبه‌ر 2001)، ل 83 - 128.
15 "فه‌رهه‌نگى ئیسلامى له ڕووسیا و ئاسیاى ناوه‌ڕاستدا"، به‌رگى 4: ڕێنماییه ئیسلامییه‌كان له داغستاندا له‌و سه‌رچاوانه‌وه كه به عه‌ره‌بى نووسراون. نظیر الدورگلیس (1935) "نزهة الأذهان فی تراجم علما‌ء داغستان"، بڵاوکردنەوە و وه‌رگێڕان و لێدوان له سه‌رى مایکڵ كەمپه‌ر و عه‌مرى شێخ سه‌یدۆڤ، (به‌رلین: خانه‌ى بڵاوکردنەوەى كلاوس شوارز، 2004)، لێره به‌دواوه دورگیلى "نزهة الأذهان".
16 ئه‌لیكسانده‌ر بێنیگسن (له‌گه‌ڵ پێرتێڤ بۆراتۆڤ)، "بزووتنه‌وه‌ى میللیى له قهوقازى سه‌ده‌ى هەژدەهەمدا - جه‌نگى پیرۆزى شێخ مه‌نسوور - لاپەڕەیهكى نادیارى په‌یوه‌ندییه ناكۆكه‌كانى ڕووسیا و توركیا"، ...... (1964)، ل 159 - 205. بێجگه له‌وه‌ش گالینا م. یێمیڵیانۆڤا مه‌نسوور ده‌خاته پاڵ ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى له كتێبى "ڕووسیا و ئیسلام، ڕووپێوییهكى مێژوویى"، (هۆندمیڵس - پاڵگرێڤ، 2002)، ل 48.
17 مایکڵ كەمپه‌ر، "ده‌سه‌ڵات و یاسا و ئیسلام له داغستاندا. له خانه‌كان و یه‌كگرتووى هەرێمهكانهوه تا ده‌وڵه‌تى یه‌كگرتوو"، (ڤیسبادن: رایخێرت، 2005)، ل 174 - 185.
18 ئه‌ولیا چه‌له‌بى له ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى حهڤدەهەمدا كه باس له خانهقاكانى نه‌قشبه‌ندى ده‌كات له باكوورى داغستاندا، ئه‌و باس و گێڕانه‌وه‌یه جێى متمانه نییە. باس و خواسى گه‌شت و گه‌ڕانى ئه‌ولیا چه‌له‌بى له سه‌رتاپاى داغستاندا هێنده ئاڵۆزه كه دەکرێ له نێو ئه‌و ده‌قانه‌دا بژمێردڕێت كه‌وا له‌خۆیه‌وه هۆنیوێتیهوه. ئه‌ولیا چه‌له‌بى "سیاحه‌تنامه"، (ئه‌سته‌مبووڵ: 1928، به‌رگى 7، ل 781 - 800. هه‌روه‌ها مایکڵ كەمپه‌ر، "ده‌سه‌ڵات و یاسا و ئیسلام له داغستاندا"، ل 117.
19 بۆ نموونه بڕوانه دورگیلى : "نزهة الأذهان"، ل 101 - 103.
20 هه‌مان سه‌رچاوه، ل 129.
21 هه‌مان سه‌رچاوه، ل 143.
22 شعیب إدریس الباگینى "طبقات الخوجگان النقشبندیة و سادات المشایخ الخالدیة المحمودیة"، له بڵاوکراوەى عبدالجلیل العطا، (دمشق: دار النعمان للعلوم، 1996)، ل 393.
23 موشێ گهممهر "سه‌ره‌تاكانى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى له داغستان و داگیركردنى ڕووسیا بۆ قه‌وقاز له گۆڤارى جیهانى ئیسلام Die Welt des lslams ژماره 34 له (1994)، ل 204 - 217، بڵاوبووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها زهلكینا " گه‌ڕان به‌دواى خودادا"، ل 92 - 99، 100 - 107.
