ئا: ئاوێنە
ڕۆژنامەیەکی عەرەبی ئاشكرایدهكات، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەیەوێت ئەو دەستپێشخەرییە نوێیە لەباربەرێت کە وابڕیارە لەڕێگهی شاندێکی سێقۆڵی عامرییو بارزانیو حەلبوسیی بیگەیەننە دەستی موقتەدا سەدرو تێیدا ڕێککەوتن لەسەر قۆناغی گواستنەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانیی پێشوەختە بکەن.
ڕۆژنامەی "عەرەب" لەبابەتێکدا کە لەژێر ناونیشانی "ئایا مالیکی هەوڵە سێ لایەنەکە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ سەدر لەباردەبات؟" بڵاوکردۆتەوە تێیدا ئاماژەی بەوەکردوە، چوارچێوەی هەماهەنگیی بەسەرۆکایەتیی مالیکی دەیەوێت پێشئەوەی شاندی سێ قۆڵی هادی عامرییو نێچیرڤان بارزانیو محەمەد حەلبوسیی بەرەو حەنانە بەڕێبکەون بۆ کۆتاییهێنان بەقەیرانی سیاسییو ڕێککەوتن لەگەڵ سەدر بکەن، ئەوان لەسەر کاندیدی کۆتایی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بگەنە ڕێککەوتن.
ئەوەش هاتوە، "ئەو تیمەی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی سەرۆکایەتیی دەکات، سورە لەسەرئەوەی ناکرێت گۆڕانکاریی لەکاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بکەن، ئەوەش لەلایەن قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەقو عەمار حەکیمی ڕێبەری ڕەوتی حیکمە پشتیوانیدەکرێت".
سەرچاوەکانیش باس لەوەدەکەن، موقتەدا سەدر ئاماژەی ئەرێنی ناردوە بۆئەوەی مامەڵە لەگەڵ دەستپێشخەرییە نوێکەدا بکات، بەڵام ترسی جدی هەیە بەوەی ڕەنگە ئەو دەستپێشخەرییە لەلایەن مالیکییەوە لەبار ببرێت، ئەویش لەڕێگهی سوربونی لەسەر کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو.
ڕۆژنامە عەرەبییەکە لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت "چاودێران پێیانوایە مالیکی ململانێیەکی کەسیی لەگەڵ موقتەدا سەدردا هەیە، جگەلەوەی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی نوێش زۆر دڵگەرم نییە، بەوپێیەی ترسی هەیە ژمارەی کورسیەکانی بەشێوەیەک کەمبکات کە توانای بەرگەگرتنی دەرئەنجامەکانی نەبێت".
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئاماژەی ئەرێنیی ئەوەیە کە ڕەنگە ئێران فشار لەمالیکی بکات بۆئەوەی دەستبەرداریی کاندیدکردنی سودانیی ببێت، بەوپێیەی ئەو وڵاتە دەیەوێت لەسەر بنەمای ئەو دەستپێشخەرییە نوێیە، قەیرانی ناوماڵی شیعە کۆتایی پێبهێنێت.