24 "سه‌رنج و تێبینى له گهشتنامهیهكى كاپتن پروشانۆڤسكى، بارەگاى گشتى، له ساڵى 1823 بۆ 1843"، له "كۆكراوهكانى قه‌وقازدا"، ......
25 زهلكینا له "گه‌ڕان به‌دواى خودادا"، ل 99، ل 100 - 107. یێمیڵیانۆڤا "ڕووسیا و ئیسلام" ل 50. بۆ ڕەخنەگرتن له بۆدینشتێت بڕوانه كلێمنس، پ. سیدۆركۆ "گه‌ڕیده ئه‌ڵمانه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزدەهەم وه‌ك سه‌رچاوه له سه‌ر مێژووى داغستان و چیچنیا"، گۆڤارى ڕووپێویی ئاسیاى ناوه‌ڕاست، 2002، 21 (3)، ل 285 - 287.
26 خانیكۆڤ "له‌باره‌ى سۆفیگه‌رى و موریدیزمهوه"، (له كۆكراوهكانى ڕۆژنامه‌كانى قه‌وقازدا، ژماره 1، 1874)، ل 136 - 156.
27 نامه‌كه له لایەن محمد إبن سلیمان البغدادى یه‌وه باسكراوه له (الحدیقة الندیة فی آداب الطریقة النقشبندیة والبهجة الخالدیة) كه له په‌راوێزى كتێبه‌كه‌ى ئهلوائیلیدا چاپكراوه به ناوى "أصفى الموارد"، (القاهرة: المطبعة العلمیة 1313 / 1895)، ل79 - 80. هه‌روه‌ها بڕوانه محمد بن عبدالله الخانی (ساڵى 1862 مردووه) "البهجة السنیة"، (القاهرة: 1885 - 1886)، ل44 - 45 ، كه ئه‌میش ناوى ئه‌و كه‌سه ناهێنێت كه‌وا بۆى نێردراوه، به‌ڵام ئاڕاسته كردنى نامه‌كه بۆ ئیسماعیلى كوردهمیرى له لایەن عه‌بدولمه‌جید ئهلخانیی كوڕهزایهوه باسكراوه (كه له ساڵى 1900دا مردووه)، له كتێبى "الحدیقة الوردیة فی حقائق الجلة النقشبندیة"، (دمشق 1888، القاهرة: دار الطباعة، 1890، ل 259). هه‌روه‌ها ئه‌م نامه‌یه له لایەن أسعد صاحبهوه باسكراوه له كتێبى "بغیة الواجد فی مكتوبات حضرة مولانا خالد"، (دمشق: 1915 - 1916) و به‌شێكى لێ ته‌رجه‌مه كراوه له لایەن بوتروس ئهبومهننهوه له "خه‌ڵوه‌ت و ڕابیتە له ته‌ریقه‌تى خالیدیدا"، له كتێبى "نهقشبهندییهكاندا"، ل 302. به‌ڵام إبراهیم فصیح أفندى الحیدرى كه به‌كورتى باسى له ئیسماعیل ده‌كات ئاماژه به ناكۆكیى ناكات له كتێبى "المجد التالد فی مناقب الشیخ خالد"دا، (ئه‌سته‌مبووڵ، دار الطباعة العامرة، 1875)، ل 59 - 60.
28 ئهبومهننه "خه‌ڵوه‌ت و ڕابیتە"، ل 296 - 297. فریتز میێر "دوو لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر نه‌قشبه‌ندى"، (ئه‌سته‌مبووڵ: فرانز شتێنه‌ر، 1994)، ل 171 - 174.
29 محمد الخانى "البهجة"، ل 59، عبدالمجید الخانى "الحدائق..."، ل259.
30 م. كهنارد "شامیل و عه‌بدولقادر"، (ساڵانه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئینستیتیوتى ڕۆژههڵاتناسى)، ئه‌لجه‌زایر، ژماره (14)، 1956، ل 231 - 256.
31 ئهلبهغدادى "ئهلحهدیقة..."، ل 79 - 80. هه‌مان بڕگه‌ش له سه‌ر ئیسماعیل له كتێبه‌كه‌ى محەممەد ئه‌سعه‌د ساحێبزادهدا هه‌یه "بغیة الواجد..."، 174 - 175 (كه له دوادوایی ساڵانی 1880كاندا یان 1990كاندا نووسراوه و له 1915 - 1916دا بڵاوکراوەتهوه).
32 میێر "دوو لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر نه‌قشبه‌ندى"، ل 21. وایزمان "تاقیكردنه‌وه‌ى مۆدێرنه"، ل 29.
33 شێوازى "قازى - مەلا"ى ڕووسى ڕەنگدانه‌وه‌ى لێتێكچوونى نازناوى قازى و ناوى غازى (- محەممەد)ه وه‌ك شه‌خس، سه‌رچاوه داغستانییەكان ئه‌وه پیشانده‌ده‌ن كه‌وا "غازى" نازناوێكى ڕێزلێنان نه‌بووه بۆ یه‌كه‌م ئیمام له پاش هه‌وڵ و كۆششهكهى، بەڵکوو هه‌ر وا به ساده‌یی به‌شێك بووه له ناوێكى شه‌خسیى باو له‌و وڵاته‌دا.
تێهه‌ڵكێش كردنه‌كه‌ى ئه‌سعه‌د ئهلساحێب بۆ "الحدیقة"ى به‌غدادى و به‌كارهێنانى پیتى قاف له شوێنى نه‌گونجاودا وایكردووه ناوه‌كه بشێوێت و دهشكڕێت (فووزى - مەلا) له‌جیاتى (قووزى - مەلا) بخوێنڕێته‌وه كه مانایه‌ك نابه‌خشێت. له دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌ى ئهلبهغدادیدا بۆ بڕگه‌كه له سه‌ر ئیسماعیل له "بغیة"كه‌ى ئه‌سعه‌ددا ناوه‌كه گوایه ڕاستكراوهتهوه بۆ (غازى - مەلا)، (الباگینى "طبقات"، ل350).
34 بوترس ئه‌بو مه‌ننه "نه‌قشبه‌ندیى موجهددیدى و خالیدى له سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى نۆزدەهەمدا"، له كتێهكهى ئه‌بو مهننهدا "لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر ئیسلام"، ل 41 - 57. هه‌روه‌ها وایزمان "تاقیكردنه‌وه‌ى مۆدێرنه"، ل 56، 75 - 80.
35 الباگینى "طبقات"، ل350 (له كتێبى "بغیة" ئه‌سعه‌د ئهلساحیب وه‌رگیراوه).
36 میشێڵ كێمپهر، "عه‌مرى شێخ سه‌عیدۆف، ناتالیا تاگیرۆڤا "كۆكراوه‌ى شامیل"ى كتێبخانهى زانكۆى پرینستۆن"، (كرۆنكیڵى، كتێبخانهى زانكۆى پرینستۆن)، ژماره "1"، پایزى 2002، ل 121 – 140، به‌رگى LXV1.
37 دورگیلى "نزهة الأذهان" هاتووه، ل 102.
38 بۆ نموونه بڕوانه (سیلسیلهكان) له محەممەد ئهلیهراغى " آثار الیراغی"، (ته‌مین خان شورا: المطبعة الإسلامیة، 1910) ، 1910، ل183. هه‌روه‌ها جمال ا‌لدین الغازى - غموقی "الآداب المردیة"، (پێترۆڤسك: لیتۆتۆپۆگرافى، ئه. م میخایلۆڤا، 1905)، ل80. هه‌روه‌ها دورگیلى"نزهة الأذهان"، ل140 - 141.
39 ڤڵادیلن ج. گادژێیڤ "داگیركردنى داغستان له لایەن نادرشاوه"، (مهحهجقهڵا: 1996).
40 بڕوانه ڤڵادیمیر ئۆ. بۆبرۆڤنیكۆڤ "ڕێکكهوتنهكانى (ئیتتیفاق) له داغستانى سه‌ده‌كانى هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا"، له گۆڤارى Manuscript Oriental (سانت پترسبورگ)، 8:4، دیسه‌مبه‌رى 2002، ل 21 - 27. هه‌روه‌ها میشێڵ كێمپهر "ڕێکكهوتنهكانى كۆمیونیتى (ئیتیفاقات) و كتێبه‌كانى "عادات"ى گوند و كۆنفیداراسیۆنهكانى داغستان له سه‌ده‌كانى هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا"، گۆڤارى ئیسلام، ژماره 81،2004، ل 150 - 151.
41 بڕوانه ده‌قى ڕێکكهوتننامهیهكى له‌م چه‌شنه كه له كتێبى تیمور م. ئایتبێرۆڤ "ئه‌ڵقه‌یه‌ك له مێژووى یاسا و حکوومەت له داغستانى سه‌ده‌كانى 18 و 19 دا"، (زانكۆى حکوومەتى داغستان، 1999)، ل 115 - 151.
42 غازى محمد الگمراوى "باهر البرهان لارتداد عرفا‌ء داغستان، تألیف غازى محمد الگمراوى بن إسماعیل"، (ئینستیتیوتى مێژوو، ئاركیۆلۆجى و ئیتنۆگرافیى سه‌نته‌رى ئه‌كادیمیى داغستانى سه‌ر به ئه‌كادیمیى زانیاریى ڕووسى ، فایلى1، ژماره‌ى تۆمار 2296، كه‌یسى ژماره 388.
43 بۆ ئه‌م نامه و نامه‌كارییانه بڕوانه خه‌ڵاتا عومه‌رۆف "سه‌د نامه له شامیلهوه"، (مهحهجقهڵا: سه‌نته‌رى ئه‌كادیمیى داغستانى سه‌ر به ئه‌كادیمیى زانیاریى ڕووسى، 1997). هه‌روه‌ها ڕوقییه شهرهفوددینۆڤا "به‌ڵگه‌نامه‌كانى سه‌رده‌مى شامیل كه به عه‌ره‌بى نووسراون"، (مۆسكۆ: به‌شى ئادابى ڕۆژهه‌ڵاتى سه‌ر به ئه‌كادیمیى زانیاریى ڕووسى، 2001). هه‌روه‌ها خه‌ڵاتا عومه‌رۆڤ "نموونه‌ى ئه‌و نامانه‌ى به به عه‌ره‌بى نووسراون له داغستانى سه‌ده‌ى نۆزدەهەمدا (كۆرسێك بۆ خوێندنه‌وه‌و وه‌رگێڕان و كۆمێنت)"، (مهحهجقهڵا: نۆڤییا دێن - ڕۆژى نوێ، 2002).
44 بۆ ورده‌كاریی زیاترى ئه‌م مشتومڕه بڕوانه میشێڵ كێمپهر " گوتارى شه‌رعیى داغستان له سه‌ر ئیمامه‌ت"، گۆڤارى ڕووپێویی ئاسیاى ناوه‌ڕاست، ژماره 3:21، ساڵى 2002، ل161-174، هه‌روه‌ها "ده‌سه‌ڵات و یاسا و ئیسلام له داغستاندا"، به‌شه‌كانى 4 - 6.
45 گهممهر "به‌رگریی ئیسلامى"، ل50.
46 بڕوانه نامه‌كانى ئهلیهراغى بۆ قوتابییه سۆفییه‌كانى له كوموخ وه‌ك له "آثار الیراغی"دا بڵاوکراوەتهوه، ل 144 - 180.
47 بڕوانه باس و گێڕانه‌وه‌ى دهسنووسى IIAE، فایلى 14، تۆمارى 1، ژماره 111، فۆڵده‌رى 41 ب، ل 42.
48 عه‌بدوڕه‌حمانى كوڕى جهمالهددینى غازى - غموقى "یاداشته‌كانى سه‌ید عه‌بدوڕه‌حمان - تذكرة عبدالرحمن"، وه‌رگێڕانى له عه‌ره‌بییه‌وه م. شێخ سهیدۆڤا و خ. عومه‌رۆڤا، (مهحهجقهڵا: بڵاوكه‌ره‌وه‌ى كتێبى داغستان، 1997)، ل 31 - 32.
49 له‌باره‌ى ئایه‌ته جیاواهكانى جیهاده‌وه له قورئاندا، بڕوانه رۆدۆڵف پیته‌رز "ئیسلام و كۆڵۆنیالیزم، ڕێبازى جیهاد له مێژووى نوێ‌دا"، (لاهاى، پاریس، نیویۆرك: موتۆن، 1979)، ل 9 - 38.
50 بڕوانه نامه‌ى تۆبهكاریی جه‌ماله‌دین بۆ ئهلیهراغى، كه له دورگیلى "نزهة الأذهان"دا، ل 132 - 139 ، بڵاوکراوەتهوه.
51 ئه‌لێكسانده‌ر كنیش، "شامیل"، ئینسكلۆپیدیاى ئیسلام، ژماره 2، به‌رگى نۆیه‌م، ل 283 - 288، وه‌رگیراوه.
52 حاجى تاشاو " أسئلته العدید من مكان البعید (كذا! - المترجم)"، (ده‌سنووس، تۆمارى 14، ژماره 1690، فۆڵده‌رى 4أ - 6أ).
53 ئاننا ب. زاكس "حاجى تاشاو - ڕکابەرى شامیل"، (گرۆزنى: كنیگا، 1992)، ل 24. هه‌روه‌ها بڕوانه نیكۆلای سمیرنۆڤ "موریدیزم له قه‌وقازدا"، (مۆسكۆ: بڵاوکردنەوەى ئه‌كادیمیاى زانستى سۆڤیێتى، 1963)، ل 61 - 63. هه‌روه‌ها ن. پۆكرۆڤسكى "موریدیزم و ده‌سه‌ڵات - حکوومەتى تیۆكراتیى شامیل"، (مێژوونووسیى ماركسى ٣٦: ٢، ساڵى 1934)، ل 70.
54 دورگیلى "نزهة الأذهان"، ل115.
55 گازانیلا و گیمرینسكى، "ئیمام غازى محەممەد" (له لایەن به‌هادۆر مەلا شێخانۆڤهوه وه‌رگێڕدراوه). له‌باره‌ى غازى محەممەد و سه‌ره‌تاى خه‌باتى دژه فیوداڵ و دژه كۆڵۆنیاڵى خه‌ڵكى داغستان و چیچنیا. كۆنووسى دانیشتنه‌كانى ئه‌و كۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌ى له 13 - 15ى ئۆكتۆبه‌رى 1993دا به‌سترا"، (مهحهجقهڵا: سه‌نته‌رى ئەكادیمیى داغستان سه‌ر به ئه‌كادیمیاى زانیاریى ڕووسى، 1995)، ل 179 - 237، 204، 226. هه‌روه‌ها دورگیلى "نزهة الأذهان"، ل 115.
56 پێناسه‌ى له‌م چه‌شنه بۆ زاراوه‌ى مورید بۆ نموونه له په‌راوێز و لێكدانه‌وه‌ى مێژووه به‌ناوبانگه‌كه‌ى محەممەد تاهیر ئهلقهراخیدا هاتووه "بارقة السیوف الداغستانیة فیما بعد الغزوات الشاملیة"، ساغكردنه‌وه‌ى بارانۆڤ/ كراچكۆڤسكى، (مۆسكۆ - لینینگراد: خانه‌ى بڵاوکردنەوەى ئه‌كادیمیاى زانستى سۆڤیێتى، 1946)، ل 6.
57 ئا. ڕۆنۆڤسكى "یاسا و ڕێساكانى شامیل"، كۆكراوه‌ى جه‌نگ، به‌رگى 2، ساڵى 1862، ل 362. هه‌روه‌ها گهممهر "به‌رگریى ئیسلامى"، ل 228.
58 بڕوانه ڕاپۆرتى ئوربیلیانى ئه‌فسه‌رى ڕووس، كه‌وا كاتێ دیل بووه له ساڵى 1842دا، له‌گه‌ڵ جه‌ماله‌دین یه‌كتریان بینیوه. ڕاپۆرته‌كه له كتێبى "بزووتنه‌وه‌ى میلله‌ته چیانشینهكانى باكوورى ڕۆژهه‌ڵاتى قه‌وقاز له ماوه‌ى ساڵانی بیست بۆ په‌نجاى سه‌ده‌ى نۆزدەهەمدا. كۆكراوهیهكى به‌ڵگه‌نامه‌كان"، (مهحهجقهڵا: خانه‌ى بڵاوکردنەوەى داغستان، 1959)، ل 412 - 423.
59 له‌باره‌ى ئه‌م یاخیبوونه‌وه بڕوانه ته‌یمور م. ئایتبیرۆڤ، ی. داداییڤ و خ. عومه‌رۆڤ، "ڕاپه‌ڕینى داغستان و چیچان له قۆناخى دواى شامیل و ئیمامه‌تى ساڵى 1877دا"، (مهحهجقهڵا: سندووقى نێوده‌وڵه‌تیى شامیل، زانكۆى حکوومەتى داغستان، سه‌نته‌رى ئه‌كادیمیاى داغستانى سه‌ر به ئه‌كادیمیاى زانستیى ڕووسیا.
60 بڕوانه پاشبه‌ند (تذییل)ى محمد مراد بن عبدالله القاضی (المنزلاوى الرمزی) كه له په‌راوێزى ته‌رجه‌مه‌ى عه‌ره‌بیى ئهلقازانیدا چاپكراوه، له‌مه‌ڕ على بن حسین الواعظ الهراوی "رشاحت عین الحیاة"ى فارسى، مه‌ككه: 1889 - 1890" و جارێکى تر له (دیاربه‌كر: المكتبة الإسلامیةى مەحموود ئۆزده‌میر چاپكراوه، ل 180 - 183). من سوپاسى ئه‌رسه‌ر بوهله‌ر ده‌كه‌م كه‌وا كۆپییه‌كى ئه‌م كاره‌ى دامێ.
61 میر خالید سه‌یفوڵڵای كوڕى حوسێن باشلارى نیتسوبكریی غازی - غموقى نه‌قشبه‌ندیی قادریى شازلیى شافیعیى داغستانى "مكتوبات خالد سیف الله إلى فقراء أهل الله"، (دمشق: دار النعمان للعلوم، 1968). هه‌روه‌ها حسن حلمى بن محمد القاضى "مكتوبات القاضی المسمى وسائل البرید فی رسائل الأستاذ الفرید"، (دمشق: دار النعمان للعلوم، 1998). هه‌روه‌ها كێمپهر "تۆڕى ڕێبازى خالیدى له داغستان و مه‌سه‌له‌ى جیهاد"، (گۆڤارى جیهانى ئیسلام Die Welt des Islams 1: 42، 2002)، ل 41 - 71.
62 دیمترى ڤ. ماكارۆڤ، "ئیسلامى ڕەسمى و ناڕه‌سمى له داغستاندا"، (مۆسكۆ: سه‌نته‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ى سیاسى و ستراتیجى، 2000). هه‌روه‌ها ئه‌لیكسانده‌ر كنیش "مه‌ترسییه‌كى ئاشكرا و ڕوونى ئێستا: وه‌هابیزم له توندڕه‌ویدا"، گۆڤارى جیهانى ئیسلام Die Welt des Islams"، 1: 44، 2004، ل3 - 26.
63 گالینا م. یێمیڵیانۆڤا "ئیسلامى بان نه‌ته‌وه‌یى له به‌رانبه‌ر ئیسلامى ئیتنیكدا له ئه‌وروپاى ڕۆژهه‌ڵاتدا: ڕۆڵى ماسمیدیا"، (له كتێبى سانت ئهلیڤێ و جهى نیڵسن "تۆڕه ئیسلامییه‌كان و كۆمه‌ڵگه بان نیشتمانى و بان نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له ئه‌وروپادا"، (لیدن - بۆستن: بریڵ، 2003)، ل243 - 280.